Draw Media

هەولێرو گەرمیان لە وشکەساڵیدان

هەولێرو گەرمیان لە وشکەساڵیدان

2021-06-01 03:28:17


 راپۆرت: (درەو)
رێژەی بارانبارین لە هیچ ناوچەیەكی هەرێم نەگەیشتوەتە (٥٠٠) ملیمەتر، ئەو ناوچانەی كە لە (٢٠٠) ملیمەتر كەمتر بارانیان لێ باریوە، بە ناوچەی وشكەساڵیی ئەژماردەکرێن، بەم پێوەرە دوو ناوچەی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی وشکەساڵیی دادەنرێن، کەمی بارانبارین و گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، پێکەوە وشکەساڵیی و قەیرانی ئاویان بۆ هەرێم دروستکردووە.

وشكەساڵیی و جۆرەکانی
وشكەساڵیی دیاردەیەكی كەشوهەوایە، بە كارەساتێكی سروشتی دادەنرێت كە زیانی گەورە بە جیهان دەگەیەنێت‌و ساڵانە كاریگەری لەسەر ژمارەیەكی زۆر خەڵك بەجێدەهێڵت، ئەم دیاردەیە بەهۆی كەمئاوییەوە روودەدات، جا ئیتر ئەمە بەهۆی كەمی رێژەی بارانبارینەوە بێت یان قەتیسبوونی گەرما یاخود خراپ دابەشكردنی ئاو لەماوەیەكی دیاریكراودا، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە لەیەككاتدا كەمی بارانبارین و خراپی دابەشكردنی ئاوو گرتنەوەی ئاوە لەلایەن وڵاتە دراوسێكانەوە. 
بەگشتی وشكەساڵیی چەند جۆرێكی هەیە:

یەكەم: وشكەساڵی لەڕوانگەی كەشناسییەوە
ئەوەیە كە بڕی بارانبارین لە وەرزی باراندا كەمتر بێت لە تێكڕای بارانبارین لە ساڵەكەدا، هۆكارەكەشی دۆخی كەشوهەوایە كە كاریگەری لەسەر ناوچەیەك دروستكردووە‌و بووەتە هۆی كەمی بارانبارین لەو ناوچەیە. 

دووەم: وشكەساڵی كشتوكاڵیی
ئەمە بریتییە لە كەمی رێژەی بارانبارین، بەجۆرێك كە رێژەكە پێداویستی رووەكیی پڕناكاتەوە‌و رێژەی بەهەڵمبوون لە رێژەی ئەو ئاوەی كە هەیە، زیاترە. 

سێیەم: وشكەساڵی هایدرۆلۆژی (ئاویی)
ئەمە كەمی رێژەی ئاوە بەهۆی ئەوەی ماوەی بارانبارین كەمبووە‌و ئاستی ئاو لە دەریاچە‌و روبارو بەنداوەكاندا دابەزیوە، لەم حاڵەتەشدا رێژەی بەهەڵمبوون لە رێژەی بارانبارین زیاترە، ئەمە حاڵەتە هەرە مەترسیدارەكەیە كە جگە لە كشتوكاڵ، كاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤیش دروست دەكات، چونكە ئاو بەشی پێداویستی خواردنەوەی دانیشتوان ناكات. 

چوارەم: وشكەساڵی ئابوریی‌و كۆمەڵایەتی ئەمە كاتێك رودەدات كە رێژەی خواست لە بڕی ئەو ئاوەی كە هەیە زیاترە، ئەمەش كورتهێنان لە سەرچاوە خۆراكییەكان دروست دەكات، لەم حاڵەتەدا ئاو بەشی پێداویستی مرۆڤ‌و ژینگەش ناكات.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، زیاتر مەترسییەکە لەسەر کشتوکاڵ و پەلەوەرە، هەرچەندە حکومەت ترسی هەیە بێ ئاوییەکە خەڵک و دانیشتوانیش بگرێتەوە.

هەولێرو گەرمیان لە وشكەساڵیدان
رێژەی بارانبارین لەهەرێمی كوردستان لە هیچ ناوچەیەكدا نەگەیشتووەتە (٥٠٠) ملم، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرێتی كەشناسیی، رێژەی بارانباران بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (٥٠٪) كەمیكردووە، زۆرترین رێژەی بارانبارین لەپارێزگای سلێمانییە كە تاوەکو رۆژی ٢٨ی ئازاری ئەمساڵ نەگەیشتووەتە (٤٠٠) ملم و كەمترینی بڕی بارانبارین لە ناوچەی كەركوك- گەرمیانە كە (١٠٣) ملم باریوە، لە هەولێریش رێژەکە نەگەیشتووتە (٢٠٠) ملم.
بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەو ناوچانەی رێژەی بارانبارین تێیاندا نەگەیشتووەتە (٢٠٠) ملم، ئەوە بە ناوچەی وشكەساڵیی دەدرێنە قەڵەم، بۆیە لەلای وەزارەتی كشتوكاڵ هەردوو ناوچەی (هەولێرو گەرمیان) دەچنە چوارچێوەی ناوچەی وشكەساڵییەوە، 
بڕوانە خشتەی (١) 

حکومەت و پلانی وشکەساڵیی
رۆژی ١١ی ئەم مانگە، لە یەکەم هەنگاوی کرداریدا بۆ روبەڕوبوونەوەی وشکەساڵیی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، دروستکردنی (٩) بەنداوی ستراتیژی و (٢) پرۆژەی ئاودێری بەشێوەی پرۆژەی پەرەپێدان راگەیاندو کۆمپانیاکانی بانگهێشتکرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان.
خشتەی بەنداوەکان

حكومەتی هەرێم رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە بەئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی كۆبووەو بۆردێكی باڵای  بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی قەیرانی وشكەساڵیی پێکهێنا، بەڵام تائێستا بڕی ئەو بودجەیە دیارنییە کە حکومەت دەیەوێت بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەکە خەرجی بکات.
قەیرانی ئەمجارەی ئاو هۆکارەکەی بەتەنیا کەمی بارانبارین نییە، ئێرانیش ئاستی بەردانەوەی ئاوی بۆ هەردوو بەنداوی (درەبەندیخان)و (دوکان) کەمکردووەتەوە.
چەند رۆژی رابردوو لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئاو، مەهدی حەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو چووە هەردوو بەنداوی (دەربەندیخان)و (دوکان).
وەزیری سەرچاوەكانی عێراق ئاشكرایكرد، بەمزوانە سەردانی ئێران دەكات‌و بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان وەكو نوێنەری هەرێمی كوردستان هاوڕێیەتی دەكات.
وەکو خۆی وتی:" ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ئێران، گفتوگۆكردنە لەبارەی هۆكاری دابەزینی ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان بۆ سفرو دابەزینی ئاستی ئاو لە بەنداوی دوكان بەرێژەی ٧٠٪".


دانەوێڵە لە زەمەنی وشکەساڵیدا
وشكەساڵی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرهەمی دانەوێڵە دروستكردووە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەمساڵ بەهۆی كەمیی بارانبارینەوە، بەرهەمی گەنم بۆ (٥٠٪) كەمی كردووە، چونکە لە زۆربەی ئەو ناوچانەی بۆ دانەوێڵە گونجاون، كەمتر لە (٢٠٠) ملم بارانباریوە، ئەمە لەکاتێکدایە گەنمی دێمیی پێویستی بەنزیكەی (٤٠٠) ملیمەتر بارانی ساڵانەیە.
ساڵی رابردوو نزیكەی (٢ ملیۆن) تۆن گەنم لەهەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە، ئەمساڵ بڕەکە بۆ (ملیۆنێك) تۆن دابەزیوە.

روبارو بەنداوەكان
لە ھەرێمی كوردستان (١٧) بەنداو و (١٠٠) حەوزی بچووك ھەیە كە سەرجەمیان توانای گلدانەوەی (١٠ ملیار) مەتر سێجا ئاویان ھەیە.
لە هەرێم ساڵانە سەروی (٤٠) ملیار مەتر سێجا باران دەبارێت، بەڵام پێداویستی بۆدابینکردنی (ئاوی خواردنەوە، كشتۆكاڵ، پێداویستی زیندەوەر) ناگاتە (١٠) ملیار مەتر سێگۆشە، ئەوەی تر بەفێرۆ دەچێت. بۆیە لە هەرێمی كوردستان كێشەی ئاو نیە، كێشەی پاكی و بڕی ئاو نیە، بەڵكو كێشەی ئیدارەدانی ئاو هەیە.
قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێ "شتێك نەماوە بەناوی زێی بچوكەوە، دەتوانین بڵێین زێی بچوك كۆتایی هاتووە، چونكە ساڵی رابردوو كە پێواومانە لە وەرزی هاویندا تەنها (یەك مەتر و نیو سێگۆشە) لە سانیەیەكدا ئاو هاتۆتە ناو زێیەکەوە، ئەمساڵ كە بارانبارین كەمبوەتەوە، ئەو پێوانەیەش كەمبوەتەوە، ئەمەش ئاستی ئاوی زێیەك نیە".
بڕو توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكانی هەرێم بەمشێوەیە:
- بەنداوی دوكان لەسەر زێی بچووك لە پارێزگای سلێمانی، توانای گلدانەوەی (٦.٨٥) ملیار مەتر سێجایە
- بەنداوی دەربەندیخان لەسەر روباری سیروان لە پارێزگای سلێمانی، توانای گلدانەوەی (٣.٣) ملیار مەتر سێجایە 
- بەنداوی حەمرین لەسەر روباری سیروان لە پارێزگای دیالە لە قەزای خانەقین، توانای گلدانەوەی (٢.٤٥) ملیار مەتر سێجایە
- بەنداوی دهۆك لە پارێزگای دهۆك، توانای گلدانەوەی (٠٫٦) ملیار مەتر سێجایە
-    بەنداوی بێخمە كە تەواونەكرا لەسەر  پارێزگای هەولێر و دهۆك، توانای گلدانەوەی (١٥-١٧) ملیار مەتر سێجایە

ئاوی سەرزەوی
ئاوی سەر زەوی لە هەرێمی كوردستان لە پێنج لقی سەرەكی پێكدێت كە بریتین لە (خاپور، زێی گەورە، زێی بچووك، سیروان، عوزێم)، لەگەڵ بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان و دهۆك. هەریەك لەم لق و بەنداوانەش بڕی ئاو و خەزنكردنی جیاوازە بەمشێوەیە:
- روباری خاپور لە زاخۆ كە (١٦٠) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (٦٢.٥) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا.
- زێی گەورە لە كەڵەک كە (٢٥٠) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (٤٢٠) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا.
- زێی بچوك كە (٤٠٠) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (٥٥) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا.
- روباری عوزێم كە (٢٣٠) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (٢٥) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا.
- روباری سیروان كە (٣٨٦) كم درێژییەكەیەتی لەنێو خاكی هەرێمدا، بەرهەمی ئاوەكەی (١٤٠) مەتر سێجایە لە چركەیەكدا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand