Draw Media

پزیشكی هەژاران.. دواین جولەكەی عێراق كە كۆچی دوایی كرد

پزیشكی هەژاران.. دواین جولەكەی عێراق كە كۆچی دوایی كرد

2021-03-29 13:23:46


(درەو):
(زافر فواد ئیلیاهۆ) كە دكتۆرێكی عێراقی بوو كۆچی دوایی كرد، ئەم پیاوە بە "پزیشكی هەژاران" ناسرا بوو، ئەو دواین كەسی ئەو جولەكانەی عێراق بوو كە هێشتا لە وڵاتەكەیان نیشتەجێن.
ئەم پزیشك‌و نەشتەرگەرە ناسراوەی ئێسك، دوای مردنی لە تەمەنی (62 ساڵیی)دا، بەر لە چەند رۆژێك لە گۆڕستانی جولەكەكان بەخاكسپێردرا، "نەخۆشخانەی واستیی" كە ئەم پیاوە ماوەی چەندین ساڵ بوو كاری تێدا دەكرد، هەواڵی مردنەكەی راگەیاند. 
گۆڕستانی حەبیبە گەورەترین گۆڕستانی جولەكەكانە لە عێراق، دەكەوێتە ناوچەی سەدر لە بەغداد، پیاوێكی موسوڵمان پاسەوانی ئەم گۆڕستانە دەكات، گۆڕو سەردانكەری دەگمەنی هەیە. 
هاوڕێكانی ئیلیاهۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێن ئەم پزیشكە چەندین ئۆفەری بۆ كۆچكردن بۆ دەرەوەی عێراق رەتكردوەتەوە‌و مانەوەی لە وڵات بەباشتر زانیوە. 
خوشكێكی ئیلیاهۆ كە رەتیكردوەتەوە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای وتووە:" من نوێژم لەسەر كرد، هاوڕێكانیشی بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاكسپاردنیدا كردو هەر كەسە‌و بەگوێرەی ئاینیی خۆی نوێژی لەسەر كرد". 
لە بەغداد كە یەك پەرەستگای جولەكە هەیە بۆ بەكارهێنان گونجاو بێت، ئەم جۆرە نوێژە روداوێكی دانسقەیە، ئەو جولەكانەی هێشتا لە عێراقدا ماون، بەزۆریی سروستە ئاینییەكانیان لەناو ماڵەكانیاندا ئەنجام دەدەن. 
ئیدوین شوكر كە جولەكەیەكە‌و ساڵی 1955 لە عێراق لەدایكبووە‌و لە تەمەنی شانزە ساڵیدا كۆچی كردووە بۆ بەریتانیا دەڵێ:" لە عێراق جگە لە چوار كەس، هیچ جولەكەیەك نەماوە كە رەگەزنامەی عێراقی هەبێت‌و لە دایك‌و باوكێكی جولەكە لەدایك بوبێت".
بەدرێژایی مێژووی عێراق، جولەكە بەشێكی بنەڕەتی بووە لە تەونی فرەڕەنگی ئاینی‌و كۆمەڵایەتی وڵات، ساڵی 1948 دوای دروستبوونی ئیسرائیل، ژمارەی جولەكە لە عێراق دەگەیشتە نزیكەی (150 هەزار) كەس، پاشان ئەم ژمارەیە دەستی بە كەمبونەوە كرد، ئەمەش بەهۆی لێسەندنەوەی بەڵگەنامە كەسییەكانیان‌و گۆڕینی بۆ بەڵگەنامەی تری تایبەت بە جولەكەكان، بەپێی راپۆرتی (فرانس پرێس) ئەمە وایكردووە، لەكاتی دەرهێنانی ئەو بەڵگەنامانەدا جولەكەكان بەئامانج بگیرێن. 
لە ساڵی 1951دا، نزیكەی 96%ی جولەكەكانی عێراق وڵاتیان بەجێهێشت، بەهۆی پرۆسەی لەسێدارەدانی ئاشكرای ژمارەیەك بازرگان كە زۆربەیان جولەكە بوون بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل لە ساڵی 1969دا، ژمارەیەكی زیاتر كۆچیان كرد. 
پلە بە پلە‌و بەدرێژایی چەندین دەیە، بەهۆی جەنگی عێراق- ئێران (1980- 1988)‌و داگیركردنی كوەیت‌و گەمارۆی ئابوری كە تاوەكو جەنگی عێراق‌و كەوتنی رژێمی سەددام لە 2003 بەردەوام بوو، ئەم پێكهاتە بچوكە بوونی نەما، دوای ئەم قۆناغەش، ژمارەی جولەكەكان بەهۆی شەڕی تائیفی‌و چەندین ساڵ لە توندوتیژی خوێناوی، ژمارەكە بەردەوام بوو لە كەمبونەوە. 
بەگوێرەی بروسكەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكا، لە ساڵی 2009دا تەنیا (8) جولەكەی عێراقی لە وڵاتەكەی خۆیاندا ماون. 
لەبەرامبەردا، ئامارە فەرمییەكان باسلەوە دەكەن، (219 هەزار) جولەكەی بەڕەگە‌و عێراق لە ئیسرائیل هەن كە گەورەترین گروپی ئەو جولەكانەن لە ئاسیاوە هاتوون. 
ئەم كەسانە لەدوای خۆیان ماڵ‌و پەرەستگایان بەجێهێشتووە، كە تاوەكو ساڵی 2003 ئەم موڵكانە بارودۆخیان باش بووە‌و لای كەسانی مەلاكی ناسراو بوون، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئیدوین شوكر بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا. 
شوكر باسلەوە دەكات، گەڕانەوەی ئەم موڵك‌و ماڵانە "هیچی ناوێت جگە لە دەنگدانێكی پەرلەمان" بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانە جولەكەكان.

سەرچاوە: BBC
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand