راگەیاندنی ناوی كاندیدە سەركەوتوەكان دوادەكەوێت
2018-05-15 11:20:07
(درەو میدیا):
بە پێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) راگەیاندنی ناوی كاندیدە سەركەوتووەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوادەكەوێت بەهۆی دەرنەوچونی بەشێك لە سەركردە سیاسیيەكانی عێراق و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دەنگەكانیان تا ئاستی دەرچوون.
بەپێی زانیاریيەكانی (درەو میدیا) كە لە كۆمسیۆنی باڵای هەلبژادرنەكانی عێراقەوە دەستی كەوتووە، لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ دەستكاریكردنی دەنگی كاندیداكان لە بەرژەوەندی بەرپرسە سیاسيیە دەرنەچووەكان، كە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیەكی زۆری سەركردە دیارەكانی عێراق دەرنەچوون و دەیانەوێت هەر لە لیستەكەی خۆیان دەستكاری دەنگەكانیان بۆ بكەن و دەریان بچێنن.
كازم شەمەری سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئەیاد عەلاوی رایگەیاندووە كە فشاری زۆر لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەیە بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامی دەنگی لیستەكەیان لە پارێزگای بەغداد، دیارترین ئەو سەركردانەی كە دەنگی پێویستیان نەهێنا:.
* سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە هاوپەیمانی نیشتیمانی ئەیاد عەلاوی، كە دەنگی پێویستی بەدەستنەهێناوە.
* حەنان فەتلاوی سەرۆكی لیستی ئیرادە دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە
* عەباس بەیاتی و هەیسەم جبوری و عەلی عەلاق و جاسم محەمەد جەعفەر..
لەم هەڵبژاردنەدا سەرەڕای سزادانی حزبەكان بەوەی رێژەی هەڵبژاردن كۆی گشتی عێراق 44% بوو، هاوكات زۆرینەی سەركردەو سیاسیيە پۆپۆلیستەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی سزادران دەنگی كەمیان بەدەستهێنا.