Draw Media

شێخ مەحمود بارزانی و لاهور شێخ جەنگی کۆدەکاتەوە

شێخ مەحمود بارزانی و لاهور شێخ جەنگی کۆدەکاتەوە

2021-03-11 10:00:00


 (درەو):
نەوەیەكی مەلیكی كوردستان دەیەوێت گرژیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بڕەوێنێتەوە، مەسعود بارزانی بەڵێنی پێداوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا كۆببێتەوە.
مەحمود حەفیدزادە نەوەی شێخ مەحمودی "مەلیکی کوردستان" چەند رۆژێکە هەوڵێکی دەستپێکردووە بۆ ئاشتەوایی لەنێوان یەکێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
رۆژی ٩ی ئەم مانگە مەحمود حەفیدزادە سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، دوێنێش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بینی.
ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (رووداو) حەفیدزادە ئاشکرایکرد، مەسعود بارزانی ئامادەیی دەربڕیوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا دابنیشێت، بەڵام تێبینی و سەرەنجی هەبووە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو دانیشتنەکە.
مەحمود حەفیدزادە وردەکاری سەرەنج و تێبینییەکانی بارزانی بۆ دیدار لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئاشکرا نەکرد، بەڵام وتی تێبینییەکانی بە لاهور شێخ جەنگی گەیاندووە.
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ حەفیدزادەدا لە پەیجی فەرمی خۆی نوسیویەتی:" هەر هەوڵ و هەنگاوێک لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک و رزگارکردنیان بێت لە نەهامەتی و برسێتی، پێشوازی لێ دەکەین".

بە پێی قسەی حەفیدزادە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیدارە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان بارزانی و لاهور شێخ جەنگی زۆر پێ باشەو هەوڵی سەرخستنی دەدات  
مەحمود حەفیدزادە کە لە شاری سلێمانی دادەنیشێت، ماوەیەکە جموجوڵە سیاسییەکانی زیادی کردووە، دیپلۆماتکارانی بەریتانی و ئێرانی دەبینێت.
رەنگە شێخ مەحمود بیەوێت دوای نزیکەی (٨٠) ساڵ دابڕان، جارێکی تر بنەماڵەی حەفیدەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی، بەتایبەتیش ئەگەر بەریتانی نەیاری دوێنێی مەلیک مەحمود، پاڵپشتی لە جموجوڵەکانی شێخ مەحمودی نوێ بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand