حزب لەبری وەزارەت پۆستەكانی ناو زانكۆ پڕدەكاتەوە
2021-03-10 09:53:31
راپۆرتی: درەو
حەوت مانگ لەمەوپێش وەزارەتی خوێندنی باڵا شەش پۆستی لەناو زانکۆی سلێمانی راگەیاند کە بەپێی (CV) پڕدەکرێنەوە، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی یەکێتییەوە تائێستا پڕنەکراونەتەوە، ئێستا وەزارەتی شەش پۆستی تری لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا راگەیاندووە، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان چی دەگوزەرێت ؟ چۆن فێڵ لە یاسا دەکرێت ؟ لیژنە زانستییەکان پۆستەکان یەکلادەکەنەوە یان لیژنە حزبییەکان ؟ وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
پڕكردنەوەی پۆستەكان
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پۆستی سەرۆكی (6) زانكۆو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكانی راگەیاند، کە گوایە دەیەوێت بەپێی مەرجە یاساییەکان و (CV)ی پڕیان بکاتەوە، پۆستەکان ئەمانەن:
1- سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین – هەولێر
2- سەرۆكی زانكۆی سۆران
3- سەرۆكی زانكۆی هەولێری پزیشكی
4- سەرۆكی زانكۆی دهۆك
5- سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك
6- سەرۆكی زانكۆی زاخۆ
7- سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكیەكان.
ئەو مەرجانەی بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆكان دیاریكراوە، ئەمانە:
1- هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت.
2- نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت.
3- خزمەتی زانكۆیی لە (10) ساڵ كەمتر نەبێت.
ئەم پۆستانە کە وەزارەت بۆ پڕکردنەوە رایگەیاندوون، بەشێکیان بەتاڵن و بەشەکەی تریان خانەنشین دەبن و هەموشیان دەکەونە سنوری "زۆنی زەرد"و هیچ سەرۆک زانکۆیەکی "زۆنی سەوز"ی تێدا نییە، ئەمە لەکاتێکدایە بەشێك لە سەرۆكی زانكۆكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی-ش وادەی یاساییان كە (٤ ساڵە)، بەسەرچووە.
ئەو پۆستانەی هەر یەکلانەبونەوە !
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، وەزارەتی خوێندنی باڵا تەنیا بەڕوكەش پۆستەكان رادەگەیەنێت و (CV) یەكان پڕدەكرێنەوە، ئەگەرنا ئەو پۆستانە لەلایەن حزبەكانەوە دادەنرێن و ئۆكەی كۆتاییان لەسەر دەدرێت، بەنمونەی ئەوەی هەموو سەرۆكی زانكۆكانی (زۆنی زەرد) پارتین و ئەوانەی (زۆنی سەوز) یەكێتین.
رۆژی ١٠ی ئابی ساڵی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕكردنەوەی (6) پۆستی لە زانكۆی سلێمانی راگەیاند، بەڵام تائێستا ئەو پۆستانە پڕنەكرانەوە، پۆستەكان بریتی بوون لە:
1- راگری كۆلیژی پزیشكی
2- راگری كۆلیژی پزیشكی ڤێتەرنەری
3- راگری ڕاگری كۆلیژی زمان
4- راگری كۆلیژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان
5- راگری كۆلێژی بازرگانی
6- راگری كۆلێژی هونەرە جوانەكان
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەهۆی دەستوەردانی كوتلە جیاوازەكانی حزبەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆی سلێمانی نەیانتوانیوە ئەو پۆستانە پڕبکەنەوە، چونکە لە بنەڕەتەوە ئەوانەی چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستانەیان هەیە، دەبێت تەزكیەی حزبییان هەبێت و كارەكتەرە حزبیەكان ئۆكەی دەستبەکاربونیان لەسەری بدەن.
لیژنەی زانستی و لیژنەی حزبی
لیژنەیەكی حزبی لە پشت لیژنە زانستییەكانەوە کاندیدەکان هەڵدەسەنگێنن و ئیرادەی راستەقینە لای ئەوانە، لەلایەكی تر دەستی كۆمیتەو ناوچەكان لەناو زانكۆو پەیمانگاكاندا كاریگەری راستەوخۆیان لە دانان و یەكلاكردنەوەی پۆستەكاندا هەیەو تارمایی پشتی دەسەڵاتەكانی ناو زانكۆن.
هەندێك لە پۆستەكانی سەرۆكی زانكۆ و راگرەكان لەناو حزبەكاندا كێشەیان هەیەو هەندێكی تر سیڤییەكانیان لە یەكەمەوە لادەبرێت و دووەم دەخرێتە شوێنەکەی، ئەم یارییە كوتلەكانی باڵادەستەکانی ناو حزب دەیکەن.
بەشێك لەسەرۆكی زانكۆو راگرو سەرۆك بەشەكان زیاتر لە (6 ساڵە) لە پۆستەكانیاندان، لەبەر ئەوەی چەند ساڵێك بە وەكالەت لەو پۆستەدا بوون و دواتر دەبنە رەسمی، لە نمونەی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، سەرۆكی زانكۆی سۆران.
فێڵ لە یاسا !
ئێستا لە زانكۆكاندا فێڵی گەورە لە یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008ی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەكرێت، ئەم یاسایە ماوەی سەرۆكی زانكۆو راگرەكانی بۆ (4 ساڵ) دیاریكردووەو دەبێت پلەی زانیستیان پرۆفیسۆری یاریدەدەر بێت.
بەشێك لە سەرۆكی زانكۆو راگرەكان پلەی زانستیان بەدەرە لە یاساو پرۆفیسۆری یاریدەدەر نین و هەندێكیشیان بۆ ماوەیەك بە وەكالەت پۆستەكان وەردەگرن تا پلەی زانستییەكە وەردەگرن و دواتر پۆستەكانیان بۆ دەبێت بە رەسمی، ئەو كاتیش ماوەیەكی زۆر لەپۆستەكەدا دەمێننەوە.
بەشێك لەو سەرۆكی زانكۆ و راگرانە پلەی زانستیان نیە واتە (پرۆفیسۆری یاریدەر) نین، بەناوی نەبوونی پسپۆڕییەوە دانراون، لەكاتێكدا كوردستان پڕە لە كەسانی هاوپلە بە دامەزراوو دانەمەزراوەوە، بەڵام بەهۆی مەحسوبیەت و پاڵپشتی حزبەوە، لەو پۆستانەدا دانراون.
دەستوەردانی حزب لە کاروباری زانکۆدا گەیشتوەتە ئاستێک، هەندێك بەش و راگر لەبەر ئەوەی حزب نایەوێت بكەوێتە دەست كەسانێك كە حزبی نین یان سەر بە كوتلەكەی دیاریکراو نین لەناو حزبدا، سەرپەرشتیاری بۆ دادەنێن، تا كەسێكی حزبی یان لە كوتلەی خۆیان دەدۆزنەوەو لەو پۆستەدا دایاندەنێن.
ناوچەگەرێتی و دەستەگەری رۆڵی هەیە لە دیاریكردنی سەرۆكی زانكۆو راگرو سەرۆك بەشەكاندا، ئەگەر لە بوارەكانی دیكەدا ناوچەگەرێتی بوونی هەبێت ئەوا لە زانکۆو پەیمانگەکاندا حەرامە، چونكە ئەو پۆستانە پەیوەندی بە زانست و توانای زانستییەوە هەیە، لە یاسای بەرکاردا هیچ بڕگەیەكی نیە ئاماژە بە ناوچەگەرێتی بكات لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا.
ماوە بەسەرچووەکان
بەپێی بڕگەی یەكەمی مادەی (18)ی یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008، سەرۆكی بەش یان راگری كۆلیژ، مەرجە پلەی زانستییان لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت، بەڵام بەشێكی زۆری سەرۆك بەش و راگرەكان بەبێ ئەو مەرجە زانستیانە دانراون و بەشێكی زۆری سەرۆكی زانكۆكان ماوەی یاساییان بەسەرچووە كە بەپێی یاساكە چوار ساڵە.
بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی (18) لە یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2008، مەرجە بۆ پڕكردنەوەی بەشێكی زانستی ژماریەك لە ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە لە (14) کەس زیاتر نەبێت و لە (8) کەس كەمتر نەبێت و خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا بن یاخود لەوانە بن نازناوی زانستی پرۆفسۆری یاریدەدەرەو لانی كەم پێنج ساڵ خزمەتی زانكۆییان هەیە، بەڵام چەندین بەش كراونەتەوەو نە پرۆفسۆری یاریدەدەرو نە هەڵگری بڕوانامەی دكتۆراو نە ستافی ئەكادیمی دیاریكراویان هەیە.
بەپێی راپۆرتیكى (ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) كە پشتی بەستووە بە (رێبەری ساڵی خوێندنی 2018):
لەكۆی (624) بەشی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان (407) سەرۆكی بەشیان بە نایاسایی و لەدەرەوەی یاسا دانراون كە دەكاتە (65%)ی كۆی سەرۆك بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
• لە كۆی (107) بەش و لقی زانستی لە زانكۆی سلێمانی (43) سەرۆكی بەش یان لق لەدەرەوەی یاسا دانراون كە دەكاتە رێژەی (40%) ئەو بەشانە پلەی مامۆستا یان مامۆستای یاریدەدەرن لەكاتێكدا بەپێی یاساكە نابێت لە پرۆفیسۆر یاریدەدەر كەمتر بێت.
• لەكۆی (33) بەش لە زانكۆی گەرمیان (26) سەرۆكی بەش لەدەرەوەی یاسا دانراون كە دەكاتە رێژەی (79%).
• لە زانكۆی راپەڕین لە كۆی (28) بەش (23) سەرۆكی بەش لەدەرەوەی یاسا دانراون كە دەكاتە رێژەی (82%)
• زانكۆی هەڵەبجە لەكۆی (13) بەش هەموو سەرۆكی بەشەكان لەدەرەوەی یاساكە دانراون بەرێژەی (100%).
• لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەكۆی (77) بەش (51) سەرۆكی بەش لە دەرەوەی یاسا دانراون بەرێژەی (66%)
• لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك لەكۆی (48) بەش (46) بەشی لەدەرەوەی یاسا دانراون بەرێژەی (96%) دانراون.
• زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەكۆی (72) بەش (62) سەرۆكی بەش لەدەرەوەی یاسا دانراون بەرێژەی (86%)
• لە زانكۆی سەڵاحەدین لەكۆی (78) بەش (41) سەرۆكی بەش لەدەرەوەی یاسا دانراون بەرێژەی (52.7%)
• لە زانكۆی كۆیە لەكۆی (27) بەش لە زانكۆكەدا (11) سەرۆكی بەش لەدەرەوەی یاسا دانراون بەرێژەی (40%)
• لە زانكۆی چەرمۆ لەكۆی (12) سەرۆك بەش ( 11) سەرۆكی بەش لەدەرەوەی یاسا دانراون بەرێژەی (91.6%)
• لە زانكۆی دهۆك لەكۆی (80) سەرۆكی بەش (50) سەرۆكی بەشیان بەرێژەی ( 62.5%) لەدەرەوەی یاسا دانراون.
• زانكۆی زاخۆ لەكۆی (26) سەرۆكی بەش (10) سەرۆكی بەش لەدەرەوەی یاسا دانراون بەرێژەی (38.4%)
• زانكۆی سۆران لەكۆی (23) سەرۆك بەش (20) سەرۆكی بەشیان لەدەرەوەی یاسا دانراون، بەرێژەی (87%)
ئەم ئامارانە هی ساڵی (2018)ن و پێدەچێت گۆڕانكاریان تێدا كرابێت.
زانكۆ و پەیمانگاكان
لە هەرێمی كوردستان (16) زانكۆی حكومی و (19) زانكۆی ئەهلی و ( 14) پەیمانگا هەیە، بەم شێوەیە:
یەكەم/ زانكۆ حكومیەكان
لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا (١٦) زانكۆی حكومی هەیە، كە دابەش بون بەسەر شارەكانی كوردستان، هاوكات دو دەستەو ئەنجومەنێكی حكومیش هەیە، كە ئەوانیش بەپێی پسپۆڕی كارەكانیان ڕایی دەكەن:
لیستی ناوی زانكۆ و دامەزراوە حكومیەكانی هەرێمی كوردستان:
دوەم / زانكۆ تایبەتەكان
بەهەمان شێوە لەبەر ڕۆشنایی یاسای زانكۆ تایبەتەكان كە لە پەڕلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، تا ئێستا (١٩) زانكۆ و لقی زانكۆیی لە شارەكانی كوردستان كراونەتەوە، كە ئەمانەن:
لیستی ناوی زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان:
سێیەم/ پەیمانگە تایبەتەكان
بەهەمان شێوە بەسود وەرگرتن لە یاسای زانكۆ تایبەتەكان و، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمای كردنەوەی پەیمانگەی تایبەت تا ئێستا (١٤) پەیمانگە لە شار و شارۆچكە جیاكانی هەرێمی كوردستان بەپسپۆڕی جیا و بەپێی پێداویستەكانی بازاری كار كراونەتەوە، كە ئەمانەن:
لیستی ناوی پەیمانگە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان: