10 وەزیری بەرگری ئەمریكا: هەڵبژاردن كۆتایی هاتووەو دەستوەردانی سوپا مەترسیدارە
2021-01-04 10:06:23
(درەو):
(10) وەزیری بەرگری لە مێژووی ئەمریكادا كە هێشتا زیندونو لەژیاندا ماون، پێكەوە نامەیەكیان نوسیوەو لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاویانكردوەتەوە.
لەنامەكەدا دەڵێن، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كۆتایی هاتووە، هۆشداری دەدەن لە ئەگەری هەرجۆرە دەستێوەردانێكی سوپا لەكاتێكدا كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە نكولیكردن لە دۆڕاندنی لەبەرامبەر جۆ بایدن.
نامەكە ئەم كەسانە ئیمزایان لەسەر كردووە كە پێشتر وەزیری بەرگری بوون:
• دیك چینی
• جیمس ماتێس
• مارك ئیسپر
• لیۆن بانێتا
• دۆناڵد رامسفێڵد
• ولیام كۆهین
• چاك هاگل
• رۆبەرت جیتس
• ولیام بیری
• ئاشتۆن كارتەر
نامەكەیان هێندە توندە، گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی داوا دەكەن هێز بەكاربهێنرێت دژی هەوڵە "تێكدەر"ەكانی ترەمپ بەر لەوەی كۆنگرێس ئەنجامی دەنگدانی گروپەكانی هەڵبژاردن پەسەند بكات.
وەزیرانی بەرگری لەنامەكەیاندا دەڵێن:" هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، دووبارە دەنگەكان ئەژماركراونەتەوەو پێداچوونەوە كراوە. لەلایەن دادوەرانەوە بەشێوەیەكی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارییەكان كراوە، حاكمی ویلایەتەكان ئەنجامەكانیان پەسەندكردووە. دەستەی هەڵبژاردنەكان دەنگی داوە، كاتی گومانكردن لە ئەنجامەكان تێپەڕێوە".
نوسینی ئەم نامەیە لەلایەن وەزیرانی بەرگرییەوە لەكاتێكدایە، هەندێك لە ئەندامانی كۆماری لە كۆنگرێس دەیانەوێت پاڵپشتی لە ترەمپ بكەنو پلان بۆ ئەوە دادەنێن تانە لەسەركەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بدەن لەكاتی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن كۆنگرێستەوە لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوودا.
وەزیرانی بەرگری ئەمریكا لەنامەكەدا ئاماژەیان بەوەكردووە، هەر هەوڵێكی سوپا بۆ دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەمانباتە ناوچەی مەترسیدارو كاری نایاساییو نادەستوریی.
هۆشداری دەدەن لەوەی، بەرپرسانی مەدەنی یاخود سەربازی كە ئەم جۆرە هەوڵانە جێبەجێ دەكەن، روبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.