پارتی نێوەندگیری لەنێوان لایەنەكانی سلێمانیدا دەكات
2018-05-15 13:40:12
(درەو میدیا):
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ نێوەندگیریكردن لەنێوان لایەنە سیاسییە ناكۆكانی پارێزگای سلێمانی.
بەپێی هەواڵێك كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، هۆشیاری زێباری بەمەبەستی نێوەندگیریكردن لەنێوان لایەنەكان و چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییەی كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردن لەنێوانیان دروستبووە، هۆشیاری زێباری سەردانی سلێمانی كردووە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسەكە، هۆشیاری زێباری دەڵێ" ژمارەیەكی زۆر چەكدار لەناو بارەگاكانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بڵاوەیان پێكراوە".
زێباری ئاماژەی بەوەكردووە، لە سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی بە لایەنەكانی وتووە، ئەگەر هەمووان بە ئەنجامی هەڵبژاردن قایل نەبن، پەنا بۆ چەك دەبرێت لە شەقامەكانی سلێمانیدا.
هۆشیاری زێباری كە حزبەكەی خۆشی نیگەرانە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە سلێمانی، بە رۆیتەرزی وتووە: چەكدارانی یەكێتی نیشتیمانی تەقەیان لە بارەگای سەركردایەتی گۆڕان كردووە و چەكدارەكانی گۆڕانیش وەڵامیان داونەتەوە.
زێباری هیچ وردەكارییەكی لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەی بۆ سلێمانی و بۆچونی لایەنە سیاسییەكان ئاشكرا نەكردووە.
رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە لە پارێزگای سلێمانی ناكۆكی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان دروستكرد.
هەشت لایەنی سیاسی لە ناویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێن یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ساختەكاری كردووە لە پرۆسەكەدا، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە.