Draw Media

فەرمانگەیەكی فیدراڵیی سكاڵا لە بێدەسەڵاتی خۆی دەكات

فەرمانگەیەكی فیدراڵیی سكاڵا لە بێدەسەڵاتی خۆی دەكات

2021-03-02 16:13:21


(درەو): 
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، فەرمانگەی راستاندنی سلێمانی كە فەرمانگەیەكی فیدراڵی عێراقە، ناچار دەكات، بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر ئیمزای تەسدیقكردن لەسەر هیچ نوسراوێكی سنوری پارێزگای سلێمانی نەكات، تەنانەت ئەو نوسراوانەی كە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە دەردەچن، دەبێت ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پەسەندیان بكات. 
بەپێی نوسراوێك كە (شەیما جەواد موتەر) بەڕێوەبەری بەشی راستاندن (تصدیقات) لە سلێمانی رۆژی 21ی كانونی دووەمی ئەمساڵ ئاڕاستەی نوسینگەی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقی كردووە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، ئەم فەرمانگە فیدراڵییە بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر ناتوانێت ئیمزا لەسەر هیچ نوسراوێكی سنوری پارێزگای سلێمانی بكات. 
بەشی راستاندن سەربە فەرمانگەی كونسوڵگەرییە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، كاری ئەم فەرمانگەیە لە پارێزگاكان، پشتڕاستكردنەوەی نوسراوە فەرمییەكانە لەبەردەم حكومەتی فیدراڵی عێراقدا.
لەو نوسراوەدا، بەڕێوەبەری بەشی راستاندن لە سلێمانی دەڵێ:" بەگوێرەی نوسراوێكی نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، تەسدیقكردنی هەر بەڵگەنامەیەكی فەرمی كە لە فەرمانگەكانی سەربە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچوبێت، بەر لەوەی ئێمە تەسدیقی بكەین، دەبێت لەلایەن هەندێك لایەنی حكومییەوە لە هەولێر تەسیدق بكرێن، بۆیە نابێت پشت بە هیچ تەسدیقكردنێك ببەسترێت لەلای ئێمە".
بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگە فیدراڵییە بە چەند خاڵێك ئاماژەی بەو بوارانە كردووە كە لای ئەوان لە سلێمانی ناتوانن تەسیدیق واتا راستاندنی بۆ بكەن‌و دەبێت لە هەولێر ئەنجام بدرێن، لەوانە:
•    هەموو ئەو بەڵگەنامانەی كە لە دادگاكانی پارێزگای سلێمانی دەردەچن وەكو (گرێبەستی هاوسەرگیری، جیابونەوە، وەكالەتنامە بە هەموو جۆرەكانییەوە، شتی تریش) دەبێت هەموویان لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە هەولێر پەسەندبكرێن، كە ئەمەش كاری دادوەر (عەبدولڕەحمان حەمەكەریم عەلی)یە یان هەر كەسێك لە شوێنی ئەوبێت، پاشان دەبێت لەلایەن نوسینگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە راستاندینان بۆ بكرێت.
•    هەموو ئەو بەڵگەنامانەی كە لەلایەن هەردوو وەزارەتی پەروەردە‌و خوێندنی باڵاوە دەردەچن، دەبێت لەلایەن ئەو كەسانەوە پەسەندبكرێن كە لەو وەزارەتانە سەرپشكن، هەروەها لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە. 
•    هەموو ئەو وەكالەتنامە گشتی‌و تایبەتییانەی كە مامەڵەی بازرگانی‌و كڕین‌و فرۆشتن لەخۆدەگرن، دەبێت لە فەرمانگەی باجی گشتی لە هەولێر پەسەندبكرێن‌و پاشان فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەسەندی بكات. 
•    هەموو ئەو بەڵگەنامانەی كە لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەردەچن، لەنمونەی بەڵگەنامەی لەدایكبوون‌و مردن‌و بڕوانامەی تەندروستی‌و راپۆرتی پزیشكی، بەهەمان شێوە دەبێت لەلایەن ئەو لایەنانەوە پەسەندبكرێت كە لەسەرەوە باسكراون. 
•    هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەندی بە مامەڵەی كۆمپانیاكانەوە هەیە، دەبێت لەلایەن ژوری بازرگانی هەولێرو فەرمانگەی كۆمپانیاكان لە هەولێر‌و فەرمانگەی باجی هەولێرەوە پەسەندبكرێن، لەگەڵ ئەو لایەنانەی تر كە لە سەرەوە باسكراون. 
•    هەموو ئەو بەڵگەنامانەی كە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە دەردەچن، لەنمونەی نوسراوی نیشتەجێبوون‌و بابەتی تر، دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو ئەو لایەنانەی ترەوە پەسەندبكرێت كە لە سەرەوە باسكراون. 

بەرپرسانی یەكێتی ناڕازین لەوەی پارتی لەرێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە‌و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەربەستی لەبەردەم مامەڵەكردنی راستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغداد دروستكردووە، یەكێتی داوای لامەركەزیەتی ئیداریی‌و دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی دەكات، بۆجۆرێك ئیتر فەرمانگەكانی سلێمانی پێویست بەوە نەكات بۆ هەموو كارێك بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، بەڵام ئەم داواكارییەی یەكێتی لە خەرجكردنی بڕێك پارەدا بۆ پەرەپێدانی سنوری سلێمانی كورتكراوەتەوە، كە بڕیارە لە بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستاندا پەسەندرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand