Draw Media

کاریگەرییەکانی دابەزینی بەهای دینار لەسەر بودجەی گشتی

کاریگەرییەکانی دابەزینی بەهای دینار لەسەر بودجەی گشتی

2021-04-11 08:26:23


راپۆرتی: درەو

عێراق تەنها لە دابەزینی بەهای دینار لە (1200)ەوە بۆ (1450) دینار بەرامبەر بە (1) دۆلار، (19) ملیار دۆلار لە خەرجی گشتی بۆ گەڕاوەتەوە، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانیشی، ئومێدی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەڵچنیوە، بەهای نەوت بە (45) دۆلار لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، ئێستا بە (63) دۆلارە ، ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیە بمێنێتەوە (21) ملیار دۆلار داهاتی نەوت زیاد دەکات و بەشێکی گەورەی کورتهێنانەکەی پڕ دەبێتەوە،  ئەگەر نرخی نەوتیش بەو شێوە نەمێنێتەوە و ڕوو لە دابەزین بکات، ناچارە پەنا بەرێتە بەر قەرزی ناوخۆی و دەرەکی وەک لە یاسای بودجەدا هاتووە، ئەوەش باری گرانی ئابورییەکەی قورستر دەکات و کێرفی قەرزەکانیشی کەڵەکە تر و کەڵەگەت تر دەکات...

سەرەتایەکی گشتی
مەبەست لە قەرزی گشتی لە عێراقدا، بریتییە لەو بڕە داهاتانەی (لە ناوخۆ و دەرەوە)لە ئەستۆی حکومەتدایە، پێشتر بە قەرز یان بە شێوەی باج لەسەری کۆبووەتەوە، ئەم کەڵەکە بوونەش کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی هەیە، لە سەروی هەمووشیانەوە کورتهێنانی داراییە لە بودجەی گشتی عێراقدا، سەرچاوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ؛
1.    پشت بەستن بە تاک سەرچاوەی داهات بە شێوەیەکی سەرەکی، کە ئەمەش بە "ئابوری کرێخۆر" ناوزەد دەکرێت، دەوڵەتی عێراق بۆ بەدەستهێنانی داهات بە ڕێژەی (٩٠%) پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.
2.    دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
3.    بەهەدەردانی سامانی گشتی دەوڵەت و زیادە خەرجی، لەسەر بودجەی گشتی.
4.    گەندەڵی دارایی، لەسەرجەم سێکتەرە گشتییەکانی دەوڵەت و نەگەیشتنەوەی بەشێکی داهاتی ناوخۆ بە خەزێنەی گشتی.
5.    سەرهەڵدانی ناسەقامگیری گشتی و نائارامی لە عێراقدا و (جەنگی تیرۆرو شەڕی داعش و ئاوارەیی و پەتای کرۆنا) لە دیارترین ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراقن.
ئەو هۆکارانەی سەرەوە بووە بە هۆی ئەوەی کەلێنی گەروە بکەوێتە کەرتی ئابوری عێراقەوەو کاریگەری ترسناک جێبهێڵێت لە سەر بودجەی گشتی  و کەرتی وەبەرهێنان و دواکەتنی خزمەتگوزاری گشتی و داتەپینی کەرتی تایبەت لە وڵاتیدا و دروستبوونی ناهاوسەنگی گەورە لە کەمبوونەوەی داهاتی گشتی و بەرزبوونەوەی بڕی خەرجی گشتیدا. بۆیە قەبارەی قەرزی گشتی تا ڕادەیەک بەشێوەی بەردەوام ڕووی لە بەزبوونەوە کردووەو لە داهاتوودا دەکەوێتە سەر ئەستۆی حکومەت.
گەورەترین گورزێکیش بەر ئابوری عێراق و بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەرزەکانی ساڵی (٢٠١٤) بوو بە هۆکاری (قەیرانی دارایی و کەرتی سەبازی)ییەوە بوو، کە قەرزە ناوخۆییەکانی لە ساڵی (٢٠١٥) بە ڕێژەی (٢٥٠%) بەرزبویەوەو بۆ پڕکردنەوەی بوجەی گشتی، بەردەوامیش قەرزی ناوخۆ ڕێژەکەی ڕووی لە بەرزبوونەوەدایەو تا ئێستاش ئەو بەرزبوونەوەیە ڕووی لە هەڵکشانە، بۆیە حکومەتی عێراق بەناچاری و بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ناهاوسەنگییە و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانی و زاڵبوون بەسەر قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکانی پەنای بۆ سیاسەتی نزمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی برد.

کاریگەری نزمبونەوەی بەهای دینار لە یاسای بودجە و قەرزی گشتی
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق؛ 
1.    کۆی داهاتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە (١٠١) ترلیۆن و (٣٢٠) ملیار و (١٤١) ملیۆن و (٩٨٤) هەزار دینار خەمێندراوە، لە سەرچاوەکانی؛
أ‌.    بەپێی یاساکە داهاتی نەوت بەڕێژەی (٨٠%) و بە (٨١) ترلیۆن و (١٧١) ملیار و (١١٢) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار دینار خەمڵێندراوە.
بەپێی یاساکە نرخی نەوت بە (٤٥) دۆلاری ئەمریکی دیاریکراوە بە مەرجێک ڕۆژانە بڕی (٣) ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەستنیشان کراوە.
ب‌.    بەپێی یاساکە داهاتی نانەوتی بەڕێژەی (٢٠%) و بە(٢٠) ترلیۆن و (١٤٩) ملیار و (٢٩) ملیۆن و (٤٨٤) هەزار دینار دیاریکراوە.
2.    یاساکە خەرجییەکانی بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار تەرخان کردووە بۆ بوارەکانی (خەرجی بەکاربردن، خەرجی سەرمایەگوزاری و خزمەتگوزاری و گەشەپێدان، خەرجی لەناکاو ...هتد).
3.    کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار هاتووە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش پشت دەبەسترێت بە؛
أ‌.    پڕکردنەوەی کورتهێنان بە گریمانەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
ب‌.    زیادکردنی بڕی هەناردەی نەوت.
ج‌.    پەنابردنە بەر قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی.

کاریگەری دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لەسەر بودجەو قەزری گشتی 
حکومەتی عێراق بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێک لە قەیرانی دارایی عێراق، بەناچاری پەنای بۆ دابەزاندنی بەهای دراوی وڵاتەکەی بردوو، بەهای دیناری لە (١٢٠٠) هەزاو دوو سەد دینارەوە بۆ (١٤٥٠) هەزار و چواسەدو پەنجا دینار بەرامبەر (١) دۆلاری ئەمریکی دابەزاند، چونکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراق لە نەوتەوە دابین دەکرێت و نەوتەکەش بە دۆلار ساغ دەبێتەوە، بۆیە ئەمەش یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر بەشێکی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەی گشتیدا دروست دەبێت چونکە؛
1.    کۆی گشتی خەرجییەکانی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بە (١٢٩) ترلیۆن و (٩٩٣) ملیار و (٩) ملیۆن و (٢٩١) هەزار دینار خەمڵێندراوە (بڕوانە چارتی ژمارە (١)).
‌أ.    ‌ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٢٠٠) دینار بێت، ئەوا بودجەی گشتی بەرامبەر (108) ملیار و (٣٢٧) ملیۆن و (٥٠٧) هەزار (٧٤٣) دۆلار دەبێت. 
‌ب.    ‌ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٤٥٠) دینار بێت، ئەوا بودجەی گشتی بەرامبەر (89) ملیار و (650) ملیۆن و (351) هەزار (235) دۆلار دەبێت.
‌ج.    ئەو جیاوازییەی لە بودجەی گشتیدا دروست دەبێت و بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت بریتی دەبێت لە (١٨) ملیار و (٦٧٧) ملیۆن و (١٥٦) هەزار (٥٠٧) دۆلار دەبێت.

چارتی ژمارە (١)

2.    کاریگەری دابەزینی بەهای دینار لەسەر کورتهێنان لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١، کە کورتهێنان بە (٢٨) ترلیۆن و (٦٧٢) ملیار و (٨٦٧) ملیۆن و (٣٠٧) هەزار دینار خەمڵاندراوە (بڕوانە چارتی ژمارە (2)).
‌أ.    ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٢٠٠) دینار بێت، ئەوا کورتهێنانەکە بەرامبەر (٢٣) ملیار و (٨٩٤) ملیۆن و (٥٦) هەزار (٨٩) دۆلار دەبێت. 
‌ب.    ‌ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٤٥٠) دینار بێت، ئەوا کورتهێنانەکە بەرامبەر (١٩) ملیار و (٧٧٤) ملیۆن و (٣٩١) هەزار (٢٤٦) دۆلار دەبێت.
‌ج.    ئەو جیاوازییەی لە کورتهێنانی بودجەدا دروست دەبێت و بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەوە بریتی دەبێت لە (٤) ملیار و (١١٩) ملیۆن و (٦٦٤) هەزار (٨٤٣) دۆلار.

چارتی ژمارە (٢)


3.    قەرزی گشتی دیاردەیەکی باوی ئابورییەو وڵاتان بەگشتی پەنای بۆ دەبەن بۆ پڕکڕدنەوەی کورتهێنانەکانیان لە بودجەی گشتی و زاڵبوون بەسەر قەیرانە ئابوری و داراییەکانداو قەرزەکانیش بە گشتی دوو جۆرن (قەرزی دەرەکی و قەرزی ناوخۆیی)، عێراقی نوێ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەردەوام پەنای بۆ هەردوو جۆرەکەی قەرز بردووەو بەردەوامیش ڕێژەکەی  ڕووی لە بەرزبوونەوە بووە، بڕوانە چارتی (٣) و چارتی (٤).
بەڵام دابەزینی بەهای دینار کاریگەری لەسەر جۆری قەرزی دەرەکی نابێت کە لە ئێستادا (60) ملیار دۆلارە، چونکە قەرزەکە بە دۆلارەو بە دۆلاریش دەگەڕێندرێتەوە، سەرچاوەی سەرەکی داهاتی دۆلارە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە.
بەڵام دابەزینی بەهای دینار کاریگەی لەسەر ئەو قەرزە ناوخۆییانە دەبێت کە بە دینار کراون (بڕوانە چارتی ژمارە (٥))، لە ئێستادا قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق (٨٤) ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە کاریگەرییەکەشی بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت؛
‌أ.    ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٢٠٠) دینار بێت، ئەوا ئەو (٨٤) ترلیۆن دینارەی قەرزی ناوخۆ دەکاتە (٧٠) ملیار دۆلار. 
‌ب.    ئەگەر (١) دۆلار بەرامبەر (١٤٥٠) دینار بێت، ئەوا ئەو (٨٤) ترلیۆن دینارەی قەرزی ناوخۆ، دەکاتە نزیکەی (٥٨) ملیار دۆلار. 
‌ج.    ئەو جیاوازییەی ئەو بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەوە لە قازانجی حکومەتی عێراق لە قەرزی ناوخۆدا دروست دەبێت دەگاتە (١٢) ملیار دۆلار .
چارتی ژمارە (٣)
  

 

چارتی ژمارە (4)

چارتی ژمارە (5) 

سەرچاوەکان

  • قانون الموازنة العامة الاتحادية لجمهورية العراق للسنة المالية 2021، علی الموقع:

https://parliament.iq/wp-content/uploads/2021/04/%D9%82%D8%A7%D9%86%D9%88%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%88%D8%A7%D8%B2%D9%86%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA%D8%AD%D8%A7%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D9%84%D8%AC%D9%85%D9%87%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D9%84%D9%84%D8%B3%D9%86%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%84%D9%8A%D8%A9-2021-1.pdf

  • أحمد حامد الهذال، أسباب الهيمنة المالية - النفطية وآثارها على سعر الصرف في العراق، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع:

https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2021/04/Yh870.pdf

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand