وەزیری پارتییەو خزمی یەكێتییە
2021-01-05 17:21:14
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ پەیوەندی پارتی لەگەڵ گۆڕانو یەكێتی، فراكسیۆنی یەكێتی دەنگ بە كاندیدی پارتی دەداتو كاندیدەكە خزمایەتی لەگەڵ خێزانی ئیبراهیم ئەحمەددا هەیە، فراكسیۆنی گۆڕان نیوەی ئەندامەكانی دەنگ نادات، پارتی هۆشداری بە گۆڕان داوە لەمەودوا بەپێی ژمارەی دەنگەكانی سبەینێی پەرلەمان مامەڵەی كورسی لەگەڵ گۆڕان دەكات، جگە لە (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، زۆرینەی لایەنە ئۆپۆزسیونەكانو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ یەكلابونەتەوە دەنگ بە كاندیدی پارتی نادەن.
لایەنەكانی حكومەت لەبەردەم تاقیكردنەوەكی نوێدا
سبەینێ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی نائاسایی دەكات بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، پارتی (كەمال ئەتروشی) بۆ ئەم پۆستە كاندید كردووە، ئەمڕۆ ئەتروشی چووە ناو پەرلەمان، تیمی پەرلەمان پەراوەیان پێكرد تاوەكو سبەینێ شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەو سوێندخواردن بزانێت.
حزبە سیاسییەكان لەئێستاوە دوودڵنو چاوەڕی ئەنجامی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان دەكەن، پارتی كێشەی نییەو زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، بەبێ دەنگدانی لایەنەكانی تریش متمانە بە كاندیدەكەی خۆی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەبەخشێت، بەڵام دەیەوێت ئەم بابەتە بكات بە تاقیكردنەوەیەك بۆ هاوپەیمانەكانی لەناو حكومەت.
وەزیر خزمی یەكێتییە !
كەمال ئەتروشی كە راستەوخۆ لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، خزمایەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش هەیە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، كەمال ئەتروشی خزمایەتی لەگەڵ "گەلاوێژخان"ی هاوسەری ئیبراهیم ئەحمەدو دایكی هێرۆخان هاوسەری كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیدا هەیە، واتە لەدایكەوە بە خزمایەتی دەگاتەوە بە هەریەكە لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەوانەی ئاگاداری ئەم خزمایەتییەن پاڵپشتی لەوە دەكەن فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان.
لەبەرامبەردا بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا هەندێك دەنگ هەیە كە داوا دەكات یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نەدات.
بەڵام لە هەموو حاڵەكاندا یەكێتی وەكو هاوبەشێكی پارتی لە حكومەت ناچارە دەنگ بۆ كەمال ئەتروشی بدات، وەك چۆن پێشتر پارتی دەنگی بۆ وەزیرەكانی یەكێتی داوە، بۆیە بڕیاری كۆتایی یەكێتی ئەوەیە سبەینێ فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمان متمانە بە كاندیدەكەی پارتی ببەخشێت، بەپێچەوانەوە جارێكی تر گرژیو ئاڵۆزی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب دەگەڕێتەوە، واتا كەمال ئەتروشی تاقیكردنەوەیەكی نوێیە بۆ ئاستی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی.
سبەینێ پارتی قەبارەی گۆڕان دیاری دەكات
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی (درەو) كەلە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتوون، ئەمڕۆ كاردۆ محەمەد بەرپرسی ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كردووەو ئومێد خوشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بینیوە.
بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشیان بۆ (درەو) ئاشكراكرد، لەو دیدارەدا ئومێد خوشناو بەرپرسی ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕانی ئاگاداركردووە لەوەی سبەینێ لە پرۆسەی پێدانی متمانە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان قەبارەی تەواوەتی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری دەكەنو لەمەودوا بەپێی ژمارەی دەنگەكانیان لەناو پەرلەمان، پارتی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات.
بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی (12) كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەم كورسییانە ئێستا پەرت بوون، (6) كەسیان لە دەرەوەی پۆلی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەخوێنن، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەم درزەی لەناو فراكسیۆنەكە دروستكرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە تائێستا لەبەردەستدایە، پێدەچێت لە كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەماندا (6) پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە پارتی پێشتر متمانەی بە وەزیرەكانی گۆڕان بەخشیوە.
ئەگەر پارتی هەڕەشەكەی ئومێد خوشناو بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا لەدوای كۆبونەوەی سبەینێوە دەبێت لەبری 12 كورسی، بە (6) كورسی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ گۆڕان بكاتو ئەمەش دواجار كاریگەری لەسەر پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان دەبێت لەناو حكومەت.
پارتیو گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا شەریكن، هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان رەخنەی لە پارتی هەیە كە بەتەواوەتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی جێبەجێ نەكردووە، لەبەرامبەریشدا پارتی رەخنەی لە گۆڕان هەیە بەوەی هەندێك لە پەرلەمانتارەكانی پەیوەست نین بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەنێوان هەردوولاوە.
ئۆپۆزسیۆن چی دەكات ؟
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بریتین لە (كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەربەخۆكان، حزبی شیوعی).
ئەم لایەنانە هیچ یەكێكیان لەناو پەرلەمان متمانەیان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نەبەخشیوە كە كابینەیەكی سێقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، بەڵام ئێستا هەندێكیان لەبارەی دەنگدان بە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دوودڵن.
كۆمەڵو یەكگرتوو بە فەرمی رایانگەیاندووە، سبەینێ دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نادەن، بەڵام جوڵانەوەی نەوی نوێ دەڵێ:" هێشتا بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوەو سبەینێ چەند پرسیارێك لە كاندیدەكەی پارتی دەكاتو لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ دەدات یاخود نا".
حزبی شیوعی كوردستانیش كە یەك كورسی هەیە لە پەرلەمان دەنگ بە كاندیدی پارتی نادات، محێدین حەسەن كە پەرلەمانتاری شیوعی-یە، بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی نادات.
پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان ژمارەیان (4) كەسە، ئەمانە ئەو پەرلەمانتارانەن كە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەتەوەو بریتین لە هەریەكە لە (مەم بورهان قانع، شادی نەوزاد، سیروان بابان، دیاری ئەنوەر)، پێشبینی دەكرێت لەم چوار پەرلەمانتارە، لانی كەم (3) پەرلەمانتاریان دەنگ بۆ كاندیدەكەی پارتی نەدەن.
ئەگەر پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەنگ نەدەن، بەتێكڕا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە متمانە بە كاندیدی پارتی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نادەن ژمارەیان دەگاتە (26) پەرلەمانتار.
وەزیر چۆن متمانە وەردەگرێت ؟
بەپێی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان وەزیر بە دەنگی (50+1)ی كۆی ئەندامانی پەرلەمان متمانە وەردەگرێت، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە كوردستان (111) كەسە، واتا سبەینێ بۆ ئەوەی كەمال ئەتروشی وەكو وەزیری سامانە سروشتییەكان متمانە وەربگرێت، دەبێت (56) پەرلەمانتار دەنگی (بەڵێ)ی بۆ بدەن.
فراكسیۆنی پارتی بەتەنیا خۆی (45) كورسی هەیە، (11) كورسی كۆتاكانیش بۆ پارتی یەكلابوەتەوە، واتە پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بەتەنیا خۆی لەم خولەی پەرلەماندا (56) دەنگی مسۆگەری هەیەو زۆرینەی پەرلەمانی كۆنترۆڵكردووە.
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی سبەینێدا، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان لانی كەم (80) دەنگی مسۆگەرەو بە ئاسانی متمانە وەردەگرێت، دەنگەكان بەمشێوەیەن:
• پارتیو كۆتاكان: (56) دەنگ
• یەكێتی: (18) دەنگ، یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان (21) كورسی هەیە، بەڵام چەند ئەندامێكی فراكسیۆنەكە بەهۆی پشووی پەرلەمانەوە لە گەشتی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
• بزوتنەوەی گۆڕان: 12 كورسی هەیە، پێشبینی دەكرێت تەنیا (6) پەرلەمانتار دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن.
• لیستی سەردەم: یەك كورسی هەیە كە (باپیر كامەلا)یە دەنگ بە كاندیدی پارتی دەدات.