Draw Media

بەهۆی ئەردۆغانەوە داوای دوورخستنەوەی ئۆزێل و گۆندۆگان لە مۆندیال دەكرێت

بەهۆی ئەردۆغانەوە داوای دوورخستنەوەی ئۆزێل و گۆندۆگان لە مۆندیال دەكرێت

2018-05-16 15:02:26


وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت & نامیق رەسوڵ


مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوای دیدارێكیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە لەندەن. مشتومڕێكی توندیان لە ئەڵمانیا دروستكردووە، ئەو خەڵاتانەی كە ئەو دوو یاریزانە بەخشییانە ئەردۆغان، جارێكی تر پرسی كێشەی ئینتیمایان لە ئەڵمانیا هێنایەوە بەر باس و خواس.
چەند رۆژێكی كەم بەر لەوەی ئەوەی یواخیم لۆف راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێكهاتەی بەرایی مانشافت بۆ بەشداریكردن لە یاریییەكانی كۆتایی جامی جیهانی لە روسیا ئاشكرابكات ، دوو یاریزانی نێودەوڵەتی بەڕەگەز تورك، مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان روبەڕووی شەپۆلێك توندی توڕەیی رایگشتی ئەڵمانیا دەبنەوە كە گەیشتوەتە ئاستی داواكردن لە لۆف بۆ ئەوەی ناویان لە لیستی مۆندیالدا بسڕێتەوە، ئەمەش ئەو شتە بوو كە لۆف بەتەواوەتی پشتگوێی خست كاتێك نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە لیستەكەی ئاشكراكرد.
چیرۆكەكە رۆژی یەكشەممە (13 ئایاری 2018) دەستیپێكرد، كاتێك یاریزانی ئەرسیناڵ ئۆزێل و یاریزانی مانشستەر سیتی گۆندۆگان لە لەندەنی پایتەخی بەریتانیا چاویان بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كەوت و هەردووكیان لەبەردەم كامێرای وێنەگراندا درێسی یانەكانیان پێبەخشی، لەسەر درێسە ژمارە هەشتەكەی گۆندۆگان نوسرابوو " لەگەڵ رێزم بۆ سەرۆكی پیرۆز". 


پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا یەكەم لایەن بوو كە ئەو وێنەیەی لەسەر هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاوكردەوە، ئەمە بەر لەوەی ئۆزێل لەسەر هەمان پێگە وێنەی خۆی لەگەڵ گۆندۆگان و جینك توسن هێرشبەری ئیڤرتۆن بڵاوبكاتەوە كە ئەویش لە دیدارەكەدا ئامادەبوو، ئۆزێل لە تویتەكەیدا نوسی "دیدارێكی باش ئەم ئێوارەیە..".
لەوكاتەوە رێژنەی ئەو رەخنانە رانەوەستاوە كە ئاڕاستەی ئەو دوو یاریزانە دەكرێن، ئەمە چ لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە كە لە یەكەمین ئیدانەكەرەكان بوو، هەروەك راوێژكاری ئەڵمانیاش هاتەسەر خەت و وتی ئەوەی ئەو دوانە كردویانە" پرسیاری دروستكردووە و بوەتەهۆی هەڵەتێگەیشتن". ئەو پرسیارانە رۆژنامە ناوخۆییەكان ماوەی دوو رۆژە بە دوورودرێژی گفتوگۆیان لەسەر دەكەن، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لای خۆیانەوە پڕبوون لە كۆمێنتی توڕە كە بەشێكی زۆری ئەو كۆمێنتانە لەلایەن رەوەندی توركیاوە لەناو ئەڵمانیا دەرچوون.
ئەو رەخنانە لە دوو خولگەی سەرەكییەوە بوون، یەكەم لە دەوری كەسێتی ئەردۆغان دەسوڕێتەوە لەگەڵ ئەو توڕەییەی كە گوزارشت لە "بانگەشە" بۆ ئەو دەكەن بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كە بڕیارە حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بەڵام بەشی دووەم كە بایەخەكەی كەمتر نییە و سروشتێكی سیاسی-كۆمەڵایەتی هەیە، لە دەوری گرفتی ئاوێتەبوون دەسوڕێتەوە، بەوپێیەی ئەو دوو یاریزانە كە لەدایكبوی شاری گلسینكیرشن-ن (خۆرئاوای ئەڵمانیا)، سیمبوڵی ئاوێتەبوونێكی سەركەوتوو بوون و دوو روخساری ئەوانە بوون كە ناویان لێنراوە " ئەڵمانییە نوێیەكان". بەڵام ئەو دوانە لەم دیدارەدا گوزارشتیان لەوەكرد كە ئەردۆغان سەرۆكی "راستەقینە"یانە، وەكو ئەوەی رەخنەگران دەڵێن.


بانگەشەكردن بۆ دیكتاتۆر
لەوانەیە ئەو تویتەی كە پارتی " مەسیحی كۆمەڵایەتی باڤاریا" دەستەخوشكی پارتەكەی مێركڵ دەریبڕی ئێستا ناخی زۆرێك لە ئەڵمانییەكان بێت كە دەڵێت:" ئەو كەسەی درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەپۆشێت پێویستە لەسەری ملكەچی بەهاكانی وڵاتەكەمان بێت و هەڵمەتی بانگەشە بۆ دیكاتۆرەكان نەكات كە هەوڵ بۆ سەركوتكردنی ئازادی رادەبڕین و ئازادییە گشتییەكان دەدەن".
ئەم دیدارە بەلای ناوخۆی  ئەڵمانیاشەوە لە چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وەك دیدارێكی رەمزی وەسفكرا، لیندا توتبێرگ وتەبێژی كاروباری كۆچ لە پارتی لیبراڵی ئازاد كۆبونەوەكەی ئەردۆغان و ئەو یاریزانانەی بە" گەمەیەكی هەڵە و گۆڵێكی پێچەوانە وەسفكرد بەلای ئەو كەسانەی بانگەشەی یاری زۆر خاوێن و دیموكراتی تر لە توركیا دەكەن".
ئەم هەڵوێستە لە بنەڕەتدا كە زیاتر جەخت لە كەسایەتی ئەردۆغان وەكو پرۆژەیەكی " دیكتاتۆری " دەكاتەوە، بەر دیواری دیموكراتیەتی تازە پێگەیشتووی توركیا دەكەوێت، بەوەش پێویست ناكات دوو یاریزان كە نوێنەرایەتی ئەڵمانیا دەكەن بەشداربن لە " گەمە" یەكی سیاسیدا و بە تایبەتی هەردوو یاریزانەكە هێز و پێشەنگن بۆ لاوانی توركیا لەناو توركیا و ئەڵمانیا، یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیاش كە چەند ساڵێكە دروشمی " فرەیی" بەرزكردوەتەوە توڕەیی خۆی لە لۆمەكردنی راستەوخۆی یاریزانەكان دەربڕی و بە بۆچونی راینهاڵد گریندڵ سەرۆكی یەكێتییەكە دەڵێت ئەو دوو یاریزانە لەلایەن هەڵمەتی بانگەشەی ئەردۆغانەوە قۆستراونەتەوە، لە كاتێكدا كە " تۆپی پێ و یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا پابەندی چەند بەهایەكن كە لەلایەن بەڕێز ئەردۆغانەوە رێزی تەواوەتییان لێ ناگیرێت".
خودی گریندڵیش یەكێك بوو لەوانەی لە ڤیتۆی رۆژنامەكان رزگاری نەبوو، رۆژنامەی " ڤیستدۆیچە تسایۆنگ" پرسیاری دەربارەی مانای ئەو بەهایانە كرد كە گریندڵ باسیان دەكات و دەڵێت یەكێتی تۆپی پێ گرەو لەسەر " دانوستان دەكات نەك لێكدابڕان"، پاشان رۆژنامەكە وایدەبینێت پێویست ناكات خۆت بە پەرستگاری ئەخلاقدا هەڵبواسیت، كە یەكێتی تۆپی پیێ‌ هیچ گرفتێك لە چوون بۆ ماڵی سەرۆكی روسیا ڤلادیمێر پۆتندا نابینێت.


لەم مشتومڕەدا گۆندۆگان هەوڵیدا بەرگری لە هەڵوێستەكەی بكات لەسەر ئەوەی كە لەسەر درێسەكەی نوسیوێتی، دەڵێت " ئەوە وتاری سیاسیی نییە"، بەڵام بەلای زۆرێكەوە باوەڕكردن بەوە قورسە بە تایبەتی گۆڕانكارییەكانی كە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەڵمانیا بەخۆیەوە بینی ئەم دیدارە دەخاتە چوارچێوەیەیەكی سیاسیی رووتەوە.


كێشەی ناسنامە
كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان جارێكی تر  كێشەی ئاوێتەبوون و گونجانی هێنایەكایەوە، ئۆزێل كە براوی خەڵاتی ئاوێتەبوونی (بامبی) ساڵی 2010 یە، ئەمڕۆ جەختدەكاتەوە كە سەرۆكەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، رۆژنامەی " ڤیستدویچە تسایۆنگ" لە كۆمێنتەكەیدا دەربارەی ئەوە نوسویەتی دەڵێ:" كارەكە سادەیە بەڕێز گۆندۆگان، سەرۆكەكەت شتانمایەرە، و راوێژكاریش ئەنگێلا مێركڵە و دەستوریش یاسای بنەڕەتییە، با بەدواداچوون بكەین، ئەگەر ئەمەت بەدڵ نەبوون درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دابكەنە".
مەسعود ئۆزێل ساڵی 1988 لە ئەڵمانیا لە دایكبووە، تەنها رەگەزنامەی توركیای هەبوو، چونكە ئەو كاتە رێگە بە بوونی دوو رەگەزنامە نەدەدرا و ساڵی 2007 دەستبەرداری رەگەزنامەی توركیا بوو و رەگەزنامەی ئەڵمانیی وەرگرت و بەوەش بڕیاریدا یاری بۆ هەڵبژاردەی مانشافت بكات، دوای راوێژكردن بە دایك و باوك و ئەندامانی خێزانەكەی، هەروەك خۆی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی پێشووتردا روونیكردووەتەوە.
بەڵام گۆندۆگان ساڵی 1990 لە ئەڵمانیا لە دایكبووە و ساڵی 2011 بۆ یەكەمجار یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كردووە، ئەو بەردەوام هەردوو رەگەزنامەی توركی و ئەڵمانیی هەبووە، واتە سەرۆكی فیعلی ئەو ئەردۆغان و شتنمایەرە.
بە بۆچوونی ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران ئەم دوو یاریزانە بەشێوەیەگی گەورە زیانیان بە پرۆسەی ئاوێتەبوونی كۆچبەران لەناو ئەڵمانیادا گەیاندووە، بەرای جیم ئۆزدەمیر سەرۆكی پێشووی پارتی سەوز، بەو دیدارە خزمەتێكی زۆریان پێشكەشی دەنگە پۆپۆلیستەكان كردووە كە هەتا ئەم ساتە رەتیدەكەنەوە دان بنێن بەو دینامیكییەی كە كۆمەڵگەكەی ئەڵمانیی لەم چەند ساڵەی دواییدا بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی نەوەی دووەم و سێیەمی كۆچبەران، عەرەب بن یان تورك جەخت لەسەر ئەڵمانیی بوونیان دەكەنەوە و خۆیان بە ئەڵمانیی نوێ‌ دەناسێنن، ئەوانەشن كە سەر بە نەوەی گۆندۆگان و ئۆزێلن.
سەرچاوە: DW

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand