"چوارشەمبا سۆر" چییە ؟
2021-04-14 11:56:29
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە، ئەم رۆژە بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانەوە كراوە بە پشوو.
ئێزدییەكان كێن ؟ زمانو ئاینیان چییە ؟ چوارشەمبا سۆر چییە ؟ تاووس مەلەك كێیە ؟ مەسحەفا رەش چییە ؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە.
ئاینی ئێزدیی
ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەنو دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، باوەڕدارانی ئەم ئاینە، باسی ئاینو بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن، بەهۆی ئەوەی لە مێژوودا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە، كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگالو ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا، كە بەهۆیەوە هەزاران كەسیان لێكوژراو هەزاران ژنو كچو منداڵیشان كرانە كۆیلەو كەنیزەك.
ئێزدییەكان سەرەڕای ئەوەی زۆر رووبەڕووی ستەمو چەوساندنەوەو پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن، باوەڕیان وایە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە.
ئامارێكی دروستی ژمارەی ئێزدییەكان لەبەردەستدا نییە، چەند سەرچاوەیەك ژمارەیان بە (300 هەزار بۆ 750 هەزار) كەس دەخەمڵێنن، بەزۆریش لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ لە عێراقو باكوری سوریا نیشتەجێن.
ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە "لە ئەزەلەوە هەنو بە تەنها لە وەچەی ئادەمن"، بڕوایان وایە "ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوەو پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە، دواتر خودا حەوای خەڵقكردووەو هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە، مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە"، بەوەش خۆیان بە "وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند" دادەنێن.
چیرۆكی " ئیبلیس" لە ئاینی ئێزدییدا
ئاینی ئێزدیی لە چیرۆكی سوجدە نەبردنی شەیتان "ئیبلیس" بۆ ئادەم لەگەڵ ئیسلامدا هاوڕایە، لە ریوایەتی ئاینی ئیسلامدا قورئان لە ئایەتی (34)ی سورەتی "البقرە"دا ئاماژەی بەو چیرۆكە داوەو هاتووە:
"ۆإِژْ قُلْنَا لِلْمَڵائِكَەِ اسْجُدُواْ ڵادَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِیسَ أَبَی ۆاسْتَكْبَرَ ۆكَانَ مِنَ الْكَافِڕینَ".
بەڵام ئێزدییەكان لەگەڵ ئەنجامی بەشی دووەمی ئەو ئایەتەدا جیاوازو ناكۆكن، ئەوان بڕوایان بەوە نییە ئیبلیس بەهۆی رەتكردنەوەی سوجدە بۆ ئادەم سزادرابێت، بەڵكو باوەڕیان وایە "خودا ئیبلیسی خەڵات كردووەو كردوویەتی بە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، بەهۆی ئەوەی تاكە مەلائیكەت بووە لە تاقیكردنەوەی خودا دەرچووە، چونكە خودا دوای خەلقكردنی مەلائیكەتەكان داوای لێكردوون جگە لە ئەو سوجدە بۆ كەس نەبەنو دوای خەلقكردنی ئادەمیش كە داوای لێكردوون سوجدەی بۆ بەرن وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوە وابووەو جگە لە ئیبلیس، كەسیان لەو تاقیكردنەوەیەدا دەرنەچوون، بەوەش شیاوی ئەوە بووە كە خودای گەورە بیكاتە سەرۆكی مەلائیكەتەكان"، كە ئێزدییەكان بە "تاووس مەلەك" ناویدەبەنو هەموو رۆژێك پێنجار نوێژی بۆ دەكەن.
بانگەواز لە ئاینی ئێزدیدا
ئاینی ئێزدیی ئاینێكی موژدەبەر " تەبشیری " نییە، هیچ كەسێكی تازە ناتوانێت ببێت بە ئێزدیی، بەڵكو دەبێت ئەو كەسە لە لەدایكبوونییەوە ئێزدی بێت، واتە لە دایكو باوكێكی ئێزدیی لەدایك ببێت، ئەوان خۆیان بە "خواپەرست" وەسفدەكەنو دەڵێن ناوی ئاینەكەیان ئەو واتایە دەگەیەنێت، خواوەندی گەورەشیان بە " ئێزدان" ناسراوەو پێگەیەكی زۆر باڵای هەیە لایان، بەجۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو بە خاوەن هێزێكی شاراوەی لەبن نەهاتووەو لەگەڵ ئەوەدا كە خوڵقێنەری گەردوونە، بەڵام پاسەوانی گەردوون نییە.
مەزارو شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدیی
ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێنو مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری "شەرفەدینە" لە چیای شەنگال، هەروەها پەرستگای "لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵو ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایەو زۆربەی مەراسیمو سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن.
زمانو كتێبی پیرۆز
ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژوورووی زمانی كوردی قسەدەكەن، زمانی رەسمی مەراسیمو سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینییو ئیداریی دێرینن، كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە، هەروەها چەند نەریتو كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە.
بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی "مەسحەفا رەش"، بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە.
ئایینی ئێزدی كاریگەری هەبوو بۆسەر ئاینەكانی ترو ئاینەكانی تری دراوسێشی كاریگەریان كردوەتە سەری، ئەم ئاینە لە بە پیرۆزدانانی خۆرو مانگدا لە ئایینی زەردەشتیو لە حەرامكردنی چەند خۆراكێكدا لە ئاینی جولەكەو لە چەند ریتمێكی میوزیكیشدا لە ئاینی مەسیحیو لە نوێژو زەكاتو حەجو خەتەنەكردنیشدا لە ئاینی ئیسلام دەچێت.
بە گوێرەی چەند چاوپێكەتنێك لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆو چەند ئەكادیمییەك، رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دابەشدەبێت بۆ دوو رۆژووگرتن، یەكەمیان رۆژووگرتنی تایبەتە كە 80 رۆژە (40 رۆژ لە هاوینو 40 رۆژ لە زستان)، دووەمیشیان رۆژووگرتنی گشتییە، واتە (رۆژووی ئێزید) كە سێ رۆژە لە ساڵێكدا (سێشەممە، چوارشەممەو پێنج شەممەی هەفتەی دووەمی مانگی 12ی هەموو ساڵێك)، دوای ئەوەش جەژنی ئێزید دێت كە یەك رۆژە.
ئێزدییەكان سێ رۆژی تر لە مانگی دوومی هەموو ساڵێك بە رۆژوودەبنو دەبێت بكەوێتە (دووشەممەو سێشەممەو چوارشەممە)و بە رۆژووی "خدر ئەلیاس" ناودەبرێت، پاشان جەژن دێت كە یەك رۆژە.
چوارشەمبا سۆر چییە ؟
هاوشێوەی ئاینەكانی تر، ئێزدییەكانیش چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێك لەو جەژنانە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە، كە پێی دەڵێن جەژنی "چوارشەمبەی سۆر".
جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە 13 رۆژ جیاوازو درەنگترە لە مانگی نیسانی زاینییو بەمشێوەیە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە.
پلەو پایە لە ئاینی ئێزدیدا
ئێزدییەكان بەگوێرەی پێگەی ئاینی دەكرێن بە چەند چینێكەوە:
یەكەم: چینی رۆحانییەكان: ئەمەش دەكرێن بە دوو گروپەوە:
1- گروپی پیر: ئەمە كۆنترین گروپی ئاینی ئێزدیین، بە تێپەڕبوونی كات كەمبونەتەوەو بەهۆی ئەو هەڵمەتانەشی كە كراوەتە سەریان ژمارەیەكی كەمیان ماوەتەوە.
2- گروپی شێخ: دوای لاوازبوونی گروپی پیر لە راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا، لەسەر دەستی شێخ (عادی بن مسافر) ئەم گروپە دامەزرێنرا بۆئەوەی ئاینی ئێزدیی كۆبكاتەوە، ئەم گروپەش دابەش دەبەێت بۆ چەند چینێك، ئەندامەكانی هەر چینێك ناتوانن جگە لە چینەكەی خۆیان هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش چینەكانن:
• شێخ شەمش
• شێخ حەسەن
• شێخ بەكر
• شێخ ناسرەدینو .. هتد
3- چینی فەقیر: ئەمانە چینی خواپەرستنو پۆشاكێكی سپی تایبەت بە خۆیان هەیەو قژێكی درێژیان هەیە.
4- چینی حادی یان قەواڵەكان: ئەمانە ئەو دەروێشانەن كە پلەی ئاینی وەك (خواپەرستو باوەڕدار)یان هەیە، قەواڵ ئەو كەسانەن كە سرودە ئاینییەكان دەڵێنو سەربە یەك عەشیرەتن، ناوەندی سەرەكییان دەكەوێتە نێوان ناوچەی باشیكو بەحزانی لە پارێزگای نەینەوا.
5- چینی كەواچك: كەواچك كۆی وشەی "كوچك"ە كە بە مانای دیوەخان دێت، چینێكن لە خەڵكی گشتیو پۆشاكی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەركەكەیان بریتییە " لە دۆزینەوەی چارەنوسی مردووان باش بێت یان خراپ لەگەڵ پەیوەندیكردن بە جیهانی غەیبەوە بۆ زانینی دۆخی ئێستاو داهاتوو"، دەتوانین بڵێین ئەركەكەیان زیاتر رۆحانییە.
6- چینی موریدەكان: نزمترین چینی ئێزدییەكانەو لە رابردوودا ئەركیان گوێڕایەڵی كوێرانە بووە، بەڵام نەوەی نوێی ئەم چینە ئێستا زۆر مەیلیان بۆ چەمكە مەدەنییەكان هەیەو زۆر ملكەچ نینو زەكات نادەن، مافی ئەوەشیان نیە لەگەڵ چینەكانی تردا هاوسەرگیری بكەن.
هەندێك لە ئێزدییەكان خۆیان تەنها بەسەر سێ چیندا دابەشدەكەن، لەسەر ئەو بنەمایەی كە چینی كوچكو حادی لە بنەڕەتدا لە چینی موریدەكاننو چینی "پیر" یش چینێكی جیاوازن لە چینی "شێخ"، بەڵام ئەوە راستییەكی پشتڕاستكراوەیە كە هاوسەرگیری لەنێوان پەیڕەوانی ئەو پێنج چینەدا رێگەی پێنادرێت، هەتا تەنانەت لە ناو یەك چینی وەكو شێخەكانیشدان بۆ نمونە كەسێكی سەر بە گروپی شێخ حەسەن ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی سەربە شێخ ناسرەدین یان گروپێكی تر هاوسەرگیری بكات.