Draw Media

ئەو پارێزگارانەی زۆرترین وێنەی خۆیان بڵاو دەكەنەوە

ئەو پارێزگارانەی زۆرترین وێنەی خۆیان بڵاو دەكەنەوە

2021-03-12 18:11:38


درەو:
لەماوەی دوو هەفتەدا پارێزگاری هەولێر (330) وێنە، پارێزگاری سلێمانی (350) وێنە، دهۆك(72) وێنە، هەڵەبجە (74) وێنەو بەغداد (31) وێنەی خۆیان بڵاوكردووەتەوە، ئەی پارێزگارەكانی ( لەندەن و نیویۆرك) چەند وێنەی خۆیان بڵاوكردووەتەوە. 

وێنەی پارێزگارەكان
دیارترین كاری پارَزگارەكانی هەرێمی كوردستان، بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان بە دەرزەن لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، جاری وابووە (80) وێنە لەیەك پۆستدا بڵاوكراوەتەوە، (درەو) تەنیا (12) رۆژی مانگی ئازاری 2021ی وەرگرتووەو تەواوی وێنەی پارێزگارەكانی لەو (12) رۆژەدا بژاردووە، دەركەوتووە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان كێبەركێیانە بۆ بڵاوكردنەوەی وێنەكانی خۆیان، بەشێك لە وێنەكان وێنەی چالاكی و بازاڕو كردنەوەی مۆڵ و  پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانە.

 

یەكەم: پارێزگاری هەولێر
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەولێر ( 2 ملیۆن و 254 هەزار) كەسە، ئومێد خۆشناو لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان پارێزگاری هەولێرە، لە بەرواری 1/3/2021 بۆ 12/3/2021 لە ماوەی (12) رۆژی مانگی ئازاردا  (330) وێنەی خۆی لە چالاكیە كۆمەڵایەتی و ژینگەیی و چالاكیە ئیداریەكانیدا بڵاوكردووەتەوە.
زۆرترین وێنەی لە رۆژی (8/3/2021) دا بڵاوكردووەتەوە كە (62) وێنەبوو لەو رۆژەداو كەمترین وێنەی لە رۆژی (5/3/2021) دا بڵاوكردووەتەوە كە تەنیا (8) وێنە بووە.


 
دووەم: پارێزگاری سلێمانی
پارێزگاری سلێمانی كە ژمارەی دانیشتوانەكەی ( 2 ملیۆن و 152 هەزار) كەسە، پارێزگارەكەی لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە بەرواری 1/3/2021 بۆ 12/3/2021 واتا هەڤاڵ ئەبوبەكر (352) وێنەی خۆی لە چالاكیە كۆمەڵایەتی و ژینگەیی و چالاكی ئیداریەكانیدا بڵاوكردووەتەوە.
زۆرترین وێنەی لە رۆژی (6/3/2021) دا بڵاوكردووەتەوە كە (96) وێنەبوو لەو رۆژەداو كەمترین وێنەشی لە رۆژی (5/3/2021) دا بڵاوكردووەتەوە كە تەنیا (2) وێنە بووە، هیچ رۆژێك نەبووە وێنەی خۆی تێدا بڵاو نەكردبێتەوە، تەنانەت لە رۆژە پشووەكانیشدا. 

سێیەم: پارێزگاری دهۆك

ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆك ( ملیۆنێك و 648 هەزار) كەسە، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك، لە بەرواری 1/3/2021 بۆ 12/3/2021 لە ماوەی (12) رۆژدا  (72) وێنەی خۆی لە چالاكیە كۆمەڵایەتی و ژینگەیی و چالاكی ئیداریەكانیدا بڵاوكردووەتەوە، لە پەیجی رەسمی خۆی بڵاوكردووەتەوە 
زۆرترین وێنەی لە رۆژی (8/3/2021) دا بڵاوكردووەتەوە كە (28) وێنەبوو لەو رۆژەداو كەمترین وێنەی لە رۆژی (11/3/2021) دا بڵاوكردووەتەوە كە تەنیا (1) وێنە بووە، هەندێك رۆژی (1، 5، 6، 12/3/2021) هیچ وێنەیەكی بڵاونەكردووەتەوە.

چوارەم: پارێزگاری هەڵەبجە
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە ( 115 هەزار) كەسە، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، پەیجی رەسمی خۆی نیەو لە پەیجی رەسمی پارێزگای هەڵەبجەوە وێنەی چالاكیەكانی بڵاو دەكاتەوە،  لە بەرواری 1/3/2021 بۆ 12/3/2021 لە ماوەی (12) رۆژدا  (74) وێنەی خۆی لە چالاكیە كۆمەڵایەتی و ژینگەیی و چالاكی ئیداریەكانیدا بڵاوكردووەتەوە.
زۆرترین وێنەی لە رۆژی (8/3/2021) دا بڵاوكردووەتەوە كە (16) وێنەبوو لەو رۆژەداو كەمترین وێنەی لە رۆژی (5/3/2021) دا بڵاوكردووەتەوە كە تەنیا (1) وێنە بووە، هەندێك رۆژی (6، 7، 12/3/2021) هیچ وێنەیەكی بڵاونەكردووەتەوە. 


پێنجەم: پارێزگاری بەغداد 
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای بەغداد (8 ملیۆن و 650 هەزار) كەسە پارێزگارەكەی ( محەمەد جابر عەتا)یە لە ماوەی (12) رۆژدا لە 1/3/2021 بۆ 12/3/2021 لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك (14) پۆستی كردووە، (31) وێنەی خۆی بڵاو كردووەتەوە، بەشێك لە وێنەكان خزمەتگوزاری و پەیام و پیرۆزباییە. 

شەشەم: پارێزگاری نیویۆرك:
ئەندرۆ مارك كۆمۆ پارێزگاری شاری نیویۆرك كە لە ساڵی 2011 ەوە لەو پۆستەدایە، ژمارەی دانیشتوانی شاری نیویۆرك نزیكەی ( 9ملیۆن) كەسە، لە مانگی ئازاردا لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك هیچ وێنەیەك و چالاكیەكی خۆی بڵاو نەكردووەتەوە، لە پەیجی رەسمی پارێزگاری نیویۆركدا (6) پۆستی كردووەو لەماوەی ئەو 12 رۆژەدا كە بەشێكیان كۆنگرەی رۆژنامەوانین تایبەت بە هۆشیاری كوتان و كۆرۆنا.
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پارێزگاری نیویۆرك هیچ وێنەیەكی خۆی بڵاو نەكردووەتەوەو تەنیا باسی لەو رێوشوێنانە كردووە كە تیمەكانیان بۆ كوتانی كۆرۆنا گرتویانەتە بەر و رایگەیاندووە 20%ی دانیشتوانی نیویۆرك بە ڤاكسینی كۆرۆنا كوتراون كە تا ئێستا ( 6 ملیۆن و 88 هەزار) كەس لە نیویۆرك ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە.
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پارێزگاری شاری نیویۆرك (68) پۆستی كردووە، یەك وێنەی خۆی دانەناوە، تەواوی پۆستەكانی تایبەتن بە ئاگاداری كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا و هەواڵی چاكبوونەوەو هۆشیاری كوتان و خستنەرووی ئامارەكانی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا، لەگەڵ (4) كۆنگرەی رۆژنامەوانی تایبەت بە خستنەرووی ئامارەكانی كۆرۆنا و هۆشاری كۆرۆنا بڵاوكردووەتەوە.

حەوتەم: پارێزگاری لەندەن
سادق خان پارێزگاری لەندەن (عومدەی لەندەن) كە لە ساڵی 2016 ەوە پارێزگاری ئەو شارەیە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی (10 ملیۆن) كەسە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك تەنیا (21) پۆستی كردووەو تایبەتن بە خزمەتگوارییەكان هۆشیاری كۆرۆناو لە دوو وێنەدا كە لینكی رۆژنامەی میترۆی بڵاوكردووەتەوە وێنەی خۆی دەرچووەو نوسینەكە باسی خزمەتگوزاری دەكات، لە وێنەیەكیشدا هانی خەڵكی دەدات بۆ بەكارهێنانی بایسكل بەهۆی زۆری و قەرەباڵغی ئۆتۆمبێلەوە وێنەی خۆی بە بایسكلیەوە دەرچووە.  
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەریش چەند پۆستێكی كردووەو لینكی ئەو نوسین و بابەتانەی بڵاوكردووەتەوە كە تایبەتن بەخۆی و هۆشیاری خۆپاراستن لە كۆرۆنا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand