هەرێمی سلێمانی گەیشتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
2021-04-16 10:45:26
درەو:
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پرسی بە هەرێمكردنی پارێزگاكانی ( سلیمانی ، هەڵەبجە، ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان)ی ئاراستەی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقكرد.
لە نوسراوێكدا كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، جەلیل عەدنان خەڵەف سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، نوسراوێكی ئاراستەی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردووە تایبەت بە بە هەرێمكردنی سلێمانی.
لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوە كرا دامەزراوەی حامورابی بۆ كاری پارێزەرایەتی و كاری راوێژكاری یاسایی نوسراوێكیان ئاراستەكردوون بۆ بە هەرێمكردنی پارێزگاكانی ( سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی سەربەو پارێزگایانە)و پایتەختەكەشی سلێمانی بێت.
بە پێی ئەو تایبەتمەندیانەی هەتانە تەماشای ئەو داواكاری درووستكردنی هەرێمی سلێمانی بكەن، لە رووی یاساییەوە.
دووشەمەی رابردوو بەیار عومەر عەبدوڵا سەرۆكی دەستەی بەهەرێمكردنی سلێمانی بڵاویكردەوە ئیمزاكانی بەهەرێمكردنی پارێزگاكانی (سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین) پێشكەش بە بە (كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان) لە بەغداد كردو چاوەڕوانی وەڵامین، لە ئایندەدا كۆمسیۆن وەڵاممان دەدەنەوە بۆ ئەوەی پرسی بەهەرێمكردنی ئەم دەڤەرە بخەنە ڕاپرسی گشتیەوە.
دەستەی بە هەرێمكردنی سلێمانی لە ماوەی رابردوودا واژۆی (150 هەزار) كەسیان كۆكردنەوە بۆ بە هەرێمكردنی پارێزگای ( سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین، ئیدارەی گەرمیان)