Draw Media

تەمەنی یاساییان تەواوبووەو دەستبەرداری پۆستەكانیان نابن

تەمەنی یاساییان تەواوبووەو دەستبەرداری پۆستەكانیان نابن

2021-04-12 16:00:28


راپۆرت: درەو
چەند بەرپرسێكی سەربازی پارتی‌و یەكێتی، تەمەنی خانەنشینییان تێپەڕیوە، بەڵام ئامادە نین دەستبەرداری پۆستەكانیان ببن، بەپێی یاسا تەنیا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، دوای تەواوبونی تەمەنی یاسایی، تەمەنی وەزیفی فەرمانبەران درێژبكاتەوە، ئایا مەسرور بارزانی ناوەڕۆكی یاسای چاكسازی جێبەجێ دەكات ؟ یاخود تەمەنی وەزیفی بۆ ئەو بەرپرسانە درێژدەكاتەوە.

تەمەنی خانەنشینی
ژمارەیەك بەرپرسی مەدەنی‌و سەربازی تەمەنیان گەیشتوەتە خانەنشینیی، بەڵام نایانەوێت دەستبەرداری پۆستەكانیان ببن‌و داوا دەكەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت تەمەنی وەزیفییان بۆ درێژبكاتەوە. 
بۆ بابەتی خانەنشینبوون، لە هەرێمی كوردستان بەگشتی كار بە یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق ژمارەی (27)ی ساڵی 2006 دەكرێت، بەپێی ئەم یاسایە هەر فەرمانبەرێكی حكومەت تەمەنی بگاتە (63 ساڵ)، دەبێت خانەنشین بكرێت.
بەڵام بە چەند مەرجێك سەرۆكی حكومەت دەتوانێت دوای تەمەنی (63 ساڵ)، تەمەنی وەزیفی كارمەندانی حكومەت درێژ بكاتەوە، مەرجەكان ئەمانەن: 
•    ماوەی درێژكردنەوەكە لەسەر پێشنیازی وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆكی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەتەوە بێت.
•    نابێت ماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی وەزیفی دوای تەمەنی خانەنشینبوون لە سێ ساڵ زیاتر بێت. 
•    ئەو كەسەی كە دوای تەمەنی خانەنشینیی، تەمەنی وەزیفی بۆ درێژدەكرێتەوە دەبێت پسپۆڕییەكی تایبەتی هەبێت‌و كێشەی كەمی پسپۆڕیی هەبێت لە بوارەكەیدا. 
•    فەرمانگەكەی پێویستی بەبەردەوامبوونی هەبێت‌و نەیەوێت خانەنشین ببێت.
•    ئەو (3 ساڵ) خزمەتەی كە دوای تەمەنی خانەنشینیی بۆ فەرمانبەر درێژدەكرێتەوە، بۆ مەبەستی خانەنشینیی ئەژمارناكرێت. 
بەبێ بوونی ئەم مەرجانە، مانەوەی هەر فەرمانبەرێك لەسەر كارەكەی لەدوای تەمەنی (63 ساڵ)، بەنایاسایی ئەژمار دەكرێت. 
بەڵام لە هەرێمی كوردستان، ساڵانە بە بەهانەی جیاجیا، لەسەر خواستی وەزارەتەكان، سەرۆكی حكومەت تەمەنی خانەنشینیی بۆ هەندێك لە بەرپرسانی مەدەنی‌و سەربازی درێژدەكاتەوە، لەدیارترین ئەو بەهانانەی كە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی بەرپرسان دەهێنرێتەوە بەهانەی (دەورو تەسلیم كردنی پۆست)‌و بەهانەی ئەوەیە (گوایە فەرمانبەرەكە ماڵی فەرمانگەكەی لەئەستۆدایە).
شوباتی ساڵی رابردوو، دوای مشتومڕێكی زۆر، پەرلەمانی كوردستان (یاسای چاكسازی لە موچە‌و دەرماڵە‌و ئیمتیازاتەكان‌و خانەنشینیی لە هەرێمی كوردستان) پەسەند كرد، بەپێی ئەم یاسایە، یاسای (خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكان) هەڵوەشێندرایەوە، كە تێیدا تەمەنی خانەنشینبوونی خاوەن پلە تایبەتەكانی بە (65 ساڵ) دیاری كردبوو. 
سەرباری ئەمە، دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان یاسای تایبەت بەخۆی هەیە‌و بەپێی یاساكەی، دادوەرەكان لە تەمەنی (65 ساڵ)یدا خانەنشین دەكرێن. 

كێن ئەوانەی دەیانەوێت درێژی بكەنەوە ؟
ئەو بەرپرسانەی كە تەمەنیان گەیشتوەتە خانەنشینیی‌و دەیانەوێت سەرۆكی حكومەت تەمەنی وەزیفییان بۆ درێژبكاتەوە‌و لە پۆستەكانیاندا بمێننەوە، ئەمانەن: 
•    لیوا (بەختیار بابان) فەرماندەی پێشووی پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە پشكی پارتی‌و راوێژكاری ئێستا وەزیری ناوخۆ، تەمەنی گەیشتوەتە خانەنشینیی، بەڵام نایەوێت دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت‌و داوای كردووە دوو ساڵ تەمەنی وەزیفی بۆ درێژبكرێتەوە.
•     لیوا (خاڵە كاكەمەند كاكەڕەش) فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی بەرگری‌و فریاكەوتن لەسەر پشكی یەكێتی، ئەم بەرپرسە پێشتر تەمەنی گەیشتووەتە خانەنشینیی‌و بەبڕیاری سەرۆكی حكومەت جاری تر بۆى درێژكراوەتەوە‌و ئێستا داوا دەكات ساڵێكی تری بۆ درێژبكرێتەوە. 
•    لیوا (مەغدید) جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگەی بەرگری‌و فریاكەوتن لەسەر پشكی یەكێتی، پێشتر ساڵێكی بۆ درێژكراوەتەوە‌و ئێستا دەیەوێت ساڵێكی تری بۆ درێژبكرێتەوە. 
•    دادوەر (سیروان كەمال) سەرۆكی پەیمانگای دادوەری كوردستان لەسەر پشكی پارتی، تەمەنی وەزیفی كۆتایی هاتووە‌و دەبێت خانەنشین ببێت، بەڵام دەیەوێت تەمەنی وەزیفی بۆ درێژبكرێتەوە. 
تەنیا ئەم كەسانە نین كە نایانەوێت خانەنشین ببن، چەندین بەرپرسی تر لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەمەنی وەزیفییان كۆتایی هاتووە، بەڵام نایانەوێت پۆستەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە بە خانەنشینبونیان، موچەكانیان بۆ خوار نیوەی ئەو موچەیەی ئێستا وەریدەگرن كەمدەكات‌و سەرباری ئەوە نەسرییەی بەردەستیان لەدەستدەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەیان مەرجی یاسایی درێژكردنەوەی تەمەنی وەزیفییان نییە‌و بەدیلی پڕكردنەوەی پۆستەكانیان لەهەمان بوارو شارەزایدا لەناو دامەزراوەكاندا هەیە.
مانەوەی بەرپرسان لە پۆستەكانیان دوای تەمەنی خانەنشینی، جۆرێكە قۆرخكاری پۆستەكان‌و سودوەرگرتن لە دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی لە دەرەوەی تەمەنی رێگەپێدراوی یاسایی. 

ئەو دادوەرانەی بۆیان درێژكرایەوە !
ئەوە تەنیا بەرپرسانی سەربازی نین كە نایانەوێت دوای تەمەنی خانەنشیشنی دەستبەرداری پۆستەكانیان ببن، دادوەرەكانیش هەمان خواستیان هەیە.
ئەمساڵ تەمەنی وەزیفی بۆ پێنج دادوەر درێژكرایەوە، كە تەمەنی (65) ساڵییان تەواوكردبوو، ئەو دادوەرانەی كە تەمەنی وەزیفییان بۆ درێژكرایەوە ئەمانە بوون: 
•    عەلی عەوڵا- جێگری دادگای تێهەڵچوونەوە 
•    عەبدوڵا شەرەفانی- جێگری دادگای تێهەڵچوونەوە
•    محەمەد ئەمین شەرەفانی- سەرۆكی دادگای (ئیستئناف)ی دهۆك
•    سەید گەیلانی- دادگای هەولێر
•    حاكم نەجات ئەحمەد- دادگای سلێمانی
ئەم دادوەرانە ماوەیەك لە مشتومڕدا بوون لەسەر مانەوەیان لە پۆستەكەیان، بەهۆی ئەم كێشەیەوە چەندجارێك موچەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم دواكەوت. 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا، تەمەنی یاسایی وەزیفییان كۆتایی دێت‌و دەبێت خانەنشین بكرێن، بەڵام ئایا خانەنشین دەبن یان هاوشێوەی دادوەرەكانی تر بۆخۆیانی درێژ دەكەنەوە ؟

حكومەت چی دەكات ؟ 
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، دوو مانگ دوای دەستبەكاربوونی‌و بە دیاریكراوی لە رۆژی 11/9/2019دا بە نوسراوێك كە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئیمزای لەسەر كردبوو، گشت وەزارەتەكانی ئاگاداكردەوە، بەرەچاوكردنی بارودۆخی دارایی، چیتر نوسراوی درێژكردنەوەی ماوەی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانەی كە تەمەنی یاساییان تەواو بووە، بۆ ئەنجومەنی وەزیران نەنێرن.
لەدوای ئەم نوسراوەی ئومێد سەباحەوە، چەندین حاڵەتی درێژكردنەوەی تەمەنی وەزیفی هەبووە، لەوانە درێژكردنەوەی تەمەنی وەزیفی دادوەر (شاكر شەریف حسێن) لە سەرۆكایەتی دادگای پێداچونەوەی سەربازی بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئەم بابەتە لەكاتی خۆیدا مشتەمڕی دروستكرد‌و چەندین نوسراوی لەبارەوە دەركراوە، چەند بەرپرسێكی تر هەن كە لەدوای ئەو نوسراوەوە زیاد لەجارێك تەمەنی وەزیفییان بۆ درێژكراوەتەوە بۆ ئەوەی لە پۆستەكانیاندا بمێننەوە.
(درەو) نوسراوێكی ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لەبەردەستدایە كە رۆژی 12/10/2020 ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە‌و تێیدا داوا لە وەزیری دارایی دەكات" خەرجكردنی موچە بۆ ئەو كەسانە رابگرێت كە لە دەرەوەی یاساو رێنماییەكان ماوەی خزمەتیان بۆ درێژكراوەتەوە".
حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا قەیرانی دارایی تێنەپەڕاندووە، ساڵی رابردوو یاسای چاكسازی لە موچەو دەرماڵەی پلە تایبەتەكان لە پەرلەمانی كوردستان تێپەڕێندرا بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەم یاساییەوە جۆرێك لە دادوەریی بۆ موچە بگەڕێندرێتەوە‌و بەشێك لە پارەی بەهەدەردراوی موچە، ببربێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، ئایا سەرۆكی حكومەت لە پرسی خانەنشینكردنی ئەوانەی تەمەنی یاساییان تەواو بووە، پابەند دەبێت بە یاسای چاكسازییەوە یاخود نا ؟

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand