كابینەی سێ قۆڵی تەنیا پێنج موچەی مانگەكانی 2020ی داوە
2021-01-01 12:00:45
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت وێنای ساڵی 2020 وەكو ساڵێكی قورسی دارایی بگۆڕێتو دەڵێت لەو ساڵەدا بە تێكڕا (8) موچەی بە فەرمانبەران داوە، ئایا ئەمە راستە ؟
كورتەیەك
لە ساڵی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان (8) موچەی دابەشكردووە، لەم (8) موچەیە، (3) موچەی هی مانگانەكانی ساڵی 2019 بووە، واتا بەتێكڕا كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) تەنیا (5) موچەی مانگەكانی 2020ی بۆ فەرمانبەران خەرجكردووە.
ناتوانێت وێنای دۆخەكە بگۆڕێت !
كابینەی مەسرور بارزانی لەدواین ساتەكانی ساڵی 2020دا جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ساڵی 2020 بە تێكڕا (8) موچەی دابەشكردووە، حكومەت دەیەوێت ئەم وێنایە لە زەینی موچەخۆراندا بچەسپێنێت، بەڵام لێدانەوەی ژمارەكان پێچەوانەی ئەم قسەیە نیشان دەدات، چۆن ؟
تێكڕای خەرجی موچە بۆ هەرمانگێك لە هەرێمی كوردستان (894 ملیار) دینارە، كۆی خەرجی موچەی (12) مانگ واتە ساڵێك، بڕەكەی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دینارە.
ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێم بە تێكڕا بۆ موچەی مانگەكانی 2020 خەرجی كردووە، بڕەكەی تەنها (3 ترلیۆنو 650 ملیار) دینار بووە، واتا حكومەت لە 2020دا تەنها رێژەی (34%)ی كۆی ئەو پارەیەی خەرجكردووە كە بۆ موچە تەرخانكراوەو لە ساڵەكەدا بڕەكەی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دینارە.
ئەو (8) موچەیەی كە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا دابەشیكردووە، بەمشێوەیە بووە:
• لە 13/1/2020 موچەی مانگی (10)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین)
• لە 9/ تا 7/3/2020 موچەی مانگی (11)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین)
• لە 28/3/2020 موچەی مانگی (12)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین)
• لە 5/5/2020 موچەی مانگی (1)ی 2020 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین)
• لە 4/7/2020 موچەی مانگی (2)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە)
• لە 17/8/2020 موچەی مانگی (3)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە)
• لە 15/10/2020 موچەی مانگی (9)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 18% دابەشكراوە)
• لە 10/12/2020 موچەی مانگی (10)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە)
پاشەكەوتەكانی نێچیرڤان بارزانی
ساڵی 2020 حكومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) بۆ كەمكردنەوەی گوڕی ئەو قەیرانە داراییەی كە لەسەری بوو، بەبڕیارێك دەستكاری ساڵی دارایی كرد.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەبڕیارێك، موچەی مانگەكانی (4، 5، 6)ی 2019ی لەسەر شانی خۆی لابردو خستیە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، موچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەران بوو بە "پاشەكەوت"و قەرز لەسەر شانی نێچیرڤان بارزانی، قەرزێك كە دیارنییە ئایا حكومەت رۆژێك لە رۆژان بۆ فەرمانبەرانی دەگەڕێنێتەوە یاخود نا !
هەر بەو بڕیارە، مەسرور بارزانی، موچەی مانگەكانی (7، 8)ی 2020ی كابینەكەی خۆی خستەئەستۆی حكومەتی بەغداد بەبەهانەی ئەوەی بەغداد موچەی نەناردووە، چارەنوسی ئەم دوو موچەیەش نادیارەو تائێستا وەفدی حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەغداد قایل بكات بەوەی موچەی ئەو دوو مانگە بگەڕێنێتەوە.
مەسرور بارزانی بەگشتی بەرپرسیارێتی (5) موچەی فەرمانبەرانی لەئەستۆی خۆی هەڵگرتو خستیەئەستۆی نێچیرڤان بارزانیو بەغداد.
واتا حكومەتی هەرێمی لە 2020 تەنها (8) موچەی دابەشكردووە بە بڕی (6 ترلیۆن و 332 ملیار) دینار، لە (8) موچەیە (3) موچەی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2019 بووە، كە بڕەكەی (2 ترلیۆنو 682 ملیار) دینار بووە.
بەڵام بۆ (12) مانگەكەی ساڵی 2020 بەگشتی تەنها (5) مانگی حكومەت موچەی دابەشكردووە بە بڕی (3 ترلیۆنو 650 ملیار) دینار، ئەمە لەكۆی (10 ترلیۆنو 728 ملیار) دیناری خەرجی موچەی هەموو ساڵەكە.
داهاتی حكومەت لە 2020دا
ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020 دا لە بەغدادەوە پێی گەیشتووە بەمشێوەیە بووە:
• بڕی (453 ملیار) دینار لە 17/1/2020 نێردراوە
• بڕی (453 ملیار) دینار لە 2/3/2020 نێردراوە
• بڕی (453 ملیار) دینار لە 26/3/2020 نێردراوە
• بڕی (453 ملیار) دینار لە 24/4/2020 نێردراوە
• بڕی (320 ملیار) دینار لە 16/8/2020 نێردراوە
• بڕی (320 ملیار) دینار لە 12/10/2020 نێردراوە
كۆی گشتی ئەو پارانەی كە لەساڵی 2020دا لە بەغدادەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە بڕەكەی (2 ترلیۆنو 399 ملیار) دینار بووە.
واتا حكومەتی هەرێمی لەو (6 ترلیۆنو 332 ملیار) دینارەی كە لە 2020دا بۆ موچە خەرجیكردووە، تەنیا بڕی (2 ترلیۆنو 399 ملیار) دیناری لە بەغدادوە بۆ هاتووەو پاشماوەی خەرجییەكانی تری موچەی بەم داهاتانەی تر دابین كردووە:
• (160 ملیار) دیناری پارەی هاوپەیمانان لە ساڵەكەدا بەتێكڕا
• (3 ترلیۆنو 773 میار) دیناری داهاتی حكومەت خۆی لە ساڵەكەدا بە تێكڕا واتا داهاتی (نەوتو ناوخۆ).
ئەم هاوكێشەیە دەریدەخات ئەو خەرجییەی كە حكومەتی هەرێم لە 2020دا بۆ موچە كردویەتی، داهاتەكانی بەمشێوەیە بووە:
• رێژەی (60%)ی خەرجی موچەی فەرمانبەران لە 2020دا بە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم خۆی دابەشكراوە.
• رێژەی (38%)ی خەرجی موچەی 2020 بەو پارەیە پڕكراوەتەوە كە لە بەغدادوە هاتووە.
• رێژەی (2%)ی خەرجی موچەی 2020 پارەی هاوپەیمانان دابینی كردووە.
داهاتی ئێستای حكومەت
لە ئێستادا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی ناوەتە ساڵی 2021وە دەیەوێت ئەمساڵ یاسای بودجە بباتە ناو پەرلەمان، بەبێ پارەكەی بەغداد، داهاتی هەرێم بەمشێوەیە:
• داهاتی نەوت: 280 ملیۆن دۆلاری مانگانە
• پارەی هاوپەیمانان: 17 ملیۆن دۆلاری مانگانە
• داهاتی ناوخۆ: 180 ملیار دیناری مانگانە
• كۆی گشتی داهاتی حكومەت لە مانگێكدا: 600 ملیار دینارە
بەگوێرەی ئەم داهاتانە، ئەگەر بەغداد لە بودجەی 2021ی خۆیدا هیچ پارەیەك بۆ حكومەتی هەرێم نەنێرێتو حكومەتی هەرێم چاكسازی گەورە نەكات بۆ بەرزكردنەوەی داهاتەكانی، ئەوا بۆ ساڵی نوێ حكومەت ناچار دەبێت ئاستی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە بۆ بۆ (33%) بەرزبكاتەوە.
مەسرور بارزانی بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەڵێ"دابەشكردنی موچە بەگوێرەی ئەو داهاتەی لەبەردەستی حكومەتدایە"، واتا تەنانەت نایەوێت هاوشێوەی كابینەی نێچیرڤان بارزانی ئەو لێبڕینەی موچە ناوبینێت "قەرز" یاخود "پاشەكەوت"، مەسرور بارزانی بڕی (28 ملیار) دۆلار قەرزی لە كابینەكانی پێشی خۆیەوە بە میراتی بۆ بەجێماوە، ترسی هەیە لە گەورەبوونی قەبارەی ئەم قەرزانە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بیر لەوە دەكاتەوە بۆ چەندین كابینەی داهاتوو هەر خۆی سەرۆكایەتی حكومەت بكات، بەڵام دەیەوێت باری لاری قەرزە كەڵەكەبووەكانی حكومەت لەسەر شانی فەرمانبەران راستبكاتەوە.