حەشدی شەعبی لەپشت هێرشەكەی هەولێرەوە بوو
2021-02-26 11:38:56
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
پێش ئەوەی مەسرور بارزانی ناوی ئەو گروپە ئاشكرا بكات كە لە پشت هێرشەكەی هەولێرەوە بوون، ئەمریكییەكان بە وەشاندنی گورزێك لە حەشدی شەعبی لەناو سوریا، بەرپرسیارێتی هێرشەكەی هەولێریان خستە ئەستۆی ئەو گروپانەی كە سەربە ئێرانن، ئەمریكا وەڵامی خۆی دایەوە، ئایا مەسرور بارزانی ئەو بەرپرسە ئەمنیانە سزا دەدات كە لە هێرشەكەی ئێوارەی 15ی ئەم مانگەدا بە درێژایی (40 كلیۆمەتر) خەرق كران ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
كێ لەپشت هێرشەكەی هەولێرەوە بوو ؟
"سەرەداوی باشمان دەستكەوتووەو ئێستا دەزانین كێ لە پشت هێرشەكە موشەكییەكەی هەولێرەوە بووە" مەسرور بارزانی دوێنێ بەمشێوەیە باسی لەو هێرشە كرد كە ئێوارەی رۆژی 15ی ئەم مانگە بنكەیەكی ئەمریكییەكانی لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كردە ئامانج.
مەسرور بارزانی ئامادە نەبوو ناوی ئەو لایەنە بهێنێت كە لە پشت هێرشەكەوە بوون بەبەهانەی ئەوەی هێشتا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەڵام چەند كاتژمێرێك دواتر ئەمریكییەكان بە وەشاندنی گورزێكی سەربازی لەناو خاكی سوریا، بەرپرسیارێتی هێرشەكەی هەولێریان خستە ئەستۆی میلیشیا چەكدارەكانی سەربە ئێران.
لە تۆڵەی هێرشەكەی هەولێردا
لە وەڵامی هێرشە موشەكییەكەی هەولێردا كە تێیدا بەڵێندەرێك كوژراو پێنج كەسی تر برینداربوون كە یەكێكیان سەربازێكی ئەمریكی بوو، دوێنێ شەو هێزی ئاسمانی ئەمریكا بە فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆكی وڵات، لە خۆرهەڵاتی سوریا چەند گروپێكی چەكداری سەربە ئێرانی كردە ئامانج.
بەپێی قسەی رێكخراوی (روانگەی سوریا بۆ مافەمانی مرۆڤ)، هێرشەكە لە دەروازەیەكی نافەرمی لە باشوری شاری (بوكەمال)ی سوریا ئەنجامدراوە، بەهۆیەوە لانی كەم (17) چەكداری سەربە ئێران كوژراون.
رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری رێكخراوی روانگەی سوریا دەڵێ، هێرشەكەی ئەمریكا بووەتە هۆی تێكشاندنی سێ بارهەڵگر چەكو تەقەمەنی كە لە عێراقەوە هێنراونەتە ناو سوریاو ئەوانەی لە هێرشەكەدا كوژراون سەربە هێزەكانی حەشدی شەعبی عێراق بوون.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن) لەبارەی هێرشەكەوە رایگەیاند، ئەم هێرشە لەسەر فەرمانی جۆ بایدنی سەرۆكی وڵات ئەنجامدراوەو وەڵامدانەوەیەكی سنورداری ئەو هێرشە بووە كە لە هەولێر كرایەسەر كارمەندانی ئەمریكا.
جێبەجێكردنی هێرشەكە لە سوریا، دەرفەتێكی تری بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەخشییەوە، كە لەدوای هێرشەكەی هەولێرەوە توشی دوودڵی هاتو چاوەڕوانی گورزی ئەمریكییەكانی دەكرد بۆسەر هێزەكانی حەشدی شەعبی، گورزێك كە لە ئەگەری وەشاندنیدا، جارێكی تر دۆخی ئەمنیی عێراقی ئاڵۆزدەكردەوە.
جۆن كیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" سەرۆك بایدن پارێزگاری لە سەربازانی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات، گورزەكەمان بەجۆرێك بوو دۆخی گشتی لە خۆرهەڵاتی سوریاو عێراق ئاڵۆز نەكات، بەڵام هێرشەكە چەند دامەزراوەیەكی وێران كردووە كە گروپە توندڕەوەكانی سەربە ئێران لەوانە كەتیبەكانی حزبوڵڵاو سەیدولشوهەدا لەسەر سنور بەكاریانهێناوە.
واشنتۆنو تاران.. هێرشو دانوستان
بەرپرسێكی ئەمریكی كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە، بە یەكێك لە ئاژانسەكانی هەواڵی رایگەیاندووە، ئامانج لە وەشاندنی ئەم گورزە سەربازییە، ناردنی ئاماژەیەك بووە كە ئەمریكا دەیەوێت سزای گروپە توندڕەوەكان بدات، بەڵام ناخوازێت دۆخەكە بخزێت بۆ ململانێیەكی گەورەتر لەناوچەكەدا.
بەپێی قسەی ئەم بەرپرسە، لە وەڵامی هێرشەكەی هەولێردا بەرپرسانی ئەمریكا چەند بژاردەیەكی سەربازییان خستوەتە بەردەم جۆ بایدنی سەرۆكی وڵات، بەڵام بایدن ئەوەی هەڵبژاردووە كە ئاسانترینەو كەمترین كاردانەوەی دەبێت.
ترەمپ لە وەڵامی كوژرانی بەڵێندەرێكی ئەمریكیدا لە هێرشێكدا لە كەركوك، سەرەتای ساڵی 2020 لە فڕۆكەخانەی بەغداد قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانو ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوشت، بەڵام ئەوە سەردەمی دەسەڵاتی كۆمارییەكان بوو، ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە دیموكراتەكان حوكمی ئەمریكا دەكەن.
(درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو حكومەتی هەرێم زانیویەتی، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پێشوەختە ئاگاداری ئەوە بوون كە ئەمریكا لە وەڵامی هێرشەكەی هەولێردا گورزی سەربازی دەوەشێنێت، چونكە بەرپرسانی ئەمریكا لەمبارەیەوە ئاگاداریان كردوون، بەڵام شوێنو كاتی گورزە سەربازییەكەیان نەزانیوە، رەنگە پێشبینی ئەوەیان كردبێت هێرشەكە لەناو خاكی عێراق ئەنجام دەدرێت.
هێرشی موشەكی بۆسەر بنكەی ئەمریكییەكان لە هەولێر هاوشێوەی ئەو هێرشانەی ماوەی لەدوای ماوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەزوی بەغداد دەكاتە ئەمانج، لەكاتێكدا رویدا، ئێرانییەكان چاویان لە گەڕانەوە بوو بۆسەر مێزی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمریكا.
بەرپرسانی تاران خوازیارن جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا جارێكی تر وڵاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە ساڵی 2015 ئیمزاكراو لە ئیدارەی پێشوودا دۆناڵد ترەمپ لێی كشایەوە.
بەردەوامی هێرشی موشەكیی گروپە چەكدارەكان سەربە ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەگەری گەڕانەوەی واشنتۆن بۆسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تاران سەخت دەكات، بەتایبەتیش كە دوای چەند رۆژێك لە هێرشەكەی هەولێر، ناوچەی سەوزی بەغداد موشەكباران كرا كە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكاو وڵاتانی تری تێدایە.
هەڵبژاردنی شوێنی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی هەولێر لەناو خاكی سوریادا لەبری عێراق، دەریدەخات ئیدارەی جۆ بایدن كە لەسەرەتای كاركردنیدایە، نایەوێت بەتەواوەتی لەگەڵ ئێران دۆخەكە تێكبداتو چاوی لە دانوستانی نوێیە لەگەڵ تاران.
مەسرور بارزانی بەرپرسانی ئەمنی سزادەدات ؟
ئەمریكییەكان وەڵامی خۆیان بۆ هێرشەكەی هەولێر دایەوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا لایەنی كەمتەرخەمی لە ئەنجامدانی هێرشەكە سزا نەداوە، لەكاتێكدا ئەوەی لە هەولێر رویدا خەرقێكی ئەمنی گەورە بوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە هێرشەكەی ئێوارەی 15ی ئەم مانگەی هەولێردا، هێزە ئەمنییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدرێژایی (40 كیلۆمەتر) لەلایەن ئەو گروپەوە خەرق كراون كە هێرشەكەی ئەنجامداوە.
ئەو شوێنانەی كە موشەكەكانی لێوە ئاڕاستەی بنكەی ئەمریكییەكان لە فڕۆكەخانەی هەولێر كرا، دەكەوێتە پشتی گوندەكانی (قەریتاغ)و (توراق) لەسەر رێگای هەولێر- گوێرو هەولێر- موسڵ.
بەگوێرەی نەخشەیەكی ئەمریكییەكان كە لەبەردەستی (درەو)دایە، شوێنی یەكێك لەو ئۆتۆمبیلانەی كە موشەكەكانی ئاڕاستە كردووە تەنیا (5,5 كیلۆمەتر) لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان دوربووە، شوێنی ئۆتۆمبیلێكی دیكە هەیە كە موشەكی ئاڕاستە كردووە، دورییەكەی لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكە تەنیا (8,1 كیلۆمەتر) بووە.
ئەمە نیشانی دەدات، ئەوەی لەسەرەتای هێرشەكەدا بەرپرسانی ئەمنیو میدیاكانی پارتی دەیانوت هێرشەكە لەناوچەی گوێرەوە ئەنجامدراوە، چیرۆكێكی راست نەبوو، بەڵكو هێرشەكە لەنزیك شاری هەولێر ئەنجامدرا.
ئەگەر ئەوە راست بێت موشەكەكان لە ناوچەی (گوێر)ەوە گواستراونەتەوە بۆ نزیك شاری هەولێر، ئەوا دەركەوێت ئەو گروپەی هێرشەكەیان جێبەجێ كردووە، نزیكەی (40 كیلۆمەتر) خەرقی هێزە ئەمنییەكانو پێشمەرگەیان كردووە، چونكە تاوەكو ناو (گوێر)و ئاوی زێیەكە لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە، دوری كۆتا خاڵی هێزی پێشمەرگە لەو شوێنەی كە موشەكەكانی لێوە ئاڕاستە كراوە، نزیكەی (40 كیلۆمەتر)ە.
سەرباری ئەمە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بە نزیكەی (یەك كیلۆمەتر) لە شوێنی ئاڕاستەكردنی موشەكەكان، بنكەیەكی هێزەكانی ئاسایشی پارتی لە گوندی (توراق)و بنكەیەكی تر لە دوری یەك كیلۆمەتر لە (كانی قرژاڵە) هەیە، لەگەڵ فەوجێكی هێزەكانی زێرڤانی لەناوچەكەدا كە نزیكەی دوو كیلۆمەتر لە شوێنی ئاڕاستەكردنی موشەكەكانەوە دوورە.
لەڕێگای هەولێر- گوێر، لەودیو بازگەی (شەمشولان)ەوە تا گوێر، لیوایەكی پێشمەرگەكانی پارتی هەیە بە فەرماندەیی (جەمال مۆرتكە) فەرماندەی میحوەری گوێری هێزی پێشمەرگە، (سیروان بارزانی) سەرپەرشتیاری ئەم میحوەرەیە.
(درەو) زانیویەتی، لە لێكۆڵینەوەكاندا سەبارەت بە هێرشەكەی هەولێر، بەرپرسان بەدوای دەستی ناوخۆیدا دەگەڕێن، واتە دەیانەوێت بزانن ئایا لەناوخۆی هەرێمی كوردستان چ كەسو لایەنێك پاڵپشتی ئەنجامدانی هێرشەكەیان كردووە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەك لەبەردەستدا نییە لەبارەی ئەوەی ئایا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەهۆی كەمتەرخەمی لەو روداوەكە، هیچ بەرپرسێكی ئەمنی سزا دەدات یاخود نا.
هێرشەكەی هەولێر، دەرفەتی ئەوەی هێنایە پێشەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچە سنورییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكێشێتەوەو لەشوێنی ئەوان هێزەكانی سوپا جێگیر بكات، بەڵام ئەم كارە تائێستا نەكراوە، بۆیە لەحاڵی تێكچوونی پەیوەندییەكانی ئەمریكاو ئێراندا، ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی موشەكبارانكردنی هەولێر لەئارادایە، ئەگەر حكومەتی هەرێم لەڕووی ئەمنییەوە سنورەكانی خۆی قایم نەكاتو كەمتەرخەمەكان لەكاتی رودانی خەرقی ئەمنیدا سزانەدات.