خانەنشینان ..چاوەڕوانی سندوقی خانەنشینی و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازین
2021-04-23 10:17:47
راپۆرتی: درەو
نادادپەروەری لە مووچەی خانەنشینی بەردەوامەو جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی یاسای چاکسازیش لەوپەڕی سستیدایە، ئەگەر چی بڕیار بوو بەپێی یاساکە ئەو داهاتەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت ئەولەویەت بۆ چاککردنی مووچە نزمەکان بێت، وا دەرنەچوو.
لەگەڵ ئەوەشدا بڕە پارەی ڕاگیراوەكانی خانەنشینی كە دەبڕدرێت لە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، لەگەڵ تەمەنی حکومڕانی حکومەتی هەرێمدایە، بەڵام سندوقی خانەنشینی هەر دروست نەبوو، لە کاتێکدا لە عێراق لەسەر حسابی سندوقەکە وەبەرهێنان دەکرێت و حکومەت لە قەیران ڕزگار دەکات.
وێنە گشتییەکە
ئەگەر چی لە وڵاتانی دنیادا گەیشتن بە قۆناغی خانەنشینی گەیشتنە بە خۆشگوزەرانی و تاڕادەیەك ئارامی و سەقامگیری دارایی ئەو كەسانەی خزمەتی گشتیان كردووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پێچەوانەكەی ڕاستەو چینی خانەنشین لە هەرێمی كوردستان بەشی زۆریان لەگەڵ گەیشتن بەم قۆناغە توشی ئەوپەڕی نائومێدی دەبن. لەم ساتەوەختەدا خانەنشینانی هەرێمی كوردستان موچەی نزیک لە دوو ساڵیان لای حكومەتی هەرێمە، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك بە نایاسایی و كۆمەڵێكی دیكە بە نادادپەروەرانە هاوشان بە خانەنشینانی هەرێم بەناوی جیاجیاوە موچە وەردەگرن، ئەوە سەرەڕای جیاوازی گەورەی موچەكانیان كە لە 200 هەزارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن دینار.
بەشێكی زۆری ئەو جیاكاری و نادادیانەی لەنێوان خانەنشیناندا دروستبووە پێشتر بەم یاسایانەی لای خوارەوە كراون دەیان یاسای جیاواز لە هەرێمی كوردستاندا كاری پێكراوە و بەپێی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە (یاسای چاكسازی لە مووچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان - عێراق) بەشێكیان هەڵدەوەشێنەوە ئەو یاساینەش بریتین لە:
• یاسای خزمەتی شارستانی (ژمارە 24 ساڵی 1960)ی هەمواركراو.
• یاسای خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ژمارە 12 ساڵی 1999).
• یاسای خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان (ژمارە 13 ساڵی 1999).
• یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (36 ساڵی 2004).
• یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ( ژمارە 27 ساڵی 2006 ) عێراقی فیدراڵ هەمواركراو.
• یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە ( ژمارەی 33 ساڵی 2007).
• یاسای كەم ئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەر ( ژمارە 34 ساڵی 2007).
• یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ( ژمارە 38 ساڵی 2007 ).
• یاسای ڕاژەی زانكۆیی ( ژمارە 23 ساڵی 2008 )ی فیدراڵ.
• یاسای مووچەی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی ( ژمارە 27 ساڵی 2008) فیدراڵ.
• خانەنشینی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بەپێی یاسای پارێزگاكان (ژمارە 3 ساڵی 2009).
• یاسای مووچە و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی (ژمارە 13 ساڵی ٢٠١٠).
• یاسای ڕاژە و خانەنشینی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ( ژمارە 18 ساڵی 2011)
بەپێی ئامارەكان و سیستەمی بایۆمەتری جگە لە هێزەكانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و سودمەندانی دەرماڵەی زانكۆ و پەیمانگاكان(لە ئێستادا ڕاگیراوە) كە بایۆمەتریان بۆ نەكراوە (1) ملیۆن و (219) هەزار و (922) كەس لە سیستمەكەدا تۆمار كراون، بڕوانە چارتی ژمارە (1). لەو ژمارەیە (251 هەزارو 575) كەس بە ڕێژەی (22.4%) بەناوی خانەنشینی مووچە وەردەگرن كە پێكهاتوون لە خانەنشینانی (فەرمانبەرانی شارستانی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، كارمەندانی دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش، خانەنشیانی پێشمەرگە، كەم ئەندامی سەنگەر، پلە باڵاكان)
بڕی مووچەی یەك مانگیان زیاتر لە( ١٠٠ ملیار) دینارەو گومان لە دوو لەسەر سێی ژمارەی خانەنشینان دەكرێت. پسپۆڕانی ئابووری كوردستان ڕای دەگەیەنن، لیستی خانەنشینی لە كوردستان یەكێكە لەو فایلانەی گەندەڵی كە ناڕوونی زۆری تێدایە. خەڵكانێكی زۆر هەن كە بە پلەی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون، بەڵام تەنیا ڕۆژێكیش نە وەزیر بوون نە بەڕێوەبەری گشتی نە ڕاوێژكار. هەر بەپێی زانیارییەكان ئەو كەسانەی لە كوردستان بە پلەی وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پەرلەمانتار و ڕاوێژكار خانەنشین كراون، دەگەنە پێنج هەزار كەس.
چارتی ژمارە (1)
سندوقی خانەنشینی
بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ( ژمارە 27 ساڵی 2006 )ی هەمواركراو تێێدا هاتووە:
بەشی شەشەم تایبەت بە سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت ماددەی 18 بڕگەی دووەم "سندوقێك دادەمەزرێت بەناوی (سندوقی خانەنشینی فەرمانبەری دەوڵەت)" و لە بڕگەی سێیەمیشدا هاتووە "ئەم سندوقە بەڕێوەدەبرێت لەلایەن ئەنجومەنێكی كارگێڕی كە ئەندامان و پێكهاتەكان و كارەكانی و بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی و بوارەكانی وەبەهێنانی پارەو پوڵی، دیاری دەكرێت...." لە بڕگەی چوارەمدا هاتووە كە داهاتەكانی ئەم سندوقە پێكدێت لە:
أ. بڕە پارەی ڕاگیراوەكانی خانەنشینی كە دەبڕدرێت لە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت.
ب. بەشداریكردنی دەوڵەت بە ڕێژەیەك یەكسان بێت بە 12%ی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت.
ج. بڕە پارەكانی ڕاگیراوەكانی خانەنشینی كە فەرمانبەر دەیدات بەرامبەر بە ئەژماركردنی خزمەتە زیادەكانی بە مەبەستی خانەنشینی.
د. بڕە پارەكانی هاتوو لە وەبەرهێنانی پارەو پوڵی سندوقەكە.
ه. بڕە پارەكانی موچەكانی خانەنشینی خەرجكراو بەدەر لە حكومەكانی ئەم یاسایە، بۆ ئەوانەی ئیحالەی خانەنشینی كراوەو پاش 17/1/2006 و وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە گێڕانەوەی بڕە پارەكان بۆ سندوقەكە ساڵانە.
و. بەخشینەكان و هاوكارییەكان كە وەزارەتی دارایی پێشكەشی سندوقەكە دەكات.
ز. بەخشینەكان و دیارییەكان لە ناوەوەی عێراق و ئەگەر لەدەرەوەی عێراق بێت، پێویستە ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار وەربگیرێت.
پێنجەم: دانانی گشت لێبڕینەكانی خانەنشینی لە فەرمانبەران دەبڕدرێت، دەخرێتە ناو سندوقەكەوە...
شەشەم: بەخشینێكی ساڵانە كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خەرج دەكرێت بەناوی (بەخشینی هاوكاریكردنی سندوق)....
حەوتەم: لەم سندوقە گشت موچەكانی خانەنشینی و پاداشتەكانی كە شایستەدار دەبن پاش ڕێكەوتن و جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی كە حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی ئاماژە پێکردنە، حکومەتی عێراق خاوەنی ئەوە سندوقەیەو لە ئێستادا جگە لەوەی مافە داراییەکانی خانەنشینانی تێدا پارێزراوە، خاوەن سەرمایەیەکی گەورەیەو وەبەرهێنان بە داهاتیەکانیشییەوە دەکات، هاوکات پاڵپشتێکی گەورەی حکومەتی عێراقی کردووە لە قەیرانی داراییداو قەرزی بەخشیوە بە حکومەتی عێراق تا لە قەرزی دەرەکی بیپارێزێت.
بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە بۆ خانەنشیانان و موچەخۆران، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 15 ساڵ بەسەر ئەم یاسایەدا سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان دروست نەكراوەو یەك دیناریشی كۆنەكراوەتەوە ئەمە سەرەڕای ئەو لێبڕینانەی حكومەت بەناوی لێبڕینی خانەنشینییەوە 7% لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت، كاتێكیش حكومەت دەكەوێتە قەیرانی داراییەوە لەبەر ئەوەی هیچ داهاتێك لەو سندوقەدا كۆنەكرابوویەوە تەنها خانەنشینان خۆیان باجی قورسی ئەو دۆخەیان داوە.
لە ئێستاشدا بەپێی یاسای چاکسازی ژمارەی (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠، ماددەی (١) بڕگەی (سێیەم) هاتووە "کاراکردن و پشتیوانی کردنی دارایی سندوقی خانەنشینی، و ڕێگرتن لە هەر خەرجییەک لەسەر سندوقەکە جگە لەوە مەبەستانەی یاسای خانەنشینی کارپێکراو ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ لە هەرێمدا، ئاماژەیان پێکراوە.
هاوکات وەزارەتی دارایی ڕێنمایی ژمارە (٢٤)ی تایبەت بە سندوقی خانەنشینی دەرکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر پەسەندکردنی یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، هیچ جدییەتێک نابینرێت لەم بوارەدا کارەکان تا ئێستا مەرەکەبی سەر کاغەزن.
یاسای چاكسازی خانەنشینان بەردەوامی نادادپەروەری لە موچەدا
لە3ی كانوونی دووەمی ساڵی 2017 ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای چاكسازی لەخانەنشینیو مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەكان لە هەرێمی كوردستان گەیاندە پەرلەمانی كوردستان، پرۆژەیەكە لە 20 ماددە پێكهاتبوو بەسەر چەند سێكتەرێكدا دابەشبووبوو بەشی سەرەكی تایبەت بوو بەخانەنشینی گرنگترین و پڕ كێشەترین بڕگەش بریتی بوو لە ماددەی (3)ی یاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی ژمارە 4 ساڵی 2018 تایبەت بە مووچەی خانەنشینی خاوەن پلە باڵاكان كە ناڕەزایی بەرفراوانی خەڵكی لێكەوتەوەو بەو هۆیەشەوە پرۆژە یاساكە ڕاگیرا.
لەسەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و ئەم خوولەی ئێستای پەرلەمان جارێکی دیکە یاسای چاکسازی هێنرایەوە نێو پەرلەمان لە رۆژی ١٦ی ١ی ٢٠٢٠ پرۆژە یاساکەی پەسەندکرد بە ناوی یاسای ژمارەی (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ (یاسای چاکسازی لە موچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان) بەپێی بڕگەو مادەكانی یاسای چاكسازی دوای (90) رۆژ لە دەرچواندنی پەیڕەو، كە دەیکردە (1ی7ی ٢٠٢٠) یاساكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی یاسای چاكسازی، هەموو ئەو بوارانەی یاساكە دەستنیشانی كردووە، لە ١ی ٧ ەوە كاری لەسەر دەكرێت.
بەڵام لە گەڵ ئەوەی پرۆسەکە زۆر بەخاوی دەڕوات و جێبەجێکردنی بەشێک لە ماددەکانی خاڵی سفردایە، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا تیشکی بخەنەسەر ئەو هەڵایەبوو کە لەسەدەمی تێپەڕاندنی یاساکە بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد، دروستکردنی دادپەروەری بوو لە نێوان مووچە کەمەکان و مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان. لە بەشی هەشتەم (حوکمە گشتییەکان)ی یاساکە ماددەی (١٣ دووەم) هاتووە: "لەبەر ڕۆشنایی ئەو بڕە پارەیەی کە بە فیعلی لە خەرجییەکان دەگەڕێتەوە لە دەرەنجامی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، دەبێت ئەنجومەنی وەزیران ئەولەوییەت بدات بە پێداچوونەوە بە کەمترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێم بە ئاراستەی زیادکردن و ڕەچاوکردنی بژێوی و گوزەرانی ئەو کەسانەی کە کەمترین مووچەی خانەنشینی وەردەگرن".
چاودێران پێیان وایە ئەگەر یاساکە جێبەجێ بکرێت زیاتر کە ٦٠ ملیار دینار مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی، ئەگەر چی بەشێکی یاساکە جێبەجێکراوە، بەتایبەت کەمکردنەوەی مووچەی پلە باڵاکان، بەوتەی خۆی مووچەی بەشێک لە خەڵکانی ناشایستەیان ڕاگرتووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک مووچە نزمەکانی خانەنشینان وەک خۆی ماوەتەوەو بەشێکیان موچەکانیان لە خوار ٢٥٠ هەزار دینارەوەیە.