Draw Media

وردەكاریی شەڕەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان

وردەكاریی شەڕەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان

2021-01-06 14:31:03


 (درەو):
لە شەڕی ئەمڕۆی ناو پەرلەمانی كوردستاندا دەركەوێت یەكێك لە پەرلەمانتارەكان یاریزانی كۆنفۆیە‌و پشتێنی رەشی لەم بوارەدا هەیە، باسی بەكارهێنانی "خەنجەربۆكس" دەكرێت، (درەو) وردەكاری شەڕەكە بڵاودەكاتەوە.
 
چی رویدا ؟
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كودستاندا، دوای پێدانی متمانە بە كەمال ئەتروشی وەكو وەزیری سامانە سروشتیییەكان، شەڕ لەنێوان سێ پەرلەمانتاری پارتی‌و سێ پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ رویدا.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، شەڕەكە لە تەوەری دووەمی دانیشتنی پەرلەماندا رویداوە، واتە دوای پێدانی متمانە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان‌و وەرگرتنی پشوو و دواتر دەستپێكردنەوەی دانیشتنی پەرلەمان.
تەوەری دووەمی دانیشتنی پەرلەمان تەرخانكرابوو بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاسای (فرۆشتن‌و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت)، لەم تەوەرەدا كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ پرسیاری لە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كردووە لەبارەی ئەوەی بۆچی كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكان رای كردووە‌و ئامادە نەبووە وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە وەكو ئەوەی پێشترو لە تەوەری یەكەمی بەرنامەی كاردا سەرۆكی پەرلەمان بەڵێنیداوە. (ئەو تۆمارە دەنگییەی كە كازم فاروق بڵاویكردوەتەوە، پشتڕاستی ئەم چیرۆكە دەكاتەوە).
لەو كاتەدا كە كازم فاروق قسە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان دەڵێت، هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی كاردانەوە دەدەن، كازم فاروق وەڵامیان دەداتەوە‌و پێیان دەڵێ:" كەس فڵتە فڵت نەكات"، ئەمە پەرلەمانتارانی پارتی زیاتر توڕە دەكات‌و هەڕەشە لە كازم فاروق دەكەن، كازم فاروق وەكو ئامادەكاری بۆ شەڕو روبەڕووبونەوە چەكەتەكەی لەبەریدا دادەكەنێت‌و دەڵێ:" ئەگەر پیاوی وەرە پێشەوە".
دوای قسەكانی كازم فاروق، رزگار عیسا پەرلەمانتاری پارتی كە دەوترێت یاریزانی "كۆنفۆ"یە‌و پشتێنی رەشی لەم بوارەدا هەیە، پەلاماری كازم فاروق دەدات‌و بۆكسێكی لێدەدات، پاشان پەلاماری سپیان ئامێدی ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەدات‌و دەیخاتە سەر زەوی‌و لەقەیەك بە دەموچاویدا دەدات.
ئەوەی باسدەكرێت لەم پێكدادانەدا "خەنجەر بۆكس" بەكارهاتووە، بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە فراكسیۆن جیاوازەكان شایەتحاڵبوون‌و (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، چیرۆكێكی ناڕاستە‌و ئەو برینەی كە لە دەموچاوی سیپان ئامێدیدا دروستبووە، شوێنی ژێری پێڵاوەكانی رزگار عیسای پەرلەمانتاری پارتییە نەك خەنجەربۆكس.
ژنەكانیش لەم شەڕەدا بەشداربوون، لە تەرەفی پارتی، پەرلەمانتار (حەسیبە سەعید) پەلاماری (مژدە مەحمود) پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێی داوە‌و قژی راكێشاوە. 
مەلا وەیسی پەرلەمانتاری پارتی یەكێك لەوانە بووە كە بەشداربووە لە شەڕەكەدا‌و پاڵپشتی ئەوەی كردووە لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بدرێت. 
لەم شەڕەدا چەند پەرلەمانتارێك ناوبژیكەر بوون، یەكێك لەوانە (لوقمان وەردی) پەرلەمانتاری یەكێتی بووە.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەم شەڕەوە لیژنەیەكی پێكهێناوە، ئێستا لیژنەكە تەماشای رووداوەكە دەكەن لە چاوی كامێراكانەوە، وێنەی ژێر پڵاوەكانی رزگار عیسای پەرلەمانتاری پارتیش وەرگیراوە، هەفتەی داهاتوو سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆدەبنەوە بۆ قسەوباسكردن لەبارەی ئەو گرژییانەی كە ماوەیەك لە پەرلەماندا روودەدەن. 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand