لە هێرشەكەی هەولێردا 40 كیلۆمەتر پێشمەرگە خەرق كراوە؟
2021-02-18 13:55:45
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
ئەمریكییەكان خۆیان بۆ تۆڵەكردنەوە لە هێرشەكەی هەولێر ئامادە دەكەن، هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت، بەپێی لێكۆڵینەوەكان لە هێرشەكەی هەولێردا بەدرێژایی نزیكەی (40 كیلۆمەتر) پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان خەرق كراون، لێكۆڵینەوەكان بەدوای دەستی ناوخۆییدا دەگەڕێن، بەرهەم ساڵح لە بەغداد "ئەبو فەدەك"ی بینیوە، ئاگاداری كردووە ئەمریكییەكان بەنیازی هێرشن، كازمیش دەیەوێت حەشد لەناوچە سنورییەكانی هەرێم دوربخاتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
وردەكاری هێرشەكە
لێكۆڵینەوەكان لە هێرشە موشەكییەكەی ئێوارەی رۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیەی هەولێر بەردەوامە، هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانو حكومەتی عێراقو هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بەدوو ئاڕاستە كار لەسەر دەستنیشانكردنی لایەنی بەرپرسو كەمتەرخەم لە هێرشەكە دەكەن:
• ئاڕاستەی یەكەم: كاركردن لەسەر ئەو گروپەی كە كردەوەكەی ئەنجامداوە، گروپەكە كێ بوون ؟ كێیان لە پشت بووە ؟ بەچی مەبەستێك لەم كاتەدا هێرشەكەیان ئەنجامداوە ؟
• ئاڕاستەی دووەم: ئەوەی لە هەولێر رویدا، خەرقێكی ئەمنی گەورە بوو، بەپێی لێكۆڵینەوەكان، موشەكەكان بەدرێژایی (40 كیلۆمەتر) بەناو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمو پێشمەرگەدا گواستراونەتەوە بۆ نزیك هەولێر، لێكۆڵینەوەكان دەیانەوێت بەوە بگەن ئایا هیچ هێزێكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان دەستی لە هێرشەكەدا هەبووە یاخود ئەوەی رویداوە تەنیا خەرقێكی ئەمنی بووەو هێزە ئەمنییەكانی پارتی تێیدا كەمتەرخەم بوون.
ئەو شوێنانەی كە موشەكەكانی لێوە ئاڕاستەی بنكەی ئەمریكییەكان لە فڕۆكەخانەی هەولێر كراوە، دەكەوێتە پشتی گوندەكانی (قەریتاغ)و (توراق) لەسەر رێگای هەولێر-گوێرو هەولێر- موسڵ.
بەگوێرەی نەخشەیەكی ئەمریكییەكان كە لەبەردەستی (درەو)دایە، شوێنی یەكێك لەو ئۆتۆمبیلانەی كە موشەكەكانی ئاڕاستە كردووە تەنیا (5,5 كیلۆمەتر) لە شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان دوربووە، شوێنی ئۆتۆمبیلێكی دیكە هەیە كە موشەكی ئاڕاستە كردووەو دوری ئەم شوێنە لە ناوچەی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان (8,1 كیلۆمەتر)ە.
ئەگەر ئەوە راست بێت موشەكەكان لە ناوچەی(گوێر)ەوە گواستراونەتەوە بۆ نزیك شاری هەولێر، ئەوا دەركەوێت ئەو گروپەی هێرشەكەیان جێبەجێ كردووە، نزیكەی (40 كیلۆمەتر) خەرقی هێزە ئەمنییەكانو پێشمەرگەیان كردووە، چونكە تاوەكو ناو (گوێر)و ئاوی زێیەكە لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە، دوری كۆتا خاڵی هێزی پێشمەرگە لەو شوێنەی كە موشەكەكانی لێوە ئاڕاستە كراوە، نزیكەی (40 كیلۆمەتر)ە.
بەڵام هەندێك لە سەرچاوە ئەمنیەكانی تر باس لەوە دەكەن پێدەچێت موشەكەكان لە گوندی بەردەڕەشی ئەو بەری زێی بادینانەوە ئۆتۆمبێلەكە گواستراوەتەوە بۆ نزیك هەولێر.
هەندێك پێیان وایە بە رێگا لاوەكیەكاندا ئۆتۆمبێلەكە گواستراوەتەوەو هەندێكیش باس لەوە دەكەن كە بە هاوكاری دەستی ناوخۆی بە بازگەكاندا تێپەڕیوە.
سەرباری ئەمە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بە نزیكەی (یەك كیلۆمەتر) لە شوێنی ئاڕاستەكردنی موشەكەكان، بنكەیەكی هێزەكانی ئاسایشی پارتی لە گوندی (توراق)و بنكەیەكی تر لە دوری یەك كیلۆمەتر لە (كانی قرژاڵە) هەیە، لەگەڵ فەوجێكی هێزەكانی زێرڤانی لەناوچەكەدا كە نزیكەی دوو كیلۆمەتر لە شوێنی ئاراستەكردنی موشەكەكانەوە دوورە.
لەڕێگای هەولێر-گوێر، لەودیو بازگەی (شەمشولان)ەوە تا گوێر، لیوایەكی پێشمەرگەكانی پارتی هەیە بە فەرماندەیی (جەمال مۆرتكە) فەرماندەی میحوەری گوێری هێزی پێشمەرگە، (سیروان بارزانی) سەرپەرشتیاری ئەم میحوەرەیە.
ئەمریكا هێرش دەكات !
هێرشە موشەكییەكەی هەولێر، بەرپرسانی ئەمریكاو عێراقو هەرێمی كوردستان سەرقاڵكردووە. ئەمریكییەكان بیر لە وەشاندنی گورزێكی سەربازی دەكەنەوە لە تۆڵەی ئەو هێرشەی لە هەولێر كرایەسەر یەكێك لە بنكەكانیان.
بەپێی زانیارییەك كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمریكییەكان گورزێكی سەربازی لەسەر خاكی عێراق ئەنجام بدەن.
سەرەتای ساڵی رابردوو كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بوو لە تۆڵەی كوژرانی بەلێندەرێكی ئەمریكی لە هێرشێكی موشەكی گروپە چەكدارەكاندا لە كەركوك، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لە هێرشێكدا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد كوشت، ئەمە سەردەمی دەسەڵاتی كۆمارییەكان بوو لە ئەمریكا، بەڵام ئێستا جڵەوی دەسەڵات بەدەست دیموكراتەكانەوەیە ئایا جۆ بایدن دەست بۆ بژاردەكەی ترەمپ دەبات یاخود نا، بەتایبەت لە كاتێكدا ئێرانیەكان چاویان لەوەیە لەسەردەمی بایدندا روح بكەنەوە بەبەری رێككەوتنە ئەتۆمیەكەدا جارێكی تر بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن.
حەشد لە سنورەكانی هەرێم دوردەخرێتەوە
حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت بە چەند هەنگاوێك ئەمریكییەكان قایل بكاتو خۆی لەهەرجۆرە روبەڕوبونەوەیەكی نوێی سەربازی بپارێزێت.
بەگوێرەی زانیارییەك كە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری بڵاوكردوەتەوە، مستەفا كازمی دەیەوێت گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان دوربخاتەوەو هێزەكانی سوپا لە شوێنیان جێگیر بكا.
هێشتا لێكۆڵینەوە هاوبەشەكانی نێوان ئەمریكاو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان لایەنی بەرپرسیاری هێرشەكەیان دەستنیشان نەكردووە، ئەوەی هەیە گروپێك بەناوی "اولیاء الدم" بەرپرسارێتی هێرشەكەی گرتوەتە ئەستۆ، ئەمەش گروپێكی نوێیەو ناسراو نییە، حەشدی شەعبی دەڵێ ئەم گروپە بەشێك نییە لە هێزەكانی ئەوان، بۆیە هیچ بەرپرسیارێتییەك لەوبارەیەوە ناكەوێتە ئەستۆی ئەوان.
بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە، بەر لە دەركەوتنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، بەفەرمی حەشدی شەعبی تۆمەتبار كرد بەوەی لە پشتی هێرشەكەوەیە.
رۆژێك دوای هێرشەكەی هەولێرو بەدیاریكراوی لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تەلەفۆنی بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، بەگوێرەی زانیارییەكان لەو پەیوەندییەدا بلینكن توڕەیی ئەمریكای لەبارەی هێرشەكەی هەولێرەوە بە كازمی گەیاندووە.
لەسەر بنەمای ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، دوێنێ مستەفا كازمی وەفدێكی سەربازی نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی نارد بۆ مەخمور، وەفدەكە لەگەڵ فەرماندەی ژمارەیەك لە گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی سوپادا كۆبووەوە.
رۆژنامە قەتەرییەكە لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە باس لەوە دەكات، حكومەتی كازمی لەژێر فشاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیو هەرێمی كوردستاندایە بۆ ئەوەی هەموو گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای نەینەواو كەركوك بكێشێتەوەو هێزەكانی سوپا لە شوێنیان جێگیربكات.
كازمی ترسی لە وەڵامدانەوەی سەربازی ئەمریكا هەیە، بۆیە بەدورخستنەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچە سنورییەكانی هەرێمەوە بۆ شەنگال و مەخمورو زوممار، دەیەوێت خۆی لە هەر ئاڵۆزییەكی سەربازی نوێ لەنێوان ئەمریكاو حەشدی شەعبی و لایەنگرانی ئێراندا لەسەر خاكی عێراق بپارێزێت.
بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن ئامادەن بە فەرمانی مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لە سنورەكانی هەرێم بكشێنەوە، چونكە ئەوان بەشێكن لە سوپای عێراق و لەژێر فەرمانی مستەفا كازمیدان، بەڵام سەرباری ئەمەش پێیانوایە هێرشەكەی هەولێر پلانگێڕییەكی نوێیە بۆ لێدان لە پێگەی حەشد لە عێراقدا.
لە هێرشەكەی ئێوارەی دوو شەممەدا بۆسەر بنكەیەكی ئەمریكییەكان لەناو فڕۆكەخانەی هەولێر، كە چەند كۆمپانیایەكی خزمەتگوزاری كاری تێدا دەكەن، بەڵێندەرێك كوژراو چەند هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە هێزەكانی هاوپەیمانان برینداربوون.
ئێستا هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، دزەكردنێكی گەورە رویدابێتو هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بێئاگابوبن لێی، چونكە دەركەوت هێرشەكە لە دەرەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمەوە ئەنجام نەدراوە، بەڵكو لەنزیك هەولێرەوە جێبەجێ كراوە.
لە شەوی هێرشەكەی هەولێردا، (درەو) نەخشەیەكی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستكەوت كە دەریدەخست هێرشەكە لە نزیك هەولێرەوە ئەنجامدراوە، ئەوكات بەرپرسانی ئەمنی و میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان باسیان لەوە دەكرد، هێرشەكە لە ناوچەی "گوێر"ەوە ئاڕاستەی هەولێر كراوە.
كۆبونەوەكەی بەرهەم ساڵح و ئەبو فەدەك
دوێنێ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دور لە چاوی كامێراكان لەگەڵ عەبدولعەزیر محەمەداوی ناسراو بە "ئەبو فەدەك" فەرماندەی كەتیبەكانی حیزبوڵڵاو سەرۆكی ئەركانی حەشدی شەعبی كۆبووەوە.
بەپێی قسەی پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح كە لێدانی بۆ رۆژنامەی (العربی الجدید) داوە، دیدارەكەی بەرهەم ساڵح و ئەبوفەدەك دیدارێكی ئارام و بێ كێشە نەبووە، بەرهەم ساڵح پەیامی توڕەیی ئەمریكییەكان و بەرپرسانی هەرێمی لەبارەی هێرشەكەی هەولێرەوە بە ئەبوفەدەك گەیاندووەو باسی لەوە كردووە، رەنگە ئەمریكییەكان هێرشی موشەكی بكەنە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی.
لەبەرامبەردا ئەبوفەدەك رەتیكردوەتەوە حەشد هیچ پەیوەندییەكی بە هێرشەكەی هەولێرەوە هەبێت و وتویەتی ئێمە ئامادەین هاوكاری هەر لێكۆڵینەوەیەك بكەین كە لەبارەی هێرشەكەوە بكرێت.
هێرشەكەی هەولێرو لێكەوتەكانی
ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، هێرشەكەی ئێوارەی دووشەممەی هەولێر، یەكێك لە لێكەوتە دیارەكانی بۆ داهاتوو، دووبارە دابەشكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان بێت لەناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، گەڕانەوەی پێشمەرگە بێت بۆ هەندێك لەو ناوچانەی كە هێڵی سنوری نێوان هەرێمو عێراقن لەپارێزگاكانی كەركوك و نەینەواو سەلاحەدین و دیالە.
لە ئۆكتۆبەری 2017دا هێزە عێراقییەكان ئەم ناوچانەیان بە شەڕو رێككەوتنی ئەمنی لە پێشمەرگەیان وەرگرتەوە، ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەم ناوچانە لەڕووی سیاسییەوە ترسی لای هەندێك لە هێزە شیعەكانی عێراق دروستكردووەو دەڵێن هەرجۆرە گەڕانەوەیەكی پێشمەرگە دەبێت بە رێككەوتن بێت، نەك هێرشەكەی هەولێر بكرێتە بیانوو.