Draw Media

نێچیرڤان بارزانی دەچێتە كۆشكی سەلام ؟

نێچیرڤان بارزانی دەچێتە كۆشكی سەلام ؟

2021-04-25 14:48:46


 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت 
كۆنگرەی 14ی پارتی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، نێچیرڤان بارزانیان خستووەتە بەردەم دوو بژاردە، مانەوە لە هەولێر یاخود رۆیشتن بۆ كۆشكی سەلام لە بەغداد، ئەگەر نێچیرڤان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، چی روو دەدات؟ یەكێتی و پارتی پۆستەكانی هەرێم و بەغداد چۆن دابەش دەكەنەوە؟ 

لە هەولێرەوە بۆ بەغداد  
ماوەیەكە سەرقاڵی ئەوەیە خۆی فێری زمانی عەرەبی بكات، زوو زوو دەچێتە بەغداد، كار گەیشتە ئەوەی چەند رۆژی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقییە"، رەحمەتی بۆ رۆحی سەددام حسێن نارد، ئەمە دۆخی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق. 
سەرۆك ئەم رۆژانە نەك تەنیا لەڕووی سیاسییەوە، تەنانەت لە روخساریشدا جێگیرو سەقامگیر دەرناكەوێت، رۆژێك بە ریش‌و رۆژی دواتر بێ ریش دەردەكەوێت.
10ی تەموزی 2019، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆیی بنەماڵەی بارزانیدا، كۆتایی بە ماوەی 17 ساڵ حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هێنرا، سەردەمێك كە دۆستەكانی نێچیرڤان بارزانی ناویان لێنابوو سەردەمی "دەوڵەتمەدار"، ئیتر لەوكاتەوە سەردەمی مەسرور بارزانی دەستیپێكردووە كە دۆستەكانی ناویان لێناوە "براگەورە". 
ئەمە ئاڵوگۆڕێكی ناوخۆیی بنەماڵە بوو، كە تێیدا مەسعود بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵگرت بۆ نێچیرڤان بارزانی برازای‌و نێچیرڤان بارزانیش دەستی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای هەڵگرت. 
نزیكەی دوو ساڵە نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەدەستەوەیە، بەڵام هێشتا بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكات‌و نایەوێت مەسعود بارزانی مامی زویر بكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئێستا پارتییەكان هێندەی دەستەواژەی "سەرۆك" بۆ مەسعود بارزانی بەكاردەهێنن، هێندە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆك ناناسێنن. 
پۆستی سەرۆك لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بەپێچەوانەی مەسعود بارزانی مامییەوە، بەتەواوەتی بووە بە پۆستێكی تەشریفاتی، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی یاسا سەرۆك دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردن و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە‌و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، پەیوەندییەكانی دەرەوەش هەر لای سەرۆكایەتییە. 
بەم دۆخەوە، ماوەیەكە كەسە نزیكەكانی قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكەن، نێچیرڤان بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم ببێت‌و لەبری ئەوە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، ئەگەر پۆستەكان هەر تەشریفاتی بن، رەنگە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق باشتر بێت لە پۆستی سەرۆكی هەرێم. 

نێچیرڤان دەچێتە بەغدا ؟
رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، سەدرییەكان چاویان لەوەیە ئەمجارە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن، پارتیش دەیەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەرگرێتەوە‌و گۆڕانكاری لە هاوكێشەی دابەشكردنی پۆستەكانی عێراقدا بكات لەگەڵ یەكێتی. 
دانانی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانییەكانی پارتییە، بەرهەم ساڵح چاوی لەوەیە بۆ خولی دووەمیش پۆستەكە وەربگرێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لە "مێرگەپان" هاوسەرۆكەكانی یەكێتی پێیانوتووە "بەدیلی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هەر بەرهەم ساڵح خۆیەتی"، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی هەیە لەناو یەكێتییە كۆن‌و نوێیەكاندا تەنیا لاهور شێخ جەنگی پاڵپشتی مانەوەی بەرهەم ساڵح دەكات، لەم كێشمەكێشەدا بەرهەم ساڵح هێندەی چاوی لە پاڵپشتی ئەمریكییەكان‌و رەزامەندی ئێرانە، هێندە چاوی لە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم نییە.
پارتی لەگەڵ رەوتی سەدردا چووەتە ناو هەندێك دانوستانەوە بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی پێكبهێنن، ئامانجی سەرەكی ئەم هاوپەیمانێتییە، یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراقە.
لەم كاتەدایە كە لەناو پارتییەوە قسەوباس دروستبووە سەبارەت بەوەی نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، نێچیرڤان بەفەرمی رەتیدەكاتەوە ئێستا بیری لەوەرگرتنی ئەو پۆستە كردبێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) دەیەوێت ئەم بابەتە بكەوێتە بەر دیدی رایگشتی‌و كاردانەوەكان ببینێت.
چەند رۆژی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "شەرقیە"، نێچیرڤان بارزانی لە بارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە وتی:" سەرۆك كۆماری عێراق شتێكی كەم نییە، شەرەفێكی گەورەیە، لە هەر پێگەیەك بتوانم خزمەتێك بۆ هەموو ئەم وڵاتە بكەم، ئامادەم".
دۆستەكانی دەڵێن ئەمە یەكەمجار نییە كە ناوی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەهێنرێت، ساڵی 2018 كاتێك كە ململانێی لەنێوان فوئاد حسێن‌و بەرهەم ساڵح هەبووە، ئەمریكییەكان پێشنیازیان كردووە لەنێوان هەردووكیاندا، نێچیرڤان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت. 
رۆشتن بۆ بەغداد، ئەو سودەی دەبێت كە نێچیرڤان بارزانی زیاتر بە دنیای دەرەوە بناسێنێت، نێچیرڤان بارزانی خۆشی حەزی لەم جۆرە پرۆتۆكۆڵانەیە، بەڵام دوركەوتنەوەی لە هەولێر، پێگەی لەناو پارتیدا بەتەواوەتی لاواز دەكات، بەغداد تەنانەت جەلال تاڵەبانیشی لەناو حزبەكەیدا لاواز كرد، ئەمە هۆكارەكەیە كە هەندێك لە پارتییەكان ناردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد، وەكو بەشێك لە ستراتیژیەكی كۆنگرەی چواردە بۆ لاوازكردنی پێگەی نێچیرڤان لەناو حزب لێكدەدەنەوە.  
لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003، هیچ یەكێك لە نەوەكانی مستەفا بارزانی پۆستی حكومییان لە بەغداد وەرنەگرتووە، باسلەوە دەكرێت، جارێك مەسعود بارزانی وتیویەتی:" ئەندامانی بنەماڵە نابێت هیچ كەسێكیان پۆست لە بەغداد وەربگرن، چونكە مستەفا بازرانی باوكم ئەم داوایەی لە نەوەكانی كردووە"، بەم دۆخەوە ئایا نێچیرڤان بارزانی دەچێت بۆ بەغداد ؟ 
هەرچەندە ئەمە سونەتێكی چەسپاو نییە‌و لە شەست‌و حەفتاكانی سەدەی رابردوودا كە مستەفا بارزانی خۆی لە ژیاندا بووە، هەریەكە لە (عوبەیدوڵڵا، لوقمان، سابیر) كوڕانی مستەفا بارزانی پۆستی وزاری‌و پەرلەمانیان لە بەغداد وەرگرتووە (دەوترێت مستەفا بارزانی حاشای لەم كوڕانەی كردووە).
ئەگەر نێچیرڤان بارزانی بڕیاری خۆی لەنێوان هەولێرو بەغداد بەئاڕاستەی بەغداد یەكلابكاتەوە، پاڵپشتی ئێران‌و ئەمریكاش بۆ وەرگرتنی پۆستەكە مسۆگەر دەكات، لەناو لایەنە عێراقییەكانیش مەقبوڵە، چونكە ئەو نەخراوەتە خانەی ریفراندۆمچییەكانەوە، ئەو رۆژەی خەڵك دەنگی بۆ سەربەخۆیدا، نێچیرڤان بارزانی وتی:" ریفراندۆم بەواتای جیابونەوە لە عێراق نایەت". 
لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی بەتەواوەتی ستافی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت ریشەكێش كرد، ئەمانە ئێستا بەشێكیان لە سەرۆكایەتی هەرێم دەوام دەكەن، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بووە بە شوێنی دۆستە ناڕازییەكانی نێچیرڤان بارزانی، لەحاڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماردا، دەبێت نێچیرڤان بارزانی ئەم لەشكرە لەگەڵ خۆیدا بگوازێتەوە بۆ كۆشكی سەلام‌و كاریان بۆ بدۆزێتەوە. 
بە رۆشتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد، رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان جارێكی تر گۆڕانكاری بەسەردادێت، لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی، دەبێت پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و پۆستێكی باڵای وزاری لە عێراق (وەزارەتی دەرەوە)‌و پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بدرێت بە یەكێتی.

نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی چوارەدا ؟
رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ پارتی كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی لە دهۆك گرێدەدات، ئەگەر بەبەهانەی كۆرۆناوە ئەمجارەش كۆنگرەكە دوانەخرێت، دەبێت دوای 30 رۆژی تر پارتی بچێتە ناو كۆنگرەوە، كۆنگرەیەك كە چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكاری گەورە لە پەیكەری دەسەڵاتی پارتیدا دروست بكات.
مەسعود بارزانی تەمەنی گەیشتوەتە 75 ساڵ، دەیەوێت بەر لە دوركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی بە هەر هۆكارێك، شێوازی دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەكەیدا بۆ دوای خۆی رێكبخاتەوە، رێكخستنەكەش بەپلەی یەكەم لەنێوان نێچیرڤان بارزانی برازای‌و مەسرور بارزانی كوڕیدا دەبێت.
مەسعود بارزانی بە مانەوەی لە پۆستی سەرۆكی پارتی یاخود وازهێنانی، دەبێت پێگەی كوڕو برازاكەی لەناو حزب یەكلابكاتەوە، ئەمە بابەتێكی هەستیارە لەناو هەموو بنەماڵەیەكی فەرمانڕەوادا، سیناریۆی بەهێز ئەوەیە بارزانی لەم كۆنگرەیەشدا لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی دەمێنێتەوە، بەڵام دوو جێگری بۆ پۆستی سەرۆك زیاد دەكات‌و هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی دەبن، بەجێگیركردنی ئەم سیناریۆیە، لەحاڵەتی دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانیدا، پارتی لەلایەن دوو جێگرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەمە جۆرێكە لە كۆپیكردنەوەی شێوازی هاوسەرۆكایەتییەكەی یەكێتی، بەڵام بە هەندێك دەستكارییەوە.

نێچیرڤان لە كوێوە بۆ كوێ ؟
نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی كوڕی مستەفا بارزانییە، ئەو بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەییەوە چەندینجار لە مەسعود بارزانی مامی زویر بووە‌و چوەتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی ئەندازیاری گەڕاندنەوەی نێچیرڤان بارزانی بووە بۆ ناو یەكەی حوكمڕانی بنەماڵەی بارزانی.
چەند كەسێك لە نزیكەكانی تاڵەبانی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، لەبارەی دۆستایەتی تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسلەوە دەكەن، ئەوكات تاڵەبانی باوەڕی وابووە نێچیرڤان بارزانی تاكە كەسە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا كە جیاواز بیردەكاتەوە‌و ئەوان (یەكێتی) دەتوانن سودی لێ ببینن بۆ لێدان لە دەسەڵاتی مەسعود بارزانی‌و هێنانەدی هەندێك كرانەوەی سیاسی لەناو بنەماڵەی بارزانیدا.
نێچیرڤان بارزانی لە چەندین دیداری رۆژنامەوانیدا باسی لە رۆڵی "مام جەلال" كردووە لەسەر گەشەی كەسایەتی ئەو، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئێستا پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ كوڕانی تاڵەبانیدا هەیە، ئەم دۆستایەتییە دەكرێت لەكاتی رۆشتنی نێچیرڤان بارزانیدا بۆ بەغداد، كاری خۆی لە دژی بەرهەم ساڵح بكات. 
ساڵی 1996 بۆ یەكەمینجار نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەوە حكومەتی پارتی بوو لەدوای رووداوەكانی (31)ی ئاب، رۆژ نوری شاوەیس سەرۆكایەتی حكومەتەكەی دەكرد، واتە نێچیرڤان بارزانی سەرەتای كاركردنی لەناو حكومەت بە سێ ساڵ كاركردن لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت دەستپێكرد.
ساڵی 1999 پارتی جارێكی تر حكومەتی لە زۆنی خۆی دروستكردەوە، ئەمجارە نێچیرڤان بارزانی كرا بە سەرۆكی حكومەتەكە، ساڵی 2005 یەكێتی‌و پارتی رێككەوتن لەسەر كۆتایهێنان بە دوو ئیدارەیی‌و بڕیاریاندا حكومەتەكانیان یەكبخەن، لێرەوە نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكی حكومەتی پارتییەوە بوو بە سەرۆكی حكومەتی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان‌و حوكمدارێتییەكەی بەردەوام بوو تاوەكو مانگی تەموزی 2019، واتە بەشێوەیەكی گشتی لە ساڵی 1999 وە بۆ 2019 سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵ كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی حكومەتی كردووە لەنێوان (2010 بۆ 2012).

لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتدا، نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی گەورەی ئابوری بەدەستەوە بووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە كارەكتەری ژمارە (یەك)ی هەرێمی كوردستان نەبووە، هەمیشە سێبەری مەسعود بارزانی مامی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستانی باڵی بەسەردا كێشاوە، ئەمە جگە لە دامەزراوەی پەرلەمان كە لە ساڵی 2009و دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەكو ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز، كاریگەری لەسەر پێگەی نێچیرڤان بارزانی جێهێشت. 
ئەوەی لەماوەی دورودرێژەی سەرۆكایەتی حكومەتدا پێی نەگەیشت، لە كۆتایی دەسەڵاتەكەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت پێی گەیشت، نێچیرڤان بارزانی لەدوای ریفراندۆم‌و روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەر، بوو بە كارەكتەری ژمارە (یەك) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ریفراندۆمەوە، لە رۆژی (16)ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە عێراق رێژەی 51%ی خاكەكەی لەدەستدا، ئەمە‌و فشارە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان مەسعود بارزانیان ناچاركرد دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بكێشێتەوە،  بارزانی لە 29ی ئۆكتۆبەری 2017 دەستی لەكاركێشایەوە‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەپێی یاسایەك لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و دەسەڵاتی دادوەریدا دابەشكرا (زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم درا بە سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانی).
لێرە بەدواوە نێچیرڤان بارزانی سەرباری ئەوەی بەپێی یاسا بووە بە خاوەنی زۆرترین دەسەڵات، لەڕووی سیاسیشەوە پێگەی بەهێز تر بوو، دیپلۆماتكاران كە بەهۆی ریفراندۆمەوە لە مەسعود بارزانی نیگەران بوون، پەیتا پەیتا سەردانی‌و دیداریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەكرد، تا ئەو رادەیەی نێچیرڤان بارزانی خۆشی هەستی بەمەترسی توڕەبوونی مەسعود بارزانی مامی دەكرد‌و هەواڵی ئەو دیدارە سیاسییانەی ئەوكاتەی لە كەناڵەكەیەوە (رووداو) بڵاونەدەكردەوە.
لەو ساڵەدا نێچیرڤان بارزانی گەیشتە لوتكە، تەنانەت  بەرپرسانی مەكتەبی سیاسی پارتیش وەكو "ئەندازیاری هەستانەوەی هەرێم لەدوای ریفراندۆم" وەسفیان دەكرد‌و وەكو "دیپلۆماتكارێكی گەورە" ناویان دەبرد.
بەڵام ئەم سەركەوتنە زۆری نەخایاند، مەسعود بارزانی جارێكی تر گەڕایەوە بۆ ناو گۆڕەپانەكە، ئەمجارە لەگەڵ خۆیدا مەسرور بارزانی كوڕی هێنایە ناو كایەی سیاسی‌و لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا داینا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand