سەدر: حكومەتی تەكنۆكرات پێكدەهێنین نەك حزبی
2018-05-14 18:33:46
(درەو میدیا):
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرو سەرۆكی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حكومەتێكی تەكنۆكرات پێكدەهێنن كە حزبایەتی تێدا نەبێت.
لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، سەدر ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەكو هاوپەیمانی (سائیرون) بە دانایی و نیشتیمانپەروەرییەوە ئیرادەی گەل مەبەستیانەوە و نەوەیەكی نوێ پێكدەهێنن بۆ ئەوەی گۆڕانكاری ببینن بە ئاڕاستەی چاكسازیدا.
بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بڵاویكردەوە، هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی یەكەمدایە.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر) كە دەیەوێت بۆ ویلایەتی دووەم لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، ئەمڕۆ ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ كاركردن و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
هەوڵی حەیدەر عەبادی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر لە وەڵامی پرسیاری یەكێك لە لایەنگرەكانیدا ئاشكرایكرد، هاوپەیمانی سائیرون كاندیدی خۆی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.