تازەترین پێشنیازی لایەنە شیعەكان بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێم
2021-02-19 19:48:38
درەو:
تازەترین پێشنیازی لایەنە شیعەكان، داوای رادەستكردنی (430 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم دەكات، بە لێدەركردنی خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پێداویستی ناوخۆ، هەرێمیش رازی و ناڕازیە.
ئەمڕۆ لایەنە شیعەكان تازەترین پێشنیازیان بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان خستووەتە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سەرۆك كۆمار و وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
پێشنیازە نوێیەكە:
" حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی (430 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات، لەبەرامبەردا بڕی خەرجی وەبەرهێنان و گواستنەوەو پێداویستی ناوخۆی هەرێمی لێدەربكرێت بە مقایەسە "
ئەم پێشنیازە لەلایەن حكومەت هەرێمی كوردستانەوە بەجۆرێك لە جۆرەكان پەسەندكراوە، هەرچەندە وەفدی حكومەتی هەرێم پێداگری لەسەر پێشنیازەكەی حكومەتی عێراق دەكەنەوە كە (250 هەزار) بەرمیل و نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكان بەرامبەر بە پشكی هەرێم، بەڵام ئەو پێشنیازەی لایەنە شیعەكانیش هەمان دەق دەگرێتەوە بە فۆرمێكی تر، چونكە (430 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە لێدەركردنی خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پێداویستی ناوخۆ، هەر (250 هەزار) بەرمیل دەكات كە پێوستە حكومەتی هەرێم رادەستی سۆمۆی بكات.
ئەم پێشنیازە نوێیە سیناریۆیەكە بۆ تێپەڕاندنی بودجە، لایەنە شیعەكان دەیانەوێت رای شەقامی خۆیانی پێرازی بكەن، رای گشتی شەقامی شیعی لەگەڵ رادەستكردنی تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێمە، ئەوان دەیانەوێت بڵێن هەرێم هەموو نەوتەكە رادەست دەكات، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا هەر (250 هەزار) بەرمیل نەوتەكە دەكات.
بەم پێشنیازە نوێیەی لایەنە شیعەكان، ئەگەر هەرێم رازی بێت، بەشێك لە كێشەی بەردەم پرۆژە یاسای بودجە چارەسەر دەبێت، چونكە ناكۆكیەكانی ناو پرۆژە بودجەی عێراق تەنیا پەیوەست نیە بە ناكۆكیەكان لەگەڵ هەرێم، بەڵكو حكومەتیش ناڕازیە لە پێشنیازەكانی لایەنە شیعەكان.
لایەنە شیعەكان پێیان وایە ناكرێت دەسەڵاتی خەرجكردنی تەواوی بودجە كە نزیكەی (130 ترلیۆن) دینارە بدرێتە دەستی سەرۆك وەزیران، چونكە هەڵبژاردن لەپێشەوەیەو لایەنی ئەمریكا تەداخول دەكات و ئەو بودجەیە لە سودی كازمی و لایەنەكانی نزیك لەخۆی بەكاردەهێنێت.
لایەنە شیعەكان دەیانەوێت دەسەڵاتەكانی مستەفا كازمی لەسەر بودجە كەم بكەنەوە بۆ ماوەی یەك ساڵ بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو نەبێت، هەندێك پێیان وایە كە راگرتن و دواخستنی پەسەندكردنی پرۆژە بودجەی عێراق لەسەر ئەو ناكۆكیانەیە نەك تەنیا پەیوەست بە ناكۆكیەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو پێشنیازە رازی بێت و نەوتەكەی رادەست بكات، ئەوا تەواوی پشكی خۆی لە عێراق وەردەگرێت كە بۆ ساڵەكە بڕی نزیكەی (14 ترلیۆن) دینارە، واتا مانگانە ( ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت.