Draw Media

یەکێتی و پارتی لامەرکەزیی دەخەنە بودجەوە

یەکێتی و پارتی لامەرکەزیی دەخەنە بودجەوە

2021-02-24 20:55:20


 راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
مەسرور بارزانی دەیەوێت لەچوارچێوەی بودجەی ٢٠٢١دا لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی پارێزگاکان بچەسپێنێت، رەنگە یەکێتی بەمە قایل بێت، هاوسەرۆکەکانی یەکێتی بەر لە جێگیرکردنی لامەرکەزیەتی دارایی دەسەڵاتی دارایی و سیاسییان لەنێوان خۆیان دابەشکرد.

لامەرکەزی لەنێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا
لامەرکەزیەتی دارایی و ئیداری بۆ پارێزگاکان، داواکاری یەکێتییە لە پارتی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت پێشتر رایگەیاند هیچ پرۆژەیەک بۆ لامەرکەزیەت لە دەرەوەی حکومەت قبوڵ ناکەن، یەکێتیش چەندجارێک هەڕەشەی هەڵگرتنی هەنگاوی سەربەخۆی کردووە ئەگەر لامەرکەزیەتی دارایی و ئیداری پارێزگاکان نەچەسپێندرێت.
چەند رۆژی رابردوو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەولێر کۆبووەو، بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لەو کۆبونەوەیەدا بافڵ تاڵەبانی وتویەتی:" مەسرور بارزانی تاكلایەنە بڕیار لەسەر پرسە چارەنوسسازەكان دەدات و حیساب بۆ لایەنەكانی تر ناكات، بۆیە تەحەمولی ئەو عەقڵیەتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ناكەن"، لەبارەی لامەرکەزیەتەوە، هاوسەرۆکی یەکێتی باسی لەوەکردووە" یەكێتی سوورە لەسەر پرسی لامەركەزییەت و لامەركەزیشیان تەنیا بۆ سلێمانی ناوێت، بەڵكو بۆ تەواوی پارێزگاكانی هەرێم داوای دەكەن، لەگەڵ دووئیدارەییدا نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەن دەسەڵاتەكان شۆڕ بكرێتەوە بۆ پارێزگاكان".

چیرۆکی لامەرکەزیی
ساڵی رابردوو لەسەر داوای یەکێتی، پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان وەکو سێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت چوونە ناو چەند کۆبونەوەیەک بۆ رێککەوتن لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتی ئیداریی و دارایی لە پارێزگاکاندا.
ئەم سێ لایەنە هەریەکەیان پرۆژەی خۆیان بۆ لامەرکەزیەت پێشکەشی حکومەت کرد، بڕیاربوو، پرۆژەی هەرسێکیان لەناو یەک پرۆژەدا کۆبکرێتەوەو بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی، بەڵام ئەمە شکستی هێنا.
لە قۆناغێکی تردا، لەچوارچێوەی دانوستانەکانیدا لەگەڵ یەکێتی، پارتی ئامادەبوو لامەرکەزیەتی دارایی لە چەند بوارێک بدات بە پارێزگاکان، بەڵام مەرجی ئەوە بوو بڕیارەکانی تایبەت بە کەرتەکانی (كشتوكاڵ، شارەوانی، وەبەرهێنان) هەر مەرکەزی بێت و لە هەولێر بێت، یەکێتی بەمە قایل نەبوو، دەیوت ئەو سێ بوارە سێ بواری گرنگی بوژانەوەو ئاوەدانین و دەبێت ئەوانیش بکرێن بە لامەرکەزی، ئیتر لێرەدا دانوستانەکان راوەستان.

رێککەوتنێکی نوێ
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، ئێستا پارتی بۆ قایلکردنی یەکێتی، پێشنیازێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە، پێشنیازە نوێیەکە بۆ لامەرکەزیەتی ئیداریی و دارایی پارێزگاکان بەمشێوەیە دەبێت:
🔹 لامەركەزیەتی ئیداری وەك ئەوەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
🔹    لامەركەزیەتی دارایی لەچوارچێوەی پرۆژە بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی كوردستاندا رێكدەخرێتەوە، بەمشێوەیە:
بودجەی ٢٠٢١ی هەرێم دابەش دەبێت بەسەر بودجەی بەكاربردن و وەبەرهێنان، ئەوەی پەیوەندی بە بودجەی بەكاربردنەوە هەیە (موچەو خەرجی وەزارەتەكان)، ئەوە مەركەزییەو لەچوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەدا رێكدەخرێتەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە خەرجی وەبەرهێنانەوە هەیە، لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكاندا جێبەجێ دەکرێت و هەندێک لامەرکەزیەتی دارایی لە خەرجکردنی پارەی پرۆژەکان بە پارێگاکان دەدرێت.
چەند رۆژی رابردوو مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارێزگارەکاندا کۆبووەوە، لە کۆبونەوەکەدا خەرجی وەبەرهێنانی بۆ ساڵی ٢٠٢١ تایبەت بە پەرەپێدانی پارێزگاکان لە سێکتەرەکانی (شارەوانی، کارەبا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردە، رێگاوبان) پەسەندکرا، ئەمە هەنگاوی حکومەت بوو بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی لامەرکەزیەتی دارایی.
حکومەت گوژمەی (٣٤٩ ملیارو ٧٠٢ ملیۆن) دینار دیاریکرد بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان و پارەکەشی بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکرد:
🔹 پارێزگای سلێمانی: 
114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار  و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.

🔹 پارێزگای هەڵەبجە:
30,000,000,000 سی ملیار دینار . 

🔹 پارێزگای هەولێر:
000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.

🔹    پارێزگای دهۆک:
77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار.
مەسرور بارزانی بەشێوەی کرداریی دەستی کردووە بەجێبەجێکردنی ئەم پێشنیازەو پێناچیت لەمە زیاتر هیچ دەسەڵاتێکی زیاتر بە پارێزگاکان بدات.
ئەگەر یەکێتی بەم پرۆژە نوێیە قایل ببێت، کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەچوارچێوەی حکومەت و لە دەرەوەی دانوستانی نێوان هەردوو حزب نەخشەیان بۆ کێشاوە، ئەوا قسەکەی مەسرور بارزانی دەچەسپێت کە وتی" پرۆژە بۆ لامەرکەزیەت لە دەرەوەی حکومەت قبوڵ ناکەین".

هاوسەرۆکەکان دەسەڵات دابەشدەکەن
لەکاتێکدا هێشتا پرۆژەی لامەرکەزیەتی دارایی و ئیداری لەنێوان پارتی و یەکێتی بەفەرمی یەکلانەکراوەتەوە، چەند رۆژێکە بەرپرسانی باڵای یەکێتی دەستیان کردووە بە کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی و فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی دەسەڵاتی دارایی و سیاسی و ئەمنییان لەنیوان خۆیادا دابەشکردووە بەمشێوەیە:
🔹 دەسەڵاتی دارایی بۆ بافڵ تاڵەبانی
🔹 دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی بۆ لاهور شێخ جەنگیی
لەچوارچێوەی ئەم دابەشکارییە نوێیەی دەسەڵاتدا، لاهور شێخ جەنگی ئەمدواییە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لەبەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی دەستیکردووە بە جموجوڵی ئابوریی، (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی هەندێک کارەکتەری پێشتری ئیدارەی گشتی گەڕاندوەتەوە بۆ ناو بواری دارایی و بارزگانی، هەندێک لەمانە پێشتر لەلایەن هاوسەرۆکەکانی یەکێتییەوە تۆمەتبار دەکران بەوەی پارەی یەکێتییان بردووە، بەوهۆیەوە لە کارکردن دورخرانەوە، بەڵام ئێستا جارێکی تر گەڕێنراونەتەوە بۆناو گۆڕەپانەکەو بافڵ تاڵەبانی وەکو نوێنەری خۆی بۆ بواری دارایی و بارزگانی بە سەرمایەداران و ژورە بازرگانییەکانیان دەناسێنێت.
سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، هاوسەرۆکەکان لیژنەیەکی سێ کەسییان دروستکرد بۆ کۆکردنەوەی دارایی یەکێتی، داراییەک کە لەدوای نەخۆشکەوتن و پاشان کۆچی دوایی "مام جەلال" سکرتێری مێژویی حزبەکەوە، پەرش و بڵاوبووەوە، جڵەوەکەی لەدەستی کوڕانی ماڵباتی تاڵەبانیدا نەمابوو، ئەم لیژنەیە ئێستاش بەردەوامەو کاری خۆی دەکات، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانە کە لە چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتییەوە دەست (درەو) کەوتوون، لیژنە سێ کەسییەکە ئێستا لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە، چونکە ئەندامەکانی دابەشبوون بەسەر هاوسەرۆکەکانداو یەکێکیان کار بۆ بافڵ تاڵەبانی و ئەوی تر کار بۆ لاهور شێخ جەنگی دەکات، یەکلابوونەوەی کاروباری دارایی بۆ بافڵ تاڵەبانی رۆڵی بۆ لیژنەکە نەهێشتوەتەوە.
ئەم لیژنەیە لە بنەڕەتەوە کاری ئەوە بوو داراییەکانی یەکێتی ساغبکاتەوە، بەتایبەتی ئەو داراییەی کە کەوتبووە لای ستافی پێشووی ئیدارەی گشتی حزبەکە، لەمەدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام سەرکەوتوو بوو لەوەی کورتهێنانی خەرجی مانگانەی حزب پڕبکاتەوە، بەوهۆیەوە ئێستا ئۆرگانەکانی یەکێتی بوژاونەتەوەو مانگانە موچە لەکاتی خۆیدا وەردەگرن.
لامەرکەزیەتی دارایی دەسەڵاتی یەکێتی بەسەر ئابوری ناوچەی سلێمانیدا بەهێز دەکات، بەڵام دیارنییە ئایا دۆخی داتەپیووی ئابوری سلێمانی هەڵدەسێنیتەوە یاخود خراپتری دەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand