هیومان رایتس ۆوچ: ئەم سزایانە ناوبانگی خراپی هەرێم خراپتر دەكات
2021-04-22 09:11:14
درەو:
رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی جیهانی (هیومان رایتس وۆچ)، راپۆرتێكی نوێ لەبارەی پرۆسەی دادگاییكردنی سزادراوانی بادینان بڵاودەكاتەوە و دەڵێت: دەبێت دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ڕەچاوی ئەو هەموو ناڕێكیە بكات كە لە پرۆسەكەدا هەبووەو سەپاندنی ئەم سزایانە تەنها ناوبانگی خراپی هەرێمی كوردستان خراپتر دەكات".
راپۆرتەكە ئاماژەی بە خراپی پرۆسەی دادگاییەكە كردووە، كە پرەنسیپەكانی دادگاییكردنێكی دادگەرانەی پشتگوێخستووە بەتایبەت كە گوایە پلانیان بۆ رێكخستنی خۆپیشاندان داڕشتووە ئەمە نزمترین ئاستی دادگاییكردن دەردەخات.
دەقی راپۆرتەكە
هەرێمی كوردستانی عێراق: دادگاییەكی پڕلە كەموكورتی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان
دەبێت دادگای پێداچوونەوە ڕەچاوی ئەو هەموو ناڕێكیە لە پرۆسەكەدا بكات
(بەیروت)— هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەكەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، دادگایەكی هەرێمی كوردستانی عێراق لە پرۆسەیەكی پڕ لە كەموكورتیدا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سێ ڕۆژنامەوان و دوو چالاكواندا سەپاند. بەرپرسان هێشتا دوو كەسی تریان لە زیندان ئازاد نەكردووە سەرەڕای بڕیاری دادگا لە نەبوونی بەڵگەی تەواو بۆ دادگایكردنیان. هیومان ڕایتس ۆوچ لەم كاتەدا تۆێژینەوەكەی لەسەر دادگایكردنەكان بڵاودەكاتەوە لەبەرئەوەی ئەگەری زۆر هەیە لە دەركردنی بڕیاری پێداچوونەوەی كەیسەكان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە.
پرۆسەی دادگایكردنی ئەم كەسانە لە دادگای تاوانەكانی هەولێر پێشێلكاری یاسایی و دەستتێوەردانی سیاسی زۆری تێدا بوو. دەبێت ئەو بەرپرسانەی لە بڕیاری پێداچوونەوەی كەیسەكان بڕیاریان هەیە ئەم پێشێلكارییانە ڕەچاو بكەن لە كاتی بڕیاردان لە پێداچوونەوەی كەیسەكان. بەرپرسانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك لە هەرێمی كوردستان هەستان بە دەستگیركردنی دوو پیاو لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ لەگەڵ دەستگیركردنی پێنچ كەسی تر لە مانگی تشرینی یەكەم بە بیانووی پلاندانان بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت. لە مانگی مایس تاوەكو تشرینی یەكەم، چالاكوانان و مامۆستایان لە ناوچەی دهۆك هەستان بە ئەنجامدانی چەند خۆپیشاندانێك بۆ داواكردنی موچەكانیان؛ كە لەلایەن بەرپرسانەوە دواخرابوو.
بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای جەنگ و قەیران لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "پرۆسەی دادگایكردنی پركەموكورتی لە هەرێمی كوردستانی عێراق شتێكی نوێ نیە. بەڵام، پشتگوێخستنی سەرەتایترین پرنسیپەكانی دادگایكردنێكی دادگەرانە بۆ سزادانی خەڵك بەهۆی ئەوەی گوایە پلانیان داڕشتووە بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان ئاست نزمییەكی نوێ و لەڕادەبەدەر دەردەخات."
پارێزەرێك كە ناسیاوی یەكێك لە دەستگیركراوەكانە لەگەڵ سەرچاوەیەكی تری سەربەخۆ كە لە پرۆسەی دادگایكردنەكاندا ئامادەبوون چەند زانیاریەكیان لەسەر پرۆسەكە باسكرد كە جێگەی نیگەرانی بوو. ئەو ڕۆژنامەنوسانەی سزادران پێكهاتبوون لە ئەیاز كەرەم بروشكی، گۆهدار محەمەد زێباری، لەگەڵ شیروان ئەمین شیروانی. دووانەكەی تر، شڤان سەعید عومەر بروشكی و هەرویان عیسا ئەحمەد كە دوو چالاكوانن بەردەوام ڕەخنە لە كارەكانی حكومەت دەگرن و داوای چاكسازی دەكەن.
هەر پێنچ كەسەكە لە دادگایكردنێكی هاوبەشدا سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا بەپێی ماددەكانی ٤٧ و ٤٨ و ٤٩ ی یاسای سزادانی عێراقی و ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ و ماددەی ١٥٦ی هەمواركراوی یاسای سزادانی عێراقی ؛ كە كاری بەئەنقەست بۆ دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامەزراوەكانی حكومەت بە تاوان دەكات. دەستگیركراوەكان داوایان بۆ پێداچوونەوەی بڕیارەكەی دادگای تاوانەكان پێشكەشكردووە.
هەروەها سێ سەرچاوەكە ووتیان كە حكومەت بەڵگەی پێویستی لە دژی دوو كەسی تر بەناوەكانی بەدەل بەرواری چالاكوان و ئومێد حاجی ڕۆژنامەنووس نەخستۆتەڕوو بۆ سزادانیان و كەیسەكانیانی گەڕاندۆتەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوە. بەڵام، بەرپرسان هێشتا ئازادیان نەكردوون لەكاتێكدا لە چاوەڕوانی داواكارانن بۆ پێشكەشكردنی بەڵگە لەدژیان.
سەرچاوەكان ووتیان شیروانی كە لە ٧ی تشرینی یەكەم دەستگیركرا بۆماوەی یەك هەفتە ڕێگەی هیچ جۆرە پەیوەندییەكی بە جیهانی دەرەوە پێنەدراوە لە زینداندا. ناسیاوێكی شڤان بروشكی ووتی لە پاش ئەوەی هێزە ئەمنیەكان دەستگیریان كردووە لە ماڵەكەیدا لە ٢٣ ی تشرینی یەكەم، خێزانەكەی بۆ ماوەی دوو مانگ هەوڵیان داوە سۆراخ و شوێنی دەستگیركردنی بزانن. لە كۆتایدا، ڕیگەی پێدراوە تەلەفۆن بۆ هاوسەرەكەی بكات و پێی بڵێ كە لەلایەن ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە هەولێر دەستبەسەرە. سێ سەرچاوەكە ووتیان كە هەر حەوت كەسەكە بۆماوەی چەندین مانگ لەكاتی زیندانیدا پارێزەریان نەبووە، بەوكاتانەشەوە كە لێكۆڵینەوەیان لەلایەن ئاسایشەوە لەگەڵ كراوە و لەبەردەم دادوەری لێكۆڵەر كەیسەكانیان بیستراوە.
لە مانگی مارس، لە پاش ئەوەی ڕێكخراوی كۆمیتەی پارێزگاریكردن لە ڕۆژنامەنوسان ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا نیگەرانی لەبەرامبەر كەیسی دادگایكردنی دوو لە پیاوەكان دەربڕی، دیندار زێباری ڕێكخەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داكۆكیكردنی نێودەوڵەتی لە ئیمەیڵێكدا لە ١٤ی مارس وەڵامی ڕاپۆرتەكەی دایەوە و وەڵامەكەی بۆ هیومان ڕایتس ۆوچیش نارد كە تێیدا گووتی، " ئەوان [شیروانی و زێباری] پارێزەریان هەبووە لەكاتی چاوەڕوانی دادگایكردندا."
بەڵام، سێ سەرچاوەكە ئەم بانگەشەیەی زێباریان ڕەتكردەوە و ووتیان كە بەرپرسان بۆ یەكەم جارو تەنها بۆماوەی چەند خولەكێك ڕیگەیان بە پاریزەرەكان داوە قسەیان لەگەڵ بكەن بەر لە دەستپێكردنی دانیشتنەكانی دادگا لە بەرواری ١٥ و ١٦ شوبات. هەروەها ووتیشیان كە دەستگیركراوان زۆر بەكەمی ڕێگەیان پێدراوە خێزان و كەس و كاریان ببینن و تەنها یەك جار ڕێگەیان پێدراوە كە كەس وكاریان ببینن بۆ ماوەی چەند خولەكێك لە سەرەتای دەستگیركردنیانەوە. ناسیاوێكی شڤان بروشكی ووتی كە باوكی ڕیگەی پێدراوە یەك جار بۆماوەی پێنج خولەك سەردانی بكات لە كانوونی دووەم بەڵام ئەفسەرانی ئاسایش لەناو ژوورەكەدا بوون لەكاتی سەردانەكەدا.
پارێزەرەكە ووتی خۆیی و چەند پارێزەرێكی تر كە بەرگریان لە كەیسی پیاوەكان كردووە هەوڵی وەرگرتنی فایلەكانیان داوە بەرلە دەستپێكردنی دادگایكردنەكان، بەڵام ئاسایش ڕەتی كردۆتەوە كە فایلەكانیان ڕادەستی پاریزەرەكان بكات سەرەڕایی نامەی دادگا لە پێدانی مۆڵەت بۆ وەرگرتنی فایلەكان لە ئاسایش. ئەو ووتی، تەنها حەوت ڕۆژ بەر لە دەستپێكردنی پرۆسەی دادگایكردنەكە، پارێزەرەكان ڕۆژی دەستپێكردنی دادگایكردنەكەیان پێگوترا. پارێزەرەكە ووتی، "پێمان گوترا كە دادوەر نەخۆشەو دەبێت چاوەڕوانی دواخستنی دادگایكردنەكە بكەین، بەڵام لە ناكاو ڕۆژی دادگایكردنەكە ڕاگەیەنراو هیچ كەسمان خۆمان ئامادە نەكردبوو." ناسیاوەكەی بروشكی ووتیشی،كە خێزانەكەی بروشكی نەیانتوانی ئامادەی دادگایكردنەكە بن لەبەرنەبوونی كاتی پێویست.
هەروەها ناسیاوەكەی بروشكی ووتی كاتێك ئەندامانی هێزەكانی ئاسایش بروشكییان دەستگیركرد، بەبەرچاوی خێزانەكەیی و منداڵەكانیەوە لێیاندا. پارێزەرەكە ووتی، لەكاتی دادگایكردنەكەدا، شێروانی نەیدەتوانی بەپێوە بووەستێ، دەردەكەوت بەهۆی برینداری جەستەییەوەیە. ئەو بە دادوەری ووت كە هێزەكانی ئاسایش هەڕەشەیان لێكردووە، هەروەها هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسیان بۆسەرهاوسەرەكەی و دایكی كردووە ئەگەر نوسراوی دانپێدانانەكە واژوو نەكات. ئەو ووتی، "دادوەر هیچ وەڵامێكی نەدایەوە تەنانەت كاتێك دەیبینی كە ناتوانێت بەپێوە بووەستێت."
پارێزەرەكە و سەرچاوە بێلایەنەكە ووتیان دادوەر و داواكاران بەردەوام و دووبارە باسی زانیارییان "لە سەرچاوەی نهێنیەوە" دەكرد كە گوایە دەستگیركراوان سیخوڕن، بەڵام هیچ لەم سەرچاوانە لە دادگادا ئامادەنەبوون. لەبەرئەوەی ئەم سەرچاوانە لەبەردەم دادگا ئامادەنەبوون، پارێزەرانی بەرگریكار چانسی ئەوەیان نەبوو كە پرسیاریان لێبكەن لێكۆڵینەوە لە ڕاستی ووتەكانیان بكەن. هەردوو سەرچاوەكە كە لە دادگایكردنەكەدا ئامادەبوون ووتیان كە ئەفسەرێكی ئاسایش كە بەشێك نەبوو لە تیمی داواكاران ناوە ناوە هەڵدەستاو دەستی بەرزدەكردەوە؛ پاشان دادوەر ڕێگەی پێدەدا كە بەڵگەی نوێ بخاتە ڕوو كە پارێزەرانی بەرگریكار پێشترو بەهیچ شیوەیەك ئەو بەڵگانەیان نەبینی بوو. دادوەر ڕێگەی بە پارێزەرانی بەرگریكار نەدەدا پرسیاری لێبكەن و لێكۆڵینەوە لە ڕاستی ووتەو بەڵگەكانی بكەن.
هەرسێ سەرچاوەكە نیگەرانیان دەربارەی پاشكۆیی تۆمەتەكان لەدژی بەرگریكاران دەربڕی. بۆ نموونە، ئەو دوو سەرچاوەیەی ئامادەی دادگایكردنەكە بوون ووتیان كە ئەندامەكەی ئاسایش ئاماژەی بە وێنەیەك دەكرد كە شێروانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پۆستی كردبوو لەگەڵ ژێرنووسێك كە دەڵێت گەشتی ئاسمانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان كە بۆماوەیەك هەڵپەسێردرابوو دەستی پێكردۆتەوە و ئەندامەكەی ئاسایش جەختی دەكردەوە كە ئەمە بەڵگەیە بۆئەوەی كە شێروانی سیخوڕ بووە.
هەرسێ سەرچاوەكە ووتیان كە زۆرینەی ئەو بەڵگانەی لەلایەن داواكاران و نوێنەرێكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان خرانەڕوو لەكاتی دادگایكردنەكەدا گریمانەبوون و لەسەربنەمای بەڵگەی ڕاستەقینە نەبوون و پارێزەرانی بەرگریكار ڕێگەیان پێنەدرا پێداچوونەوەیان بۆ بكەن.
لە ١٦ی نیسان، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نیگەرانی لەبارەی دادگایكردنەكانەوە دەربڕی. ئاسۆس هەردی كە ڕۆژنامەنوسێكی ناودار و چالاكوانێكی مافەكانی میدیاكارانە ووتی كە ئەو لەو باوەڕەدایە هەر حەوت كەسەكە دەستگیركراوون و دادگایكراون و بەندكراون تەنها لەبەرئەوەی هەوڵی خۆپیشاندانیان لەدژی حكومەتی هەرێم داوە:
"یاسایەك هەیە كە گرەنتی مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەدات، ئەگەر ئەو یاسایەیان پێشێلكردووە، دەبێت بەپێی ئەو یاسایە دادگایی بكرێن،" ئەو ووتی. "یان ئەگەر پێشێلی یاسای ڕۆژنامەوانیان كردووە وەك ڕۆژنامەنووس، دەبێت بەپێی ئەو یاسایە دادگایبكرێن. هیچ هۆكارێك نیە لەپشت ئەوەی كە ئەم كەسانە تاوانبار بكرێن بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمەكە بەهاوكاری لایەنی دەرەوە. داواكاران هیچ بەڵگەیەكی ڕاستەقینەیان بۆ ئەو تۆمەتە نەخستۆتەڕوو. لە كۆتایدا، ئەم دادگایكردنە ئەوە دەسەلمێنێ كە پارێزگاریكردن لە ئازادی ڕادەربڕین چەندە كەمبۆتەوەو هاتۆتە خوارەوە لە هەرێمی كوردستان."
هەروەها هەرسێ سەرچاوەكە نیگەرانیان لەسەر دەستتێوەردانی سیاسی خستەڕوو. زێباری لە ئیمەیڵەكەی مانگی مارسیدا ووتی كە دادگا سەربەخۆیە لە حكومەت و سیاسی نیە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك دەستتێوەردانی لە پرۆسەكەدا نەكردووە. بەڵام، هەفتەیەك بەرلە دادگایكردنەكە، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ووتی كە دەستگیركراوان "نە چالاكوانن و نە ڕۆژنامەنووسن." هەندێكیان سیخوڕ بوون و سیخوڕییان بۆ ووڵاتانی تر كردووە....هەندێكی تریان ئاژاوەگێڕبوون." هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ئەم ووتەیە بە ماوەیەكی كەم بەرلەدەستپێكردنی دادگایكردنەكان دەستتێوەردانێكی سیاسی نەشیاوە لە ئاستێكی باڵا لە كەیسەكان و پێشیلكارییە لە ئەگەری بێتاوانی بەرگریكاران.
پارێزەرەكە ووتی كە تیمەكەی چاوەڕوانی وەڵامی دادگای پێداچوونەوەن بۆ داواكەیان لە پێداچوونەوەی كەیسەكان. ئەو بەرپرسانەی حكومەت كە بڕیاریان هەیە لە داوای پێداچوونەوەی كەیسەكان دەبێت ڕەچاوی هەموو ئەو پێشیلكاریانە بكەن كە لە پرۆسەی دادگایكردنەكاندا كراوە لەكاتی بڕیاردان لەوەی كە داوای پێداچوونەوەكە پەسەند بكەن یان پشتگیری بڕیارەكەی دادگای تاوانەكان بكەن.
وویڵی ووتی، "سەپاندنی ئەم سزایانە تەنها ناوبانگی خراپی هەرێمی كوردستان خراپتر دەكات وەك ناوچەیەك كە تێیدا خەڵك ڕووبەڕووی دادگایكردنی نادادپەروەرانە دەبنەوە بەهۆی ڕەخنەگرتنیان لە سیاسەتەكانی حكومەت و دەربڕینی نیگەرانیەكانیان دەربارەی نوخبە سیاسیەكان."