بەرەو پەرلەمانی دوو ئەنجومەنیی
2021-01-06 19:59:32
شرۆڤە: ھاوڕێ تۆفیق
ھەموو وڵاتێکی دیموکراسی راستەقینە پێویستی بە پەرلەمانێکی ڕاستەقینە ھەیە. چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان لە ڕۆڵی پەرلەمان ناڕازین، لەئێستایا چاڵێک لە نێوان خەڵک و ئەندامانی پەرلەمان کە نوێنەری ھەڵبژێردراوی خەڵکن دروستبوە.
ئاشکرایە ھەموو ئەم بیرکردنەوانە بەھۆی خراپی رۆڵی پەرلەمانەوە دروستبون ، خەڵک دەیان یاسای گرنگی پێویستە، بەڵام دەرناچن، بەشێک لەیاسا دەرچوەکانیش کەموکورتی و کێشەیان ھەیە، پەرلەمان ئەبوایە لە پێشەوەی رووداوەکان بوایە، نەک وەکو ئێستا لە دوای رووداوەکانەوە بێ.
روونە، ئەم گلەییانە لە پەرلەمان بەشی زۆری ئەگەڕێتەوە بۆ ھۆی خراپی جۆری بیرکردنەوەی سیاسی حیزبەکان .
ئاشکرایە کوردستان پێویستی بە پەرلەمانێکی راستەقینەی بەھێز ھەیە، بێگومان ژیانی پەرلەمانیش وەکو ھەموو بوارەکانی تری ژیان بەردەوامە لەگەشەکردن و پێشکەوتن ھەروەکو چۆن پیشەسازی ئۆتۆمبێل و تەکنۆلۆژیا زۆر پێشکەوتوون و گۆراون، ئاواش پەرلەمانەکان پێشکەوتوون و گۆڕاون .بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێکی ئەمرۆ ،تەواو جیاوازە لە ئۆتۆمبێلێکی ساڵی پەنجاکان و زۆر شتی تر .بەھەمان شێوەش داودەزگاکانی دەوڵەتیش بەردەوام لە پێشکەوتن و گۆرانکاریدان
لە وڵاتە دیموکراسییە دێرینەکان کە خاوەنی پەرلەمانی دێرین و رەسەنن، ئەوان بەردەوام ھەوڵئەدەن پەرلەمانەکانیان چاکتر و بەھێزتر بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش یەکێک لە رێگا گرنگەکان کەگرتیانەبەر چاککردنی (پەرلەمان) بوو لە پێکھاتەو پرۆسەی دەنگدان و قانون دەرکردنی ،ئەمەش بۆ ئەوەی پەرلەمانێکی بەھێزوچالاکیان ھەبێت وخەڵک ھەستی ھەڵاوێرکردن و بێدادی بۆ دروستنەبێ .بۆ ئەو مەبەستە، چەند کارێکی گرنگیان کرد، یەکێک لەو کارە گرنگانە، لەباتی ئەوەی کە پەرلەمان یەک ئەنجومەن بێ . پەرلەمانانیان کرد بە دوو ئەنجومەن .
بێگومان ئەو ولاتانەی کە پەرلەمانیان یەک ئەنجومەنە، وڵاتانی مەرکەزی و تاکڕەون، پەرلەمانی یەک ئەنجومەن لەدونیا بەرەو لەناوچون ئەچێ .
سەرەتا پێویستە،باسی لایەنی خراپی پەرلەمانی یەک ئەنجومەنی بکەین لە ھاوشێوەکانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان:
یەکەم : قانونە دەرچوەکان لەبەرژەوەندی کوتلەی زۆرینە ئەبن و ھیچ فلتەرێکیش نیە بۆ ئەوەی قانونە دەرچوەکان وردبینی بکا ،یان رایبگرێ، یان تانەی لێ بدا .دیارە لە عێراقدا مافی تانەدان لەو قانونانەی کەپەرلەمان دەریان ئەکا لەبەردەم دادگای فیدراڵی ھەیە ، بەڵام لە کوردستان بەھیچ شێوەیەک مافی تانەلێدان نیە ، چونکە لە بنچینەدا دادگای باڵای ھەرێم نیە کەئەمەیان کێشەیەکی تری گرنگی بونیەویی سیستەمی سیاسی و دادوەری ھەرێمە.بۆیە قانونی پەرلەمانی کوردستان بێ فلتەرە، زۆرینە دەستبەرز ئەکاتەوەو ئیتر ئەبێ بە قانون، کە ئەمەش جەوھەری بێدادییە.
دووەم؛ کەمینە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینییەکان بەھۆی ئەم سیستەمە یەک ئەنجومەنیەوە ،بێ نرخ ئەکرێن وھیچ دەورێکیان نامێنێ، تەنانەت وەکو بڵێی ھەر لە پەرلەماندا نین . زۆرینە چی بیەوێ ئەیکا، وەکو ئێستای پەرلەمانی عێراق و کوردستان.
سێیەم؛ لە رووی کلتوری سیاسیەوە ئەو سیستەمە گەشە بە پاوانخوازی حیزبی و سیاسی ئەکاو بەو ھۆیەوە خەڵک باوەریان بە پەرلەمان و دەوڵەت نامێنێ.
پەرلەمان دوو ئەنجومەنی چیەـ
پەرلەمان لەرووی بنەمای گشتیەوە لەسەر بنەمای بەدیھێنانی یەکسانی و چەسپاندی دادپەروەری جوگرافی و لامەرکەزی لەدوو ئەنجومەن پێکدەھێنرێ. بە مانایەکی تر ژمارەی گشتی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر دوو ئەنجومەنا دابەش ئەکرێن ،بۆ نمونە پەرلەمانی ئەمریکی لە دوو ئەنجومەن پێکھاتوە،ئەنجومەنی یەکەمیان ناوی ئەنجومەنی نوێنەرانە کەپێی دەڵێن کۆنگرێس ،ژمارەی نوێنەر بەپێی ژمارەی دانیشتوانە، بەم ھۆیەوە ئەو شارانەی گەورەن، نوێنەریان زۆر ئەبێ و شارە بچوکەکانیش کورسیان کەم ئەبێ .کەواتە لەم حاڵەتەدا پەرلەمان بریاری ئەبێ بە بریاری شارە گەورەکان و بچوکەکانیش پەراوێز ئەخرێن ! ئەی چارەسەر چیە ؟وەڵامەکەی بوونی ئەنجومەنی دووەمە، کەپێی ئەڵێن ئەنجومەنی پیران (سینات) ئەم ئەنجومەنە بە یەکسانی و بەبێ رەچاوکردنی گەورەو بچوکی شارەکان لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی یەکسان بۆ ھەر ولایەتێک، دوو نوێنەریان ھەیە .بەھۆی پەرلەمانی دوو ئەنجومەنەوە لامەرکەزی و دادپەروەری چەسپاوە و بە دەستورو قانون ئەرک و پسپۆری دوو ئەنجومەنەکە دیاریکراوە، بۆ نموونە ،کەئەنجومەنی یەکەم قانونێک دەرئەکات زۆر جار بۆ پەسەندکردنی پێویستی بە متمانەی ئەنجومەنی دووەمە کە پیرانە، ھەندێک جاریش ئەو قانونەی ئەنجومەنی یەکەم دەریکردوە، ئەنجومەنی دووەم رەتیدەکاتەوەو تەنانەت
ھەندێک جار دەیگێڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی یەکەم.
سەبارەت بە پێشنیاری دوو ئەنجومەنی بۆ پەرلەمانی کوردستان ،بە کورتی و کوردی بەم شێوەیە؛
پەرلەمانی کوردستان بکرێ بە دوو ئەنجومەنی ھەڵبژێردراو ، یەکەمیان (ئەنجومەنی نوێنەران) بێ و ژمارەی کورسییەکانی ١٠١ کورسی بێ و بەپێی ژمارەی دانیشتوان، کورسیەکان بۆ شارەکان دیاری بکرێ، واتە بۆ سەدو یەک نوێنەر کورسیەکانیان دابەشی کۆی دانیشتوانی ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم بکرێ. ئەو کاتە بەپێی کەمی و زۆری ژمارەی دانیشتوانی ھەر پارێزگایەک ژمارەی کورسی خۆی بەر ئەکەوێ .
ئەنجومەنی دووەمیان (ئەنجومەنی ھەرێم )بێ ،ئەم ئەنجومەنە لە ٤٠ کورسی پێکبھێنرێت و بۆ ھەر چوار پارێزگاکە و بە یەکسانی ،بۆ ھەر پارێزگایەک ١٠ نوێنەریان پێ بدرێ. دەسەلات و پسپۆری ھەردوو ئەنجومەنەکە لە ئێستایا بە قانون و لەداھاتوش بە دەستور رێکبخرێ.
سودەکانی ئەم دوو ئەنجومەنییە؛
یەکەم، عەدالەت لە نێوان شارە گەوەرەکان و بچوکەکان دروست ئەبێ ،بۆ نمونە پارێزگای ھەڵەبجە ژمارەی دانیشتوانی کەمەو بچوکە، بۆیە نوێنەریشی کەم ئەبێ لەپەرلەمان ،بەلام بەھۆی پەیرەوکردنی ئەم دوو ئەنجومەنییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر ئەبێ و دادپەروەری تارادەیەکی باش بەدیئەھێنرێ.
دووەم، ھەستی جیاکاری نەتەوەیی و ئاینیی و ناوچەکان کاڵ ئەکاتەوەو پراکتیزەی لامەرکەزییەتی کارگێڕی و دارایی ئەکا.
سێیەم؛ قانون دەرکردن بەیەک قۆناغ نابێ ئەمەش ئەبێتە فلتەرێک ،یان بڵێین جۆرێکە لە وردبینیکردنی قانونەکان، بۆ نمونە ئەنجومەنی یەکەم ،قانونی وەبەرھێنان دەرئەکا، خەڵک پێیان وایە ئەم قانونە زۆرتر لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە وەک لە بەرژەوەندی خەڵک، بۆیە ئەنجومەنی دووەم کە ئەنجومەنی ھەرێمەکانە ،مافی گێرانەوەی قانونەکەی بۆ ئەنجومەنی یەکەم ھەیە و ئەتوانێ پەسەندی نەکا.
چوارەم؛ لە پەرلەمانی دوو ئەنجومەنییا ھەندێک لەو قانونانەی رەھەندی نیشتیمانی و نەتەوەییان ھەیە ئەبێ ئەنجومەنی دووەم بە دەنگدانی دوو لەسەر سێی دەنگ پەسەندی بکا ،ئەمەش ئەبێتە ھۆیەکی گرنگ بۆ ھاوسەنگی ھێز و لەلایەکی ترەوە پاوانکردن و تاکرەوی تارادەیەکی باش کەم ئەکاتەوە.
پێنچەم؛
سیستەمی دوو ئەنجومەنی ، ئەبێتە ھۆی پەیڕەوکردنی ڤیتۆی پەرلەمانی ،لەناو پەرلەماندا، ئەنجومەنی ھەرێم ئەبێتە بەبەرستێکی قانونی زۆر باش بۆ پاراستنی ھاوسەنگی و دادپەروەری، بە تایبەت ئەو قانونانەی کە گرنگن و پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە وەکو قانونی بودجە و ھەڵبژاردن و ھتد.
لە کۆتاییا؛
چاککردنی سیستەمی کارکردنی پەرلەمان لەم پێکھاتە یەک ئەنجومەنییەی ئێستاداو گۆرینی بۆ پەرلەمانێکی دوو ئەنجومەنی ، یەکێتیی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ئەپارێزێ و گۆرانێکی باش ئەخاتە ناو ژیانی دەوڵەتداری و سیاسەوە، ئەم مەسەلەیە باسێکی گرنگ و ئاڵۆزە ، ئیرادەی خەڵک و حزبەکانی ئەوێ، بەلام وەرچەرخانێک ئەبێ لە ژیانی پەرلەمانی گەلی کوردستان.