كورسیەكانی پەرلەمان بە رێككەوتن یەكلادەكرێنەوە ؟
2021-04-16 09:10:50
(درەو):
حزبەكان بەنهێنی سەرقاڵی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقن لە هەرێمی كوردستان، پارتی لە هەولێر و دهۆك لەكۆی (25) كورسی چاوی لەبەدەستهێنانی (20) كورسیە، یەكێتیش لە سلێمانی دەیەوێت بە رێككەوتن لەگەڵ حزبەكان كورسیەكان یەكلابكاتەوە، ( 10 بۆ یەكێتی، 4 بۆ گۆڕان، 2 بۆ كۆمەڵ).
بڕیار بوو 17ی ئەم مانگە دواین وادە بێت بۆ تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتیەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەڵام كۆمسیۆن تۆماری دەنگدەران و تۆماری هاوپەیمانێتیەكانی بۆ 1ی ئایار درێژكردەوە.
یەكێتی مامەڵە بە (18) كورسی پەرلەمانی عێراقەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانیەوە دەكات، دەیەوێت لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا كورسییەكان بەمشێوەیە دابەش بكات:
٭ (10) كورسی بۆ یەكێتی
٭ (4) كورسی بۆ گۆڕا
٭ (2) كورسی بۆ كۆمەڵی دادگەریی
هاوپەیمانێتی لە سلێمانی
چەند رۆژێكە كۆبونەوەی پشتی پەردەی حزبەكان بۆ هاوپەیمانێتیی بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمە بۆ هاوپەیمانێتیكردنە لەسەر (18) كورسی پارێزگای سلێمانی.
یەكێتی دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە.
یەكێتی نیازی وایە، ئەگەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكان بكات، (10) كورسی پارێزگای سلێمانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات و (8) كورسی بدات بە لایەنەكانی تر.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، یەكێتی بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕانداوە (4) كورسی لە كۆی (18) كورسیەكەی پارێزگای سلێمانی بۆ مسۆگەر بكات، هاوكات بەڵێنی بە كۆمەڵی ئیسلامی داوە (2) كورسی بۆ مسۆگەر بكات.
لەم حاڵەتەدا تەنیا (2) كورسی دەمێنێتەوە، ئەگەر یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رێكبكەوێت، (1) كورسی پێ دەدات و (1) كورسی دەمێنێتەوە بۆ حزبەكانی ترو ئەوانەی بەشێوەی كاندیدی سەربەخۆ دەچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ نایەوێت بچێتە هاوپەیمانێتیەوە لەگەڵ یەكێتی، بەڵام بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕانش رەتناكاتەوە.
نەوەی نوێ چاوی لە (3 بۆ 4) كورسی پارێزگای سلێمانیە، بەڵام ئەگەر رێككەوتن و ساختەكاری بكرێت، پێدەچێت (1 بۆ 2) كورسی بەدەستبهێنێت.
هەرچی هاوپەیمانی هیوا و ناڕازیەكانە، ئەگەرچی بە بێ میدیایەكی بەهێزو پشتیوانی مادی و مەعنەوی بەدەستهێنانی كورسی قورس دەبێت بۆیان، بەڵام ئەگەر پەرلەمانتارانیان خۆیان كاندید بكەن پێدەچێت لە بازنەكانی گەرمیان و رانیە، ریسی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان بكەنەوە بە خۆری.
هاوپەیمانێتی لە هەولێر
سەبارەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان، تائێستا لەگەڵ حزبەكان لەسەر كورسیەكانی پارێزگای هەولێر كە (14) كورسییە هەروەها كورسییەكانی پارێزگای دهۆك كە (11) كورسییە، هیچ رێككەوتنێكی نەكردووە.
پارتی بە نیازە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ حزبەكان نەكات، خۆی بەتەنیا لانی كەم ( 8 بۆ 10) كورسی هەولێرو (11) كورسیەكەی پارێزگای دهۆك ببات.
پارتی ئەگەر رێككەوتن بكات، لە پارێزگای هەولێر كە گفتوگۆی ژێر بەژێری لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەیە لەسەر زامنكردنی (2) كورسی بۆی لەو پارێزگایە، ئەگەر رێككەوتنیش نەكات ئەوا لە سودی یەكێتی و نەوەی نوێ تەواو دەبێت.
یەكێتی لە پارێزگای هەولێر چاوی لە بەدەستهێنانی (4) كورسییە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 79 هەزارو 745) دەنگی بەدەستهێنابوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش (50 هەزارو 537) دەنگی، بەدەستهێنابوو، كە بە هەردوكیان دەكاتە ( 130 هەزارو 282) دەنگ، ئەگەری بەدەستهێنانی (2 بۆ 3) كورسی هەیە، بەو پێیەی لە بازنەی كۆیە – دەشتی هەولێر لە هەڵبژاردنی رابردوو، یەكێتی ( 37 هەزارو 631) دەنگی هەبووە، پارتی ( 23 هەزارو 987) دەنگی هەبووە، بۆیە لە (4) كورسیەكەی ئەو بازنەیە یەكێتی چاوی لە (2) كورسیە. لە بازنەی (1)ی هەولێر كە چۆمان و رەواندوزو شەقڵاوە دەگرێتەوە، لە هەڵبژاردنی پێشوو لەو بازنەیە دەنگی یەكێتی ( 25 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوەو پارتی (34 هەزارو 753) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆیە ئەگەری بەدەستهێنانی كورسییەك بۆ یەكێتی زەحمەت نیە.
هەرچی نەوەی نوێیە كە چاوی لە (2) كورسی پارێزگای هەولێرە، لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 70 هەزارو 833) دەنگی بەدەستهێنابوو، ( 2) كورسی مسۆگەر كردبوو، بەڵام دەنگەكانی دابەشی چوار بازنە دەبن، زۆرترین دەنگی لە بازنەی (4) ی هەولێرە كە ( 19 هەزارو 949) دەنگ بووە، دوای ئەوەیش بازنەی (2)ی كۆیەو دەشتی هەولێرە كە (15 هەزارو 24) دەنگی بەدەستهێنابوو،
خۆ ئەگەر پارتی بە رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی نیگەران بێت، ئەوا پێناچێت گۆڕان لە پارێزگای هەولێر هیچ كورسیەك مسۆگەر بكات، هەرچی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامیە، ئەستەمە بتوانن كورسی مسۆگەر بكەن جگە لەوەی تەركیزیان لەسەر یەك كاندیدو یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت.
لە پارێزگای دهۆكیش لە كۆی (11) كورسیەكە، كە پێشتر یەكگرتوو (1) كورسیەكی بەدەستهێنا، بۆ ئەم جارە ئەویش ئەگەرێكی لاوازە، چونكە لە هەڵبژاردنی پێشوو بەكۆی دەنگەكانی لەو پارێزگایە (43 هەزارو 525) دەنگ كورسیەكی مسۆگەر كرد، ئێستا ئەو دەنگانەی بۆ (3) بازنە دابەشبووە، بۆیە ئەگەری مسۆگەركردنەوەی كورسییەكەی دهۆك بۆ یەكگرتوو لاوازە.
یەكێتی كە لە هەڵبژاردنی رابردوو (25 هەزار 515) دەنگی بەدەستهێنابوو، نەیتوانی كورسی مسۆگەر بكات، بەڵام هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری سێەم دەنگی پارێزگای دهۆكی بەدەستهێنا (25 هەزار و 664) بەدەستهێنابوو، لە ئێستادا بە كۆی دەنگەكانی یەكێتی و هاوپەیمانی ( 51 هەزارو 179) دەنگ دەكات، ئەم دەنگانە دابەشی سێ بازنە دەبێت، بۆیە یەكێتی چاوی لە بەدەستهێنانی كورسیەكە لەو پارێزگایە.
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە پارێزگای دهۆك (18 هەزارو 52 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگەكانی دابەشی سێ بازنە دەبێت، بۆیە بەدەستهێنانی كورسی ئەستەم دەبێت، ئەگەر بە هەمان رێژەی پێشووی دەنگ بەدەستبهێنێت.
چانسی سەربەخۆكان
ئەگەرچی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بەمەبەستی رەخساندنی چانس بۆ كەسانی سەربەخۆ و كاندیدی دەرەوەی حزبەكان، پەسەندكرا، بەڵام پێناچێت ئەم چانسە فەراهەم بكات، بەتایبەتی كە دەزگاو ژوری هەڵبژاردنی حزبەكان بە وردی سەرقاڵی خوێندنەوەو دۆزینەوەی كەلێنەكانی ناو یاساكەن و دەیانەوێت دۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلا بكەنەوە.