پەرلەمانتارێك: حكومەتی هەرێم دۆلاری سەوز دەفرۆشێت
2021-01-02 11:26:36
(درەو):
"حكومەتی هەرێمی كوردستان دۆلاری چاپی كۆن كە پێی دەوترێت دۆلاری سەوز دەباتە بازاڕەكانی بەغدادو بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بانكی ناوەندی دەیفرۆشێت بۆ ئەوەی دیناری عێراقیی كۆبكاتەوە" ئەمە قسەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە.
محەمەد ساحب دەراجی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ملیۆنان دۆلاری ناڕوون لە بازاڕی كڕینو فرۆشتنی دراودا لە بەغداد هەیە.
دەراجی بەشێوەی مەیدانی سەردانی بازاڕەكانی فرۆشتنی دراوی بیانی كردووە لە بەغداد، بەتایبەتیش بۆرسەی (كیفاح)و (حارسیە)و بۆرسەكانی تر، وەكو خۆی دەڵێ، بۆی دەركەوتووە رۆژانە (30 بۆ 40 ملیۆن) دۆلاری ئەمریكی دەخرێنە بازاڕەكانەوە لەڕێگەی چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراوی ئاڵوگۆڕی دراوەوە.
ئەم ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسلەوەدەكات، ئەو دۆلارانەی كە خراونەتە بازاڕەكانەوە پێیان دەوترێت "دۆلاری سەوز"، مەبەست لەمە ئەو (100 دۆلارییانە)یە كە چاپی كۆنن، ئەمە لەكاتێكدایە بانكی ناوەندی چاپە نوێیەكەی (100 دۆلار)یی دەفرۆشێت كە پێی دەڵێن "دۆلاری شین"، واتە ئەو دۆلارە سەوزانە سەرچاوەكەیان بانكی ناوەندی نییە.
لەبارەی چاپە كۆنەكەی (100 دۆلار)یی لە بازاڕەكاندا، دەراجی ئاماژە بەوەدەكات، ئەم پارانە رێگەیەكی نایاساییو لە ئۆتۆمبیلی تایبەتدا دەگەنە هەرێمی كوردستانو سەرچاوەی ئەم پارانە پرۆسەی فرۆشتنو هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە، كە لەڕێگەی بانكێكەوە لە دوبەی حەواڵەی بانكی (جی پی مۆرگن)ی ئەمریكی دەكرێتو پاشان دەچێت بۆ بانكێكی تر لە توركیا كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئەو پارانە بۆ هەرێمی كوردستان خەرج دەكات.
دەراجی دەڵێ:" هەرێمی كوردستان ئەو دۆلارانە لە بازاڕەكانی بەغداد دەفرۆشێت بەمەبەستی راكێشانی دیناری عێراقیی، چونكە سود لەو دینارانە دەبینێت، ئەو لایەنانەی كە دۆلارەكانی هەرێم دەفرۆشن، بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بانكی ناوەندی عێراق دۆلارەكان دەفرۆشن، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەهای بازاڕی ناوخۆیی دەبێت".
داوا لە دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەكان دەكات، چاودێری ئەم پرۆسەی "مەترسیدارە" بكەن كە بەوتەی ئەو كاریگەری لەسەر ئابوری نیشتیمانیی عێراق دەبێت.