Draw Media

فراكسیۆنە كوردییەكانی عێراق ژوری عەمەلیان دروست دەكەن

فراكسیۆنە كوردییەكانی عێراق ژوری عەمەلیان دروست دەكەن

2021-02-15 15:15:50


(درەو):
لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بڕیاردرا فراكسیۆنە كوردییەكان ژورێكی عەمەلیاتی هاوبەش دروست بكەن بۆ دۆزینەوەی بەدیل لە حاڵی رێكنەكەوتنی هەرێم‌و بەغداد لەسەر ئەو دەقەی حكومەتی كازمی لەبارەی پشكی هەرێمەوە لەناو رەشنوسی بودجەدا دایناوە. 
وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان (پارتی، یەكێتی، هاوپەیمانی هیوای كوردستانیی) كۆبووەوە.
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا. 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، لە كۆبونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی بەغداد وتویەتی:" جگە لەو دەقەی حكومەتی عێراق لە یاسای بودجەدا دایناوە، هیچ دەقێكی تر بۆ هەرێمی كوردستان دەستنادات‌و پێی رازی نین".
ئەو دەقەی كە لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراقدا لەلایەن حكومەتی مستەفا كازمییەوە جێگیركراوە، هەرێم پابەند دەكات بە رادەستكردنی داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە‌و نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان، حكومەتی هەرێم بەم دەقە رازییە، بەڵام لایەنە شیعەكان قسەی تر دەكەن‌و هەندێكیان داوای رادەستكردنی تەواوەتی نەوت دەكەن لەبەرامبەر دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەدا. 
هاوپەیمانی هیوای كوردستانیی كە هاوپەیمانێتی پەرلەمانتارانی (گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و سەربەخۆكانی پەرلەمانی عێراق)ە‌و بەمدواییە دروستكراوە، سەرباری رەخنە توندەكانی لە سیاسەتی نەوتیی حكومەتی هەرێم، بەڵام ئەویش پاڵپشتی لەم دەقەی حكومەتی مستەفا كازمی دەكات. 
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی كۆماردا، نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوای كوردستانیی جارێكی تر جەختیان كردوەتەوە كە پاڵپشتی هیچ دەقێكی نادەستوریی لە یاسای بودجەی عێراقدا ناكەن، بەڵام وتویانە سیاسەتی نەوتیی هەرێم دەستوری نییە‌و جۆرێكیش لە بێ متمانەیی بۆ هەرێمی كوردستان لەبارەی پابەند نەبوون بە رێككەوتنەكان دروستبووە، دەبێت ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، هۆشدارییان بە وەفدی حكومەتی هەرێم داوە، هەر دەقێكی تر بهێنرێتە پێشەوە جگە لە دەقەكەی حكومەتی كازمی، ئەگەر نادەستوری نەبێت هاوپەیمانی هیوای كوردستانی دژی ناوەسێتەوە.
لە كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی كۆماردا، وەفدی هەرێم‌و فراكسیۆنە كوردستانییەكان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەرسێ فراكسیۆن (پارتی، یەكێتی، هاوپەیمانی هیوا) پێكەوە ژورێكی عەمەلیاتی هاوبەش دروست بكەن، بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەریی‌و كاركردن بۆ دۆزینەوەی بەدیلی تر ئەگەر وەفدی هەرێم نەیتوانی لەگەڵ لایەنە شیعەكان لەسەر دەقەكەی حكومەتی مستەفا كازمی بگاتە رێككەوتن. 
(درەو) زانیویەتی، ناوەڕۆكی دواین پێشنیازی لایەنە شیعەكان بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان داوای ئەوە دەكات هەرێمی كوردستان رۆژانە هەموو نەوتەكەی خۆی لە بەندەری جیهانی توركیا رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات‌و حكومەتی عێراق بڕێك لە نەوتەكە بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم بۆ ئەوەی خۆی بیفرۆشێت بۆ دابینكردنی خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوە‌و پڕكردنەوەی قەرزەكانی.
لایەنە شیعەكان بڕیاری كۆتایی خۆیان لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان داوەتە دەست هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە، لایەنە شیعەكان متمانەیان بەیەكتری نییە‌و ترسیان هەیە پرسی رێككەوتن لەگەڵ هەرێم ببێت بە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی یەكتر، بۆیە هەمویان خۆیان لە بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە دەبوێرن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand