وەفدی حکومەت لە بەغدادەوە گەڕایەوە هەولێر
2021-02-03 20:58:07
(درەو):
وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدادەوە گەیشتەوە هەولێر، سەدرییەكان پێشنیازێکی نوێیان بۆ وەفدی هەرێم هەیە، وەزیری نەوتی عێراقیش پێشنیازی رادەستكردنی تەواوی نەوتی هەرێم دەكات بەبێ كێلگە نەوتییەكان، پشكی هەرێم لە (12.6%)ە، بەرزدەکرێتەوە بۆ (13.9%).
بەبێ رێککەوتن گەڕانەوە
ئەمشەو وەفدی هەرێم گەڕایەوە هەولێرو بڕیارە یەكشەمەی داهاتوو جارێکی تر بگەڕێنەوە بەغداد، چونكە دووشەممە بودجەی2021ی عێراق لە پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە.
تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، وەفدی هەرێمی كوردستان رەتیکردوەتەوە تەواوی دۆسیەی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام ئامادەیی هەرێمی نیشانداوە بۆ رادەستکردنی بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتی ناوخۆ.
پشکی هەرێم لە شەڕی نێوان لایەنە شیعەکاندا
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لایەنە شیعەکان لەدوای كۆبونەوەیەکی خۆیان لەماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، بڕیاریان داوە، دەبێت هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتەکەی خۆی لەڕێگەی کۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە بفرۆشێت و دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بکات.
بەڵام وەزیری نەوتی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیازی جیاوازی كردووەو وتویەتی" با هەموو نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، بەڵام كێڵگە نەوتییەكان و نەوت لای حكومەتی هەرێم بمێنێتەوە".
هەردوو پێشنیازی لایەنە شیعەکان و وەزیری نەوت بۆ وەفدی حکومەتی هەرێم نەرێنی بوون، تاكە خاڵی ئەرێنی كە دەستی وەفدەكەی هەرێم كەوتبێت پێشنیازێكی سەدرییەكانە بووە کە وتویانە" ئێمە چەند مەرج و داواكارییەكمان هەیە لە پرۆژە یاسای بودجەدا، ئێوە پشتیوانی ئەو داواکاریانەی ئێمە بکەن، ئێمەش پشتیوانی ئیوە دەكەین".
ئەم هاتنەپێشەوەی سەدرییەكان بەپێی زانیارییەكان (درەو)، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دوو رۆژی رابردووی نێوان مەسعود بارزانی و موقتەدا سەدر هاتووە، كە جۆرێك لێكتێگەیشتن دروستبووە لەنێوانیان هەردوولادا.
پشکی هەرێم زیاد دەکرێت !
چاوەڕوان دەكرێت لە دواین ساتەكاندا وەفدی هەرێم و لایەنە عێراقییەكان رێكبكەون لەسەر پێشنیازێكی هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی عێراق، كە هاوكات لە پرۆژە یاسای بودجەی ئامادەكراوی حكومەتیشدا هاتووە.
پێشنیازەکە ئەوەیە" هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو نیوەی داهاتەكانی رادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەر ئەمەدا شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا كە ئێستا (12.6%)ە، بەرزدەکرێتەوە بۆ (13.9%).