Draw Media

تۆماری بایۆمەتری و ئاماژەکانی پاشەکشەی بەشداری دەنگدەران

تۆماری بایۆمەتری و ئاماژەکانی پاشەکشەی بەشداری دەنگدەران

2021-04-15 11:27:49


راپۆرتی: درەو

تا دێت هاووڵاتیانی عێراقی متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نامێنێت، لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 2005 ئاستی بەشداری (79%) بووە لە دواین خول لە 2018 دا تەنیا (44%) دەنگدەران بەشداریانكردووەو (56%) بەشداریان نەكردووە، ملیۆنان هاووڵاتی عێراقی دەرەوەی وڵاتیش لە مافی دەنگدان بێبەشدەكرێن و دەیان ملیۆنیش دەستبەرداری مافی دەنگدان بوونەو ئامادەییان تێدا نییە تەنانەت كارتی بایۆمەتریش نوێ بكەنەوە، وردەكاری لەم ڕاپۆرتەی (درەو)دا بخوێنەوە...

سەرەتایەکی گشتی
ئەگەرچی دەیان کەرەستەو ڕێگەی جیاوازی تەقلیدی و مۆدێرن هەیە بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی سیاسیدا لە ڕێگەی (پارتی سیاسی و گروپی فشارو ڕاگەیاندن، ڕای گشتی، خۆپیشاندان، مانگرتن ...) بە بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆر، بەڵام بەشداری کردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا وەک مافێکی بنەڕەتی بایەخێکی تایبەتی هەیە بەراورد بە سەرجەم ڕێگاکانی دیکەی بەشداری سیاسی، پایەیەکی سەرەکی بنەڕەتی پرۆسەی دیموکراسی و دیموکراتیزە کردنە لە وڵاتدا.
چونکە زامنی پاراستنی پرۆسەی دیموکراتی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و تاڕادەیەکی باش ڕێگری لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەت و گەندەڵی و زۆر پرسی ناتەندروستی دیکە دەکات و حکومەت و حکومڕانی دەخاتە سەر ڕێڕەوێکی تەندروست. هەڵبەت ئەگەر پرۆسەکان بە ڕێوشوێنی گونجاو و لە چوارچێوەی یاسادا بەڕێوەبچن.
بەڵام ئەگەر لە ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان عێراق و هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بڕوانین دەبینین هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان ڕوی لە پاشەکشەیە، بۆ نمونە (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛
-    یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠٠٥ بەرزترین ڕێژەی بەشداری هاووڵاتیانی عێراقی تێدا تۆمار کراوە (%79.6) دەنگدەران بەشداری پرۆسەکەیان کردووە.
-    لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەکە دابەزیوە بۆ (60%)ى بەشداری هاووڵاتیان.
-    لە خولی سێیەم و ساڵی ٢٠١٤ ڕێژەی بەشداری بڕێک بەرزبووەتەوەو (%62.4) ڕێژەی بەشداربووان بووە.  
-    لە خولی چوارەم و ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەکە بۆ نزمترین ئاستی خۆی دابەزیوەو هاوڵاتیان بە ڕێژەی (%44.5) بەشداری دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە.


چارتی ژمارە (١)

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە دەنگدان دابەزیوە، بە هۆکاری؛ 
1.    بێ بەڵێنی پارت و بەربژێرەکان لەگەڵ بەرنامەو دروشمەکانی هەڵبژاردن.
2.    لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن.
3.    کارتۆنیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن، ڕونەدانی گۆڕانکاری جدی لە پرۆسەی سیاسی و بەردەوامی چەقبەستوویی ژیانی بەشێکی زۆری هاووڵاتیان.
4.    بەردەوامی ساختەکردنی دەنگی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا.

لەپاڵ ئەو هۆکارانەدا دەیان پاڵنەری دیکە هەیە کە وایکردووە هاووڵاتیان متمانەیان بە هەڵبژاردن لاواز ببێت.


بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامارەکانی بایۆمەتری
سستی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەلایەن هاووڵاتیانی عێراقەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی خەڵک متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن تا دێت لاوازتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەشداری لە پرۆسەکەدا ڕوو لە لاوازی بکات، سەرباری ئەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕۆژی ٢٢ی ٣ی ٢٠٢١ بڕیاری بێبەش کردنی هاوڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتى دەرکرد، کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە (٥) ملیۆن عێراقی بێبەش بن لە مافی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١. 


  ئامارەکانی بایۆمتری
ڕۆژی ٨ی ٤ی ٢٠٢١ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دواین ئامارەکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانى بڵاوکردەوە، ئەوە لە کاتێکدا لە سەرەتای مانگی ١ی ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە، بڕیار بوو لە ١ی ٤ی ٢٠٢١ کۆتایی بێت، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری (١٥) ڕۆژو تا ١٥ی ٤ی ٢٠٢١ درێژکرایەوە. لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کە ژمارەیان (25139375) بیست و پێنج ملیۆن و سەدو سی و نۆ هەزار و سێ سەدو حەفتاو پێنج دەنگدەرە، تەنها (16025909) شانزە ملیۆن و بیست و پێنج هەزارو نۆ سەدو نۆ دەنگدەر تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە کە دەکاتە ڕێژەی (٦٤%) لەو ژمارەیەش (١٧٨٣١٧٤) یەک ملیۆن و حەوت سەد و هەشتاو سێ هەزار و سەدو حەفتاو چوار کەس بە ڕێژەی (12%)یان کارتەکانی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە.
(٩١١٣٤٦٦) نۆ ملیۆن و سەدو سیانزە هەزار و چوارسەدو شەست و شەش دەنگدەر و بە ڕێژەی (٣٦%) بەدەم پرۆسەکەوە نەچوون. بڕوانە چارتی ژمارە (2).
ئەوە لە کاتێکدایە چەندین ڕێ و شوێنی پێویست و هەمەلایەنە گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی عێراقی تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە، لەوانەش؛
1.    پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری پێشینەی هەیەو لە ساڵی 2017ەوە دەستی پێکردووە، هەوڵ هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2018 تۆمارەکە نوێبکرێتەوە.
2.    ناچارکردن بە نوێکردنەوە، یەکێکی ترە لە هەوڵانەی گیراوەتەبەر، لە زۆرێک لە فەرمانگەکانی دەوڵەت لەکاتی ڕاییکردنی کاروباری هاوڵاتیان تۆماری بایۆمەتری کرابوو بە مەرج وەک لە فەرمانگەکانی (ڕەگەزنامە، پاسپۆرت، هاتووچۆ، خانووبەرە...هتد)
3.    بەشێک لە (هێزە چەکدارەکان) ناچار بە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری کراون و داوای وێنەیەک لە کارتە نوێیەکەیان لێ کراوە.
4.    بەشێکی زۆری ئەوانەی تۆمارەکان نوێکردووەتەوە کادری حیزبە سیاسییەکان و بە فشاری حیزبەکانیان بایۆمەتریان ئەنجامداوە.

چارتی ژمارە (2)
ئاماری نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری تا ٨ی٤ی٢٠٢١

 

ڕێژەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق (بڕوانە چارتی ژمارە 3)

یەکەم: پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
1.    پارێزگای هەولێر: (١٢٢٨٠٣٠) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٧٤١٥٣٤) و بەڕێژەی (٦٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٨٦٤٩٦) و بە ڕیژەی (٤٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
2.    پارێزگای سلێمانی: (١٣٦١٩٧١) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩١٣١٩٩)  کەس و بە ڕیژەی (٦٧%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٤٨٧٧٢) و بە ڕیژەی (٣٣%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
3.    پارێزگای دهۆک: (٨٢٧٦٥٨) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٥٨٣٢١٦)  کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٤٤٤٤٢) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.

دووەم: ناوچە جێناکۆکەکان
1.    پارێزگای کەرکوک: (١٠٧٥٥١٠) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٧٥٧٨٢٣) کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٣١٧٦٨٧) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
2.    پارێزگای نەینەوە(موسڵ): لەدوای سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە دێت، (٢٥٢٠٩٩٤) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (١٢٠٨٦٢٢) کەس و بە ڕیژەی (٤٨%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (١٣١٢٣٢٢) و بە ڕیژەی (٥٢%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
3.    پارێزگای دیالە: بەرزترین ئاستی سەر پارێزگاکانی عێراقی تۆمار کردووە، (1111464) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩١١٦٤٢) کەس و بە ڕیژەی (٨٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (١٩٩٨٢٢) و بە ڕیژەی (١٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
4.    پارێزگای سەڵاحەدین: (٩٧٢٠٠٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٠١٨٠٦) کەس و بە ڕیژەی (٦٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٣٧٠٢٠١)  و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.


سێیەم پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق
1.    بەغدای پایتەخت: ئەگەر چی وەک دوو پارێزگا بە ناوەکانی (کەرخ و رەسافە) مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام پێکەوە(٥٥٨٦٣٤٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٣٠٦٢٩٣٥)  کەس و بە ڕیژەی (٥٥%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٥٢٣٤١٢) و بە ڕیژەی (٤٥%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
2.    پارێزگای ئەنبار: (١١٢٥٦٨٧)  کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٦١٧١٧) کەس و بە ڕیژەی (٥٩%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٦٣٩٧٠) و بە ڕیژەی (٤١%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
3.    پارێزگای بابل: (١٣٤١٩٩٦)  کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩٢٢١٩٧) کەس و بە ڕیژەی (٦٩%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤١٩٧٩٩) و بە ڕیژەی (٣١%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
4.    پارێزگای کەربەلا: (٧٨٤٨٨٦) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٤٩٥٦٢٥) کەس و بە ڕیژەی (٦٣%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٨٩٢٦١) و ڕیژەی (٣٧%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
5.    پارێزگای واست: (٨٨٧١٩٤) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٤٩٥٦٢٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٧%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٠٤١٣٥) و بە ڕیژەی (٢٣%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
6.    پارێزگای بەسرە: (١٨٦٨٩٢٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (١٣٤٦٠٥٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٥٢٢٨٧٢) و بە ڕیژەی (٢٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
7.    پارێزگای ميسان: (751427) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (518913) کەس و بە ڕیژەی (69%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (232514) و بە ڕیژەی (31%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
8.    پارێزگای زیقار: (١٣٤٢٢٨٧) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٩٣٥٦٩٥) کەس و بە ڕیژەی (٧٠%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٤٠٦٥٩٢) و بە ڕیژەی (٣٠%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
9.    پارێزگای نەجەف:  (966239) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (657570) کەس و بە ڕیژەی (68%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (308669) و بە ڕیژەی (32%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
10.    پارێزگای موسەنا: (536610) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (414415) کەس و بە ڕیژەی (٧7%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (122195) و بە ڕیژەی (23%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.
11.    پارێزگای قادسیە: (٨٥٠١٩١) کەس مافی دەنگدانی هەیە و لە ژمارەیەش تەنها (٦٠٩٨٨٦٦) کەس و بە ڕیژەی (٧٢%)ی دەنگدەران تۆماری بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە و (٢٤٠٣٠٥) و بە ڕیژەی (٢٨%) کەس تۆماری بایۆمەتریان نوێنەکردووەتەوە.

چارتی ژمارە (3)
نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لەسەر ئاستی پارێزگاکان تا 8ی 4ی 2021 


سەرچاوەکان؛

  1. المفو‌ضیة العلیا المستقلة للانتخابات، نـص قرار مجلس المفوضيـن رقم (1) للمحضر الاستثنائي المرقم (17) المـؤرخ فـــي 22/3/2021؛

https://ihec.iq/elementor-7691/

  1. المفو‌ضیة العلیا المستقلة للانتخابات، الموقف العملياتي الاسبوعي لنسبة التسجيل البايومتري + توزيع البطاقة العام، 8/٤/2021؛

https://ihec.iq/%d8%a7%d9%84%d9%85%d9%88%d9%82%d9%81-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d9%85%d9%84%d9%8a%d8%a7%d8%aa%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%a7%d8%b3%d8%a8%d9%88%d8%b9%d9%8a-%d9%84%d9%86%d8%b3%d8%a8%d8%a9-%d8%a7%d9%84%d8%aa%d8%b3/

  1. العراق يسجل أعلى نسبة عزوف في أول انتخابات تشريعية بعد دحر الجهاديين؛

https://www.dw.com/ar/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%8A%D8%B3%D8%AC%D9%84-%D8%A3%D8%B9%D9%84%D9%89-%D9%86%D8%B3%D8%A8%D8%A9-%D8%B9%D8%B2%D9%88%D9%81-%D9%81%D9%8A-%D8%A3%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%AA%D8%B4%D8%B1%D9%8A%D8%B9%D9%8A%D8%A9-%D8%A8%D8%B9%D8%AF-%D8%AF%D8%AD%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%87%D8%A7%D8%AF%D9%8A%D9%8A%D9%86/a-43759741

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand