حكومەت 725 ملیار دیناری لەبەردەستدایە
2021-02-23 15:53:18
(درەو):
حكومەتی هەرێم موچەی مانگی دوو دابەشدەكات، بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستدایە، ئاستی لێبڕینی موچە بۆ ئەم مانگە بەهەمان شێوە 21% دەبێت.
رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی (2)ی ئەمساڵی موچەخۆران دابەشدەكات.
وەزارەتی دارایی لیستی موچەی وەزارەتەكانی راگەیاند، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەكرد، لێبڕینی موچەی بۆ ئەم مانگە بڕەكەی چەند دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، بۆ موچەی ئەم مانگە، حكومەتی هەرێم بڕی (725 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدایە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكات" بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستی حكومەتدایە موچە دابەشدەكەن"، واتە لێبڕینی موچە بەگوێرەی ئاستی داهاتی حكومەت دیاری دەكەن.
داهاتی بەردەستی حكومەت هەرێم بۆ ئەم مانگە بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو وەزارەتی دارایی دەست (درەو) كەوتوون، بەمشێوەیە:
* داهاتی نەوت (ئەو بڕەی كە بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە): 380 ملیار دینارە
* داهاتی ناوخۆ: 320 ملیار دینارە
* یارمەتی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە: 25 ملیار دینار
واتە تێكڕای داهاتی بەردەستی حكومەت بۆ ئەم مانگە بڕەكەی (725 ملیار) دینارە، خەرجی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین مانگانە (894 ملیار) دینارە.
بۆ ئەم مانگە، حكومەتی هەرێمی بەلێبڕینی 21% موچە دابەشدەكاتو تێڕای خەرجی موچە دەبێت بە (710 ملیار) دینار بۆ مانگەكە.