د. پشدەر عەبدوڵا: كۆرۆنا لەناو منداڵان زیادی كردووە لە ئاییندەدا زۆر زیاتر دەبێت
2021-02-22 07:07:34
درەو:
لە چاو دوو هەفتە پێش ئێستا ژمارەی توشبوانی منداڵان بە كۆرۆنا زیادی كردووەو لە رۆژانی ئاییندەدا لەوانەیە زۆر زیاتر بێت، حاڵەتەكانی ترسناك نین، مەترسیەكەی لەوەدا خێراتر بڵاو دەبێتەوە، زیادبوونی ژمارەی توشبوان پەیوەندی بە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و هاتنەوەی خەڵكی لەدەرەوەی وڵاتەوە هەیە. ئەمە وتەی دكتۆر پشدەر عەبدوڵا بەرێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال رەشیدی تایبەت بە منداڵانی سلێمانیە.
دكتۆر پشدەر عەبدوڵا بە (درەو) ی راگەیاند: بەهۆی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانەوە تێكەڵیەكی زۆر لەناو منداڵاندا درووست بووە، پەتایەكی هەڵامەت و كۆكە لەناو منداڵاندا زیادی كردووە، گومان دەكرێت ئەم پەتایە تەنیا كۆرۆنا نەبێت بەڵكو بەهۆی ئەوەی پێشتر قوتابخانەكان داخراوون وەرزی ئەنفلۆنزا و پەتای هەڵامەتیش دواكەوتبێت، بۆیە ئێستا تێكەڵەیەك هەیە لە نێوان كۆرۆنا و هەڵامەت و ئەنفلۆنزا كە منداڵان توشی هەرسێكیان بوون لە ئێستادا ، واتا ئەوەی ئێتا لەناو مەنداڵاندا هەیە بەتەنیا كۆرۆنا نیە، ئەمرۆَ چەند نەخۆشێكم بینیووە پەتای هەڵامەتیان هەبووە، تیای بووە كۆرۆنای بووە تیای بووە ئەنفلۆنزای بووە.
بەڵام كۆرۆنا لەچاو دوو هەفتە پێش ئێستا زیادی كردووە، لە رۆژانی ئاییندەدا لەوانەیە زۆر زیاتر بێت كۆرۆنا، تا ئێستا دڵنیانین ئەمە ڤایرۆسە گۆڕاوەكەیە یان نا، ئەگەر گۆڕاوەكەش بێت تەنیا مەترسیەكەی لەوەدایە كە زۆر خێراتر بڵاو دەبێتەوە، لەچاو كۆنەكەدا منداڵان زۆرتر توش دەبن.
حاڵەتەكان ئەوە نیە ترسناكتربێت لەچاو ئەوەی تردا تەنیا ترسناكیەكەی ئەوەیە خێراتر بڵاو دەبێـەوەو منداڵانیش زۆرتر توش دەبن.
كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و هاتنەوەی خەڵكی لەدەرەوەی وڵات ژمارەی توشبوانی زیاتر كردووە، بەڵام لەناوخۆدا زۆربوونی ژمارەی توشبوان بەوهۆی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانە هەرچەندە من ئێستاش لەگەل داخستنی دەرگای قوتابخانەكان نیم چونكە هێشتا حاڵەتەكان نەگەیشتوونەتە ئەوەی خوێندنگاكان دابخرێن.
لە وڵاتان ئاخر شوێن كە دادەخرێت قوتابخانەكانن یەكەم شوێن كە دەكرێنەوە قوتابخانەكانن، بەڵام لێرە یەكەم شوێن كە دادەخرێت قوتابخانەكانەو ئاخر شوێن كە دەكرێتەوە قوتابخانەكانە