13 دیلە كوژراوەكەی گارە كێ بوون؟ چۆن گەیشتبونە ئەوێ؟
2021-02-17 10:29:02
درەو:
راپۆرتی: BBC
شكستهێنانی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆ چیای گارەو كوژرانی 13 دیلی توركیا لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا مشتومڕی توندی لێكەوتوەتەوەو ناوەندی پەرلەمانیو رۆژنامەوانییەكانی توركیا گومانیان لە گێڕانەوەكانی حكومەت هەیە دەربارەی ئەوەی لە گارە رویداوەو تائێستاش لایەنە فەرمییەكانی توركیا تەنها ناوو ناونیشانی 10 كەسیان لەو 13 دیلە ئاشكراكردووە كە لە گارە كوژران.
گێڕانەوەی حكومەت
خولوسی ئاكار, وەزیری بەرگری توركیا رۆژی 14ی شوبات رایگەیاند: هێزەكانیان تەرمی 14 كەسی مەدەنییان دۆزیوەتەوە كە لەلای پارتی كرێكارانی كوردستان دیل بوون لە شاخی گارە لە كوردستانی عێراقو دەركەوتووە لەلایەن هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە كوژراون.
لەدوای ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری توركیاوە چەندین زانیاری نوێ پەیدابووون كە پێچەوانەی گێڕانەوەكانی حكومەتی توركیان دەربارەی ناسنامەی ئەو كەسە " مەدەنییانە".
دوو گێڕانەوەی دژبەیەك
بە گوێرەی لێدوانی فەرمی وەزیری بەرگری توركیا, ئامانج لە ئۆپەراسیۆن بۆسەر شاخی گارە بریتیی بووە لە دۆزینەوەی دیلەكانو ئازادكردنیان بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ناوو ناونیشانیان بكرێت.
بەڵام پێچەوانەی ئەوە پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت ئامانج لەو هێرشە خاپوركردنی پێگەكانیان بووە لە شاخی گارە لەگەڵ رزگاركردنی ئەو سەربازو پۆلیس و كارمەندانەی میت كە لە چەند ماوەیەكدا لە ساڵی 2015ەوە دەستگیركراون.
باڵی سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند سوپای توركیا پێگەیەكی بۆردومانكردووە كە خۆی باش دەزانێت دیلەكانی تێدابووەو دوای ئەوەی سوپای توركیا نەیتوانی لە رێگەی هێلیكۆپتەرەوە دابەزێتە ناوچەكە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە رێگەی حەوت هێلیكۆپتەرەوە بۆردومانی ناوچەكەی كردووەو لە ئاكامدا هەموو دیلەكان گیانیان لەدەستداوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆك كۆماری توركیاو مەولود چاوشئۆغڵۆی وەزیری دەرەوە جەختدەكەتەوە دەڵێن دیلە كوژراوەكان " هاوڵاتی مەدەنینو پارتی كرێكارانی رفاندونی و كوشتونیو جیهانیش لێی بێدەنگە".
بەڵام پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێن دیلەكان مەدەنی نینو سەربازو ئەفسەرو كارمەندی میتو پۆلیسنو لەلایەن هێلیكۆپتەرەكانی سوپای توركیاوە كوژراون.
كوژراوەكان كێن؟
دوای رۆژێك لە لێدوانی توندی بەرپرسانی توركیا دەربارەی كوژراوەكانی گارە, ئایدن بارۆش حاكمی ویلایەتی مەلاتیای توركیا بە لیستێك ناوی ئەو كوژراوەنەی بڵاوكردەوە كە تەرمەكانیان لە پزیشكی شەرعیی ویلایەتەكە توێكاریان بۆ كراوە. لیستەكە تەنها ناوی 10 لە كوژراوەكانی تێدایە لەگەڵ پلە سەربازییەكانیانو ناوو ناونیشانی سێ كوژراویانی تێدانیە.
* ڤیدات كایا: ئەفسەری پۆلیس لە بەشی پۆلیسی ئیستانبوڵ, ساڵی 2016 لە شارۆكەی لیجەی پارێزگای ئامەد رفێندراوە.
* سادات یاباڵك: ئەفسەری پۆلیس ساڵی 2016 رفێندراوە.
* سەمیح ئۆزبێ: رەقیبی یەكەمی درك ساڵی ساڵی 2015 رفێندراوە.
* مەولود قەهوەچی: رەقیب لە درك ساڵی 106 لەسەر رێگای هەكاری چكورجا رفێندراوە.
* عادل كاڤكالی: سەربازی تۆپخانە ساڵی 2015 لەسەر رێگای خێرای تونجەلی پۆڵۆمۆر رفێندراوە.
* سولەیمان سونگوڕ: سەرباز لە درك ساڵی 2015 لەسەر رێگای خێرای ئامەد رفێندراوە.
* حسێن ساری: رەقیب لە بەرگری ئاسمانی, ساڵی 2015 رفێندراوە.
* موسلیم ئاڵتنتاش: سەرباز لە هێزی تۆپخانەی قورس, ساڵی 2015 لەسەر رێگای خێرای تونجەلی پۆڵۆمۆر رفێندراوە.
* محەمەد ساڵح كانجا: دەوترێت مەدەنییە.
* ئایدن كۆسە: دەوترێت مەدەنییە.
گومان لە گێڕانەوە رەسمییەكان
ئایتۆن چرای: پەرلەمانتاری شاری ئیزمیری ئی پارتیو ئەندامی لیژنەی ئاسایشو هەواڵگری پەرلەمانی توركیا لە دانیشتنێكی پەرلەماندا چەند پرسیارێكی ئیحراجەكەری لە خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری كرد دەربارەی شكستهێنانی پرۆسەی ئازادكردنی دیلەكانو وتی:
- بۆچی سیفەتی " مەدەنی" یت بۆ سەربازە دیلەكانی ناو ئەشكەوتەكە بەكارهێنا؟ ئەوەت بۆ شاردنەوەی ئەو شكستە بەكارهێنا كە لە فەرماندەییكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا بەدەستتهێنا؟ بۆچی حاكمی مەلاتیا لێدوانی دەربارەی سەربازە دیلەكان داو تۆو سەرۆك ئەركان بۆ ئەو كارەتان نەكرد؟
- بڕوات وایە ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوەبراوەو ئامانجەكانی بەدیهێناوە؟
هەروەها كەمال كلیچدار ئۆغڵۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن لە وتەیەكیدا بۆ پەرلەمانتارانی حزبەكەی رۆژی 16ی شوبات, قسەكانی ئاراستەی ئەردۆغان كردو وتی:" لەماوەی پێنج ساڵو نیوی رابردوودا چیت كرد بۆ رزگاركردنی ئەو سەربازانە لە چنگی پارتی كرێكارانی كوردستان كاتێك سەرۆك وەزیران بوویت یان سەرۆك كۆمار؟ كێ بەرپرسیارێتی شكستهێنانی پرۆسەكەو كوژرانەی ئەو 13 توركە لە ئەستۆی كێدایە؟ كێ بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت؟
وەلی ئاگبابا, پەرلەمانتاری ئەو حزبەش رایگەیاند كێ هەڵەی كردووە لە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵەكانی لەئەستۆ بگرێتو وتی: پارتی دەسەڵاتدار هەوڵدەدات ئەوەی روویداوە بقۆزێتەوە بۆ دەستكەوتی سیاسی وەك لە لێدوانەكانیاندا دەردەكەوێت".
ئەو پەرلەمانتارە وتی: لەهەر شوێنێكی جیهاندا 13 سەرباز بكوژرانایە بەرپرسانی ئەوە دەدرانە دادگا.
هەڕەشەو بەڵێندان
دوای كشانەوەی سوپای توركیا لە ئەشكەوتەكەی گارەو راگەیاندنی كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەكە, سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توتیتەر وتی:"بەڵێنتان پێدەدەم كە موراد قەرەیلان دەستگیردەكەینو پارچە پارچەی دەكەین, ئەگەر ئەوەمان نەكرد, بە گەلی توركیا تف بكاتە ناوچەوانمان".
لەدوای ئەوەوە هێزە ئەمنییەكانی توركیا هەڵمەتێكی بەرفراوانی دەستگیركردنیان دەستپێكردو 718 ئەندامی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەیان لە چوار پارێزگا دەستگیركرد.
هاوكات دەسەڵاتدارانی توركیا پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ هەردوو پەرلەمانتاری هەدەیە هودا كایاو عومەر فاروق جەرجەرلی ئۆغڵۆ كراوە بەهۆی بڵاوكردنەوەی چەند تویتێك دەبارەی ئۆپەراسیۆنەكە لە تۆڕی تویتەر.
پەرلەمانتار عومەر فاروق نوسیویەتی: كەسوكاری سەربازە دیلەكان ماوەی دوو ساڵۆ نیوە داوام لێدەكەم هاوكاریان بكەن بۆئەوەی رۆڵەكانیان لەلای پارتی كرێكارانی كوردستان بە سەلامەتی بۆ بگەڕێتەوە, لەوانەبوو ئەوان نەكوژرانایە ئەگەر كەشێك بۆ ئاشتی هەبوایی, بەڵام بەرپرسانی حكومیی هەرگیز بیریان لە شتێكی لەو شێوەیەوە نەكردوەتەوە".
هودا كایای پەرلەمانتاریش لە دانیشتنێكی پەرلەماندا وتی:" خێزانەكانی ئەو سەربازانە چەند جارێك لە دەرگای پەرلەمانیان دا. بەڵام دەرگایان بەروودا داخرا, حكومەت هیچ جوڵەیەكی نەكرد بەڵكو هەوڵیدا بۆ بێدەنگكردنیانو دەرگایان بەروودا داخراو ئێستا بازرگانی بە خوێنی رۆڵەكانیانەوە دەكەن".