Draw Media

لە ئاشتی هەورامییەوە بۆ كەمال ئەتروشی

لە ئاشتی هەورامییەوە بۆ كەمال ئەتروشی

2021-01-04 13:08:04


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
ئەم هەفتەیە كۆتایی بە زەمەنی ئاشتی هەورامی دێت، پیاوێك كە زیاتر لە (14) ساڵە جڵەوی دۆسیەی نەوت ‌و غازی هەرێمی كوردستانی بە ناڕوونی لە جانتاكەیدا هەڵگرتووە.
رۆژی چوار شەممە پەرلەمانی كوردستان متمانە بە (كەمال ئەتروشی) دەبەخشێت، لەدوای هەورامی، ئەتروشی دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكانە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، ئایا ئەمە كۆتایی سەردەمی ئاشتی هەورامییە ؟ ئایا دۆسیەی نەوت لە لەندەنەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر ؟ ئایا مەسرور بارزانی بەتەواوەتی جڵەوی دۆسیەی نەوت لە نێچیرڤان بارزانی وەردەگرێتەوە ؟

شوێنگرەوەكەی ئاشتی هەورامی كێیە ؟
كەمال ئەتروشی كە مەسرور بارزانی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان كاندیدی كردووە، سیڤییەكی قورسی خوێندن و كاركردن لە بواری نەوتدا هەیە، سەرباری ئەمە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پاڵپشتی لێدەكات. 
واتە هەم ئەزمونی لەبواری نەوتدا هەیە، هەم پاڵپشتی سیاسی گەورە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەتروشی بەم پاڵپشتییە گەورەوە دەتوانێت نەوتی هەرێم لە تەنگژەو ناڕوونی دەربهێنێت و بیخاتە سەر رێڕەوێكی دروست كە داهاتەكەی لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت و لەژێر هەژموونی كەسانی دەستڕۆیشتوو دەریبهێنێت ؟
ئەتروشی ساڵی 1955 لەدایكبووە، 1975 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی جیۆلۆجیای لە كۆلیژی زانستەكانی زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، دوای تەواوكردنی خوێندن دەستی بەكاركردن كردووە لە بواری (جیۆفیزیا)دا، تاوەكو 1985 كاری بۆ كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق كردووە. 
چوەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، ساڵی 1987 خوێندنی باڵای لەزانكۆی (بۆردۆ)ی فەڕەنسا تەواوكردووە‌و بڕوانامەی ماستەری لەبواری (جیۆفیزیای دۆزینەوەی نەوت)دا بەدەستهێناوە، لە هەمان زانكۆ ساڵی 1991 بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری (جیۆفیزیای نەوت- دۆزینەوەو بەرهەمهێنان)دا بەدەستهێناوە.
دوای تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا، كەمال ئەتروشی لە پەیمانگەی فەڕەنسی بۆ نەوت دەستی بە كاری توێژینەوە كردووە، شارەزایی (35 ساڵ)ی لە بواری جیۆفیزیای نەوتدا هەیە، لەگەڵ چەندین دامەزراوەو كۆمپانیای گەورەدا كاریكردووە، لەوانە:
•    كۆمپانیاكانی (Elf)ی فەڕەنسی
•    ئاژانسی نێودەوڵەتی كەنەدا
•    توێژەرو وانەبێژ لە زانكۆكانی (مكگیل)‌و (كارلتۆن)ی كەنەدی
•     كۆمپانیای نەوتی كوەیت (KOC) بۆ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت
•    كۆمپانیای (پترۆناس)ی مالیزی
•    كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسی 

ئەتروشی چی دەگۆڕێت ؟
دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی لە پۆستی وەزارەتی نەوت، ئەگەر گۆڕانكاری گەورەش لەو ژێرخانەدا دروست نەكات كە لە (14) ساڵی رابردوودا ئاشتی هەورامی كاری لەسەركردووە‌و تەنیا خۆی سەری لێدەردەكات، لانی كەم لەم سەرەتاوە مەسرور بارزانی ناچار دەكات چەند گۆڕانكارییەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا بكات.
یەكێك لە دیارترین ئەو گۆڕانكارییانەی كە دەبێت مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەتروشیدا بیكات، هەڵوەشاندنەوەی سێ نوسراوی خۆیەتی كە هاوكات لەگەڵ دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە دەریكردوون. 
مەسرور بارزانی رۆژی 15ی تەموز 2019 بەفەرمی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربوو، ئەو رۆژەی دەستبەكاربوو، یەكەمین كارێك كە كردی، دەركرنی فەرمانێك بوو بە ژمارە (4).
مەسرور بارزانی بەم فەرمانە (ئاشتی هەورامی) كرد بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، ئەمە یەكەمینجاربوو لە ئەنجومەنی وەزیراندا پۆستێكی لەوشێوەیە دروست بكرێت، چونكە لە هەرێم هیچ یاسایەكی لەبارەی یاریدەدەر بۆ سەرۆك وەزیران بوونی نییە، لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران‌و پەیڕەوی ناوخۆی حكومەت‌و تەنانەت لەیاسای نەوت‌و غازیشدا بەهیچ جۆرێك باسی پۆستێكی لەم شێوەیە نەكراوە. 
لە فەرمانی ژمارە (4)دا مەسرور بارزانی كۆمەڵێك دەسەڵاتی بە ئاشتی هەورامی بەخشی وەكو یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، لەوانە: 
•    بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەركە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا.
•    ئامادەبوون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی نەوت‌و غاز‌و داڕشتنی بەرنامەی كۆبونەوەكان.
مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا وەكو سەرۆك وەزیران سوێندی یاسایی خوارد، نەك وەكو وەزیری سامانە سروشتییەكان، هەندێك لەیاساناسان دەڵێن مەسرور بارزانی ناتوانێت دەسەڵاتی وەزارەتێك بە كەسێكی تر ببەخشێت كە هی خۆی نییە، واتا بە فەرمانی ژمارە (4) مەسرور بارزانی شتێكی بەخشوە كە هی خۆی نەبووە.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، دوای فەرمانی ژمارە (4) كە لە یەكەمین رۆژی دەستبەكاربونیدا دەریكردووە، دوو رۆژ دواترو لە رۆژی (17)ی تەموزدا، مەسرور بارزانی بەهەمان ناوەڕۆكی فەرمانی ژمارە (4)وە، فەرمانێكی تری بە ژمارە (9) دەركردووە‌و بەهەمان شێوە، هەمان دەسەڵاتەكانی بەخشوەتەوە بە ئاشتی هەورامی.
فەرمانی ژمارە (4)و ژمارە (9) لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوكراونەتەوە، دیارنییە بۆچی سەرۆك وەزیران لەماوەی دوو رۆژدا دوو فەرمانی بەدوو ژمارەی جیاواز، بەڵام بەهەمان ناوەڕۆكەوە بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە.
نۆ رۆژ دوای دەستبەكاربوونی، مەسرور بارزانی لە رۆژی 24ی تەموزی 2019دا فەرمانی سێیەمی بە ژمارە (12) بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە، ئەم فەرمانە تەنیا بە زمانی ئینگلیزیی هەیە‌و ئاڕاستەی دادگا‌و كۆمپانیا نەوتییەكان كراوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەم فەرمانەش تائێستا لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاونەكراوەتەوە.
فەرمانی ژمارە (12)ی مەسرور بارزانی دەتوانرێت وەكو فەرمانێكی نهێنی لە پشت دامەزراوەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان تەماشا بكرێت، فەرمانەكەی كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوت، نهێنی بونەكەی جارێكی تر ئەو راستییە دوپاتدەكاتەوە كە دۆسیەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی ناشەفاف بەڕێوەدەچێت.
(درەو) دەقی ئەو نوسراوە نهێنییەی لەچەند كۆمپانیایەكی بواری نەوتەوە لە ئەوروپا دەستكەوتووە، بەپێی نوسراوی ژمارە (12)، مەسرور بارزانی جارێكی تر خۆی خستوەتە شوێنی وەزیری سامانە سروشتییەكان‌و هەموو دەسەڵاتەكانی ئەو وەزارەتەی بەخشیوە بەخۆی‌و دواتر لە خۆیەوە دەسەڵاتەكانی گواستوەتەوە بۆ ئاشتی هەورامی.
لە نوسراوی ژمارە (12)دا مەسرور بارزانی ئەم دەسەڵاتانەی بە ئاشتی هەورامی بەخشیوە:
•    ئاشتی هەورامی لەبری وەزیری سامانە سروشتییەكانە‌و سەرجەم دەسەڵاتەكانی وەزیری پێدراوە.
•    دەسەڵات دراوە بە ئاشتی هەورامی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێم بكات‌و راوێژو رێنمایی پێشكەش بكات، سەرپشك كراوە دەنگ‌و پێگەی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەكاربهێنێت.
•    ئاشتی هەورامی سەرپشك كراوە بۆ ئەوەی رێنمایی‌و فەرمان دەربكات لە بوارەكانی نەوت‌و غاز، پاڵاوتن، گواستنەوەی سوتەمەنی، گرێبەستەكان، شیكردنەوەی گرێبەستەكان، سیاسەتی غاز.
•    كۆكردنەوەو وەرگرتنی پارە لە كۆمپانیاكانی نەوت، ئەوانەی لە بواری نەوت‌و غازی هەرێمدا كاردەكەن.
•    ئاشتی هەورامی شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت دەدات وەك پارەی گرێبەستی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت.
•    ئاشتی هەورامی كاری دانوستان‌و ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوەی سوتەمەنی، بەرهەمە نەوتییەكان، پاڵاوتن، فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان‌و گرێبەستە هاوشێوەكانیان دەكات.
•    ئاشتی هەورامی بڕیاردەدات لەسەر كێشە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، دانوستان‌و رێككەوتن‌و یەكلاكردنەوەی كێشەی گریبەستەكان.
•    ئاشتی هەورامی ئەم كارانە دەكات، پێشكەشكردنی رێنمایی، ئاڕاستەكردن، بڕیاردان لەسەر پلانی یەكخستنی كێڵگە نەوتییەكان، پەرەپێدانی هاوبەش.
•    ئاشتی هەورامی دەسەڵاتی راگرتن‌و خەرجكردنی پارەی راوێژكارو شارەزایان‌و راوێژكاری یاسایی‌و وردبینی‌و ژمێریارو راوێژكارانی تری هەیە بەوشێوەیەی كە خۆی بەشیاوی دەزانێت.
•    ئاشتی هەورامی هەموو دەسەڵاتێكی هەیە لە خەرجكردنی پارە بۆ دادوەران‌و خەرجی دادگاكان‌و هەر بڕە پارەیەك كە لیژنەی دادوەریی‌و دادگاكان داوای دەكەن.
بەر لە پێدانی متمانە بە كەمال ئەتروشی لە پەرلەمانی كوردستان، دەبێت مەسرور بارزانی ئەو سێ نوسراوەی خۆی هەڵوەشێنێتەوە كە لەدوای دەستبەكاربوونیەوە بۆ ئاشتی هەورامی دەریكردووە، بەبێ ئەوە دەسەڵاتەكانی كەمال ئەتروشی كەموكورت دەبن.

نەوت لەناو جانتادا !
ئەم رۆژانە كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد بەناو قەیرانێكی دارایی سەختدا گوزەر دەكات، كابینەی مەسرور بارزانی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕدەكاتەوە.
پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان  لە  2005ەوە دروستكراوە، لەو كاتەوە تائێستا ئەم وەزارەتە لای پارتی بووە، لە كابینەی نۆیەمیشدا كە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پۆستە هەر لای پارتی ماوەتەوە.
لە ماوەی (15) ساڵی رابردوودا كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دروستكراوە، یەك پیاو ئەم پۆستەی بەڕێوەبردووە كە ئەویش ئاشتی هەورامی بووە، هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و پێشنیاز كرا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر بوو بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی.
مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا وایكرد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كەرتی نەوت بكات و بەبێ بونی ئەو، بەڕێوەبردنی وەزارەتەكە ئەستەم بێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا سەرباری ئەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوورخستەوە، بەڵام بەناچاری پۆستێكی نوێی لە دەرەوەی یاساكان بۆ داتاشی‌و كردی بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە‌و هەر بەناچاریش لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا سێ فەرمانی بۆ دەركردووە‌و دەسەڵاتی پێداوە.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بە دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەتەواوەتی كۆتایی بەسەردەمی ئاشتی هەورامی دێت ؟
زیاد لە هۆكارێك هەیە بۆ ئەوەی ئاشتی هەورامی بۆ چەند ساڵی داهاتووش قسەی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا هەبێت‌و لە گۆڕەپانەكەدا بمێنێتەوە، بەتایبەتیش ئەوەی كە لەم كابینەیەدا یاریدەدەری مەسرور بارزانییە بۆ كاروباری وزە. 
سەرباری ئەمە، ژمارەیەك دۆسیەی یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم هەن كە لە دادگا روبەڕووی ئاشتی هەورامی كراونەتەوە، ئەمە وا دەكات بۆ چەند ساڵی داهاتووش هەورامی قسەی لەبواری نەوتدا هەبێت، لەوانە: 
•    وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم لەدادگای عێراق سكاڵای یاسایی لەسەرە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی فرۆشتووە، لەمەشدا ئاشتی هەورامی ئامانجەكەیە.
•    سكاڵای یاسایی كۆمپانیا (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی لە دادگای لەندەن، ئەم سكاڵایە تایبەتە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و مانگی شوباتی ئەمساڵ بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت، ئەگەر ئاشتی هەورامی بدۆڕێت، هەرێم (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلاری تر بۆسەر لیستی قەرزە (28 ملیار) دۆلارییەكەی زیاد دەبێت.
•    ئاشتی هەورامی لەماوەی 14 ساڵ مانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، وەزارەتەكەی لەناو جانتاكەی خۆیدا هەڵگرتووە، لە كوردستان خاوەنی هیچ بیناو بارەگایەكی دیاریكراو نەبووە، كە پەرلەمانتاران‌و دامەزراوەكانی تری چاودێری سەردانی بكەن‌و وردبینی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا بكەن، مەسرور بارزانی‌و كابینەكەی بەردەوام پێویستیان بە جانتاكەی ئاشتی دەبێت‌و ئەمەش دەرفەتی مانەوەی ئاشتی لە گۆڕەپانەكەدا فەراهەمتر دەكات.
•    رێككەوتنی (50 ساڵە)ی بواری وزە لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیا بە ئاگاداری ئاشتی هەورامی كراوە‌و ئەمە ئاشتی هەورامی بردوەتە ناو فایلە نهێنییەكانی حكومەتەوە‌و چانسی مانەوەی بۆ فەراهەم دەكات.

نەوت.. لە لەندەنەوە بۆ هەولێر
ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەن‌، لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل‌و لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام) كارەكانی بەڕێوە دەبات، تائێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات، لەو بینایەدا كە هەورامی دەوامی تێدا دەكات ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش هەن لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت.
ئاشتی هەورامی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت قسەدەكات، جارێكیش بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری لە كۆبونەوەی حكومەتدا كرد.
بەمدواییەو لە كۆتایی سەرۆكایەتیە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوێتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بە جێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم‌و جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە.
ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بینایەكی هەیە لەبەرامبەر ئەنجومەنی وەزیران كە ژمارەیەك بەرپرس‌و كارمەند كاری تێدا دەكەن، بە دەستبەكاربوونی كەمال ئەتروشی، دۆسیەی نەوت لە لەندەنەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر‌و جڵەوی دۆسیەی نەوت لە نێچیرڤان بارزانییەوە دەكەوێتە دەستی مەسرور بارزانی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand