Draw Media

هۆشیار زێباری: ئامادەین تاوانبارانی هەڵاتوو رادەستی ئێران بكەینەوە

هۆشیار زێباری: ئامادەین تاوانبارانی هەڵاتوو رادەستی ئێران بكەینەوە

2021-02-11 15:14:48


(درەو):
وەفدی پارتی لە بەغداد سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانیان بینی، پێیان وتووە یارمەتییەكانی حاجی قاسم لە شەری داعشدا لەبیرناكەین‌و ئامادەین ئەو كەسانە رادەست بكەینەوە كە لە ئێرانەوە هەڵدێن بۆ هەرێمی كوردستان. 
وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی هۆشیاری زێباری لە بەغداد چاویان بە ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران كەوت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لەم دیدارەدا، ئیبراهیم رەئیسی بە وەفدی پارتی وتووە:" ئارامی‌و سەقامگیری هەرێمی كوردستان ئارامی‌و ئاسایشی ئێمەشە‌و مێژوو نیشانی داوە پشتبەستن بە ئەمریكاییەكان هەڵەیە".
سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران وتویەتی:" رۆژگارێك كە كوردستانی عێراق روبەڕووی هێرشی داعش بوەتەوە، هەموو ئێرانییەكان هەستیان كردووە وڵاتەكەی خۆیان روبەڕووی هێرش بوەتەوە، لەو رۆژانەدا حاجی قاسم سولەیمانی وەكو كەسێك كە تاران یان مەشهەدو كرمان روبەڕووی هێرشی دوژمن بوبێتەوە رۆیشتووە بۆ بەرگریكردن لە كوردستان".
رەئیسی ئاماژەی بەوەكردووە" ئارامی‌و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری ئیسلامی بایەخێكی تایبەتی هەیە، بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە كێشە بۆ ئاسایشی ناوچەكە دروستدەكات، چونكە بەبڕوای ئێمە ئەمریكا نە دڵسۆزی خەڵكی كوردو نە خەڵكی عێراق‌و ئێران نییە.. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت یەكدەنگی نێوان لایەنە كوردییەكانە، چونكە هەرجۆرە ناكۆكییەك لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا زەمینە بۆ جێگیربوونی دوژمنان لەناوچەكە خۆش دەكات".
لەبەشێكی تری قسەكانیدا، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە وەفدەكەی پارتی راگەیاندووە" هەندێك كەس كە لە ئێران تۆمەتبارن‌و ماڵی خەڵكیان خواردووە‌و گەندەڵییان كردووە، هەڵاتوون بۆ كوردستان، ئێوە ئەو كەسانە پەنامەدەن، ئێوە نابێت رێگە بدەن هەرێمی كورستان ببێتە پەناگە بۆ ئەو تاوانبارانە.. هەركەسێك تاوان بكات نابێت هەست بكات دەتوانێت لەسنورەكانەوە بۆی دەربچێت، دەبێت هەموان هەست بكەن لەژێر چاودێریدان‌و دادگا لە بۆسەدایە بۆیان".
لەبەرامبەردا، هۆشیاری زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاندووە:" من‌و باڵیۆزی ئێران لە عێراق شایەتی زیندووی هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی‌و شەهید قاسم سولەیمانین لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستاندا لە رۆژە سەختەكانی شەڕی داعشدا، هەرگیز ئەمە لەبیرناكەین".
زێباری وتویەتی:" ئێمە كەسانێك نین كە سوپاسگوزار نەبین، ئاغای بارزانی لە یەكەمین لێدوانی خۆیدا باسی لەوەكرد كە ئێران یەكەمین وڵات بووە یارمەتی ئێمەی داوە لە راگرتنی هێرشی داعشدا".
"ئێمە خۆمان بە كەسانی نزیك لە كۆماری ئیسلامی دەزانین‌و داوامان لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی كردووە كە رۆڵی ئەرێنی خۆیان لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان بگێڕن بۆ ئەوەی بگەینە لێكتێگەیشتن‌و هاوكاری لەگەڵ برایانی شیعە كە لە بەغداد دەسەڵات‌و بەرپرسیارێتییان بەدەستەوەیە".
سەبارەت بە رادەستكردنەوەی ئەو كەسانەش كە لەئێران هەڵدێن، زێباری رایگەیاندووە:" ئێمە ئامادەین كەسانی تاوانبار رادەستی ئێران بكەینەوە". 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand