Draw Media

تۆمەتبارەکە خەڵكی پێنجوێنەو دانیشتووی سلێمانییە

تۆمەتبارەکە خەڵكی پێنجوێنەو دانیشتووی سلێمانییە

2021-02-28 13:49:09


(درەو)
ئەو كەسەی هێرشی كردە سەر غالب محەمەد خەڵكی پێنجوێنە و دانیشتوی سلێمانیە، ماوەیەك پێشمەرگەی سوپای رزگاری پارتی بووە.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو) ئەو کەسەی بەچەقۆ هێرشی کردەسەر پەرلەمانتار (غالب محەمەد)، دانیشتووی سلێمانییەو پێشتر پێشمەرگەی سوپای رزگاریی پارتی بووە.
دوای دوو رۆژ لەو هێرشەی کە بەچەقۆ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا کرایەسەر (غالب محەمەد) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی هیوای کوردستانیی، هێشتا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشبەرەکەیان دەستگیرنەکردووە.
وێنەی هێرشبەرەکە لە کامێرای ماڵەکەی غالب محەمەد دەرکەوتووە، بەپێی بەدواداچوونەکانی (درەو)، هێرشبەرەکە کەسێکە بەناوی (حامید سۆفی ساڵح پێنجوێنی)، ئەم کەسە خەڵکی قەزای پێنجوێنە، بەڵام دانیشتووی گەڕەکی (هەوارەبەرزە)ی شاری سلێمانییە.
تۆمەتبارەکە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانەو ماوەیەک پێشمەرگەی سوپای "رزگاری" بووە.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو) کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتووە، تۆمەتبارەکە کەسێکی دەستکورتە لەڕووی داراییەوە، ئێستا لەناو شاری سلێمانیدا نەماوەو گومان هەیە گەشتبێتە شاری هەولێر.
پۆلیس هاوسەرو خەزووری تۆمەتبارەکەی بانگکردووە بۆ بەدواداچوون لەبارەی شوێنی هاوسەرەکەی، رایانگەیاندووە كە ئێستا چارەنوسی نازانن و ئەوان پێشتریش دژی ئەو جۆرە كارانەی بوون. 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکەی کرد بۆ سەر غالب محەمەد، بەڵام پێناچێت تۆمەتبارەکە رادەستی پۆلیسی سلێمانی بکات ئەگەر گەشتبێتە هەولێر، لەنێوان دادگاکانی سلێمانی و هەولێردا هەماهەنگیی نییە، زۆرێک لەوانە لە هەولێر تاوان ئەنجامدەدەن روو لە سلێمانی و ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەکێتی دەکەن، تاوانبارانی سلێمانیش روو لە هەولێرو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەکەن، ئەمە درێژکراوەی دۆخی سەردەمی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەییەو هێشتا ئاسەوارەکانی ماوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand