Draw Media

گەندەڵی لە كەرتی  وەبەرهێنانی عێراقدا  

گەندەڵی لە كەرتی  وەبەرهێنانی عێراقدا  

2021-04-24 08:32:16


درەو:
لەكۆی 2322 پرۆژە كە دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق مۆڵەتی پێداوە لە چەند ساڵی رابردوودا تەنها 613 پرۆژە جێبەجێكراوە‌و نزیكەی 1000 پرۆژەیان پرۆژەی وەهمی بوون, ئەمە بەوتەی سوها داود نەجار سەرۆكی دەستەكە كە قسەی بۆ كەناڵی ( ئەلحوڕە) كردووە.
نەجار دەشڵێت 750 پرۆژەی تر هەیە كە جێبەجێكردنی ماوەیەكی دوورودرێژە پشتگوێ خراوە‌و رێژەیەكی كەمیان لێ جێبەجێكراوە.
بەوتەی نەجار حكومەتی عێراق مۆڵەتی زیاتر لە هەزار پرۆژەی هەڵوەشاندوەتەوە كە رێژەی جێبەجێكردنیان سفر بووە یان زۆر كەم بووە ئەوەش بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی وەزیران كە جەختدەكاتەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەو پرۆژانەی كەی سێ‌ ساڵ بەسەر وادەی جێبەجێكردنیاندا تێپەڕیوە‌و هێشتا جێبەجێ نەكراون یان رێژەیەكی كەمیان لێ جێبەجێكراوە.
بە باوەڕی نەجار ئەم رێوشوێنە نوێیانەی حكومەت دەیان ترلیۆن دینار ( دەیان ملیار دۆلار) بۆ دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە‌و هەروەها دەشبێتە هۆی ئەوەی هەزاران دۆنم زەوی بگەڕێنرێتەوە بۆ وەبەرهێنان.
بەوتەی نەجار بەهای ئەو پرۆژانەی كە تۆماركراون‌و جێبەجێ نەكراون دەگاتە نزیكەی 70 ملیار دۆلار‌و بەهای ئەو زەویانەی كە بەخشراون بەو پرۆژە وەهمیانە دەگاتە 60 ملیار  دۆلار.
نەجار كە ساڵی رابردوو دوای گۆڕانكارییەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە پۆستە حكومییەكاندا بووە بە سەرۆكی دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان  دەڵێت:" ژمارەكە دەگاتە دوو ئەوەندە, بەڵام نەمانویست توشی شۆكیان بكەین".
سەلیم محەمەد, سەرمایەدار‌و بزنسمانێكی عێراقە دەڵێت:" بەدەستهێنانی مۆڵەتێكی وەبەرهێنان قورسترین كارە بۆ وەبەرهێنەرەكان, هەتا زۆر لە جێبەجێكردنی پراكتیكی پرۆژەكە قورسترە".
ئەو بزنسمانە عێراقییە جەختدەكاتەوە كە هاوڕێ‌ وەبەرهێنەرەكانی ساڵی 2013 داوای 100 هەزار دۆلاریان لێكراوە لە بەرامبەر رەخساندنی هەلێك بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی وەبەرهێنان, هەتا بەبێ‌ ئەوەی دڵنیاش بكرێتەوە كە گرێبەستەكەی پێدەدرێت یان نا".
سەرۆكی دەستەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان جەختدەكاتەوە كە ئەو گرێبەستانەی جێبەجێ نەكراون لە رێگەی گەندەڵییەوە بەخشراون كە زۆر بەربڵاوە لە عێراقدا, چەندان كەس هەن كە هەموو كاروبارێكیان تەواووە بەڵام ناتوانن فۆرمی پێشكەشكردن بەدەستبهێنن، بەڵام كەسانی تر هەن بە دوو خولەك لە باشترین‌و زیندووترین شوێندا پارچە زەوی بەدەستدەهێنن.
بەوتەی نەجار وەبەرهێنەرە وەهمییەكان بە بەكارهێنانی مۆڵەتەكانی وەبەرهێنان قەرز لە بانكەكان وەردەگرن, یان بڕێك پارە لە خەڵك وەردەگرن‌و پاشان هەڵدێن یان شمەك دێننە وڵاتەوە‌و بازرگانی پێوەدەكەن, یان زەوی لە دەوڵەت وەردەگرن‌و بە پەنهانی پارچە پارچەی دەكەن‌و دەیفرۆشن, یان بەنهێنی مۆڵەتی وەبەرهێنان دەفرۆشن, یان دراوی بیانی دێنن‌و بازرگانی دەكەن بە مافی هێنانی.
سەرۆكی دەستەی نیشتمانی عێراق بۆ وەبەرهێنان راشیدەگەیەنێت كە رووبەڕووی گوشار بوەتەوەو ئاشكرایدەكات كە رووبەڕوی مەترسی ئەمنیی بوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand