Draw Media

گەڕانەوە بۆ سەرمێز عێراق لە چاوشارکێی واشنتۆن-تاراندا

گەڕانەوە بۆ سەرمێز عێراق لە چاوشارکێی واشنتۆن-تاراندا

2021-02-20 12:36:06


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) 


لە سەرووبەندی چاوشارکێی گەڕانەوە و نەگەڕانەوە بۆ ٥+١ی واشنتۆن و تاراندا و لە ئاماژەکانی ئەم دواییەی نمایشی ئێران و پرۆکانی چ لە هەرێمی کوردستان بە بۆردوومانکردنی بنکە و بەرژەوەندییە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانانی، چ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لە بەئامانجگرتنی باڵێۆزخانەی واشنتۆن، کاروانە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، لێدانی هێز و لایەنەسیاسییەکانی نزیک لە ئەمریکا و تیرۆرکردنی چالاکوانان، دەرخەری ئەو ڕاستییەن، سیاسەتی هەنووکەیی تاران و واشنتۆن هەواڵی خۆشی بۆ عێراقییەکان پێنابێت و ڕێگایەکی خوارووخێج چاوەڕوانی عێراقە.


لە تێزەکەی پۆمپیۆوە تا دەرگا کراوەکەی بلینکن
سەردەمی پاش ترەمپ، بۆ ئەمریکا و ئێرانیش سەردەمی یەکتر تاقیکردنەوەیە، ئێران دەیەوێت ٤٠ ساڵی ڕابردووی پڕکێشە و گرفتی لەگەڵ جیهان و بە تایبەت ئەمریکادا لەبیر ئەوانی دی(نەک خۆی) بەرێتەوە و وا نمایش بکات هەموو شتێک خەتای ترەمپ و سەرکێشییەکانی بووە، بایدن و تیمەکەشی دەیانەوێت بڵێن پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ئیراندا بنیاد دەنێن، کە دبلۆماسییەت و ئاشتی تەوەرەکەیەتی نەک درۆنەکان. 
هەینی ١٩ی شوباتی٢٠٢١، لە کۆنگرەی ئاسایشیی میونخی ئۆنلایندا، بە هەندێ ڕەچاوکاریی و تێبینییەوە، بایدن دەسپێشخەرییەکی نوێی بۆ گەڕانەوە بۆ ٥+١ی پەیوەست بە دۆسێی ئێرانەوە ڕاگەیاند، گەرچی مانگێک کەمتر لە جاوپێکەوتنێکیدا، لە پرسیاریی گەڕانەوەی واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنەکە، ڕاشکاوانە تەنها بە نەخێر وەڵامی دایەوە، چونکە پەیوەستی کرد بە دەستهەگرتنی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکە و چاککردنی رەفتارییەوە. ئێرانیش هەرزوو ڕایگەیاند کە ئەوە ئەمریکایە دەبێت سزاکان هەڵگرێت و بەگەڕێتەوە سەرمێز، چونکە شتێک بەناوی ٥+١ نەماوە، ئێستا ٤+١ە و ئەمریکا کشاوەتەوە.


بەڵام واقیع ئەوەیە هەردوولا بەرلەوەی بیر لە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئارام بکەنەوە، مێزی دانوستاندن وەک مەیدانی قۆڵبادانی یەک دەبینن، بایدن و بلینکن لەو باوەڕەدان مێزی دانوستاندن ئێران دەگێڕێتەوە لە چەکی ئەتۆمی و پەلهاویشتنەکانی ئەو وڵاتە، بەڵام ترەمپ و پۆمپیۆ وا بیریان دەکردەوە بە سزا و پەلاماری زیاتر، ئێران نینۆک دەکرێت و دەگەڕێتەوە سەرمێز. هەربۆیە پۆمپیۆ نەیدەشاردەوە و دەیووت خامینەیی و دەسەڵاتەکەی تەنها بە کوتەک تێدەگەن.
ئەوەی ترەمپ تاقیکرایەوە، هێشتا ئەوەی بایدن ئەزمون نەکراوە، هێندە نەبێت هەندێ ئاماژەی سەردەمی ئۆباما و بە جێگرایەتی بایدن نەبێت، کە لە کۆتاییەکەیدا نەک ئێرانی قۆڵبەست نەکرد بەڵکو هەژموونی تارانی لە یەمەن، سوریا، لوبنان و عێراق چەند هێندە کردەوە، تەنها لەڕووی بەرهەمهێنانی ئەتۆمیشەوە، بە پێی ڕێککەوتنی ٥+١ هەندێ لە کێڵگەکانی ئەتۆمە "ڕاگەیەنراوەکانی" ڕاگرت. 

سزاکانی ترەمپ چیان پێکرا؟
١. بە هۆی سزا ئابوورییەکانەوە، لە نێوخۆدا دۆخی ئابووریی و ئاسایشی خستە لەرزەوە، هەزاران کارگەی پێداخست، کۆمەڵگەی هەوادارنی شۆڕشی لە نێوان لایەنگری دانوستاندن و جەنگاندا دابەشکرد، دوو خۆپیشاندانی ناڕەزایی توند و سەدان توڕەیی و ناڕەزایی نێوخۆیی بەرهەمهێناوە و پرسی ڕەوایەتی شۆڕشی لە نێوخۆدا کەمڕەنگتر کردووە. بە جۆرێک ئەم توڕەییانە خودی ڕێبەری هێنایە سەرهێڵ و فەرمانی سەرکوتکردنی جوڵانەوە جەماوەرییەکانی دا، خودی سەرانی ئێرانیش نایشارنەوە کە لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا هیچ توڕەبوونێکی جەماوەری هێندەی خۆپیشاندانەکانی دوو ساڵی ڕابردوو بۆ سەر شیرازەی سیاسیی ئێران مەترسیدا نەبووە.
٢. لە ڕێی لێدانی پرۆئێرانییەکانەوە لە سوریا، یەمەن و عێراق چالاکی و جوڵەی کەمتر کردنەوە، لە سوریا جیا لە لێدانی ڕاستەوخۆ، لە ڕێی دەستشلکردن بۆ ئیسرائیل، تورکیا و ڕوسیا، وردەوردە هەژموونی تارانی لە شام کەمکردەوە و بەجۆرێک لە ساڵانی ٢٠١٢ تا٢٠١٦بڕیاردەری سەرەکی نێو سوریا بوو، بەڵام لەسەردەمی ترمپدا چیدی تورکیا و ڕوسیا جێی تارانیان گرتەوە. لە عێراقیشدا بەهۆی پاڵپشتی واشنتۆنەوە خۆپیشاندانی عێراقییەکان لە لایەک و تا ڕادەیەک قۆڵبەستکردنی حەشدی وەلایی و حزبەکانیان، توانرا حکومەتێکی نزیک لە واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی بهێننە کایەوە، کە پێشتر سەرجەم سەرۆکوەزیرانەکان بەر لە ئەمریکا، گڵۆپی سەوزی ئێرانیان هەبووە.
٣. بە چاوپۆشی لە ئیسرائیل و تورکیا لە هاوکارییان بۆ باکۆ، زۆرینەی زەوییەکانی قەرەباخ خرانەوە سەر ئازەربایجانی نەیاری تاران. کە ئێران لە زۆر ڕووەوە زیانی لێکرد و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی باکوورییەوە بە تورکیا و ئازەربایجان و ئیسرائیل دورەدرایەوە.
کەواتە ئێستا ئیتر دنیا گۆڕاوە، نە ئێران بەو هەمو سزایەی ترەمپەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕێککەوتنی ٥+١، نە بایدنیش دەتوانێت و دەیەوێت بگەڕێتەوە هەمان مێز، کە نە دنیاکە هی سەردەمی ئۆبامایە و نە دەشیەوێت وادەرکەوێت کە کۆپی ئۆبامایە. 


بەشێک لە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی (سعودیە، ئیسرائیل و ئیمارات)، گەڕانەوە بۆ سەرمێزی ٥+١ بە بێ هەمواری ڕێککەوتنەکە لە مەسەلەی سنوردارکردنی موشەکی دورهاوێژ و ڕەفتاری سیاسیی ئێران لە یەمەن، فەلەستین، لوبنان و عێراق مەترسیدار دەبێت. لەمەشدا دوو سیناریۆی مەترسیدار ڕوودەکاتە ئەمریکا: یان ئەوەیە هاوپەیمانەکانی واشنتۆن خۆیان ڕێکدەخەنەوە و پابەندنابن بە نزیکبوونەوەی کۆشکی سپی و پاستۆرەوە و بیر لە نزیکبوونەوە لە وڵاتانی دیکە دەکەنەوە، یاخود ڕاستەوخۆ دەچنە دانوستاندنی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ تاراندا و بەمجۆرەش بێت ئەمریکا دیسانەوە ئەو خاوەن پشکە گەورەیە نابێت، بە تایبەت لەوەدا کە دیموکراتەکان بەوەناسراوون کە سیاسەتی نە شیش بسووتێ نەکەباب لە پرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگرنەبەر و لەگەڵ کێشەکاندا هەڵدەکەن لەبری یەکلاکردنەوەیان. 

بەغدا قۆچی قوربانی 
هەر جۆرە مامەڵەیەکی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر عێراق، ئەزموونی بایدن (جیا لە سەردەمی سیناتۆری و سیاسەتکردنی دوورمەودا) و مامەڵەی نە شیش بسووتێ نە کەبابی لەگەڵ ئێراندا لە کۆشکی سپییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٩ ئەوکاتەیکە جێگری سەرۆکی ئەمریکا (ئۆباما) بوو،کە دۆسێی عێراق درایە بایدن، هەر ئەودەم زانی کە ئەوە تەنها ئەمریکا و هاوپەیمانانی نین کە پرسی دەوڵەتداریی و بەڕیوەبردنی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی عێراق بەڕێوەدەبەن، بەڵکو هاوبەشێکی ناچاریی هەیە کە ئێرانە و ڕکابەرێکیشی هەیە کە قاسمی سولەیمانی بوو، بەهەمانشێوە ئەویش پرسی بەڕێوەبردنی دۆسێی عێراقی لە لایەن وڵاتەکەیەوە پێسپێردرابوو. هەر ئەوکاتیش جۆرێک لە ڕێگەی دبلۆماسییەتی نهێنی و مامەڵەی واقیعگەرایانەوە، تاڕادەیەک ستوونی و ئاسۆیی بەیناوبەین لە کێکی دەوڵەتەوە تا پانتایی تایەفییان پێکەوە لەگەڵ سولەیمانی تا هاتنی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ئیدارەدا.


ئێستا سولەیمانی نەماوە، جیهان، عێراق، ئێران، ئەمریکا و بایدنی هەنووکەیی گۆڕاوون و ناتوانرێ هەمان ئەو کەسێتی و دەوڵەتانە و سیاسەتی ٤ساڵ پێشتریان ببینرێنەوە. بەگریمانەکردنی ئەوەش کە هیچ یەک لە واشنتۆن و تاران (بە سەردەمی ترەمپ و قاسم سولەیمانیشەوە) نەیانوویستووە جەنگی دەستەویەخە و گەرم و ڕووبەڕوو هەڵبگیرسێنن، بەڵام ئەوە ڕوونە کە دەمێکە عێراق، حەوشەی پشتەوەی مەیدانی یەکلاکەرەوەی هەریەک لە واشنتۆن و  تارانە، هەر نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوەیەک کاردەکاتە سەر ئارامی، سەروەریی، گەشەی عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە، هەردوولا عێراق وەک کارتی نەرم و توندی دەستییانە.


بایدن و تیمەکەی، باش ئاگاداریی پرسەکانی عێراقن، دیارە ئەو ڕاستییەیان چاک دەرک کردووە، کە داڕشتنی سیاسەتی نوێ بەرامبەر بەغدا بە بێ یەکلاکردنەوە و داڕشتنی سیاسەت بەرامبەر تاران لۆژیکی و واقیعی نابێت.
لە پرسی عێراقدا سێ فاکتەری "کۆنی نوێ" کاریگەریی تەواویان لەسەر مامەەڵەی بایدن لە عێرراقدا دەبێت:
١. پرسی میلیشا کۆن و نوێکانی لایەنگری ئێران لە عێراق.
٢. پرسی ڕێککەوتنی ٥+١: گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە بۆ ئەم ڕێککەوتنە، لە ئەگەری نزیکبوونەوەدا، ئەوا ئێران لە ڕووەکانی: سپیکردنەوەی پارە و گرفتی بانکی و دراوی، هەناردەکردنی نەوت، کڕینی پێداویستییە پیشەسازی و جەنگییەکانی و ..تاد، فشاری خۆی لەسەر بەغدا و هەولێر کەمتر دەکاتەوە، چونکە ئەوکات ڕاستەوخۆ بەشێک لە سپیکردنەوە و "پێچپێلێدانی سزاکان"ی لەسەر هەڵدەگیرێت و بارگرانی بۆ عێراق کەمتر سازدەکات.
بەڵام لە سیناریۆی نەگەڕانەوەدا بۆ ٥+١، (یان لانیکەم ئەو ڕێککەوتنە هەموارکردنەوەی پێویستە)، ئەوا فشاری ئێران ڕاستەوخۆ لە عێراقەوە دەبێت و پانتایی ئەم وڵاتە باشترین هەل دەبێت هەم بۆ بازرگانی و کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانی، هەم نمایشکردنی بازووی توندی خۆی، ناچاری دەکەن پەنابەرێتە بەر توندەهێز و نەرمەهێزی خۆی لە عێراق و سەرئێشەسازیی بۆ ئیدارەی کۆشکی سپی لە عێراقدا.
٣. پرسی کورد لە ئێران و عێراق: ئەم گۆڕاوەش کارتێکەر و کارتێکراوی نێوسیاسەتی بایدن دەبێت لە ناوچەکەدا، گەرچی مێژووی سیاسیی بایدن زیاتر لەگەڵ کوردانی عێراقدا سازوکاری هەبووە و کەمتر پرسی کوردی ئێرانی لە ئەجێندای خۆیدا جێکردووەتەوە، بەڵام بەگشتی لە گریمانەی دوورکەتنەوەی زیاتری تاران و واشنتۆن، پرسی کورد هەم لە ئێران وەک کارتی فشار لەسەر تاران و هەم لە عێراقیش هەرێـم پەناگەی ئارامی واشنتۆن دەبێت لە بەکارهێنانی خاکەکەیەوە بیگرە تا نینۆککردنی تاران و باڵانسڕاگرتن بەرامبەر پرۆ ئێرانیەکان لەعێراقدا.
کەواتە دۆسێی سیاسەتڕێژی واشنتۆن لە عێراقدا، ڕوون نابێت تا مەودای دوور و نزیکی لەگەڵ تاراندا ڕووننەبێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand