Draw Media

جووتسایدەكەی كەلار- سلێمانی.. پرۆژەی سەردەمی قەیران 

جووتسایدەكەی كەلار- سلێمانی.. پرۆژەی سەردەمی قەیران 

2021-04-24 16:26:41


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
جووتسایدی كەلار- سلێمانی.. پرۆژەیەك كە لەسەردەمی قەیرانی دارایدا لەدایكبووە‌و بەناو قەیرانی دوو كابینەی حكومەتدا گوزەری كردووە، دوای چوار ساڵ لە دەستپێكردنی، ئەم شەقامە هێشتا نەگەیشتوەتە دەربەندیخان، كۆمپانیای جێبەجێكار ئێستا رێژەی 80%ی كارەكانی راگرتووە‌و هەڕەشەی ئەوە دەكات لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە بەتەواوەتی كارەكانی رابگرێت، بەڵام وەزیری ئاوەدانكردنەوە رەتیدەكاتەوە كاركردن راگیرابێت‌و دەڵێ" لەئایندەیەكی نزیكدا پارە بۆ پرۆژەكە تەرخان دەكرێت"، ئەمە پرۆژەیەكی تەواونەكراوی كابینەی حەوتەمەو ئێستا  دانا عەبدولكەریم لە كابینەی نۆیەمدا دەیەوێت تەواوی بكات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

لەبارەی پرۆژەكەوە
رێگای جووتسایدی كەلار- سلێمانی یەكێك لەو پرۆژانەی كابینەی حەوتەمەو لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راوەستا‌و رادەستی كابینەی نۆیەم كرا. 

ئەم پرۆژەیە لە 2013/5/27 لە كابینەی حەوتەم و لەلایەن  كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەی ئەوكاتەوە بەردی بناغەكەی دانرا.
19ی كانونی یەكەمی 2017 دووبارە دەست بەكاركردن كرایەوە تیایدا، ماوەی نزیكەی چوار ساڵە بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە جێبەجێكردنی تەواوەتی بكەوێتە كابینەی داهاتووی حكومەتەوە. 
لە كابینەی هەشتەم كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردن بوو، ئەو لە مانگی نیسانی 2019 لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركیا، كۆتایهاتنی قەیرانی دارایی‌و دەستپێكردنەوەی پرۆژە راوەستاوەكانی راگەیاند.
ئەوكات دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وتی:" رێگای كەلار- سلێمانی قۆناغی یەكەم‌و دووەمی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێكی كارگێڕییەوە كاركردن لە قۆناغەكانی تری پرۆژەكەدا راوەستاوە‌و هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكە دەدەن".
مانگێك دواتر‌و بەدیاریكراوی لە رۆژی 29ی ئایار 2019دا، كۆچكردوو (سەلاح كوێخا) سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری وەفدێكی حكومی سەردانی پردی (دەرەدوێن)ی كرد‌و دەستپێكردنەوەی كارەكانی پرۆژەی جووسایدی كەلار- سلێمانی راگەیاند.
ئەم پرۆژەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕی (137 ملیارو 262 ملیۆن) دیناری لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ تەرخانكراوەو ئەم پارەیە بەشێوەی سولفە دەدرێت بە كۆمپانیای جێبەجێكارو نیوەی پارەی پرۆژەكە بەشێوەی سولفە لە حكومەت وەرگیراوە، بەگشتی پرۆژەكە دابەش دەبێت بەسەر سێ بەشدا:
•    بەشی یەكەم: رێگەی جوتسایدی كەلار- باوەنور، ئەم بەشەی پرۆژەكە ماوەی سێ ساڵە تەواو بووە‌و كۆمپانیای جێبەجێكار رادەستی حكومەتی كردوەتەوە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن تائێستا حكومەت سولفەی كۆتایی ئەم بەشەی پرۆژەكەی نەداوە.
•    بەشی دووەم: دروستكردنی جووتسایدی باوەنور- دەربەندیخان، درێژی ئەم بەشەی پرۆژەكە 42 كیلۆمەترە، ئەمە ئەو بەشەی پرۆژەكەیە كە ئێستا كێشەی تێدایە، كۆمپانیای (بێشكان) ئەم بەشە جێبەجێ دەكات‌و ئێستا رێژەی 53%ی تەواو بووە. 
•    بەشی سێیەم: دروستكردنی جووتسایدی دەربەندیخان- سلێمانی، ئەم بەشەی پرۆژەی جووتسایدی كەلار- سلێمانی رەنگە لەم كابینەیەدا نەتوانرێت جێبەجێ بكرێت، چونكە پرۆژەكە پێویستی بە دروستكردنی دوو تونێلی نوێ هەیە لە دەربەندیخان، بەوپێیەی ئەو تونێلەی ئێستا هەیە، لاواز بووە‌و لەحاڵەتی دروستكردنی جووتسایددا، دەبێت دوو تونێلی نوێ لێبدرێت، ئەم بەشەی پرۆژەكە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەكابینەی پێشوودا دراوە بە كۆمپانیایەكی ئێرانی، كۆمپانیاكە كشاوەتەوە، دەنگۆ هەیە بڕێكی زۆری پارەی تەرخانكراویی ئەم بەشەی پرۆژەكە دیارنەمابێت، بەڵام تائێستا (درەو) سەرەداوەكانی دەستنەكەوتووە، بەشی سێیەمی پرۆژەكە لە دەربەندیخان تاوەكو ناحیەی وارماوا (زەڕایەن) جووتساید نەكراوە، بەڵام لە وارماواوە بۆ سلێمانی جووتسایدە. 
بەگشتی پانی هەر شەقامێكی پرۆژەی جووتسایدی كەلار- دەربەندیخان (8 مەترو نیو)ە، پرۆژەكە زیاتر لە (33) پردی جۆراوجۆرو (5) ئەندەرپاس‌و ئۆڤەرپاس لەخۆدەگرێت.

كاركردن لە پرۆژەكە رادەگیرێت ؟
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، رۆژی 7ی تەموزی 2019 دەستبەكاربوو، لەم كابینەیەدا دانا عەبدولكەریم لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی وەرگرت، یەكێك لە بەڵێنەكانی ئەم وەزیرە جگە لە جێبەجێكردنی هێڵی شەمەندەفەر، تەواوكردنی پرۆژەی رێگای دووسایدی نێوان شارەكان بوو، ئەمە هەمان بەڵێن‌و قسەكانی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بوو لە كابینەی هەشتەمدا، بەڵام دوای چوار ساڵ هێشتا رێگای كەلار- سلێمانی تەواونەبووە.
ئەندازیار كەمال محەمەد ئەندازیاری پرۆ    ژەی جووتسایدی كەلار- سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی حكومەت سولفەی كاركردنمان بۆ خەرج ناكات، ئێستا رێژەی 80%ی كاركرندمان لە پرۆژەكە راگرتووە‌و ئەگەر تاكۆتایی ئەم مانگە پارەكەمان بۆ خەرج نەكرێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەتەواوەتی كاركردن رادەگرین. 
ئەندازیاری پرۆژەكە دەڵێ:" ساڵی رابردوو حكومەت لە مانگی 11دا پارەی بۆ خەرجكردوین، كە وەرزی زستان‌و بارانبارین بووە‌و وەرزی كاركردن نەماوە، ئەمساڵیش لەمانگی یەكەوە شایستە بووین بۆ ئەوەی سولفەی كاركردنیان پێبدرێت‌و پێنج نوسراومان كردووە، بەڵام حكومەت تائێستا پارەی بۆ خەرج نەكردووین".
ئێستا ئیتر وەرزی كاركردنە‌و كەشوهەوا لەبارە، بڕی ئەو پارەیەی كە كۆمپانیای (بێشكان) داوای دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی كار لە پرۆژەكەدا (15 ملیار) دینارە، دەیەوێت بەم بڕە پارەیە رێژەی تەواوبوونی پرۆژەی جوتسایدی كەلار- سلێمانی بگەیەنێتە 55%، بەڵام بەگشتی بۆ هەموو ساڵەكە، كۆمپانیای جێبەجێكار داوای بڕی (70 ملیار) دینار لە حكومەت دەكات.
ئەندازیاری پرۆژەكە ئاماژە بەوەدەكات:" ئەگەر حكومەت پارەیان بۆ خەرج بكات، دەتوانن لەماوەی ساڵێك بۆ ساڵ‌و نیوێكی داهاتوودا پرۆژەكە بەتەواوەتی جێبەجێ بكەن". 
پەرلەمان كوردستان ئاگاداری كێشەی ئەم بەشەی پرۆژەی جووتسایدی كەلار- دەربەندیخانە، لیژنەیەكی بۆ چاودێركردنی پرۆژەكە دورستكردووە، بڕیارە بەمزوانە لیژنەكە سەردانی شوێنی پرۆژەكە بكات بەمەبەستی ئاگاداربوون لە هۆكاری راگرتنی كاركردن.
ساڵی رابردوو، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان رەزامەندی خەرجكردنی (20 ملیار) دیناری بۆ كۆمپانیای (بێشكان) وەرگرت، ئەمە ئەو بڕە پارەیەیە كە كۆمپانیاكە دەڵێ لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو وەریگرتووە.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە شانازی بە بەگەڕخستنەوەی پرۆژەی جوتسایدی كەلار- سلێمانییەوە دەكات‌و بەردەوام لەراگەیەندراوەكانیدا وەكو پرۆژەیەكی ستراتیژی ئەم كابینەیە ناوی دەبات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە، بەهۆی ناجێگیری دۆخی دارایی‌و نەبوونی یاسای بودجەوە، ناتوانێت پارەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە تەرخان بكات.
كۆمپانیای جێبەجێكار دەڵێ:" ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەبواری جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا نییە، تاكە كێشەمان نەبوونی پارەیە، چونكە ئەگەر مانگانە بەبێ راوەستان كاربكەین، پێویستمان بە 7 بۆ 8 ملیار دینار هەیە".

وەزیری ئاوەدانكردنەوە چی دەڵێ ؟
دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردن لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، رەتیكردەوە كاركردن لە پرۆژەی جووتسایدی كەلار- دەربەندیخان راوەستابێت، وەزیر وتی:" كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ ئێمەدا هەیە، لای ئێمە نەیوتووە كاركردن رادەگرم، داوای سولفەیان كردووە، نوسراومان كردووە‌و ئیشاڵڵا ناهێڵێن پرۆژەكە رابوەستێت‌و لە ئایندەیەكی نزیكدا پارەی بۆ تەرخان دەكرێت".
فەرمانگەی رێگەوبانی گەرمیان سەرپەرەشتی پرۆژەكە دەكات، عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری ئەم فەرمانگەیە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، كۆمپانیای جێبەجێكار لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە تاوەكو ئێستا كاردەكات، بۆ ئەمساڵ حكومەت تائێستا بڕیاری لەسەر كردنەوەی تەمویلی پرۆژەكان نەداوەو ئەوان هیچ رێنماییەك لەلایەن حكومەتەوە پێنەگەیشتووە. 
بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان دەڵێ پرۆژەی جووتسایدی كەلار- سلێمانی هەر لەسەرەتاوەی كە بڕیاری لێدرا لە ساڵی 2017دا، بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ هیچ بڕە پارەیەكی بۆ تەرخان نەكرا، ساڵی رابردووش كە بڕیاردراوە دەست بە پرۆژەكە بكرێتەوە، ماوەی نزیكەی هەشت مانگ حكومەت هیچ سولفەیەكی بۆ پرۆژەكە دابین نەكردووە، بۆیە تاكە كێشەی پرۆژەكە ئەوەیە پارەی وەكو پێویست بۆ خەرج ناكرێت.

رووداوەكانی هاتوچۆ
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، ساڵی رابردوو كە كۆرۆنا بڵاوبوتەوە‌و ماوەیەك كەرەنتینە‌و قەدەغەی هاتوچۆ هەبووە، (324) رووداوی هاتوچۆ لە سنوری گەرمیان رویداوە، لەم روداوانەدا (36) كەس گیانیان لەدەستداوە‌و (400) كەسی تر برینداربوون. 
خراپی رێگاوبانەكانی سنوری گەرمیان یەكێكن لە هۆكارەكانی لە پشت روداوەكانی هاتوچۆوە، پرۆژەی جووتسایدكردنی كەلار- كفری تەواو بووە، بەڵام جووتسایدی كەلار- دەربەندیخان دوای چوار ساڵ لە دەستپێكردنی، هێشتا بەدەست گرفتی بێ پارەییەوە دەناڵێنێت. 

لەبارەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كە جێبەجێكردنی پرۆژەی جوتسایدی كەلار- سلێمانی كەوتوەتە سەرشان، وەزارەتێكە كە لە یەكگرتنی هەردوو وەزارەتی (ئاوەدانكردنەوە‌و گەشەپێدان)‌و وەزارەتی (ئەشغال‌و نیشتەجێكردن) پێكهاتووە، ئەم دوو وەزارەتە لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمدا هەبوون.
لەدوای كشانەوەی رژێمی بەعس لە كوردستان، ئەم وەزارەتانە كەوتن بەسەر ژمارەیەكی زۆر گوندی وێران‌و شاری بێ خزمەتدا، كە بەهۆی پرۆسە سەربازییەكانی بەعسەوە وێران بووبوون، دواتر‌و لە سەرەتای قۆناغەكەدا شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەڵگیرسا، قەبارەی زیانەكان گەورەتر بوون. 
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە ساڵانی 1992 بۆ 1998 نەیتوانی پرۆژەكانی جێبەجێ بكات، تاكە كارێك كە لەم قۆناغەدا كردویەتی ئەوە بووە رێكخراوە بیانییەكان هانداوە بۆ ئەوەی بێنە كوردستان‌و لە گوندو شارەكان پرۆژەكان ئەنجام بدەن.
لە سالانی 1998 واتە كۆتایهاتنی شەڕی ناوخۆ بۆ 2003 واتە روخانی بەعس، ئەم وەزارەتە بەسودوەرگرتن لە بڕیاری (986)ی نەتەوە یەكگرتووەكان واتە بڕیاری "نەوت بەرامبەر بەخۆراك" هەندێك پرۆژەی جێبەجێ كردووە.
ساڵی 2005 بۆ 2013 واتە قۆناغی دوای روخانی رژێمی بەعس، بڕێكی زۆری پارە رژایە كوردستان، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی ژمارەی پرۆژەكانی زیادكرد، بەڵام ناشەفافیەت‌و بەهەدەردان باڵی بەسەر ئەو پرۆژانەدا كێشاوە كە لەم ماوەیەدا جێبەجێ كراون.
ساڵی 2014 بۆ 2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەرووی قەیرانێكی دارایی سەخت بووەوە، پرۆژەكان راوەستان.
2019 بۆ ئێستا كە كابینەی نۆیەم دەستبەكاربووە، حكومەت جارێكی تر روبەڕووی قەیرانی دارایی بووەو ئێستا پرۆژەكان وەكو پێویست پارەیان بۆ تەرخان ناكرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand