Draw Media

پۆستێك كێشەی لەناو یەكگرتوودا دروستكردووە

پۆستێك كێشەی لەناو یەكگرتوودا دروستكردووە

2021-04-17 12:30:31


 
راپۆرت: درەو
بەهۆی ئەوەی قسەی شكێندراوە، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژاردنی (ئەنجومەنی شورا)ی حزبەكەی هەڵوەشاندوەتەوە‌و هەڕەشەی سزادانی "عومەر مەلائیكە" دەكات لە حزب كە سەرۆكی ئەنجومەنەكەیە، ئەمیندار دەیەوێت ئەو لاسەنگییە راستبكاتەوە كە لە كۆنگرەی هەشتەمی حزبدا لەپێگەی هەولێرییەكاندا دروستبووە، بەڵام بۆ راستكردنەوەی ئەم لاسەنگییە، پەنای بۆ رێگەی نادەستوریی بردووە، ئەمەش یەكگرتووی لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا دوچاری كێشەیەكی گەورەی ناوخۆیی كردوەتەوە. 

هەڵبژاردنی پێشوەختە‌و ناكۆكی ناوخۆیی
چەند مانگێگە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوچاری كێشەیەكی ناوخۆیی نوێ بوەتەوە، كێشەكە پەیوەندی بە دانانی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی حزبەوە هەیە. 
كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019‌و چەند رۆژێك دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی، یەكگرتووی ئیسلامی كۆنگرەی هەشتەمی خۆی گرێدا، ئەمە كۆنگرەی دوای ئەو شكستانە بوو كە یەكگرتووە لە هەڵبژاردنەكان دوچاری هات.
ئێستا یەكگرتوو كە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەكات‌و دەیەوێت لە دەرەوەی خۆی هاوپەیمان بدۆزێتەوە، لەناوخۆیدا لەناو كێشەیەكی قوڵدا دەژی كە لەدوای كۆنگرەی هەشتەمەوە سەریهەڵداوە. 

كێشەی ئەنجومەنی شورا
ئەنجومەنی شورای گشتی یەكێك لەو ئۆرگانانەیە كە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتووی ئیسلامی ئەنجومەنێكی راوێژكارییە‌و توانای بڕیاردانی نییە‌و تەنیا دەتوانێت راسپاردە بۆ ئەنجومەنی جێبەجێكردن‌و سەركردایەتی حزب بەرزبكاتەوە، ئەوانەی لەناو ئەم ئەنجومەنەدان، سەركردە دێرینەكانی حزب‌و بەرپرسانی حكومین كە پێشتر لەسەر پشكی یەكگرتوو پۆستیان وەرگرتووە. 
لەدوای كۆنگرەوە بۆ ماوەی ساڵێك ئەم ئەنجومەنە دروست نەكرا، بەگوێرەی نامەیەكی عومەر محەمەد ناوسراو بە "عومەر مەلائیكە" كە بۆ ئەندامانی یەكگرتووی نوسیوە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو "دروستكردنی ئەنجومەنی شورای بەپاساوی جیاجیا دواخستووە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێك لە ئەندامانی شورا بێزار ببن‌و بڕیاربدەن بەشداری ئەو ئەنجومەنە نەكەن‌و بایكۆتی بكەن".
دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی پاش كۆنگرە، لەبارەی ئەنجومەنی شورای گشتییەوە لەناو یەگكرتوودا دروستبووە، دواجار لە رۆژی 16ی تشرینی یەكەمی 2020دا بڕیاردراوە بەوشێوەیەی لە "لائیحە"ی حزبدا هاتووە، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شورا بكرێت.

"ئەمیندار خۆی هەواڵەكەی نوسی"
دوای مانگێك‌و 21 رۆژ لە بڕیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا، لە رۆژی 5ی كانونی دووەمی 2020 لە هەولێر هەڵبژاردن كرا، ئەمینداری یەكگرتوو لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و دەستەی باڵای چاودێری حزب سەرپەرەشتی هەڵبژاردنەكەیان كرد، دوو كەس كاندیدبوون بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كە بریتی بوون لە (فەرهاد مەلا ساڵح)‌و (عومەر محەمەد)، بەزۆرینەی دەنگ (عومەر محەمەد) وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی یەكگرتوو هەڵبژێردرا‌و بەفەرمی راگەیەندرا.
تەلەفزیۆنی (سپێدە) زمانحاڵی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوكات هەواڵەكەی بەمشێوەیە بڵاوكردەوە:" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5/12/2020 بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان‌و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری ئەنجومەنی شورای گشتی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەربارودۆخی هەرێم‌و ناوچەكە‌و كێشە‌و قەیرانە سەختەكانی هاوڵاتیان‌و هەڵوێستی نەگۆڕی یەكگرتوو لە پشتگیری‌و هاوخەباتی لەگەڵ شەقامی مەدەنی‌و ناڕازی‌و داكۆكی لە ماف‌و قوت‌و موچەی هاوڵاتیان. لەتەوەرەیەكی تردا دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی شورا هەڵبژێردراو وێڕای پیرۆزبایی لە بەرێزان (د. عومەر محەممەد، بەهزاد دەروێش، بەهائەدین عارف) ئاڕاستەكران بۆ بەرێوەبردنی ئەنجومەنی شورای گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان".
ئەم هەواڵە هێشتا لە سایتی تەلەفزیۆنی (سپێدە)دا ماوە‌و نەسڕاوەتەوە، بەپێی ئەوەی "عومەر مەلائیكە" لەنامەكەیدا باسی كردووە، ئەم هەواڵە خودی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین نوسیویەتییەوە‌و لە میدیای فەرمی یەكگرتوودا بڵاوبوەتەوە. 

ئەمیندار پەشیمان دەبێتەوە !
دوای (40) رۆژ لە هەڵبژاردنی (عومەر محەمەد) وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی شورای گشتی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو لە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا پاشگەز بوەتەوە، ئەمیندار وتویەتی" لەم هەڵبژاردنەدا قسەی من شكاوە"، لەمەشدا مەبەستی ئەوە بووە (فەرهاد مەلا ساڵح) كاندیدی ئەو بووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی شوراو دەرنەچووە.
فەرهاد مەلا ساڵح یەكێكە لە سەركردە هەولێرییەكانی ناو یەكگرتوو، بەر لە كۆنگرەی هەشتەمی حزب، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو بوو، واتە بەگوێرەی فەرهەنگە كۆنەكەی یەكگرتوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە (چونكە ئەنجومەنی جێبەجێكردن لەشوێنی مەكتەبی سیاسی كۆنی حزب دروستكراوە).
فەرهاد مەلاساڵح لە كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتوودا خۆی بۆ سەركردایەتی هەڵبژارد، بەڵام دەرنەچوو، كۆنگرەی هەشتەم ناڕەزایەتی هەولێرییەكانی ناو یەكگرتووی بەدوای خۆیدا هێنا، لەلای ئەمیندار سكاڵایان كرد لەبارەی ئەوەی كەمترین كەسیان بۆ سەركردایەتی سەركەتووە، ئەمیندار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو باڵانسە ناوچەییەی كە لە كۆنگرەدا تێكچوو بوو، بڕیاریدا، پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا بدات بە فەرهاد مەلاساڵح، ئەمەیە كە عومەر مەلائیكە دەڵێ" ئەمیندار بۆیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای رەتكردەوە، چونكە كاندیدی دڵخوازی خۆی دەرنەچوو". 

سەركردایەتی دژی ئەمیندار بڕیاریدا
لەناوخۆی حزبدا، تەكلیفی زۆر لە ئەمیندار كراوە، كێشە بۆ ئەنجومەنی شورا دروست نەكات، چونكە هەڵبژاردن كراوە‌و باش نییە‌و كێشە دروست دەبێت، بەڵام ئەمیندار سوربووە لەسەر بڕیارەكەی، داوای لە سەركردایەتی كردووە، ئەنجومەنی شورا رابگرن، سەركردایەتی وەكو بەرزترین دەسەڵاتی ناو یەكگرتووی ئیسلامی رۆژی رۆژی 16ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ كۆبوەتەوە بۆ تاوتوێكردنی داوای ئەمینداری حزب سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا، سەركردایەتی داواكەی سەلاحەدین محەمەد بەهادینی رەتكردەوە.

