بۆچی تیرەكان تەنها رویان لە یەكێتیە .. پارتی تەزویری نەكردووە؟
2018-05-18 17:16:29
درەو میدیا:
ئەنجامی دەنگەكان لە سندوفێكی دهۆك بەشێوەی ئەلكترۆن تەنیا (19)دەنگ بۆ یەكگرتوو ئەژمار كراوە ،بەڵام دوای ئەوە دەنگەكان بەدەست ئەژمار كراونەتەوە دەركەتووە (239)دەنگمان هێناوە نەك (19) دەنگ واتا لەیەك سندوق (220)دەنگمان دزراوە" ئەمە وتەی جەمال كۆچەر سەرۆكی لیستی یەكگرتووە لە پارێزگای دهۆك.
ئەمە هەمان ئەو ئەنجامەیە كە شەش لایەنەكە لە پارێزگای سلێمانی و كەركوك ئاماژەی بۆ دەكەن كە دەنگەكانیان گۆڕاوە، دەوترێت پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوری هەولێر دهۆك بە هەمان شێوەی یەكێتی لە سلێمانی دەستكاری دەنگەكانی كردووەو ساختەكاری كردووە، بەڵام پارتی بە مونەزەمتر و رێكخراوتر ساختەكاریەكەی كردووە وەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،
شەوی هەڵبژاردن ئێران دڵنیایی بە یەكێتی دەدات و پارتیش ئاگادار دەبێت
بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەو شەوەی كە بەیانییەكەی هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، قاسمی سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لەگەڵ حەسەنی دانایی فەڕ باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغداد لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەبوون لە سلێمانی.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: هەمان شەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبوەتەوە و قاسمی سلێمانی و دانایی فەڕ پەیامی دڵنیاییان بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووە لەباری هەڵبژاردنەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، هیچ یەكێك لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو پەیامەی ئێران نەبوون بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام پارتیش بێدەنگ بووە، بەوپێیەی هەمان كات وەفدێكی ئێرانی لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی پارتی لە كۆبونەوەدا بووە.
بەو مانایەكی كە دڵنیایەكەی وەفدی ئێران لە سلێمانی بۆ یەكێتی، هەمان دڵنیاییش دراوە بە پارتی لە هەولێر، واتا پارتیش بە هەمان شێوەیەی یەكێتی و ساختەكاری ووردی كردووە، بەڵام ئەوەی یەكێتی ئاشكراتر بووە، ئەویش بەهۆی باڵی جیاوازو ململانێی جیاوازی ناو باڵەكانی یەكێتیەوە هەرزوو پلانەكە ئاشكرا بوو، بەڵام بەهۆی مونەزەمی و رێكخراوەیی پارتیەوە پرسەكە ئاشكرا نەبووە.
پارتی لە پارێزگای دهۆك 10 كورسی لە كۆی 11 كورسی بەدەستهێناوە لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوودا تەنها 8 كورسی بەدەستهێنابوو لەو پارێزگایە، یەكگرتوو پێشتر 2 كورسی و یەكێتی 1 كورسی هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا یەكگرتوو بەزەحمەت كورسیەكی بەدەستهێناوە كە چاوەڕوانی سێ كورسی بوو، یەكێتیش هیچ.
خەلیل ئیبراهیم ئەندامێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بە كەناڵی سپێدە ڕایگەیاندووە" بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی كە دەستمان كەوتن لیستی 175ی یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك زیاترلە120هەزاردەنگمان هێناوە بەڵام بەسیستمی پاشەكەوت لە63%دەنگەكانمان براوە و تەنها لە37%دەنگەكانمان بۆ ئەژماركراوە"
هەریەك لە یەكێتی و هاوپەیمانی و گۆڕان و نەوەی نوێش چاوەڕوان بوون بە ئاسانی كورسی بەدەستبهێنن بەڵام پارتی تەواوی كورسیەكانی چنیەوەو یەك دانەی بۆ یەكگرتوو بە جێهێت، واتا پارتی لەبری كەمكردنی كورسیەكانی دوو كورسی زیادیكردووە بەرێژەی 18%ی كورسیەكانی دهۆك، زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی جیاواز لە یەكێتی و بە هەموو جۆرەكانیەوە ساختەكاری كردووە، واتا بە شێوەی پرۆگرامكردنی ئامێرەكانی ئەلكترۆنی و بە كڕینی كارت و دەنگی ئەوانەی بایكۆتیان كردووەو دەنگی ئاوارەكان.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەندێك لایەن قسە لەسەر ئەو تەزویر و پێشێلكاریە ناكەن، كە پارتی لە هەولێر و دهۆك و نەینەوا كردویەتی، ئەگەر پێشێلكاری نەبوایە هەرگیز پارتی لە كەمپی ئێزدیەكان چوار كورسی نەدەهێنا كە سیانیان زیادەن. لەبەرامبەریشدا خەسرەو گۆران بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەو هێز ولایەنانەی ئەنجامە بەراییەكان ڕەد دەكەنەوە ، لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو كەركوك و ئیدارەی سنوری گەرمیان. وەك ئاماژەیەكی بۆ بوونی ساختەكاری زۆر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی.
ئەم لێدوانانە لێدوانی رەسمین و دەرخەری ئەو راستیەیەن كە پارتی و یەكێتی هەردووكیان ساختەكاریان كردووە،، لەلایەكی تریش دەرخەری ئەو راستیەیە كە ساختەكاریەكە گشتگیر بووە تەواوی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوەو پارتی و یەكێتیش هەریەكەو لە ناوچەی خۆی تەزویری كردووە، موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت"هەردوو لایەنی یەكێتی و پارتی ساختەكارییان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كردووە لەدهۆك و موسڵ-ەوە ساختەكاری كراوە تا دەگاتە كەركوك و خانەقین، ئەمە بەڕوونی وئاشكرای دیارە، پێویست ناكات خۆیان لەڕاستییەكان لابدەن".
تەنها شەش لایەنەكە نیە كە ئاماژە بە ساختەكاری دەكەن و پێیان وایە دەستكاری دەنگەكانیان كراوە، بەڵكو پێكهاتەكانیش ئاماژە بە ساختەكاری دەكەن، ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرەی توركمانی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە و داوا لە كۆمسیۆن دەكات دەنگەكان بە دەست ئەژمار بكاتەوە، وتیشی" بەداخەوە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان وەك پێویست بەكارنەهێنرا، پرۆسەی دەنگدانەكەش رووبەڕووی ساختەكاری بەرنامەدار بووەوە". دەشڵێت: بەرەی توركمانی رایگەیاند، رێژەی ساختەكارییەكان لە هەژمارنەكردنی دەنگەكانیان زۆرە و لە هەندێك بنكە لە كۆی 30 دەنگ تەنها 4 دەنگیان بۆ هەژماركراوە و، ئەوە راست نییە خەڵك دەنگی بەو حیزبانە دابێت كە چوار ساڵە لە دەسەڵات دەیانچەوسێننەوە.
ئەنجامی هەموو ئەو لێدوان و ناڕەزایانە ئەوەیە كە ساختەكاری لە هەرێمی كوردستان كراوەو ساختەكاریەكەش تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە بە ناوچە جێناكۆكەكانیشەوە، بەڵام فشارەكان زیاتر لەسەر یەكێتیە، ئەویش بەهۆی ئەوەی گۆڕانكاری لە دەنگی لیستەكاندا زۆر لە ئساتێكی بەرزدا بووە، بۆ نمونە گۆڕان چاوەڕوان 7 كورسی بووە لە سلێمانی 4 كورسی بەدەستهێناوەو هاوپەیمانی بە نیازی 4 كورسی بووە 1 كورسی بەدەستهێناوە، لەسەروی ئەوانیشەوە لە هەڵبژاردنی 1992 تا ئێستا لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا پارتی لە دەڤەری سلێمانی نزیكەی 90 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بەڵام لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا ( 46567 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆیە ئەمە بۆ پارتی زۆر سەختە چونكە ئەم ئەنجامە پارتی كردۆتە كەمینەیەكی بچوك لە سلێمانی كە بۆ پارتی لەكەداركردنی خەباتی پارتیە.