Draw Media

ئەمریکا نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دەکات

ئەمریکا نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دەکات

2021-04-13 19:44:12


(درەو):
ئەمریکا دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بکات بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، باڵیۆز یەکێتی ئاگادارکردووە واشنتۆن دژی  سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەییە لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ رۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان سەردانی شاری سلێمانیان کرد. 
باڵیۆزو کونسوڵی ئەمریکا دوو دیداریان لەگەڵ یەکێتی کرد، دیداری یەکەم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی، دیداری دووەم لەگەڵ مەلا بەختیارو حاکم قادر حەمەجان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتییە، بەڵام ماوەیەکە لە دەرەوەی وڵاتە، بەپێی زانیارییەکانی (درەو) رۆژی پێنج شەممە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
بەم دوو دیدارە جیاوازە، ئەمریکییەکان جارێکی تر یەکێتییان دابەشکردەوە بەسەر دوو ئاڕاستەدا، ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی نوێی حزب و ئاڕاستەی بەرپرسانی پێشووی حزبەکە.
سەردانی باڵیۆزو کونسوڵی ئەمریکا بۆ سلێمانی، دوای کۆبونەوەی ئەمدواییەی لایەنە سیاسییەکان دێت لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەیەک کە تێیدا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کردووە، ئەگەر پارتی وەڵامی داواکارییەکانی یەکێتی نەداوتەوە.
بە پێی زانیاریەكانی (درەو) رۆژی پێنجشەممە  سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوەو دواین قسەی خۆی دەکات سەبارەت بە پیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی و کشانەوە یاخود مانەوە لەناو حکومەت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، سەردانی ئەمڕۆی باڵیۆزو کونسوڵی ئەمریکا بۆ سلێمانی بەمەبەستی گەیاندنی چەند پەیامێک بووە بە یەکێتی کە ئەمانەن:
🔹 ئەمریکا دەیەوێت یەکێتی و پارتی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
🔹 ئەمریکا ئامادەیە نێوەندگیری لەنێوان یەکێتی و پارتیدا بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەر.
🔹 ئەمریکا دژی دابەشبوونی هەرێم و دروستبوونی دوو ئیدارییە لە هەرێمی کوردستان.
بەیاننامەی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی لەبارەی دیدارەکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەم بابەتە کردووەو دەڵێ:" لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ویستی یەکێتییمان بۆ یەکڕیزیی و یەکدەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان دووپاتکردەوە.. جەختمان لە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردەوە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەمانە بۆ بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی حکومەت، کە دەبێتە مایەی زیاتر سەقامگیریی هەرێم".
بەیاننامەی مەلا بەختیارو حاکم قادریش لەبارەی دیدارەکەوە باسلەوە دەکات" باڵیۆزی ئەمریکا جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کردوەتەوە".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand