لە رێككەوتنی جەلال تاڵەبانی و ئیدریس بارزانیەوە بۆ فشاری هاوپەیمان
2021-06-03 10:59:47
شیكاری: درەو
لە ساڵی 1986 رێككەوتنی نێوان جەلال تاڵەبانی و ئیدریس بارزانی هەوڵێ رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدرا، دوای (35) ساڵ هێشتا هەوڵەكە بەردەوامەو نەگەیشتووەتە ئەنجام.
لەكۆی گشتی (894) ملیار دیناری موچەخۆران ( 491 ملیار) دیناری بۆ سلكی سەربازی دەچێت بە رێژەی (55%)، سلكی سەربازی تا ئێستا سەرێكی لەدەستی یەكێتیدایەو سەرەكەی تری لای پارتیە، مەسعود بارزانی بە فەرمانێك هێزەكانی پشتیوانی (2)ی سەربە یەكەكانی (8)ی پارتی خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، یەكێتیش لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوهەنگاوە، بەڵام هیچ یەك لەم هەنگاوانە توانای قوتاركردنی هێزە چەكدارەكانی نیە لە چنگی حزب و كارەكتەرە سیاسیەكان.
دابەشبوونی هێزە چەکدارەکان
دوای دەیان ئەزمونی تاڵی ململانێی چەکداری نێوان هێزە چەکدارەکانی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، هەڕەشەو فشارە دەرکییەکانی حکومەتی پێشووی عێراق، فشاری بەردەوامی هاوپەیمانان لەدوای کەوتنی ڕژێم و بەعس، یەکگرتنەوەی حکومەتی سلێمانی و هەولێر، شەڕی داعش، فشارە سیاسی و یاسایی و دەستوری و چەکدارییەکانی حکومەتی ناوەندی کە دواترینیان کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەربوو. نەیتوانی وا لە یەکێتی و پارتی بکات دەستبەداری هێزە ئەمنی چەکدارییەکانیان لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان و حیزبەکانیان، بە جۆرێک ئەم دوو حیزەبە هەریەکەیان خاوەنی؛
- هێزەکانی (٧٠)ی یەکێتی کە ژمارەیان (٥٦) هەزار پێشمەرگەیە و هێزەکانی (٨٠)ی پارتی (٥٨) هەزار پێشمەرگەن
- هێزەکانی پشتیوانی (1) پارتی و (2)ی یەكێتی کە بەشێکن لە هێزەکانی (8٠) و (7٠)، لە نوێترین هەنگاویشدا پارتی و بە فەمانی مەسعود بارزانی کە سەرۆکی ئەو حیزبەیە میلاکاتی هێزی پشیتوانی (١) گواستەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، (سیهاد بارزانی) برای مەسعود بارزانی فەرماندەیی هێزەکە دەکات.
- ئاسایشی یەکێتی و ئاسایشی پارتی
- دژە تیرۆری یەکێتی و دژە تیرۆری پارتی
- بەرگری و فریاکەوتنی یەکێتی کە ژمارەیان (22) چەکدار و زێرەڤانی پارتی کە سەربە وەزارەتی ناوخۆیە (44 )هەزار چەكداری هەیە.
- لیوای سکرتارییەت و لیوای سەرۆکایەتی هەرێم
- لیوای نەوت و غازی یەکێتی و لیوای نەوت و غاری پارتی
- هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە: 14 لیوای هاوبەشی پارتی و یەكێتی: 42 هەزار پێشمەرگە
ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو حیزبە کۆنترۆڵی هێزی چەکداری هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە نێو ئەونیشدا چەندین کەسی حیزبی و ناو ئەو دوو هێزە، هێزی تایبەت بە خۆیان هەیەو لەبری ئەوەی فەرمان لە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرن، تەنانەت لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی حیزبەکانی خۆشیان نین، بەڵکو گوێرایەڵی ئەشخاس و مەکتەب سیاسی و چەند بەپرسێکی نێو ئەو حیزبە دەکەن زۆرجار بۆ ململانێکانی نێو خۆیشیان هەڕەشەی پێدەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا دابەشبوونەکە شۆڕبووتەوە نێو دەزگای ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و هەندێ جار پۆلیسشی گرتووەتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی زۆرتر لە بواری عەمەلیدا دەردەکەوێت، بۆ نمونە دەیان و سەدان کەس لەلایەن پۆلیس و دادگاکانی سنوری یەکێتی داواکراون و لە سنوری پارتی داڵدە دراون و بە پێچەوانەشەوە، سەدان کەس لە سنوری پارتی هەڵهاتوون و بە ئازادانە لە سنوری دەزگا ئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەسوڕێنەوە.
جگە لەو هێزانە، چەندین گروپ و هێزی چەکداری دیکەش دروستکراون و موچە لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن، کە بریتین لە؛
- هێزی پاراستنی ئێزدیخان (حەیدەر شەشۆ): 4000 چەكدار
- لیوای جەزیرە (عەرەبەكانی رەبیعە و زوممار): 2000 چەكدار
- فەرماندەیی شنگال (قاسم شەشۆ): 10 هەزار چەكدار
جگە لە یەکێتی و پارتی (پەکەکە) یەکێکی دیکەیە لەو هێزە سیاسیانەی لە هەرێمی کوردستاندا چالاکی چەکداری هەیەو زۆرجار لە گەڵ پارتی و یەکێتی توشی ململانێ و بەکارهێنانی هێزبوونەتەوە سەردەمانێک بەشداری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆش بوونە، بەڵام جیاوازی ئەمان ئەوەیە ڕاستەوخۆ سودمەند نین لە بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان و سەرچاوەی دارایی خۆیان هەیە، بەشێکی ئەو هێزانەش بریتین لە؛
- هێزەكانی (هەپەگە) سەر بە پەكەكە
- یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە).
- یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەپەشە).
- یەكینەكانی ژنانی شنگال (یەژەشە).
- هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە).
- هێزی پاراستنی ئاسایشی ئێزیدخان.
- هێزی دژەتیرۆر و لەلایەن پارتی ئازادی دیموكراسی ئێزدی (پادا) سەرپەرشتی دەكرێت.
موچەو بودجەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان
بەپێی پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان ( 118 هەزارو 642 ) پێشمەرگەیە هەیە كۆی بودجەكەیان بۆ موچە لەو ساڵەدا ( یەك ترلیۆن و 333 ملیار و 304 ملیۆن دینار)ە كە كردویەتیە (11.49%)، لە كاتێكدا مانگانە( 120 ملیار) دینار موچەی وەزارەتی پێشمەرگەیەو لە یاسای بودجەی عێراقدا ساڵی 2019 مانگانە بڕی (68 ملیار) دینار تەرخانكراوە بۆ هێزی پێشمەرگە و پارەی ئەمریكیەكانیش مانگانە ( ٣٠ ملیار دینار)ە.
( وەزارتی پێشمەرگە، ١٣٣ملیار ٦١ ملیۆن دینار و وەزارەتی ناوخۆ، ١٧٨ ملیار و ٤٨٩ ملیۆن دینار و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش، ٦٢ ملیار و ٩٩٧ ملیۆن دینار و و خانەنیشینی سەربازی و مەدەنی ١١٦ ملیار و ٥٦٠ ملیۆن دینارە جگە لە زیندانیانی سیاسی، و. کاروباری شەهیدان و هتد.. كۆی گشتی موچەی هێزە چەكدارەكان دەكاتە ( 491 ملیار) دینار لەكۆی (894 ملیار) دیناری كۆی موچەی مانگێكی موچەخۆران، دەكاتە ( 55%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێم.
بەپێی دوایین یاسای بودجەی هەرێم لە 2013 ژمارەی هێزە سەربازیەكان بەم شێوەیەیە:
- وەزارەتی ناوخۆ 121 هەزار841 كەس
- وەزارەتی پێشمەرگە 118 هەزار642 كەس
- دەزگای ئاساییشی هەرێم 31 هەزار 431كەس
- ئەنجومەنی ئاساییش 6 هەزار 476كەس
- خانەنشینی سەربازی 133 هەزارو 435 كەس
- كۆی گشتی 411,825 موچەخۆر لە هێزی ئەمنی و چەكدارین
هەوڵەکانی یەکخستەنەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی ناوخۆ
دەیان هەوڵ و زارەکی و نوسراوو بڕیار و یاسا هەیە بۆ کە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە ڕوو، بۆ نمونە؛
- رێکەوتنی ٧/١١/١٩٨٦ لە نێوان مام جەلال و ئیدریس بارزانیدا لە تاران، کە لە بەشێکیدا هاتووە؛ (رێکەوتن لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دام و دەزگاکانی شۆرش)
- لە بەرنامەی بەرەی کوردستانی لە ٣/٥/١٩٨٨.
- دوا بە دوای یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992، یەكەم هەنگاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەدامەزراوەییکردنی هێزەكانی پێشمەرگە، بریتیبوو لە دامەزراندنی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە، بەپێی یاسای ژمارە (٥) ساڵی 1992
- دوای ئەوەی لە ساڵی 2006 حكومەتی هەرێمی كوردستان بەیەكگرتویی دامەزرایەوە، یاسای ژمارەی (١)ی ساڵی 1992 هەمواركرایەوە و پەرلەمانی كوردستان یاسایی ژمارە (19)ی ساڵی 2007 دەرکرد. بە پێی ئەم یاسایە وەزارەتی پێشمەرگە بە یەكگرتویی دامەزرایەوە.
- جارێكیتر لە ساڵی 2010 هەنگاوێکیتر بۆ یەكگرتنی ئەم هێزانەنرا، ئەوەش بە دروستكردنی (14) لیوای هاوبەش، بەڵام لەكاتی دابەشكاریدا لە هەموو لیواكان حیساباتی حیزبی زاڵبوو بەسەر پێوەری توانای سەربازیدا.
- لە بەرنامەکانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم لە هەولێر و سلێمانی و دوایش لە کابینەی هاوبەشدا، باس لە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کراوە.
- پەرلەمانی کوردستان چەند جارێک باسی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کردوە، بەڵام وەک زۆر بڕیاری تری پەرلەمان، تەنها وەک بڕیار ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە، دواترینیشیان، بڕیاری ژمارە (19) ی 23 ی تەموزی 2014 بوە. لە بڕگەی چوارەمی بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە:" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لەماوەی (6) مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی نیشتیمانی یەكبخات، بەتایبەتی یەكەكانی (70و 80)ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان".
- سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، لە 14ی كانونی یەكەمی 2014دا (7) بڕیاری دەركرد بەمەبەستی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بەوەكراوە: "پێویستە هەرچی زووترە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رێكوپێكی یەكبخرێتەوە، بەشێوەیەك كە نابێ حزبایەتی تێدا بێت". لە خاڵی حەوتەمی بڕیارەكەشیدا ئەوە خراوەتەڕو: "هەر هێزێك لە دەرەوەی وەزارەت هەبێت، بەنایاسایی دەژمێردرێت و كەس بۆی نییە هێزی تازە لە دەرەوەی وەزارەت دروست بكات".
- مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە بەنوسراوی ژمارە ( 7954 ) لەبەرواری 10/12/2014 دا 4 بڕیاری دەركردووە بۆ سەرجەم فەرماندە و دەزگاكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و داوایان لێ دەكات كە پابەندی بن بۆ یەكخستنی گشت هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام لەیەكەم كاردانەوەدا بریكاری وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند كە پابەندی ئەو بریارانە نابێت، لە رونكردنەوەیەكدا ( ئەنوەری حاجی عوسمان ) كە لەبەرواری 15/12/2014 دەری كردووە رایگەیاندووە : " ئیلتزام ناكەم بە فەرمانەكانی وەزیری پێشمەرگەوە" ، لەلایەن خۆشیەوە بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە لێدوانەكانیدا ئەوەی خستەروو كە هێزی پێشمەرگەی یەكێتی ناخەنە ژێر فەرمانەكانی وەزارەتی پێشمەرگەوە.
- لە ٣١/٧/٢٠١٨ کەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت ڕایگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتەکەیان لە رێگەی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتیەکەوە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن و یەکەمین هەنگاویش یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەبێت.
- لە ٦/٨/٢٠٢٠ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت: بەرنامەی حکومەتی هەرێم ئەوەیە: هێزەکانی 70 و 80 و هێزەکانی دیکە لە وەزارەتی پێشمەرگە کۆبکرێنەوە، تائێستاش توانیومانە کۆمەڵێک لەو هێزانە کۆبکەینەوە.
- لە ١١/١١/٢٠١٩ بهپێی ڕاگهیاندراوێكی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان، نیچیرڤان بارزانی لهگهڵ فهرماندهی گشتیی هێزی پێشمهرگه لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان کۆبووەوە.جهختی له پرۆسهی چاكسازی له وهزارهتی پێشمهرگه و رێكخستنهوهی پێشمهرگه کردەوە.
- دواین هەوڵیش پەسەندکردنی یاسای ژمارە (٢)ی ٢٠٢٠ی (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق) لە بەشی چوارەم ماددەی (٤) هاتووە؛
• یەكخستن و ڕێکخستنی یەكەكانی ژمێریاری لەگشت یەكەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، رێكخراو و رێكنەخراو لە چوارچێوەی هەیكەلیەتی وەزارەتی (كاروباری پێشمەرگە) لە یەك یەكەی ژمێریاری كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان (ژمێریاری سەربازی) سەر بە وەزارەتی (کاروباری پێشمەرگە)ی هەرێمی كوردستانە.
• پێویستە دەستنیشانکردنی ژمارەی پاسەوانان بۆ بارەگا و دامەزراوە حیزبییەکان و هەروەها پاسەوانی پارێزگاری لە خاوەن وەزیفە باڵاکان و بەرپرسانی سەربازی و ئاسایشی ناوخۆ، بە هەماهەنگی و بەپێی پەیڕەوێک ڕێکبخرێت کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوەی دەردەچێت، و ئەوانەی زیاد دەبن لە ژمارەی دیاریکراو لەو پەیڕەوە لە چوارچێوەی میلاکی سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەپێی شایستەبوونی خۆیان راژەیان ڕێکدەخرێتەوە.
- هەوڵەکانی یەکخستەنەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی حکومەتی عێراق
- دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لەساڵی 2003 و هەڵوەشانەوەی سوپای عێراق هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەیان ویست پێشمەرگەش لەو چواچێوەیەدا بكەنە ناو سیستەمی بەرگری عێراقەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە سەری نەگرت.
- دوای ئەوەی دەستوری فیدراڵی عێراق لە ساڵی 2005 دانرا، ئەم دەستورە لە بڕگەی (پێنجەم)ی ماددەی (121)یدا هێزەكانی پێشمەرگەی وەكو (پاسەوانی هەرێم) ناساندوە. هەر لەم سۆنگەیەوە چەندین یاداشتی لێك گەیشتن و رێكەوتنی دوو لایەنە لەنێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەچوارچێوەی سوپای عێرقیدا و هەماهەنگی دروستكردن هاتۆتە كایەوە، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکی تیا بەدی نەهات
- بەپێی فەرمانێكی دیوانی و بە واژوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لەوکاتەدا (نوری مالیكی) بە ژمارەی (1/1 دیوانی/86/146) لە 7/10/2007 بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دراوە، بەپێی ماددەی (78)ی دەستوری عێراق و لەبەر بەرژەوەندی گشتی و گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئاسایش لە هێزە فرە رەگەزەكانەوە بۆ هێزەكانی عێراق بەشێوەیەكی تەندروست و گرەنتیكردنی ئاسایش و ئارامی لە هەموو عێراقدا بڕیار درا بە پێكهێنانی (2) فیرقەی پیادە بە پێی رێكخستنی ئەو فیرقانەی ئێستا لە كوردستان هەیە بە پشت بەستن بەسەرچاوەی مرۆیی بەردەست، كە هەماهەنگی هەیە لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگری و سەركردایەتی گواستنەوەی ئاسایش لە هێزە فرەرەگەزەكان.
هەوڵەکانی یەکخستەنەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
- ساڵی 2003 لە كاتی پرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانکانییەوە، هەوڵ بۆ یەگرتن و بەئاراستەی دروستكردنی تەشكیلەیەكی هاوبەش چڕبوەوە، چونكە هەردوو حیزب هەستیان بە دروست بونی ئەو بۆشاییە ئەمنیە دەكرد كە دوای پرۆسەكە دروست دەبێت و ئەمریكیەكانیش بە ئاشكرا ئەمەیان بە (مەسعود بارزانی و مام جەلال) ووتبوو.
- دوای پەسندکردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005، و وبونیانانەوەی سوپای عێراق، سوپای هێزە فرە ڕەگەزەگان هەمو هەوڵێكیان بۆ دروستكردنەوەی لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش بوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
- لەدوای هێرشەکانی داعش لە ٢٠١٤، هەنگاوەکان بەئاراستەی یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوامبوون، لەم چوارچێوەیەدا هێزەكانی هاوپەیمانی دژ بە داعش دوو لیوای هاوبەشی سەربازییان دروست كرد. بەڵام لەبەردەم ئەم هەنگاوەشدا بەربەستەکان زۆرن.
- دوای هاتنی داعش هێزەكانی هاوپەیمانان، بە تایبەتی ئەمریكیەكان، متمانەیان بە هێزەكانی پێشمەرگە دروستكرد و لەم چوارچێوەیەدا دەستیان بە راهێنان و پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە كرد و بڕی (110) ملیون دولاریان بۆ ئامادەكردن و پڕچەككردنی دوو لیوای نوێ لە هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانكرد، تا ئێستاش هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە، بەڵام هێشتا پارتی و یەکێتی ئامادە نین هێزە چەکدارەکانیان یەکبخەن.
ئاستەنگەكانی بە دامەزراوەیكردنی پێشمەرگە
هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیە جۆراوجۆربوون هەرواش ئاستەنگەکانی بەردەمی جۆراوجۆرن، کە هەندێکیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمن و هەندێکیتریان لەسەر ئاستی عێراقن، گرنگترین ئەو ئاستەنگانەش بەم شێوەیەی خوارەوەن:
ئاستەنگەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان
لەبەرئەوەی وەزیفەی هێزەكانی پێشمەرگە نەك تەواو نەبووە، بەڵكو پێویستییان بە ڕێكخستنەوە وەك دامەزراوەیەكی پیشەیی بەردەوام لەزیادبووندایە. بۆ بەدیهێنانی ئەم پێویستیەش، ئەم خاڵانە دیارترین ئەو ئاستەنگە ناوخۆییانە دەخاتەڕوو كە رێگرن لە یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هێزێكی نیشتیمانی یەكگرتووی پیشەییدا:
1. ڕێگری نەکردن لە كاری سیاسی و حیزبی لەناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگە، کە گەورەترین ئاستەنگە لە بەردەم یەگكرتوی هێزی پێشمەرگە.
2. رۆڵی چاودێری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان و بەدواداچونی ئەو كەم و كوڕی و كێشانەی كە لە (رێكخستن و مەشق و پڕچەك كردن) دا هەیە زۆر لاوازە، بە واتە هێزی پێشمەرگە لە رێگەی پەرلەمانەوە چاودێری بكرێت و دەست نیشانی كەم و كوڕییەكان بكرێت و، لە گەندەڵی و زیادەڕەوییەكان بكۆڵرێتەوە.
3. دەستبەردار نەبوون لە سیاسەتی (زەبائینی) كە رێگرە لە بەردەم بە پیشەیبون و یەكگرتوی هێزەكانی پێشمەرگە، هەروەها ئەم سیاسەتە لە جیاتی ئینتیما و پشتیوانی نیشتمانی، ئینتیمای كەسی و حیزبی دروست كردوە، لەمەش زیاتر دەیان لیواو فەوج و سریەی پێشمەرگە بە ناوی كەسی لە كوردستان بونی هەیە.
4. پێ نەگەیاندنی پێشمەرگە لە سەر بیرو باوەڕێكی نیشتمانی باڵا كە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو هەڕشانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەن، بە بێ عەقیدەیەكی سەربازی نیشتمانی كە بریتیە لە: "كۆمەڵێك بیرو راو و تێروانین كە كۆمەڵگەیەك لە كۆمەڵگاكان بونیادی دەنێن لە بارەی جەنگ و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە بەرگری و بەهای جەنگەوە هەیە"
5. سود وەرنەگرتن لە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان و بە گشتی و هێزەكانی ئەمریكا بە تایبەت لە كوردستان بۆ (مە شق و رێكخستن و پڕچەككردن).
6. دابەشنەكردنەوە و رێكنەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای ئەركی سەربازی مۆدێرن و جەنگی تازەی تیرۆر، کە تەنها جەنگی روبەروبونەوەی مەیدانی و جەبهەیی نییە، بەڵكو جەنگی تازەیە لەگەڵ زانیاری و شیكردنەوەی زانیاری و تەكنیكی هەواڵگری.
7. دانەمەزراندنی ئابورییەكی سەربەخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە، كە خۆی لە صندوقێكی ئابوریدا دەبینێتەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو حاڵەتانەی كە كتوپڕن و بودجەی تایبەتییان بۆ تەرخان نەكراوە.
8. پێدانەچوونەوە بە موچە و دەرماڵە و ئەو مانگانەییانەی كە بۆ لیواو یەكە سەربازییەكان تەرخانكراوە، هەروەها پێدانەچونەوەی تەواو بە پلە سەربازییەكان و پابەندنەبوون بە پێدانی پلە سەربازییەكان لەكاتی خۆیدا، و نەگۆرینی پێوەری بەرزكردنەوەی پلە لە (پێوەری ساڵی خزمەت)ەوە بۆ پێوەرێكی دادپەروەرانەتر كە بەشێوەیەكی شەفاف كار لەسەر بانكێكی زانیاری بكات.
ئاستەنگەكان لەسەر ئاستی حكومەتی ناوەندی عێراق
دەکرێت ئاماژە بۆ چەند بەربەستێکیتر بکرێت کە لەسەر ئاستی حکومەتی ناوەندی ڕێگربوون لە بە دامەزراوەییکردنی هێزەکانی پیشمەرگە، لە گرنگترین ئەو بەربەستانەش:
1. خەرج نەکردنی هیچ بڕە دارییەکی تەرخانکراو لە بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی ٢٠٠٧ەوە.
2. پابەند نەبوونی حکومەتی فیدراڵی بە پڕچەککردنی پێشمەرگە بەشێوەیەکی هاوتا لەگەڵ سوپای فیدراڵی و هێزەچەکدارەکانیتری.
3. پابەندنەبوونی حکومەتی فیدراڵی بە زیادکردنی ڕێژەی کورد لە پێکهاتەکانی سوپای عێراقدا، کە ئەمەش لەلایەک پێچەوانەی دەقەکانی دەستوری فیدراڵی (٢٠٠٥)ە، لەلایەکیتریش لادانە لەو بەڵێن و ڕێککەوتنانەی لەکاتی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی سوپای عێراقدا درابوون.
4. کەمتەرخەمی حکومەتی فیدراڵی لە چەسپاندنی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و دوودڵی لە پابەندبوون پێیانەوە، بەتایبەت لەبوارەکانی (سیاسەتی دەرەکی و سیاسەتی ئەمنی و سیاسەتی دارایی)دا، کە تائێستا حکومەتی ناوەندی هیچ دیسپلینێکی یاسایی ئەوتۆی بۆ چۆنێتی ڕاییکردنی ئەم بوارانە دانەڕێژاوە.
5. شکستخواردنی پرۆسەی سیاسی و لاوازی دامەزراوە دیموکراتی و فیدراڵییەکانی عێراق خۆی، کە هەمیشە لەژێر فشار و دەستیوەردانی دەرەکی و پەرتەوازەیی تایەفەگەری ناوخۆییدایە. لەم دۆخەدا زەحمەتە دامەزراوە دیموکراسی و مەدەنییەکان و ئامرازەکانی ئاشتەوایی و پێکەوژیان وەک (ئەنجومەنی فیدراڵی) فەراهەم بهێنرێن، بەڵکو زۆر ئاسانە دەستە و هێزی چەکداری تایەفی و نانیزامی بونیاد بنرێ وەک (حەشدی شەعبی).
سەرچاوەکان
- د. ئومێد ڕەفیق فتاح و د.عابد خالد رەسوڵ، پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە: هەنگاو و ئاستەنگەکان، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، کانونی یەکەمی ٢٠١٨.
- محەمەد ڕەوف، بڕیارەكەی پەرلەمان جێبەجێنەكرا..!! یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پەكدەخرێت...!!!، رۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ( 463) بەرواری 27/1/2015 دا بڵاوبۆتەوە
- یاسای ژمارە (٢)ی ٢٠٢٠ی (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق).
- سەلاح ڕەشید، خەوبینین بە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەوە، درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8425