كۆبونەوەكەی مێرگەپان !
دوای بڕیارەكەی سەركردایەتی دژی ئەمیندار‌و هێشتنەوەی ئەنجوممەنی شورا وەكو خۆی، ئیتر عومەر مەلائیكە‌و ئەندامانی شورا پشتئەستور بوون، سەرباری ناڕەزایەتییەكانی ئەمیندار، بڕیاریاندا رۆژی 13ی ئازاری ئەمساڵ لە هاوینەهەواری "مێرگەپان" لە سلێمانی كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی شورا بەڕێوەبچێت، هۆڵی كۆبونەوەیان گرت، بەرنامەی كۆبونەوەیان دانا، وێنەیەكی بەرنامەی كاریان نارد بۆ ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو كە ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە ئەمینداری توڕەكرد، دژی كۆبونەوەكە راوەستا، نەیهێشت كۆبونەوە بكرێت، بەگوێرەی نامەكەی (عومەر محەمەد)، كاتێك ئەمینداری بەرنامەی كۆبونەوەكەی بینیوە وتویەتی:" من رازی نیم"، بەمشێوەیە یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای یەكگرتوو لەباربرا. 

"سەددام داكۆكی لەخۆی كرد" 
ئەوانەی ناڕازین لە بڕیاری ئەمیندار بۆ راگرتنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی شورا دەڵێن ئەمیندار "لائیحە"و پەیڕەوی ناوخۆی حزبی پێشێلكردووە، چونكە تەنیا سەركردایەتی بڕیاری راگرتن یان هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانێكی حزبی هەیە، سەركردایەتیش دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا بووە.
عومەر مەلائیكە كە خۆی بەبراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا دەزانێت، دوای رێگریكردن لە كۆبونەوەی شورا لەلایەن ئەمیندارەوە، پەنا بۆ دەستەی باڵای چاودێریی حزب دەبات، دەیەوێت بەگوێرەی ماددەی (23)ی پەیڕەوی ناوخۆ كە دەڵێ "ئەندام مافی سكاڵاكردن‌و داكۆكی كردنی لەخۆی هەیە" سكاڵا لەسەر كەسی یەكەمی حزبەكەی تۆمار بكات‌و تۆمەتباری بكات بەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی پێشێلكردووە، بەڵام بەوتەی خۆی، دەستەی باڵا سكاڵاكەی رەتكردوەتەوە، ئەمیندار وتویەتی" چۆن كەس دەتوانێت سكاڵا لەسەر من تۆمار بكات".
لەنامەكەیدا بۆ ئەندامانی یەكگرتوو، عومەر مەلائیكە نوسیویەتی:" بەندە سەرۆكی شەرعی‌و هەڵبژێردراوی شورای گشتی ئەو مافەیان لێ زەوتكردم داكۆكی لەخۆم بكەم، سەددامێك بەو موجریمیەی خۆی زیاتر لە چوار مانگ داكۆكی لەخۆی كرد".
 
"قسەم شكاوە"
سەرباری ئەوەی، سەركردیەتی بڕیاری ئەمینداری گشتی حزبی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا رەتكردوەتەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین سورە لەسەر ئەوەی ئەنجومەنەكە هەڵوەشێتەوە، رۆژی 8ی ئازاری ئەمساڵ، عومەر مەلائیكە چاوی بە سەلاحەدین محەمەد بەهادین دەكەوێت، لەم دیدارەدا ئەمیندار بە سەرۆكی ئەنجومەنی شورا دەڵێ:" چیت پێدەكرێت؟! سێ جاری تریش هەر دەیبەمەوە سەركردایەتی، چونكە قسەی من شكاوە".
بەوتەی خۆی، بەپێی ئەوەی لەنامەكەیدا بۆ یەكگرتوو نوسیویەتی، لەم دیدارەدا عومەر مەلائیكە بە ئەمینداری وتوە:" مامۆستا گیان تكات لێ دەكەم ئەمە مەكە، چونكە بۆ مەقامی خۆت باش نییە، شكاندنی لائیحەی تێدایە، بەڕێزت دەبێت (حامی) پارێزەری لائیحە بێت".
دیدارەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی شوراو ئەمینداری یەكگرتوو بەبێ گەیشتن بە چارەسەر، كۆتایی هات، رۆژی 28ی ئازاری ئەمساڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو كە ئەمینداری گشتی سەرۆكایەتی دەكات، كۆدەبێتەوە، ئەمیندار جارێكی تر باسی كێشەی ئەنجومەنی شورا دەكاتەوە، دەیەوێت جارێكی تر پرسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنە بباتەوە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەوتەی (عومەر محەمەد)، چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە كۆبونەوەكەدا وتویانە:" بەخوا ئەمجارەش عەیبدار دەبین، با نەیبەینەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی، چونكە دڵنیاین ئەمجارەش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی شورا لە سەركردایەتی دەنگ ناهێنێتەوە".

ئەمیندار رێگەیەكی نوێ دەدۆزێنەوە !
دوای ئەوەی دڵنیا دەبێت لەوەی لەڕێگەی سەركردایەتی حزبەوە ناتوانێت ئەنجومەنی شورا هەڵوەشێنێتەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادین پەنا بۆ (دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتوو) دەبات، دەیەوێت لەڕێگەی ئەم دەستەیەوە ئەنجومەنی شورای حزب هەڵوەشێنێتەوە، لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكگرتوودا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانی حزب بەم دەستەیە نەدراوە.
دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتوو، دوای چوار مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا، لەژێری فشاری ئەمینداری حزبدا، رۆژی 6ی نیسانی ئەمساڵ نوسراوێك دەردەكات‌و دەڵێ:" هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا دروست نەبوو".
رۆژی 11ی نیسان، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو كە سەلاحەدین محەمەد بەهادین سەرۆكایەتی دەكات، بەپشتبەستن بە نوسراوەكەی دەستەی باڵای چاودێریی، نوسراوێك بۆ سەركردایەتی‌و هەموو مەڵبەندەكانی حزب دەكات، دەقی ئەم نوسراوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو لەبەردەستی (درەو)دایە، كە تێیدا هۆشداری توند بە (عومەر محەمەد) سەرۆكی ئەنجومەنی شورا دراوە.
نوسراوەكەی ئەنجومەنی جێبەجێكردن، لەبارەی ئەنجومەنی شوراوە ئەم بڕیارانەی دەركردووە:
•    هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن كە لە رۆژی 5ی كانونی دووەمی 2021دا بەڕێوەچووە، بەهۆی ئەوەی (نیساب)ی كۆبونەوەكە تەواو نەبووە (ئەمینداری گشتی خۆی لەم كۆبونەوەیەدا بەشداربووەو نەیوتووە كێشەی نیساب هەیە).
•    هەڵپەساردنی ئەم ئەنجومەنە كە بووەتە مایەی كێشەو ناتەبایی‌و دووبەرەكی.
•    سەركردایەتی میكانیزمی تر بۆ ئەنجومەنی شورا بدۆزێتەوە. 
•    ئەو بەڕێزانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، بەرێكوپێكی پابەند بن، هەموو نافەرمانی‌و پابەندنەبونێك، سەرپێچییە‌و لێپێچینەوەی لەسەر دەبێت.
•    یەكڕیزی‌و ئاسایشی ناوخۆی حزب، ئەولەویەتی ئەم قۆناغەیە‌و دەرفەتی هیچ لادان‌و سەركەشی‌و تەكەتولێك نادرێت‌و هەر جوڵەیەكی لەوجۆرە سزای پەیڕەوی ئەیگرێتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand