بەغداد تا دووشەممە چاوەڕوانی وەڵامی هەولێر دەكات
2021-02-05 11:56:05
(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی رادەستكردنی داهاتی تەواوی نەوت دەخاتە بەردەم بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەم پێشنیازە كۆنترۆڵی كۆمپانیاكانو دەرهێنانی نەوت لای حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوەو گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتەكەش لای بەغداد دەبێت، رۆژی دوو شەممە دواین وادەیە بۆ ئەوەی هەرێم وەڵامی ئەم پێشنیازە بداتەوە، ئەگەر هەرێم بەم پێشنیازە رازی بێت، دەتوانێت لە ساڵەكەدا بەبێ لێبڕین موچەی فەرمانبەرانو خەرجییەكانی تری خۆی دابین بكات.
دواین چانس لەبەردەم هەرێمدا
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، وەزارەتی نەوتی عێراق دواین پێشنیازی لەبارەی كێشەی نەوت خستوەتە بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستانو رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتووی وەكو دواین وادە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەستپێشخەرییە خستوەتە بەردەم حكومەتی هەرێم.
لەبارەی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتەوە
پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق فایلی نەوتی هەرێمی دابەشكردووە بۆ دوو بەش، بەمشێوەیە:
یەكەم: پرۆسەی دەرهێنانی نەوتو مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت.
دووەم: دۆسیەی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوتی هەرێم لای وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای سۆمۆ بێت.
بەگوێرەی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو قەرزانەی كە لە پرۆسەی دەرهێنانو كۆمپانیاكانی نەوت دەكەوێتە سەر حكومەتی هەرێم، دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی دابینیان بكات، بەڵام كرێی پرۆسەی (گواستنەوەو فرۆشتن)ی نەوتی هەرێم، حكومەتی عێراق دابینیان دەكات.
حكومەتی عێراق پێیوایە لە پرۆسەی گواستنەوەی نەوتدا، كۆمپانیاكان ستەمێكی گەورە لە نەوتی هەرێمدا دەكەن، چونكە بۆ گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت بڕی (6 بۆ 9) دۆلار كرێ لە حكومەتی هەرێم وەردەگرن، ئەمە لەكاتێكدایە عێراق هەر بەرمیلێك لە نەوتەكەی بەبڕی (1.3 بۆ 1.9) دۆلار دەگوازێتەوە.
جگە لە رادەستكردنی دۆسیەی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت، حكومەتی عێراق داوای رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكانی هەرێم دەكات لەوانە (فڕۆكەخانەكان، دەروازە سنورییەكان، رەگەزنامەو نشینگە).
داهاتی هەرێم لە پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتدا
ئەگەر حكومەتی هەرێم بەم دابەشكارییەی وەزارەتی نەوتی عێراق قایل ببێت، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت كە ئێستا رێژەكەی لەناو بودجەی گشتی عێراقدا 12,67%وە بەرزكراوەتەوە بۆ 13,93%.
بودجەی 2021ی عێراق بە (130 ترلیۆن) دینار دیاریكراوە، لەم رێژەیە پشكی هەرێمی كوردستان دەگاتە (18 ترلیۆنو 200 ملیار) دینار، دوای لێدەركردنی خەرجی سیادیو حاكیمە، ئەوەی بۆ هەرێم دەمێنێتەوە بڕەكەی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینار دەبێت.
دۆخی موچە لە پێشنیازەكەدا
لە حاڵی رێككەوتندا لەسەر پێشنیازەكە، حكومەتی هەرێم لە ساڵێكدا بڕی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینار لە بەغداد وەردەگرێت، واتە بۆ هەر مانگێك حكومەتی عێراق بڕی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت.
حكومەتی هەرێم بەبێ لێبڕین، مانگانە پێویستە بە (894 ملیار) دینار هەیە بۆ خەرجی موچە، ساڵێكی خەرجی موچەی فەرمانبەران لە هەرێم (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دینارە، ئەگەر هەرێم رازی بێت بە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەتوانێت لە ساڵەكەدا بەبێ لێبڕین موچەی فەرمانبەران دابین بكاتو سەرباری ئەمەش بڕی زیاتر لە (3 ترلیۆن) دیناری لە پارەكەی عێراق بۆ دەمێنێتەوە كە دەتوانێت لەپاڵ یارمەتییە داراییەكەی ئەمریكاو داهاتەكانی تری ناوخۆدا، بۆ خەرجییەكانی تری سودی لێ ببینێت.