ئەو پیاوەی بە خوێنەكەی دوو ملیۆن و 400 هەزار منداڵی لە مردن رزگاركردووە
2018-05-17 20:51:54
وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ
پیاوێكی ئوسترالی تەمەن 81 ساڵ لە رێگەی خوێنبەخشینی هەفتانەوە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار منداڵی لە مردن رزگاركردووە.
ئەم پیاوە كە نازناوەی پیاوی " خاوەن باڵە ئاڵتونییەكەی " لێنراوە خوێنەكەی چەند تایبەتمەندییەكی ناوازە و دەگمەنی تێدایە و بەباشی زانیوە كە بڕێكی زۆری لێبەبەخشێت و بە تەنها بۆ خۆی نەبێت.
ئەو خوێنەی كە لە دەمارەكانی جیمس هاریسۆنەوە دێتەدەرەوە بە " نائاسایی" وەسفدەكرێت لەبەرئەوەی بە شێوەیەكی سروشتی چەندین پێكهاتەی دژە تەنی دەگمەنی تێدایە و لە ژیانیدا بە شێوەی بەردەوام بەخشیوێتی و ژیانی نزیكەی 2 ملیۆن و 400 هەزار منداڵی شیرەخۆرەی لە مردن رزگاركردووە، بەڵام رۆژی هەینی 11ی ئایاری 2018 كۆتایی بەو پرۆسەیە هێنا.
بۆئەوەی لە چیرۆكی ئەم پیاوە باشتر تێبگەین پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1951 ، كاتێك هاریسۆن ئەو كاتە لە تەمەنی 14 ساڵیدا نەشتەرگەرییەكی وردی سییەكانی بۆدەكرێت.
هاریسۆن دەڵێت:" دوای چەند رۆژێك باوكم بۆی باسكردم كە 13 لیتر خوێنم وەرگرتووە و چەندین خەڵك كە نایاناسم ژیانیان رزگاركردووم، باوكیشم خۆی خوێنی دەبەخشی، منیش بڕیارمدا كە گەورە بووم خوێنم ببەخشم."
كاتێك هاریسۆن تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ دەستیكرد بە خوێن بەخشین، پزیشكەكان بەخێرایی بانگهێشتیانكرد، دوای ئەوەی ئاشكرایانكرد كە لە خوێنەكەیدا دژە تەنێكی دەگمەن هەیە و دەبێتەهۆی ئەوەی كە دەرمان و چارەسەرەكان پێشكەوتنی بەرچاو بەدیبهێنن و ژیانی چەندین ملیۆن كەس رزگاربكەن.
ئوسترالیا تا ساڵی 1967 هەموو ساڵێك بەدەست مردنی هەزاران منداڵەوە دەیناڵاند و بەهۆی زۆری حاڵەتەكانی لەبارچوونی منداڵان و بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو لەدایكبوانەی كە بەهۆی نەگونجانی جینی نێوان دایك و منداڵەكەوە بەدەست كێشەوە لە مێشكیاندا دەیان ناڵاند، بە گوێرەی رێكخراوی خاچی سوور ئەم حاڵەتانە كاتێك روودەدەن كە گروپی خوێنی دایك ناقس بێت و خوێنی كۆرپەكەش لە گروپی زائید بێت، لە حاڵەتە زۆر مەترسیدارەكانیشدا ئەوە دەبێتە هۆی مردنی منداڵەكە یان توشبوون بە نەخۆشی پوكانەوەی مێشك.
بەڵام بەهۆی بوونی ئەو دژە تەنەی لە خوێنی جەیمس هاریسۆندا بوو، پزیشكەكان توانیان دەرزیەكە بەناوی " ئەنتی – دی " پەرەپێبدەن كە یارمەتیدەر دەبێت لەوەستاندنی نەگونجانی خوێنی دایكەكە و خوێنی هاریسۆن ئەمڕۆ لە پیشەسازی دەرمانی تایبەت بەو ژنە سكپڕانە بەكاردەهێنێت كە خوێنەكانیان كاریگەریان بۆسەر كۆرپەلە دەبێت.
سەرچاوە: مۆنتی كارلۆ