ئاشتەوایی سعویەو قەتەر.. دواین فشاری ترەمپ لەدژی ئێران

Draw Media

2021-01-04 20:00:17



(درەو):
دوای سێ ساڵ لە داخستی سنورەکان و شەڕی میدیایی قورسی نیوان کەناڵی (جزیرە)و (عەرەبییە)، دواجار قەتەرو سعودیە بڕیاریاندا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوەو سنورەکانیان بەڕووی یەکتردا بکەنەوە، ئەمە دواین هەوڵی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئێران.

رێککەوتن بە فشاری ئەمریکا
ئەحمەد ناسر سوباح وەزیری دەرەوەی کوەیت ئاشکرایکرد، رێککەوتن کراوە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سنوری وشکانی و دەریایی و ئاسمانیی لەنێوان سعودیەو قەتەردا بکرێتەوە.
کردنەوەی دەروازەکان، بەهۆی نێوەندگیری 
شێخ نەواف ئەحمەد جابر سوباحی میری کوەیتەوە بووە، شێخ نەواف لەبارەی ئیمزاکردنی ئیمزاکردنی بەیاننامەی لوتکەی (عولا) بەتەلەفۆن لەگەڵ هەریەکە لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەو تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر قسەی کردووە.
بەگوێرەی قسەی وەزیری دەرەوەی کوەیت، قەتەرو سعودیە رێککەتوون لەسەر ئەوەی هەموو کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
ئەم رێککەوتنە بەر لە چەند کاتژمێرێک دێت لە (٤١)هەمین کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو کە بڕیارە سبەینێ لە شاری (عولا)ی سعودیە دەست بەکارەکانی بکات.
کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بڕیاربوو مانگی کانونی یەکەمی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەو هەوڵی نێوەندگیرییەی کە لەنێوان قەتەرو سعودیەدا هەبوو، وادەی کۆبونەوەکە دواخرا، لەڕاستیدا کێشەی نێوان قەتەرو سعودیە لەوە گەورەتر بوو بەنێودەندگیری میری کوەیت چارەسەر ببێت، بەڵام فشاری دواین رۆژەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کاری خۆی کرد.

لەبارەی کێشەی سعویەو قەتەرەوە 
سعودیەو هاوپەیمانەکانی لەناوچەی کەنداوی عەرەبی واتا (بەحرەین و ئیماراتی عەرەبی) هەروەها میسر، مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ هەموو پەیوەندییەکی خۆیان لەگەڵ قەتەردا راگرت.
سعودیەو هاوپەیمانەکانی ئەوکات قەتەریان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پاڵپشتی "گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان" دەکات و سەرباری ئەمەش لە ئێرانەوە نزیکە.
بەڵام دواجار فشارەکانی ئەمریکا سعودیەی هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ قەتەر، ئەمریکا دەیەوێت ئێران لەناوچەکەدا بەتەواوەتی پەراوێز بخات، یەکێتی نێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی هوکارێکی باشە بۆ ئەم پەراوێزخستنە.
سێ ساڵ لەمەوبەر کاتێک سعودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسر بڕیاریاندا بایکۆتی قەتەر بکەن، هەر چوار وڵاتەکە بواری ئاسمانی و دەروازە وشکانی و ئاوییەکانی خۆیان لەگەڵ قەتەر داخست و ئەم بایکۆتە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو، بەڵام سعویە وەکو رێبەری وڵاتانی دژە قەتەر ئیتر دەروازەکانی خۆی کردوەتەوەو پێشبینی دەکرێت رێککەوتنەکە لانی کەم بەحرەین و ئیماراتی عەرەبیشی بۆ زیاد بکرێت.
لەوکاتەوە کە لەلایەن سعویەو وڵاتانی تری کەنداوەوە بایکۆت کراوە، قەتەر بۆ دابینکردنی پێداویستی خەڵکی وڵاتەکە کە ژمارەیان (٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار) کەسە پشتی بە هاوردەکردنی پێداویستییەکانی لە دەرەوە بەستووە بەتایبەتیش تورکیا.
چوار وڵاتەکە پێشتر (١٣) مەرجیان دانا بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەنییەکانیان لەگەڵ قەتەر، یەکێک لەو مەرجانە داخستی کەناڵی (جەزیرە) بوو لەلایەن قەتەرەوە، مەرجێکی تر ئەوە بوو قەتەر پەیوەنییە سەربازییەکانی لەگەڵ تورکیا سنوردار بکات و بنکەی سەربازی تورکیا لە وڵاتەکەی دابخات و پەیوەندی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی (ئیخوان موسلیمین) رابگرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کەمتر بکاتەوە، بەڵام ئەوکات قەتەر جێبەجێکردنی تەواوی ئەو مەرجانەی رەتکردەوە.
یەکێک لە نیگەرانییەکانی سعودیەو میسرو ئیمارات و بەحرەین لە قەتەر، بوونی کەناڵی (جەزیرە)، ئەم کەناڵە کە بارەگاکە لە شاری دەوحەی قەتەرە، لەلایەن ئەو وڵاتانەوە تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاژاوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت دوای رێککەوتنی قەتەر لەگەڵ سعودیە ئیتر کەناڵی جەزیرەش تۆزێک هەواڵەکانی لەبارەی سعودیەوە نەرم بکاتەوە.
هەوڵی وڵاتانی کەنداو بۆ ئاشتەوایی لەنێوان خۆیاندا هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانیان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن، هەروەک ئاشتەواییەکە دوای ماوەیەکی کورت دێت لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل، ئیسرائیلییەکان چاویان لەوەیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چەند وڵاتێکی تری کەنداو بەتەواوەتی ئاسایی بکەنەوە لەوانە سعودیەو قەتەر.
‌ئاسایبونەوەی پەیوەندی نێوان قەتەرو سعودیە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی لیبیاو یەمەن و سوریاش دەبێت کە هەردوو وڵات تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەبارەی دۆخی ئەو وڵاتانەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand