حەشدی شەعبی بۆچی دابەشبووە؟ ئێران بۆچی بێدەنگە؟ چی لەبەغداد دەگوزەرێت؟
2021-05-29 17:37:32
شیكاری/ د.سەنگەری سەید قادر
حەشدی شەعبی كەلە ساڵی ٢٠١٢ لەسەردەستی مالیكی درووستكران و دواتر لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ بە فەتوایەكی كیفائی سیستانی دەیان گروپ و میلیشیای جودا دامەزرێنران بەجۆرێك ئێستا٧٢ میلیشیای چەكدار لە ژێر چەكتری حەشدی شەعبیدا كۆبوونەتەوە كە بەپێی راپۆرتی دەزگایی هەواڵگری ئەمەریكا تا هاوینی ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ١٣٠ هەزار چەكداریان هەبووە
هەرلەسەرەتای دامەزراندنی حەشدەوە ئێران لە ڕێگای قاسمی سلیمانیەوە توانی كۆنترۆڵی حەشد بكات وەك چەكی ئێران لە عێراق و سوریا بەكاریانبهێنێت،لەلایەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا لەلایەكی ترەوە بۆ رێگری لە گەشتنی داعش بەناو خاكی ئێران
جگە لە ئەوەی لەدوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و دامەزراوە ئەمنیەكان لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دەرفەتێكی زێڕین بۆ ئێران ڕەخسا لە ڕووی ئەمنییەوە تەواوی عێراقی عەرەبی بەتایبەت پارێزگا سونییەكان كۆنترۆڵبكات كە دەكەونە سەر هێڵی هیلالی شیعی
هەربۆیە ئیران لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٩بەتەواوی كۆنترۆڵی عێراقی كردبوو لە ڕووی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئەمنیەوە بەجۆرێك قاسمی سلێمانی بڕیاری دەدا كێ ببێتەسەرۆك وەزیران و تەنانەت گواستنەوەی ئەفسەرێك بەبێ پرسی قاسمی سلێمانی ئەنجامنەدەرا
بەڵام ڕۆژی ٢٠١٩/١٠/١ خۆپیشاندانی فراوان لە عێراق دەستیپیكرد كە دروشمی خۆپیشاندانەكان دژی ئیران و میلیشیاكانی حەشد بوون، دواتر لە شەوی٢٠٢٠/١/٣ قاسمی سلێمانی فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی عێراق تیرۆر كرا
لێرەوە گورزێكی كوشندە بەر نفوزی ئێران كەوت لە عێراق چونكە مایسترۆی كۆكەرەوە و جوڵینەری میلیشیاكانی حەشد كە سەرچاوەی نفوزی ئێران بوون تیرۆر كرا
لێرەوە گڵۆڵەی بەرژەوەندیەكانی ئێران لە عێراق كەوتە لێژی بەتایبەت كە ئیدارەی ترەمپ مكوڕ بوو لەسەر بڕینی دەستی ئێران لە عێراق و لە دوای هاتنە سەركای كازمی پشتیوانێكی بەهێزی كازمی بوون
بەڵام لە دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ترەمپ ستراتیژی ئەمەریكا لە عێراق وەك خۆی مایەوە بەڵام ئەوەی گۆڕاوە تیرۆڕانینی بایدن و ئیدارەكەیەتی بۆ چۆنیەتی بەردەوامی دان بە ستراتیژیكە
ئەويش بریتیە لە ڕێكەوتن و دانوستاندن و هاوتەریب كردنی بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا و ئێران لە بری زمانی هێز و سەپاندنی سزا و پێكادانی بەرژەوەندی هەردوو وڵات، چونكە ئێران بۆ بایدن گرنگە لە ستراتیژی ڕێگری لە فراوانخوازی ئابوری چین هاوشێوەی ئەفغانستان و توركیا لە ڕێگری لە بلۆكی سۆڤیەت لەساڵانی ١٩٧٤-١٩٩٠.
لەبەرامبەردا ئێران جۆرێك لە تێگەشتنی بۆ سیاسەتی ئیدارەكەی بایدن هەیە و سەرەڕای دەستپیكردنی دانوستان لەگەل ئەمەریكا لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی هاوكات لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە ئێران پشتی میلیشیاكانی حەشد ناگرێت وەك ڕابردوو، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك:
١-كوژارانی قاسمی سولەیمانی پشت بەست بوو بە ئەوزانیاریانەی لەناو حەشدی شەعبیەوە دزەی كردبوو ئەمەش متمانەی ئێرانی بە ئەو میلیشیایانە كەمكردووەتەوە
٢- لە ئێستادا ئێران لە دانوستاندایە لەگەڵ ئەمەریكا و ناتوانێت بەرپرسیارێتی كردەوەكانی ئەو میلیشیایانە هەڵبگرێت و بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز ئێران گروپی بچوك و نهێنی لە عێراق دروست كردووەكە ڕاستەوخۆ سەر بە فەیلەقی قودس و سوپای پاسدارانن
٣- ئێران لەئەم قۆناغەدا پێویستی زۆر بە میلیشیاكانی عێراق نەماوە و لە لایەكی ترەوە ناتوانێت تیچووی داراییان بگرێتە ئەستۆ
٤-بەشێك لە سەركردەی میلیشیان گوێڕایەڵی فەرمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس نابن لە دوای كوشتنی سلیمانیەوە ئەمەش هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئاغای ئەفغانی بوو كە سەرپەڕشتی حەشدی دەكرد لە عێراق
٥- ئێران دڵنیایە لە ئەوەی ئەمەریكا سزا بەسەر حەشدا دەسەپینێت ئەگەر بەردەوامبن لە كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا
٦- لە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی٢٠١٩(كە زیاتر لە ١٦٠٠ خۆپیشاندەر شەهید بوون و ٢٥ هەزاری دیكە بریندار بوون) میلیشیاكانی حەشد لە شەقامی شیعی دا متمانەو پشتیوانیان لە دەستداوە و وەك هێزی تێكدەر و بكوژ و دوژمنی عێراق تەماشا دەكرێن و كاریگەری خراپییان لەسەر ناو و نفوزی ئیران هەبووە لە شەقامی شیعەی عێراقدا.
لە ئێستادا حەشد دابەشبوون بەسەر سێ بەرەدا:
-١-بەرەی یەكەم بزوتنەوەی نوجەبا سەركردەكەیان حسن كەعبیە-كەتیبەكانی سید شهدا سەركردەكەیان ئەبو ئەلائی وەلائیە-حیزبوڵای عێراق سەركردەكەیان ئەبو فەدەكە كە بە خاڵ ناسراوە
ئەم بەرەیە هەوڵی ڕووخاندنی حكومەتی ئێستا و گرتنە دەستی دەسەڵاتدەكەن، چونكە پێیان وایە ئەگەر ئێران و ئەمەریكا بگەنە ڕێككەوتن ئاوا میلیشیاكانی حەشد هەڵدەوەشێتەوە یان تەواو لاواز دەكرێت و دەیانەوێت دەستپێشخەری لە ئەو قۆناغەبكەن، مالیكیش خۆی خزاندووەتە نێو ئەمبەرەیە چونكە بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوكیشەكانی ڕابردوو دەرفەتی گەڕانەوەی بۆنێوكایەی سیاسی نەماوە
٢-هەرچی بەرەی دووهەمە پێكهاتووە لە فالح فەیاز و هادی عامری سەرۆكی بەدر و قەیس جەزعەلی سەرۆكی عەسائیب و شبل زەیدی سەرۆكی كەتیبەكانی ئیمام عەلییە
ئەم بەرەیە لە مەترسی ئەگەری ڕێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا تێگەشتوون بەڵام دەیانەوێت لایەنی كەمی بەرژەندییە سیاسیەكانیان بپارێزن، ئەوەش بە هێنانە كایەی دۆخێكی گونجاوی سیاسیە بۆ لادانی كازمی گەڕانەوەی دۆخی سیاسی عێراق بۆ پیش ساڵی ٢٠٢٠
٣-لەبەرامبەردا بەرەی سێهەم پیكهاتووە لە میلیشیاكانی سەرایایی سەلامی موقتەدا و سێ لیوای پاراستنی شوێنە پیرۆزەكان كە محمد ڕەزای كوڕی سیستانی سەرپەرشتیان. دەكات و ڕاستەوخۆ سەربە نوسینگەی سیستانین
ئەم بەرەیە لە ئێستادا پشتیوانی حكومەت دەكەن و دژی میلیشیاكانی دووبەڕەكەی ترن، ئەم بەڕەیە كە بەحەشدی عێراقی ناسراون بەپێچەوانەی دووبەڕەكەی ترەوە كە كەبە حەشدی ئێرانی (حشد الولائی) ناسراون
بەرەی سیستانی و موقتەدا دڵنیان لە ئەگەری ڕووخانی حكومەتدا میلیشیاكانی حەشد دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن و عێراق دەخەنە ناو شەڕی ناوخۆی شیعە و شیعەوە و ئەوە كەمە دەستكەوتەی كەماوە لەناو دەچێت، ئەمەش هۆكاری پشتیوانیانە بۆ حكومەت.
ئایا هەڵبژاردن دەكرێت؟ دۆخی بەغداد چۆنە؟
لە بەغداد لە ڕووی سیاسی و ئەمنیەوە دۆخەكە لە پلەی كوڵاندایە بەتایبەت دوای دەستگیركردنی قاسم موسڵحی فەرماندەی حەشد كە سەركردەی میلیشیاكانی حەشدی بەسەر دووبەرەدا دابەشكرد
لەبەرامبەردا حكومەت چوار لیوای سوپا و هێزەكانی دژەتیرۆری لەنزیك ناوچەی سەوز جێگیركردووە و ئەمڕۆش وەزیری بەرگری عێراق هۆشداریدا لە دووبارە هێرشكردنە سەرناوچەی سەوز
لەسەر ئاستی سیاسیش پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی (٢٠٢١/١٠/١٠) تادێت گەرمتر دەبێت بەشێكی زۆری لایەنە سیاسیەكان. پێتان وایە لە دۆخێكی ئاوادا هەلبژاردن پڕكێشەدەبێت و پشتیوانی دواخستنی و لادانی حەلبوسی و گۆڕانكاری لە كابینەكەی كازمی دا دەكەن
دەرئەنجام:
١- هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران و دواتر پرسی ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران چارەنوسی ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن یەكلایی دەكاتەوە
٢-بەشێك لە ئیدارەی بایدن پشتیوانی هەڵمەتێكی گەورەی سوپاو دەزگا ئەمنیەكانی عێراق دەكەن بۆ لەقاڵبدانی حەشد و بەڵینی دەستگرتنی ئێرانیشیانداوە
٣-بەشێك لە ڕاوێژكارەكانی كازمی پشتیوانی ڕووبەڕووبوونەووی حەشد دەكەن و بەشیكی دیكەیان پێیان وایە ئەمە خۆكوژییە و هەڵهاتنە لە پرەنسیپی دانبەخۆداگرتن و حوكمی ڕەشید، چونكە دەبێتەهۆت هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و بەرپرسیارێتیەكی قورسی مێژوویە
٤- دەرئەنجامی پەیوەست بەكوردستان. لادراوە
٥- میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دابەشبوونیان پەیوەستە بە دەستهەڵگرتنی ئێران. لەسەر پەرشتی كردنیان و بەبێ ئێران ناتوانن لە ژێر یەك چەتردا كۆببنەوە
٦- موقتەدا سەدر وەك گەمەكارێكی لێهاتوو لەدوورەوە چاودێری دۆخەكە دەكات بۆچنینەوەی دەستكەوت و ڕاستەوخۆ خۆی ناخاتە شەڕی میلیشیاكانی حەشدی ئێرانەوە
٧-هەرچی سیستانییە نیگەرانە لە هەڵوێستی حەشدی شەعبی و فشارێكی زۆری جەماوەری لەسەرە چونكە زۆرینەی حەشد بەرهەمی فەتوای جیهادی كیفائی سیستانین، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت سیستانی لەڕێگەی محمد ڕەزای كوڕییەوە پەیام بگەیەنێتە حەشدی شەعبی.
* بەرپرسی دیسكی عێراق و كوردستانی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی