نامەیەكی نوێ لە فراكسیۆنەوە بۆ رێكخەری گشتی
2021-04-14 12:47:02
راپۆرت: درەو
نامەو نامەكاری بەردەوامە، ئێوارەی ئەمڕۆ وادەی مۆڵەتێكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كۆتایی دێت، كە تێیدا داوای كشانەوەی گۆڕان لە حكومەتو هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكات، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبەردەم چوار بژاردەدایە، هیچ یەكێك لە بژاردەكان توانانی زامنكردنی كورسییەكانی ئێستا بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی عێراق ناكات، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
مۆڵەتێكی نوێ !
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق نامەیەكی نوێی ئاڕاستەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كردووەو ماوەی دوو رۆژ مۆڵەتی پێداوە وەڵام بداتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەم نامە نوێیەدا كە دوو شەممەی ئەم هەفتەیە ئاڕاستە كراوە، ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (5) كەسە، بەچەند مەرجێك ئامادەی خۆیان نیشانداوە دەست لە ئەندامێتی پەرلەمان بكێشنەوەو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خۆیان كاندید نەكەنەوەو دەست بە كاركردن بكەنەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕانداو لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ بزوتنەوەكەیان هەڵبدەنەوە، بەڵام ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، وەكو خۆیان دەڵێن:" جێگەی ئەوان ناو خەڵكو بەرەی خەڵك دەبێت"، واتە بزوتنەوەی گۆڕان بەجێدەهێڵن، ئەگەر ئەمە روبدات، گۆڕان لەسەروبەندی هەڵبژاردندا دوچارێكی لێكترازانیكی نوێ دەبێتەوە.
مەرجەكانی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ رێكخەری گشتی ئەمانەن:
• بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێتەوە.
• بزوتنەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە بۆناو هاوپەیمانێتی پێشتری خۆی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان (كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتووی ئیسلامی)و هاوپەیمانێتییەكی گەورەتر لە دەرەوەی پارتیو یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دروست بكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ وادەكەی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی دێت، فراكسیۆن دەیەوێت پێشوەختە بابەتی هاوپەیمانێتی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكلابكاتەوە، چونكە ئێوارەی رۆژی 17ی ئەم مانگە، واتە رۆژی شەممەی داهاتوو، وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆتایی دێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەر ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیان نەگەنە رێككەوتن، بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەشێوەی سەربەخۆ یاخود لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا لەگەڵ لایەنەكانی تر لە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، جارێكی تر خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق كاندید دەكەنەوە.
تەقینەوەی ناكۆكییەكان
رۆژی 7ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا بەفەرمی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵپەسارد، ئەمە دوای ناكۆكییەك هات كە لە كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانیدا لەنێوان (غالب محەمەد بە نوێنەرایەتی فراكسیۆن)و بەرپرسانی باڵای گۆڕاندا رویدا. ئەوكاتیش ئەندامانی فراكسیۆنەكە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بوو دەست لە كاری پەرلەمانتاری بكێشنەوە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، بەوپێیەی بەوتەی ئەمان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی شكستی هێناوەو ئەجێنداكانی دژی خەڵكو فەرمانبەرانو ئازادیخوازانەو ئەمەش پێچەوانەی بنەماكانی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانە.
بەڵام نەیارانی فراكسیۆنەكە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان قسەی تر دەكەنو دەڵێن" ئەندامانی فراكسیۆنەكە لەسەرەتاوە دژی رێككەوتنی گۆڕانو پارتیو بەشداری گۆڕان لە حكومەت نەبوونو پابەند بوون بە رێككەوتنەكەوە، تا ئەو رادەیەی ئامادەییان نیشانداوە لە بەغداد دەنگ بە فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بەغداد هیچ پۆستێكی حكومی بەر بزوتنەوەی گۆڕان نەكەوتووە، كەوتونەتە دژایەتی رێككەوتنەكە".
لەبەرامبەردا ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان، فشارەكانی رێكخەری گشتی بۆسەریان، وەكو جێبەجێكردنی داواكاری پارتی لە بزوتنەوەی گۆڕان ناودەبەن.
ناكۆكییەكان لە دوو نامەدا
سەرەتای ئەم ناكۆكییە (نوێ)یەی نێوان رێكخەری گشتیو فراكسیۆنی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ نامەیەكی رێكخەری گشتی كە رۆژی (4)ی ئەم مانگە بەناوی بزوتنەوەكەوە بۆ فراكسیۆنی ناردبوو، تێیدا ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی پێدابوون وەڵام بدەنەوە.
لەم نامەیەدا رێكخەری گشتی چەند داواكارییەكی خستبووە بەردەم فراكسیۆنەكە كە ئەمانە بوون:
• بە راگەیەندراوێكی فەرمی، بڕیاری هەڵپەساردنی كاركردنیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبوەشێننەوە.
• فراكسیۆنەكە لە هاوپەیمانی (هیوای كوردستانی) بهێننە دەرەوە، چونكە ئەمە دژی پرەنسیپی رێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕانەو لە پشتی بزوتنەوەكەوە چونەتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییەوە.
• بەزوترین كات لەڕێگەی ژوری پەرلەمانەوە پەیوەندی بە بزوتنەوەكەوە بكەنەوە.
• ئەركە داراییەكان بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان جێبەجێ بكەن (مەبەست لەو بڕە پارەیەیە كە دەبێت پەرلەمانتارەكان مانگانە لە موچەی خۆیان بیدەن بە بزوتنەوەكە).
• لیستی ناوی پاسەوانەكان بنێرن بۆ ژوری كارگێڕیو دارایی.
• چیتان كردووە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە پەرلەمانی عێراق بەبەڵگە بیخەنەڕوو.
• هەوڵدان بۆ دەركردنی یاسای نەوتو غاز.
• هەوڵدان بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵ.
• لە عێراق گەندەڵی، نەبوونی ئازادی، گرتنو كوشتنو تیرۆر، خۆپیشاندان هەیە، چیتان كردووەو چیتان وتووە ؟
• دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بەرهەمی فشاری خۆپیشاندەران بوو، (700) كەس شەهیدبوونو (20 هەزار) كەس برینداربوون، ئەمە گۆڕانكاری بوو، كەچی ئێوە دەنگتان بۆ بە كابینەی مستەفا كازمی نەدا.
• چەند گەندەڵی لە هەرێم هەیە، دوو ئەوەندە گەندەڵی لە حكومەتی عێراقدا هەیە، كوا دەنگتان لەسەر ئەم مەسەلانە.
• ئایا ئێستا ناكۆكی سەرەكی ئێوە لە هەرێمی كوردستانو عێراقدا بووە بە بزوتنەوەی گۆڕانو خانەی راپەڕاندنو جڤاتەكانی ؟
سێ رۆژ دوای ئەم نامەیە، بەدیاریكراوی لە رۆژی (7)ی ئەم مانگەدا، فراكسیۆنەكە بە نامەیەكو لە (13) خاڵدا وەڵامی نوسراوەكەی رێكخەری گشتی دایەوە، دیارترین خاڵەكانی وەڵامەكە ئەمانە بوون:
• رێكخەری گشتی بەبێ پرسی جڤاتی نیشتمانیو جڤاتی گشتی ئەم نامەیەی بۆ فراكسیۆن ناردووە.
• رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی بەلاڕێدا بردووەو هەرزانفرۆشی كردووە.
• بزوتنەوەی گۆڕان مانگانە (25 هەزار) دۆلار لە پارتی وەردەگرێت.
• بزوتنەوەی گۆڕان نەیاری پارتیو یەكێتی نییەو لە دەسەڵاتو قاچاخچێتیدا شەریكی ئەو دوو حزبەیە.
• مانگانە تاوەكو ئێستا پابەندین بە پێدانی بەشێك لە موچەكانمان بە بزوتنەوەی گۆڕان.
• بە فشاری پارتی ناتانەوێت هیچ پرۆژەیەكی چاككردنی گۆڕان سەربگرێ.
• هەڕەشەكانی پارتیمان لەرێگەی ئێوەوە پێدەگات، تێگەیشتمان هەیە بۆ فشارەكانی پارتی لەسەرتان.
• حزبەكە بۆ ئێوەو فیكری گۆڕانخوازیو بەرنامە سیاسییەكەی بۆ ئێمە.
گۆڕان لەگەڵ كێ هاوپەیمانێتی دەكات ؟
رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو واتەی دوای شەش مانگی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هەریەكەیان بەدوای هاوپەیمانێتی دڵخوازی خۆیدا دەگەڕێت، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەیاسایەكی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت كە یەكەمینجارە لە عێراق تاقیدەكرێتەوەو شێوازی فرەبازنەی هەڵبژاردنەو دەنگێكی زۆری حزبەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردندا دەفەوتێت.
بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەبەردەم چەند بژاردەیەكدایە:
• بژاردەی یەكەم: هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی
هەندێك لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەكە لەگەڵ ئەوەدان، گۆڕان هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بكات، بەوپێیەی بنكەی جەماوەری هەردوو حزب لە سنوری سلێمانیدایەو هەردوولایان پێشتر لەچوارچێوەی یەك حزبدا پێكەوە كاریان كردووە.
هاوسەرۆكەكانی یەكێتی چەندجارێك بیرۆكەی هاوپەیمانێتیكردنیان خستوەتە بەردەم بەرپرسانی گۆڕان، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەسەر ژمارەی كورسییەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتن، گۆڕان داوای (5) كورسی سنوری سلێمانی دەكات، یەكێتی تەنیا گەرەنتی (3) كورسی بۆ گۆڕان كردووە.
رەوتی دانوستانەكانی گۆڕان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە نیشانی دەدات، سەركردەكانی بزوتنەوەكە دەخوازن گۆڕانو پارتیو یەكێتی پێكەوە هاوپەیمانێتی بكەن، گۆڕان دەیەوێت لەڕێگەی ئەم هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەوە، زامنی كورسی خۆی هەم لە سنوری یەكێتیو هەم لە سنوری پارتی بكات، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە یەكێتی نایەوێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی بكات، بەتایبەت كە چاوی لەوەیە، بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ پارتی، لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگەكانی لە سنوری سلێمانی زیاد بكات.
• بژاردەی دووەم: هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ پارتی
هەندێك لە بەرپرسە باڵاكانی بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشتی ئەوە دەكەن، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی بكاتو پارێزگاری لە رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوولا بكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە، پێیانوایە ناكرێت گۆڕان لەگەڵ پارتی لە حكومەتی هەرێم هاوبەش بێت، بەڵام بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر بكەن، كێشەی ئەم بیرۆكەیە ئەوەیە كە پارتی تائێستا زەمانەتی كورسییەكانی گۆڕانی لە پەرلەمانی عێراق نەكردووە بەو رێژەیەی كە گۆڕان دەیەوێت، واتە لانی كەم لەرێژەی كورسییەكانی ئێستای لە پەرلەمانی عێراق كەمتر نەبێت كە پێنج كورسییە.
• بژاردەی سێیەم: هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان
بژاردەیەكی تریش لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، كە بژاردەی هاوپەیمانێتیكردنە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەدیاریكراویش (كۆمەڵی دادگەریی كوردستانو یەكگرتووی ئیسلامی)و خەڵكانی ناڕازیی دەرەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، ئەمە ئەو بژاردەیەیە كە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق داوای دەكات.
بەمدواییە لەسەردانێكدا بۆ گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ئەم بیرۆكەیەی خستە بەردەم عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام رێكخەری گشتی بەشێوەیەكی خێرا دەستپێشخەرییەكەی رەتكردەوە، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، ئەم جۆرە هاوپەیمانێتییە زیان لە رێككەوتنی سیاسی گۆڕانو پارتی دەدات لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا.
• بژاردەی چوارەم: بەشداری سەربەخۆ
بژاردەی بەهێز لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەوەیە، بەشێوەیەكی سەربەخۆ بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەڵام كێشەكە ئەوەیە، لەم بژاردەیەدا گۆڕان ناتوانێت پێشبینی ژمارەی كورسییەكانی بكات، بەتایبەت لەكاتێكدا هەموان پێشبینی دەكەن لەم هەڵبژاردنەدا جارێكی تر ژمارەی دەنگو كورسییەكانی گۆڕان دابەزینی بەرچاو بەخۆوە ببینێت، ئەم بژاردەیە هیچ گەرەنتییەك بە گۆڕان نادات بەبێ هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكانی تر دەتوانێت پارێزگاری لە ژمارەی كورسییەكانی بكات، بەڵام كلیك كردن لەسەر ئەم بژاردەیە، بۆ نەیارە ناوخۆییەكانی گۆڕان كارتێكی بەهێز دەبێتو هەندێك لە بایەخی هێرشە میدیاییەكانیان لەبارەی ئەوەی گۆڕان خۆی رادەستی پارتی كردووە، كەمدەكاتەوە.