Draw Media

کوژرانی سولەیمانی؛ لە تۆڵەوە تا بۆڵە

کوژرانی سولەیمانی؛ لە تۆڵەوە تا بۆڵە

2021-01-02 14:31:14


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) 

سێ ساڵ پێش کوژرانی، کتێبێک لەبارەی ژیان و یادگارەکانی جەنگی لەنێو ئێراندا بڵاوکرایەوە لە بەراییەکەیدا ئاوا وەسفی کردبوو: "ڕۆژئاواییەکان ڕوخساری حاجی قاسم ناناسن، لەم ڕووەوە ئەم مناڵەی بیابانیان لا ئاڵۆز و ترسناکە. بۆ کاوبۆیەکانی ئەمریکا، {سولەیمانی} نموونەی فەرماندەیەکی سەربازی یان ژەنراڵ ڕۆمێل یان ئایزنهاوەرە.. بەڵام قاسمی سولەیمانی بە زیرەکی جەنگاوەرییەکەی... لە تەواوی ژەنراڵە سەربازییە ناسراوەکانی سەدەی بیستەم جیاوازترە. بۆیە لە لۆژیکی کاوبۆیەکان هیچ پێناسەیەکی نییە، وەک ئەوەی لە دنیایەکی دیکەوە هاتبێت. ئەو ترسناکییەکی ڕووت و کابووسێکە، پێویستە باتمان و سۆپەرمان و سپایدەرمان بۆ جەنگی بنێرن"(١).
لە تۆمارێکی ڤیدیۆییشدا، خودی سولەیمانی لە مانگی ٧ی٢٠١٨دا، هەڕەشەی لە ترەمپی سەرکۆماری ئەمریکا کرد، پێی وت: "ترەمپی قومارباز، من بەتەنهایی بەرامبەرت دەوەستم..."(٢)
بەڵام دەرکەوت پرۆسەی کوشتنەکەی بۆ ترەمپ و ئەمریکییەکان هێندەش سەخت نەبوو، نە بە سپایدەرمان و نە ئایزنهاوەر، بەڵکو بە فەرمانی "قوماربازەکە" و بە درۆنێکی بێفرۆکەوان، لە نیوەشەوێکی تێکەڵ بە ئاهەنگەکانی سەرەتای سەری ساڵدا کۆتاییان بە ژیانی ژەنڕاڵە بوغرنجەکەی ئێران و دنیای شیعە هێنا.(٣)
بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پرۆکسییەکانی، مەرگێکی کوشندە بوو، نەک تەنها لەبەرئەوەی پیاوێکی بێبەدیل و بەهێز و سەرلەشکری سوپای قودس و دەستەڕاستی ڕێبەری کۆمار عەلی خامینەیی لەناوبرا، بەڵکو جۆری کوشتنەکە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەکانیش بۆ سەرکردەکانی ئێران بۆ خۆی شەرمن و قەرزاری بەردەم شەقامی شیعە و ئێرانی کردن. هەر ئەوکات لە لوتکەی شیرازە سیاسییەکەوە تا سەربازێکی ئاسایی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی چەند بەرامبەریان لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد، بەڵام تا ئێستاش تۆڵەکردنەوە لە جوڵە و بۆڵەی سیاسیی زیاتر، لە واقیعدا شتێکی لە برینی کوژرانی سولەیمانی بۆ هەوادارانی ساڕێژ نەکردووە. 


لەوەش زیاتر چەندین هەنگاوی دیکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نراوە کە ئێرانی لاوازتر کردووە و ئێران نە تۆڵەی سولەیمانی و نە لە پاشەکشەشی وەستاوە:
- تەنیا لە ٢٠٢٠دا ئیسرائیل ٥٠ هێرشی کردووەتە سەر سوریا و بنکەکانی ئێرانی لەو وڵاتە بە ئامانج گرتووە و زیانی مرۆیی و ماددی پێگەیاندووە، ئێران لەبەرامبەردا تەنها بێدەنگی هەڵبژاردووە.
- هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دەیانجار  بارەگا و بنکە و سەرباز و جبەخانەکانی ئێران یان پرۆ ئێرانییەکانی لە سوریا و عیراق بە ئامانج گرتووە و وەڵامێکی لەو شێوەیەش نەدرایەوە. (بۆ نموونە لە مانگەکانی ٣،٥و١٠/٢٠٢٠)
- ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لە ڕێی چەند کردەیەکی نهێنی هەواڵگریی-سەربازییەوە، چەند چالاکییەکی چاوەڕێنەکراوی (لەلایەن ئێرانەوە) ئەنجام دا: ڤایرۆسیکردنی کۆمپیتەرەکانی دامودەزگاکانی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئێران، تەقاندنەوەی پێگەی نەتەنزی ئەتۆمی، دزینی دەیان بەڵگەنامەی نهێنیی بواریی ئەتۆمی ئێران و گواستنەوەیان بۆ ئیسرائیل کە هەر بەم بەڵگانە بوو ئیسرائیل ترەمپی قەناعەت پێهێنا تا لە ڕێککەوتنی ٥+١دا بکشێتەوە، کوشتنی کاریگەرترین زانای ئەتۆمی ئەندامی باڵای سوپای پاسداران لە نێو ئیراندا، لە کردەیەکی نهێنیدا کوشتنی محەمەد میسری کەسی ژمارە دووی ڕێکخراوی قاعیدە لە هاوینی ٢٠٢٠دا لە گەڕەکی پاسدارانی باکووری شاری تاران، کە ئێران پەنای دابوو.(٤)
- سەرەڕای ئەوانەش زیادبوونی سزاکانی سەر ئێران و دابەزینی بەهای تمەن بۆ ٢٥٠٠تمان بۆ هەر دۆلارێک لانیکەم و پێکهێنانی حکومەتێکی نائێرانی لە عێراق و سنووردارکردن و بگرە سڕکردنی چەندین گرووپی حەشدی شەعبی هەر لە ساڵی ڕابردوودا، نیشانەیەکی تری نینۆککردنی ئێرانن و سیاسەتیی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا ناچار بووە بە بێدەنگیی کردەیی. 


شەقامی ئێرانی و سولەیمانی
ساڵێک بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانیدا (11/٣/1957-3/١/2020ز) تێدەپەڕێت، هیچ تۆڵەیەکی وا لە بکوژان و هۆکارەکانی نەکراوەتەوە، هەر لەوکاتەوە و لەگەڵ کوژرانیدا، شەقامی ئێرانی بەسەر دوو جەمسەردا بەش بووە:
١. بەشێکیان بەهەواڵەکە دڵخۆش بوون، یان لانیکەم پێیان ناخۆش نەبوو لەوانە: ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە(چونکە بە کەوتنی هێمایەکی پایەداریی و بەهێزی کۆماری ئیسلامییان دەزانی) بەشێکی ڕیفۆرمخوازان(چونکە یادگاریی تاڵ و دوورمەودایان لەگەڵ سلێمانیدا جێهێشت بوو، لەوانە: سولەیمانی یەک لەوانەبوو کە هەڕەشەی لە خاتەمی کرد١٩٩٨ کە زیادەڕەوی نەکات، یەکێک بوو لەوانەی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا ڕۆڵی هەبووە، لە سەردەمی ڕۆحانیشدا زۆرینەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێرانی لەدەستدا بوو و ڕۆڵێکی بۆ جەواد زەریف نەهێشتبووەوە کە وەزیری بەرگری بوو، تەنانەت جارێکیش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لەبەر دەستوەردانەکانی پێشکەکشکرد)، زۆرینەی چینی خوار و هەژاری ئێرانی(چونکە سولەیمانی ئەڵقەی پەیوەندی سیاسیی و دارایی و سەربازیی ئێران و پرۆ ئێرانییەکانی دەرەوەی ناو سوپای قودس بوو-حزبوڵای لوبنان-حەماس-میلیشیاکانی عیراق و یەمەن و..تاد، لەوەدا کە ئەمانە سەرلەبەر نمەکی سولەیمانییان کردبوو، خەڵکی ئێران پێیان وایە پارەیەکی زۆری وڵات لە بژێویان دەگیرێتەوە و دەبرێتە دەرەوە و لەمانەدا خەرج دەکرێت و دۆخی ئابوورییش بەهۆی ئەوانەوە خراپە -بۆیە لە دروشمەکانیشدا دەیانووت: "نە عێراق و نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران"، وەک ئاماژەیەک کە ئەوانە بەسەر ئێرانەوە دەژین و ئێرانییەکان خۆیان برسییانە). 
ڕاستیشیان کرد ئاخر لە دوا لێدوانی مەحمود زەهاری یەک لە دامەزرێنەرانی حەماسی فەلەستینی و وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەلەستین، نەیشاردەوە و وتی: "یەکەمین دیدارم لەگەڵ قاسم سولەیمانی ساڵی ٢٠٠٦ بوو، بۆ چەن وڵات سەفەرم کرد و دواوێستگەم لەگەڵ سولەیمانی بوو، دیدارێکی ئەرێنیمان ئەنجام دا و داواکاری خۆمانم پێووت، وتم سەرەکیترین کێشەمان پێدانی مووچەی فەرمانبەرانمانە، ئەوکات گەمارۆ درابوون، سولەیمانی دەستبەجێ وەڵامی داینەوە و ڕۆژی دواتر کاتی گەڕانەوەمان لە فرۆکەخانەدا ٢٢ملیۆن دۆلاری لە نۆ جانتای سەفەرکانماندا جێ کردووبوویەوە (نۆ کەس بوون)، ڕێککەوتنمان لەسەر زیاتر بوو بەڵام بەهۆی ئەوەی نەماندەتوانی ٤٠ کیلۆ زیاتر ببەین چونکە لە فرۆکەدا ڕێپێدراو نییە."(٥) حەسەن نەسروڵاش پێشتر (٢٠١٦) نەیشاردەوە کە نان و ئاو و مووچەی حزبوڵا و مووشەکەکانی سەرجەم لە ئێرانەوە دێت.(٦) ئێرانییەکان ئەم لێدوانە و دەیانی دیکەش لە بەرپرسانی عێراقی و لوبنانی و یەمەنی دەبیستن و سەرلەبەریشیان ئەڵقەی پەیوەندییان قاسم سولەیمانی بوو. 
٢. هەوادارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و شیعە و پرۆئێرانییەکانی وڵاتانی دەرودراوسێش، لەوانە بوون کە نەک پێیان ناخۆش بوو، بەڵکو بە گورزێکی کوشندە و کاریگەرییان زانی، هیچیان گریان و هەڕەشە و کاردانەوەکانیان بۆ نەشاردرایەوە. ئەم هەوادارانە سولەیمانییان وەک دەستەڕاست، مالیکی ئەشتەری زەمانە، هاوڕیی هەرەباشی ڕێبەر، پایەی هێز و هەژموونی ئیران لەدەرەوە و ئەفسانەی سەربازیی ئێرانیان دەزانی.
ئێستا ئێرانییەکانی لایەنگیری شۆڕش، لە واقیعدا پێچەوانەکەی دەبیننەوە، نەک تەنها سولەیمانی بەڵکو کۆی هەڕەشەی سەرکردەکانیان هێشتا نەک نەیانتوانیووە تۆڵە بستێننەوە بەڵکو بەدواشیدا وەک باسکرا چەندین ڕووداوی هاوشێوە و پەلاماری دیکە هاتووە.

لە ساڵیادی کوژرانیدا، کە یادێکی فراوانی لە ناوەوە و دەرەوە بۆ کرایەوە، سەرەکیترین پرسیاری جەماوەر و میدیاکان لە بەرپرسان ئەوەبوو، بۆچی تۆڵەی سولەیمانی نەکرایەوە، لە مەراسیمی یادکردنەوەکەشدا بەرپرسانی ئێرانی هەریەکە و جۆرێک تۆڵەنەکردنەوەکەی ئاراستە دەکرد یان دووبارەی دەکردەوە: ڕۆحانی وەک هەمیشە بە وەڵامە گشتییەکانی وتی ئەوان دەستی سولەیمانییان بڕی، ئێمە پێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبڕین!(٧) سەردار سەلامی سەرلەشکری سوپای پاسدارانیش ئاراستەی تۆڵەکردنەوەکەی گۆڕی و وتی: دوو جۆر تۆڵە هەیە یەکێکیان لەبری خوێنی سولەیمانی کە بکەرانی کردەکە تۆڵەکە وەردەگرن، دووەمیش تۆڵەی ستراتیژییە کە بریتییە لە دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەرەسپێهێنانی ئیسرائیل(٨). ئیسماعیل قائانیش شوێنگرەوەی سولەیمانی و سەرکردەی سوپای قودس بە جۆرێکی دیکە هەڕەشەی کرد و وتی ڕەنگە لە ناوخۆی ئەمریکادا وەڵامی تۆڵەکردنەوەکە بدرێتەوە(٩)... 
سەرلەبەری ئەم هەڕەشانە دەری دەخات کە جۆری هەڕەشە و شوێن و وردیی جێبەجێکردنەکەی لاستیکییە و هاوڕا نین، حکومەتی ڕۆحانی دەیەوێت تۆڵەکردنەوە دیبلۆماسیانە بێت و لە نێو سوپاش هەندێکی دەیەوێت کردەی سەربازی بەرامبەر ئەمریکا بێت و هەندێکیشی دەیەوێت لە هاوپەیمان و هاوکارانی ئەمریکا تۆڵەبکرێتەوە. بەڵام بەگشتی لەسەر ئەو ڕایە کۆکن کە تۆڵەکردنەوەی ڕاستەوخۆ دوورنییە جەنگێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە نەک خوێنی سولەیمانی بەڵکو کۆی کۆمارەکە دەخاتە مەترسییەوە و بۆیە ڕەنگە لەم قۆناغەدا ستراتیژی مروونەتی حەسەنی بەکاربهێنن تا بەرەنگاربوونەوەی حوسەینی. هەرسکردنی ئەمەش بۆ ئێرانییەکان ئاسان نییە و پێیانوایە دواکەوتنی تۆڵەکردنەوەکەی سولەیمانی لە تۆڵەوە بۆ بۆڵە سەر دەکێشێت.


پەراوێز و سەرچاوە:
 . قاسم سلیمانی،١٣٩٥: حاج قاسم(جستاری در خاطرات حاج قاسم سلیمانی)، بە کوشش: علی اکبری مزدآبادی، انتشارات یا زهرا، تهران. ص٦.
٢ . https://www.youtube.com/watch?v=6GBhfpeFZY4 
٣. https://www.bbc.com/persian/iran-50979264 
٤ . https://www.radiofarda.com/a/israel-us-s-covert-ops-against-iran-as-iran-s-allies-on-high-alert-in-trump-s-final-weeks-in-office-/30963164.html 
٥ . https://www.youtube.com/watch?v=EGV20S91TsI 
٦ . https://www.youtube.com/watch?v=VFwODFdZ6Dw 
٧ . http://bit.ly/3pIJh4x 
٨ . http://bit.ly/2MgM8TN  
٩ . http://bit.ly/2LbCLnV

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand